نیگه‌رانی له مانه‌وه‌ی كه‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان به‌بێ وه‌ڵام
لێكۆڵینه‌وه له كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان تا ئێستا ئه‌نجامی نه‌بووه، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانیی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و میدیاكارانی زیادكردووه.
نیگه‌رانی له مانه‌وه‌ی كه‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان به‌بێ وه‌ڵام
لێكۆڵینه‌وه له كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان تا ئێستا ئه‌نجامی نه‌بووه، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانیی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و میدیاكارانی زیادكردووه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی فشارێكی نوێ بوونه‌ته‌وه تا رێوشوێن له‌به‌رامبه‌ر كوژرانی قوتابی و رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان بگرنه‌به‌ر و سووربوونی خۆیان بۆ پاراستنی ئازادیی راگه‌یاندن بسه‌لمێنن.
گروپێكی نێوده‌وڵه‌تیی بواری مافه‌كانی مرۆڤ و رێكخراوێك كه چاودێری ره‌وشی راگه‌یاندن ده‌كات ده‌ڵێن نیگه‌رانن به نه‌بوونی هیچ به‌ره‌وپێشچوونێكی ئاشكرا له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی كه له مانگی ئایاردا سه‌باره‌ت به كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان ده‌ستیپێكرد.
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌نووسانی ناوخۆش، ئه‌وانه‌ی كه له ده‌زگای راگه‌یاندنی تایبه‌ت و سه‌ر به ئۆپۆزسیۆن كارده‌كه‌ن، وتیان ده‌ترسن له‌وه‌ی كه ئامانجی مانه‌وه‌ی كه‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان به چاره‌سه‌رنه‌كراوی ئاگاداركردنه‌وه‌بێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات ده‌گرن.
به‌ڵام به‌رپرسێكی باڵا له هێزه‌كانی ئاسایش به‌رگری له رێچكه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی لێكۆڵینه‌وه‌كه كرد و ته‌ئكیدی كرده‌وه كه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی له‌م جۆره ئارامی و وریایی ده‌وێت.
نیروان ئه‌ژی، گوته‌بێژی ئاسایشی هه‌ولێر، وتی، "ئه‌مه بابه‌تێكی ئه‌منییه. ناتوانی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌كه ئاشكرا بكه‌یت. پێویسته گشت شتێك به نهێنی بهێڵرێته‌وه تا ئه‌و كاته‌ی هه‌موو شته‌كان ده‌گه‌ن به قۆناغی كۆتایی.”
هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێن هێشتا زووه كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان به هێرشێك بۆ سه‌ر ئازادایی راده‌بڕین لێكبدرێته‌وه به‌ر له‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌كه رابگه‌یه‌نرێن.
رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و رۆژنامه‌نووسان ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم خه‌ریكه كاتیان نامێنێت بۆ ئه‌وه‌ی پیشانی بده‌ن كه دڵسۆزانه كارده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی بكوژانی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه.
مالكم سمارت، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا له رێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی، كه له بواری مافه‌كانی مرۆڤ كارده‌كات و باره‌گاكه‌ی له له‌نده‌نه، وتی، "ئێمه نیگه‌رانین له‌وه‌ی كه پێده‌چێت تا ئێستا پێشوهچوونێكی راسته‌قینه نه‌بێت.”
ئه‌و وتی، "پێویسته لێكۆڵینه‌وه له رفاندن و كوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان به‌وپه‌ڕی چالاكی و وریاییه‌وه جێبه‌جێ بكرێت.”
هه‌روه‌ها وتی، "ئه‌مه هه‌لێكی گرنگه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد تا پیشانی بده‌ن كه بوار به هیچ هێرشێك ناده‌ن بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نووسان و ئه‌وانه‌ی بۆچوونی خۆیان ده‌رده‌بڕن.”
محه‌مه‌د عه‌بدولدائیم، رێكخه‌ری به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا له كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نووسان، ناسراو به CPJ، كه باره‌گای سه‌ره‌كی له نیو یۆركه و چاودێری ره‌وشی راگه‌یاندن ده‌كات، وتی نه‌بوونی شه‌فافییه‌ت له لێكۆڵینهوهكدا مایه‌ی نیگه‌رانییه، "دڵنیا نین له‌وه‌ی كه پێشوه‌چوونی راسته‌قینه هاتبێته‌ئاراوه به‌ده‌ر له راگه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه.”
هه‌روه‌ها وتی، "ره‌نگه حكومه‌ت هه‌وڵبدات ئه‌وله‌ویات بدات به لێكۆڵینه‌وه‌كه - یان ره‌نگه بیه‌وێ لێكۆڵینه‌وه‌كه له‌به‌ر چاوی خه‌ڵك ون بێت. تا ئێستا، شتێكی ئه‌وتۆ نییه تا به‌هۆیه‌وه گه‌شبین بین.”
به‌ڵێنی ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه
سه‌رده‌شت عوسمان له ٤ی ئایاردا له‌به‌رده‌م ده‌رگای كۆڵێژهكهی له شاری هه‌ولێر رفێنرا.
ته‌رمی ئه‌و قوتابییه‌ی به‌شی ئینگلیزی كه ته‌مه‌نی ٢٣ ساڵ بوو، رۆژێك دواتر له شاری موسڵ دۆزرایه‌وه.
كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان چه‌ندین خۆپیشاندانی بێ وێنه‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا لێكهوتهوه. كوژرانی ناوبراو له راگه‌یاندنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد ئیدانهكرا و سه‌رده‌شتیش وه‌ك قوربانیی هه‌ڵمه‌تێك بۆ كپكردنی ئازادیی راده‌ربڕین وه‌سفكرا.
پرسیاری زۆر كه‌س ئه‌وه‌بوو كه چۆن ده‌كرێت رۆژنامه‌نووسێكی رفێنراو له هه‌ولێره‌وه بگوازرێته‌وه بۆ موسڵ بێ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئاسایش ئاگادار بن. له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه، ئه‌و رێگایه‌ی ئه‌و دوو شاره به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه له‌ژێر چاودێرییه‌كی توند دایه و چه‌ندین خاڵی پشكنینی لێیه.
ره‌خنه‌گرانی حكومه‌تی هه‌رێم پێیان وایه سه‌رده‌شت عوسمان له‌سه‌ر نووسینی چه‌ند وتارێكی گاڵته‌ئامێز كوژراوه كه تایبه‌ت بوون به خۆشگوزه‌رانی سیاسه‌تمه‌داره باڵاكان و كه‌س و كاره‌كانیان.
بابه‌تی له‌م جۆره مشتومڕی زۆر له هه‌رێمی كوردستاندا دروست ده‌كات.
له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی له مانگی ئایار، گوته‌بێژێك به ناوی نووسینگه‌ی مه‌سرور بارزانی، به‌رپرسی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و قسانه‌ی ره‌تكرده‌وه كه گوایه هێزه‌كانی ئاسایش ده‌ستیان هه‌بووبێت له كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان.
ئه‌و گوته‌بێژه هه‌روه‌ها نه‌یارانی حكومه‌تی تۆمه‌تباركرد به قۆستنه‌وه‌ی كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان بۆ ئامانجی سیاسی. ئه‌و وتی هێشتا زووه قسه له‌سه‌ر پاڵنه‌ری تاوانه‌كه بكرێت یان ببه‌سترێته‌وه به ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری له‌كاتێكدا لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌سمی به‌رده‌وامه.
لێكۆڵینه‌وه‌ی حكومه‌ت له كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان هه‌فته‌یه‌ك دوای كوژرانی ناوبراو راگه‌یه‌نرا. له به‌یاننامه‌یه‌كی ره‌سمیدا ئاماژه به‌وه كرا كه لێكۆڵینه‌وه‌كه پێشتر وێنه‌ی نه‌بووه و چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی دژه تیرۆر به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن و وه‌زاره‌تی ناوخۆش سه‌رپه‌رشتی ده‌كات.
دبلۆماتكارانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان، به نوێنه‌رانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كێتیی ئه‌وروپاشه‌وه، وتیان هیوادارن لێكۆڵینه‌وه‌كه خێرا به ئامانجه‌كانی بگات و به وردی ئه‌نجام بدرێت. هه‌روه‌ها له دوو به‌یاننامه‌ی جودا پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئازادیی راده‌ربڕین له هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه.
داوا ده‌كرێت هه‌موو لایه‌ك ئارام بن
ئێستا كه زیاتر له نۆ هه‌فته به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌دا تێپه‌ڕبووه، به‌ڵام هێشتا هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌ستگیر نه‌كراوه. ورده‌كارییه‌كی كه‌م له‌باره‌ی كاره‌كانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه ئاشكرا كراوه و تا ئێستا پێكهاته‌ی ئه‌و لیژنه‌یه نه‌زانراوه. رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌ڵێن نیگه‌رانن به نه‌بوونی پێشوه‌چوونی ئاشكرا له لێكۆڵینه‌وه‌كه.
محه‌مه‌د عه‌بدولدائیم وتی، "من زۆر نیگه‌رانم له‌وه‌ی كه هیچ ئاشكرا نه‌كراوه له‌وه‌ته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم (دروستكردنی لیژنه‌ی) لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی راگه‌یاندووه.”
محه‌مه‌د عه‌بدولدائیم ئاماژه‌ی به رابردووی به‌هێزی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان كرد له‌بواری دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران و باوه‌ڕی وابوو كه بوونی سستی له لێكۆڵینه‌وی تایبه‌ت به كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ "چه‌ند هۆكارێك كه په‌یوه‌ندییان به نه‌بوونی توانای ته‌كنیكییه‌وه نییه.”
مالكم سمارت، له رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی، وتی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه سه‌رپه‌رشتی لێكۆڵینه‌وه‌كه ده‌كات له‌گه‌ڵ پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناگونجێ و به‌پێی خودی ئه‌و پێوه‌رانه‌ش پێویسته لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ له پێشێلكارییه مه‌ترسیداره‌كانی بواری مافی مرۆڤ بكرێت.
ئه‌و وتی، "هه‌روه‌ك دیاره لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه كه له نوێنه‌رانی ئاژانسه ئه‌منییه‌كانی حكومه‌ت پێكهاتبێت ناكرێت به لیژنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ هه‌ژمار بكرێت.”
نیروان ئه‌ژی، گوته‌بێژه‌كه‌ی ئاسایش، به‌رگری له لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه كرد و وتی رووبه‌ڕووی هیچ كۆسپێكی نائاسایی نه‌بۆته‌وه.
نیوار ئه‌ژی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه كاتی كۆتایی هێنان به كاره‌كانی لیژنه‌كه دیارینه‌كراوه و وتی، "هیچ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌ك نه‌هاتۆته پێشه‌وه. لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌م جۆره كاتی ده‌وێت.”
نیوار ئه‌ژی دووپاتیكرده‌وه كه پێكهاته‌ی لیژنه‌كه له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كه‌ی ده‌گونجێت و وتی، "ناكرێت لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه به‌پێی ئاره‌زوویه‌كی كاتی پێكبهێنرێت. ئه‌م جۆره لیژنه‌یه پێویستی به كه‌سانی پڕۆفێشناڵه.”
ئه‌و ره‌تیكرده‌وه رێگا به چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی بدرێت بچنه ریزی لیژنه‌كه‌وه، به‌ڵام وتی پێشوازییان لێده‌كرێت ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ چاودێری به‌ره‌وپێشچوونی كاره‌كانی لیژنه‌كه بكه‌ن.
نیوار ئه‌ژی ره‌خنه‌ی توندی له‌و رۆژنامه‌نووسانه گرت كه ده‌ڵێن لیژنه‌كه سه‌ربه‌خۆ نییه و وتی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه "بێ متمانه‌یی له‌نێوان خه‌ڵك و هێزه‌كانی ئاسایش دروست ده‌كه‌ن.”
به‌رپرسێك له ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، كه داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت، به IWPRی راگه‌یاند گشت ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه نزیكن له پارتی دیموكراتی كوردستان.
په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی هه‌وڵیدا لێدوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و به‌رپرسی باڵای ئاسایشی هه‌رێم وه‌ربگرێت سه‌باره‌ت به پڕۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه له كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له داواكارییه‌كانی IWPR وه‌ڵامیان نه‌درایه‌وه.
به‌رگری له ئازادایی راده‌ربڕین ده‌كرێت
گله‌یی كه‌س و كاری رۆژنامه‌نووسه كوژراوه‌كه و ئه‌و میدیاكارانه‌ی كه ره‌خنه له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گرن سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه روو له زیادبوونه.
به‌كر عوسمان، برای سه‌رده‌شت ، وتی، "ئێمه به‌ڕاستی نیگه‌رانین له‌وه‌ی تا ئێستا هیچ شتێك نه‌كراوه. ئه‌مه وای كردووه كه هه‌زار پرسیارمان لا دروست بێت... چ جۆره لیژنه‌یه‌ك ناتوانی له ماوه‌ی ٤٠ رۆژدا بگات به هیچ شتێك؟"
هه‌ڵگورد سه‌مه‌د، رۆژنامه‌نووسه و له گۆڤاری لڤین كارده‌كات، وتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه ته‌نها "بۆ هێوركردنه‌وه‌ی توڕه‌یی خه‌ڵك" پێكهێنراوه.
هه‌ڵگورد وتی كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی شڵه‌ژاندووه كه ره‌خنه له حكومه‌ت ده‌گرن، "كه‌س و كارم پێم ده‌ڵێن منیش وه‌ك سه‌رده‌شت عوسمانم به‌سه‌ر دێ ئه‌گه‌ر واز له كاره‌كه‌م نه‌هێنم.”
بورهان قادر كه پێشتر له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی نووسیوویه‌تی وتی دوای كوژرانی سه‌رده‌ش عوسمان ماڵه‌وه‌یان فشاریان بۆی هێناوه و به‌و هۆیه‌وه وازی له پیشه‌كه‌ی خۆی هێناوه، "كه‌س نییه پارێزگاریم لێ بكات. من به‌ته‌نهام... سه‌رده‌شت عوسمان هێنده‌ی من وتاری ره‌خنه‌ئامێزی نه‌نووسیوه. كه‌واته بۆچی نه‌ترسم؟"
به‌ڵام كه‌ریم قادر، رۆژنامه‌نووسه و له رۆژنامه‌ی خه‌بات، كه زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستانه، كار ده‌كات، وتی هیچ شتێك نییه ئاماژه بۆ ئه‌وه بكات كه سه‌رده‌شت عوسمان له‌سه‌ر نووسینه‌كانی كوژراوه. ناوبراو وتی، "سه‌رده‌شت عوسمان رۆژنامه‌نووس نه‌بوو، ئه‌و قوتابی زانكۆ بوو.” هه‌روه‌ها پێی وابوو رۆژنامه‌وانی له هه‌رێمی كوردستان تاراده‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیه و وتی، "گشت جۆره رۆژنامه‌یه‌ك و گۆڤارێك لێره ده‌رده‌چێت و ئه‌وه‌ی بیانه‌وی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت ناوزڕاندنیش.”
كه‌ریم قادر وتی نیگه‌رانه له‌وه‌ی تا ئێستا بكوژانی سه‌رده‌شت عوسمان نه‌دۆزراونه‌ته‌وه، به‌ڵام پێی وابوو نابێت له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا په‌له بكرێت، "تا لێكۆڵینه‌وه‌كه زیاتری پێ بچێت، ئه‌وه‌نده وردتر ده‌بێت.”
هه‌روه‌ها نیوار ئه‌ژیش ره‌تیكرده‌وه كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان هیچ كاریگه‌رییه‌كی به‌سه‌ر ئازادیی رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه هه‌بێت له هه‌رێمی كوردستان و وتی، "به‌ر له هه‌موو شتێك، پێویسته ئێمه بزانین ئاخۆ مه‌رگی ئه‌و په‌یوه‌ندی به رۆژنامه‌نووسییه‌وه هه‌یه یان نا. پێویسته ئێمه بپرسین ئاخۆ مه‌رگی ئه‌و رۆژنامه‌گه‌ریی له كوردستاندا كپكردووه - یان كاریگه‌رییه‌كی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ی هه‌بووه".
هه‌رچه‌نده توندوتیژی دژی رۆژنامه‌نووسان یه‌كێك بووه له ئادگارهكانی توندوتیژی له عێراق، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌و هێرشانه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان روویان داوه.
ئه‌و گروپانه‌ی له بواری مافه‌كانی مرۆڤ كارده‌كه‌ن ده‌ڵێن له‌م دواییانه‌دا هه‌ڕه‌ش و هێرش دژی میدیاكاران له هه‌رێمی كوردستان زیادیكردووه، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ره‌وشی رۆژنامه‌نووسانه له به‌شه‌كانی تری عێراق كه ئێستا زیاتر هه‌ست به ئارامی ده‌كه‌ن به به‌راورد له‌گه‌ڵ چه‌ند ساڵی پێشتر.
مه‌ریوان حه‌مه‌سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری مێترۆ بۆ داكۆكی له رۆژنامه‌نووسان، وتی، "پاڵنه‌ری كوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان هه‌ر چییه‌ك بێت، پێم وایه كوژرانی ئه‌و كاریگه‌رییه‌كی ترسناكی به‌سه‌ر زۆرێك له رۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌بێت.”
هه‌روه‌ها وتی، "له‌مه‌ولا رۆژنامه‌نووسان به وریاییه‌وه بیرده‌كه‌نه‌وه به‌ر له‌وه‌ی راپۆرتێك بڵاو بكه‌نه‌وه كه تایبه‌ت بێت به بابه‌ته هه‌ستیاره‌كانه‌وه.”
سه‌نته‌ری مێترۆ یه‌كێكه له پڕۆگرامه‌كانی IWPR، به‌ڵام هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به كاره میدیاییه‌كانی IWPRه‌وه نییه و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیشی نییه به‌سه‌ر به‌رهه‌م یان سیاسه‌تی به‌شی ته‌حریر له په‌یمانگاكه.
به‌شێك له رۆژنامه‌نووسان ده‌یانه‌وێ وڵاتانی بیانی گرنگیی زیاتر به لێكۆڵینه‌وه له كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان بده‌ن تاكو سه‌ركه‌وتوو بێت.
نێرده‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وڕوپا هیچ لێدوانێكی ره‌سمییان نه‌داوه له‌وه‌ته‌ی دوو به‌یاننامه‌ی جیاوازیان دوای كوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان له مانگی ئایاردا بڵاوكردۆته‌وه تیایاندا هانی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستانیان داوه رێوشوێنی خێرا بگرنه‌به‌ر بۆ دۆزینه‌وه‌ی بكوژانی سه‌رده‌شت.
دبلوماتكارێكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له هه‌ولێر، كه داوایكرد IWPR ناوی ئاشكرا نه‌كات، ره‌تیكرده‌وه ئه‌و كه‌یسه پشتگوێ خرابێت و وتی، "بێده‌نگی و ناچالاكی تێكه‌ڵ به‌یه‌ك مه‌كه‌ن.”
نامۆ عه‌بدوڵڵا رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه له هه‌ولێر. نیڵ ئاڕون، موحه‌ریری IWPRه له هه‌ولێر، به‌شداریكردووه له نووسینی ئه‌م راپۆرته.