قاعیده په‌نا بۆ ته‌كتیكی مافیا ده‌بات
له شاری موسڵ، قاعیده به‌زۆر پاره له هاوڵاتیان وه‌رده‌گرێت.
قاعیده په‌نا بۆ ته‌كتیكی مافیا ده‌بات
له شاری موسڵ، قاعیده به‌زۆر پاره له هاوڵاتیان وه‌رده‌گرێت.
سه‌عد موسڵی
ICRی ژماره ٣٣٩، ٧-٦-٢٠١٠
له‌گه‌ڵ بیستنی ده‌نگی ته‌قه شه‌قامه‌كه چۆڵ بوو، پیاوه‌كانیش به چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌كی جیاواز په‌رته‌یان كرد. لاشه‌یه‌ك به‌جێما و بوو به تاكه قوربانیی ئه‌و شه‌ڕه. دوای چه‌ند كاتژمێرێك، كه‌سێك به پارچه كاغه‌زێك ده‌م و چاوی ته‌رمه‌كه‌ی داپۆشی – ئه‌مه‌ش نیشاندانی رێزه بۆ مردوو.
ئه‌مه موسڵه، شاره‌كه‌م. له ساڵی ٢٠٠٣وه، وه‌ك په‌یامنێر له‌و شاره كارده‌كه‌م و زیاتر بۆ رۆژنامه ناوخۆییه‌كان ده‌نووسم. نووسینی راپۆرت له‌سه‌ر به‌سه‌رهاتی كوشتن و رفاندن به‌شێكن له پیشه‌ی رۆژانه‌م.
ئێستاش قاعیده له شاره‌كه‌م له گه‌شه‌سه‌ندندایه، هه‌رچه‌نده ده‌مێكه له به‌شه‌كانی تری وڵات تێكشكێنراوه. قاعیده به ناوی گروپی ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی له موسڵ كار ده‌كات و رۆژگارێك ئه‌و گروپه به‌شێك بوو له بزوتنه‌وه‌ی یاخیبووان له ناوچه‌كه. ئه‌و گروپه ئێستا وه‌ك مافیا كارده‌كات و له‌ڕێی هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه پاره بۆ خۆی په‌یدا ده‌كات.
هه‌رچه‌نده خه‌ڵكانێكی زۆر ئه‌و گروپه‌یان خۆش ناوێت، به‌ڵام دڵرهقییهكهی زۆر به‌هێزی كردووه. به‌پێچه‌وانه‌ی گروپه یاخیبووه‌كانی تر، قاعیده هه‌رگیز خۆی ته‌نها بۆ شه‌ڕكردن دژی ئه‌مریكییه‌كان ته‌رخان نه‌كردووه و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پیشانیدا كه ئاماده‌یه خه‌ڵكی عێراق بكوژێت.
له لوتكه‌ی شه‌ڕی ٢٠٠٥، ئه‌و گروپه به‌رده‌وام به كۆمه‌ڵ خه‌ڵكی ده‌ڕفاند. چه‌ند كاتژمێرێك دواتر، لاشه سهربڕاوهكانیان له شه‌قامه‌كاندا فڕێده‌دران. سه‌ره بڕاوه‌كان هه‌میشه له‌سه‌ر ته‌رمه‌كان داده‌نران و زۆر جاریش دی ڤی دییهك كه كرداری سه‌ربڕینه‌كه‌ی له‌سه‌ر تۆماركرابوو له‌گه‌ڵ ته‌رمه‌كان داده‌نرا.
ره‌نگه قاعیده ئێستا هێنده رووههڵماڵراو نه‌بێت له كاره‌كانیدا، به‌ڵام ئێستاش خه‌ڵك لێی ده‌ترسن. ستراتیجییه‌تی مانه‌وه‌ی ئه‌و گروپه له موسڵ ئێستا تا راده‌یه‌ك به‌رهه‌می ئه‌و فشارانه‌یه كه رێكخراوه‌كه له شوێنی تر رووبه‌ڕووی بۆته‌وه.
له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو، سوپای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراق تا راده‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتوو بوون له پچڕاندنی سه‌رچاوه داراییه‌كانی قاعیده و دوورخستنه‌وه‌ی جه‌نگاوه‌ره بیانییه‌كانی.
له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌ندامانی قاعیده له شاری موسڵ ئێستا زیاتر له خه‌ڵكی ناوچه‌كه پێكهاتوون – هه‌ندێكیان خه‌ڵكی شاره‌كه‌ن و هه‌ندێكیشیان عه‌ره‌بی شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌رن و ده‌ركراون و هاتوونه‌ته موسڵ.
پچڕانی سه‌رچاوه‌ی دارایی ده‌ره‌كی قاعیده‌ی ناچاركردووه له‌ناو موسڵ به‌دوای داهاتدا بگه‌ڕێت و سهرچاوهیهكیشی له‌نێو شوێنه بازرگانییه‌كانی ئێره‌دا دۆزیوه‌ته‌وه و پێگه‌ی موسڵیش له‌ڕووی بازرگانی كه كه‌وتۆته نێوان توركیا و سوریا و ئێران و به‌شه‌كانی تری عێراق سوودی پێ گه‌یاندووه.
بازرگانانی هه‌موو كه‌رتێكی پیشه‌سازی سه‌رانه ده‌ده‌ن به قاعیده. پێدانی پاره به قاعیده واده‌كات كه ئابووری ناوچه‌كه له جموجۆڵدا بێت و كه‌لوپه‌ل بگاته بازاڕه‌كانی شاره‌كه و زامنێكیشه بۆ تێپه‌ڕبوونی كه‌لوپه‌لی بنیاتنانه‌وه و به‌روبوومی كشتوكاڵی به‌و سنوورانه‌ی كه له شاره‌كه نزیكن.
هه‌رچه‌نده هیچ بازرگانێك ئاماده نییه له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسێكدا باسی ئه‌و بابه‌ته بكات، به‌ڵام گفتوگۆی رۆژانه‌یان پڕه له به‌سه‌رهاتی سه‌ندنی پاره لێیان به‌زۆر له‌لایه‌ن قاعیده‌وه.
گومان و ترس كۆمه‌ڵگه‌ی بازرگانه‌كانی كاولكردووه و رۆژگارێك ئه‌و بازرگانانه یارمه‌تی یه‌كتریان ده‌دا له سه‌ركه‌وتن و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزیش له‌نێوانیاندا هه‌بوو. پڕۆژه بازرگانییه به‌رچاوه‌كان به توندترین شێوه هێرشیان كراوه‌ته سه‌ر و هه‌ندێكیان له‌لایه‌ن كه‌سانێكی نوێوه كه پێده‌چێ سه‌ر به قاعیده بن كراونه‌ته ئامانج.
ناسیاوێكم پێی وتم ١٠٠،٠٠٠ دۆلاری ئه‌مریكیان پێداوه تا دووكانه‌كه‌ی خۆی بفڕۆشێته بازرگانێك كه تازه هاتۆته موسڵ. دوای پرسیاركردن، كه‌سێك به نهێنی پێی وتووه هه‌ر كه دووكانه‌كه‌ی فرۆشت كوڕه‌كه‌ی ده‌ڕفێنرێت. ئینجا داوا ده‌كرا پاره‌ی دووكانه‌كه له‌بری ئازادكردنی كوڕه‌كه‌ی بدات.
هاوڕێیه‌كم كه دووكانی ئاڵوگۆڕكردنی دراوی هه‌یه وتی گشت دووكانداره هاوسێیهكانی سه‌رانه ده‌ده‌ن به قاعیده. چه‌ند نوێنه‌رێكی قاعیده هه‌موو مانگێك سه‌ردانی ئه‌و شوێنه ده‌كه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن یان رفاندن له‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن كه پاره ناده‌ن.
هاوڕێیه‌كی ترم كه خاوه‌نی مۆلیده‌ی كاره‌بایه سه‌ره‌تا ره‌تیده‌كاته‌وه ئه‌و سه‌رانه‌یه بدات. دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی لێكدهكرێت و پێی ده‌وترێت كه مۆلیده‌كه‌ی ده‌ته‌قێنرێته‌وه ئه‌گه‌ر پێداگری بكات، ئیتر جڵه‌وی شلكرد.
دووكاندارێك پێی وتم رۆژێكیان له لایه‌ن گروپێكی نه‌ناسراوه‌وه ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كرێت و داوای لێ ده‌كرێت كه پاره‌یان پێ بدات، ئه‌مه له‌كاتێكدا كه‌مێك پێش ئه‌وه سه‌رانه‌ی مانگانه‌ی دابوو به قاعیده. ئه‌و دووكانداره قاعیده له‌و ته‌له‌فۆنه ئاگادار ده‌كاته‌وه و له‌و كاته‌وه ئیتر گروپه نه‌ناسراوه‌كه ته‌نگیان پێی هه‌ڵنه‌چنیوه.
ته‌نها خه‌ڵكی زه‌نگین نه‌بوونه‌ته قوربانی. دهستگێڕێك كه رۆژانه زیاتر له ١٥،٠٠٠ دیناری عێراقی ناباته‌وه ماڵه‌وه وتی ٣٠ له‌سه‌دای قازانجی خۆی وه‌ك سه‌رانه ده‌دات به قاعیده.
نه‌بوونی ئارامی بۆ ماوه‌یه‌كی درێر و ناكۆكییه سیاسییه‌كان له موسڵ ژینگه‌یه‌كی گونجاویان بۆ قاعیده دروستكردووه تا له شاره‌كه‌دا كاروباری خۆی هه‌ڵبسوڕێنێت. دانیشتوانی شاری موسڵ له كورد و عه‌ره‌ب پێكهاتوون. له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق زیاتر له ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌نجام دراوه، به‌رپرسانی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه نه‌یانتوانیوه بگه‌نه رێكه‌وتنێك له‌سه‌ر چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه.
كه‌مینه ئاینییه‌كان، بۆ نمونه مه‌سیحییه‌كان، ده‌ڵێن له‌نێو به‌رژه‌وه‌ندیی گروپه گه‌وره‌كان كه ركابه‌رایه‌تی یه‌كتر ده‌كه‌ن گیریان خواردووه.
هه‌رچه‌نده شه‌قامه‌كانی موسڵ پڕن له خاڵی پشكنین و هێزه ئه‌منییه‌كان، به‌ڵام بوونی ئه‌مانه پێناچێت كاریگه‌ری به‌سه‌ر یاخیبووانه‌وه هه‌بێت. به‌رپرسانی شاره‌كه به‌ده‌گمه‌ن قسه بۆ رۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن رێگایان پێ نه‌دراوه ئه‌و كاره بكه‌ن. گوته‌بێژه‌كانی ئه‌و هێزانه‌ش هه‌میشه به‌رده‌ست نین.
پێده‌چێت هێزه ئه‌منییه‌كان له جێهانێكی تر دوور له هاوڵاتیان بژین. ده‌ڵێی ئێمه له دوو دۆڵی جیاوازدا ده‌ژین و چه‌ندین چیا له‌نێوانماندا هه‌ن.
هاوڕێیه‌كه‌م پێی وتم هێزه ئه‌منییه‌كان له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه راستده‌كه‌ن كه ده‌ڵێن هه‌وڵیان داوه لایه‌نگرانی قاعیده سه‌ركوت بكه‌ن كاتێك ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڵیان كوتایه سه‌ر چه‌ند شوێنكی بازرگانیی دیاریكراو له شاره‌كه.
به‌ڵام ئه‌و هاوڕێیه‌م ده‌ڵێت به‌یاننامه‌یه‌ك كه هێزه‌كانی ئاسایش له‌و باره‌یه‌وه ده‌ریانكردووه ته‌نها نیوه‌ی راسته. زۆربه‌ی بازرگانه‌كان دژی ئایدیۆلۆژیای قاعیده‌ن و ناچارن یارمه‌تی دارایی بده‌ن به‌و رێكخراوه.
حكومه‌ت به‌ڵێنی داوه داموده‌زگاكانی شاره‌كه له گه‌نده‌ڵی ودهستییاخیبووان پاك بكاته‌وه.
به‌ڵام خه‌ڵكی موسڵ ده‌پرسن ئاخۆ ئه‌و كاره تا چه‌ند ئاسانه. زۆرێك له ئێمه پێمان وایه یاخیبووان په‌یوه‌ندیی قووڵیان له‌ناو ده‌وڵه‌تدا هه‌یه، چونكه پێده‌چێت هه‌موو شتێك له‌باره‌ی نوێترین گرێبه‌ست و ته‌نده‌ری حكومه‌ته‌وه بزانن.
هه‌روه‌ها پێده‌چێت قاعیده به‌ته‌واوی دزه‌ی كردبێته ناو هێزه ئه‌منییه‌كان.
هاوڕێیه‌كی هاوڕێیه‌كم كه له ریزی هێزه‌كانی پۆلیس خزمه‌ت ده‌كات له‌م ماوانه‌ی دواییدا له‌گه‌ڵ سێ له هاوڕێكانی به گه‌شتێك ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه. ئه‌و ئه‌فسه‌رانه هه‌رسێكیان جلی مه‌ده‌نیان له‌به‌ر بووه و له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڵاتییه‌ك له‌ناو پاسێكی بچو‌وكدا ده‌بن.
یاخیبوویه‌ك ده‌چێته ناو پاسه‌كه و ناوی سێ پۆلیسه‌كه ده‌خوێنێته‌وه و داوایان لێ ده‌كات بێنه خواره‌وه. یه‌كێك له ئه‌فسه‌ره‌كان ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه و ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه له‌مێژه وازی له هێزه‌كانی پۆلیس هێناوه.
له وه‌ڵامدا، یاخیبووهكه لیستی مووچه‌ی هێزه‌كانی پۆلیسی پێ نیشان ده‌دات و لێ ده‌پرسێت، "ئایا ئه‌وه ئیمزای تۆ نییه كه ده‌یسه‌لمێنێت دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر موچه‌ت وه‌رگرتووه؟"
سێ پیاوه‌كه له پاسه‌كه ده‌هێرێنه خواره‌وه. ئه‌و پیاوه‌ی ئه‌و چیڕۆكه‌ی گێڕایه‌وه ده‌ڵێت له‌و كاته‌وه هیچ هه‌واڵێكی ئه‌و سێ كه‌سه‌ی نه‌زانیوه.
سه‌عد موسڵی نازناوی په‌یامنێرێكی راهێنراوی IWPRه له موسڵ.