پیشه‌ی نووسینه‌وه‌ی ئایه‌تی قورئان به‌ده‌ست له‌سه‌ر كفن له‌ كه‌ربه‌لا به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت

ئه‌و كفنانه‌ی له‌ڕێی ستێنسڵه‌وه‌ ئایه‌تی قورئانیان له‌سه‌ر نووسراوه‌ جێگا به‌و كفنانه‌ له‌ق ده‌كه‌ن كه‌ به‌ده‌ست ئایه‌تی قورئانیان له‌سه‌ر نووسراوه‌.

پیشه‌ی نووسینه‌وه‌ی ئایه‌تی قورئان به‌ده‌ست له‌سه‌ر كفن له‌ كه‌ربه‌لا به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت

ئه‌و كفنانه‌ی له‌ڕێی ستێنسڵه‌وه‌ ئایه‌تی قورئانیان له‌سه‌ر نووسراوه‌ جێگا به‌و كفنانه‌ له‌ق ده‌كه‌ن كه‌ به‌ده‌ست ئایه‌تی قورئانیان له‌سه‌ر نووسراوه‌.

Thursday, 19 August, 2010

ره‌زاق مسته‌فا كاتب ئایه‌ته‌كانی قورئانی پیرۆز به‌ده‌ست له‌سه‌ر كفن ده‌نووسێته‌وه‌ و به‌رگی موسڵمانانی شیعه‌مه‌زهه‌ب بۆ جیهانی دوای مردن ئاماده‌ ده‌كات.

هه‌رچه‌نده‌ ره‌زاق ده‌یان ساڵه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كات، به‌ڵام ده‌ڵێت ئێستاش له‌كاتی ئه‌نجامدانیدا ترس دایده‌گرێت. ره‌زاق بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر خۆیدا زاڵبێت، نزاكانی ناو قورئان ده‌خوێنێته‌وه‌ و به‌شێكیش له‌و ئایه‌تانه‌ به‌ده‌ست له‌سه‌ر كفنه‌كان ده‌نووسێته‌وه‌.

ره‌زاق وتی، "من وه‌ك زرێیه‌ك ده‌ڕوانمه‌ كفن كه‌ له‌ گۆڕدا پارێزگاری له‌ جه‌سته‌ ده‌كات و له‌ كرم ده‌یپارێزێت".

ره‌زاق له‌ باوكییه‌وه‌ ئه‌و پیشه‌یه‌ی بۆ ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌م داب و نه‌ریته‌ش چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ له‌ كه‌ربه‌لا بوونی هه‌یه‌.

به‌ڵام پیشه‌ی ره‌زاق و كه‌سانی وه‌ك ئه‌و له‌مه‌ترسیدایه‌ و ئێستا نووسینه‌وه‌ی ئایه‌ته‌كانی قورئان له‌سه‌ر كفن زیاتر له‌ڕێی ستێنسڵه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت. ستێنسڵ پارچه‌ كاغه‌زێكه ئایه‌ته‌كانی قورئانی له‌سه‌ر هه‌ڵكه‌ندراوه‌ و ته‌نها به‌ پرژاندنی بۆیه‌ به‌سه‌ر ئه‌و كاغه‌زه‌ ئایه‌ته‌كانی قورئان له‌سه‌ر كفنه‌كه‌ به‌جێده‌مێنن. ئه‌م شێوازه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌ شێوازه‌ كه‌ كۆنه‌كه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ نووسینه‌وه‌ی ئه‌و ئایه‌تانه‌ به‌ده‌ست و كارێكی قورسیشه‌.

بازرگانانی شاره‌كه‌ ده‌ڵێن كڕیاره‌كانیان ئه‌و كفنانه‌یان پێ باشتره‌ كه‌ به‌ شێوازه‌ نوێیه‌كه‌ قورئانیان له‌سه‌ر نووسراوه‌ته‌وه‌‌ چونكه‌ هه‌رزانترن و زووتریش ئاماده‌ ده‌كرێن. خۆشنووسه‌ به‌تواناكانی شاره‌كه‌ش ده‌ڵێن به‌م هۆیه‌وه‌ ئیشیان كه‌م بۆته‌وه‌.

ره‌زاق ده‌ڵێت، "كاتی خۆی، ٢٠ كفنم له‌ ماوه‌ی ١٠ رۆژدا ده‌فرۆشت. ئێستا له‌ هه‌مان ماوه‌ ١٠ دانه‌ ده‌فرۆشم". ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ ژماره‌ی ئه‌و كفنانه‌ی به‌ شێوازه‌ نوێیه‌كه‌ ئاماده‌ده‌كرێن زۆر زیادیكردووه‌.

ساڵانه‌ هه‌زاران كفن له‌ كه‌ربه‌لا ئایه‌ته‌كانی قورئانیان له‌سه‌ر ده‌نووسرێته‌وه‌ و ئاماده‌ده‌كرێن. به‌لای شیعه‌كانه‌وه‌، شۆردنی لاشه‌ له‌ كه‌ربه‌لا و ئاماده‌كردنی بۆ ناشتن به‌ر له‌وه‌ی له‌ شاری نه‌جه‌ف بنێژرێت كارێكی پیرۆزه‌.

ئه‌م دوو شاره‌ رۆڵێكی گرنگیان گێڕاوه‌ له‌ ئیسلامی شیعه‌ و تا ئێستاش كاریگه‌رییه‌كی زۆریان به‌سه‌ر لایه‌نی رووحی شیعه‌كانی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ن له‌ وڵات.

مه‌زاری ئیمام حوسێن كه‌وتۆته‌ كه‌ربه‌لا. ئیمام حوسێن به‌لای شیعه‌كانه‌وه‌ زۆر خۆشه‌ویسته‌ و له‌ شه‌ڕێكی چاره‌نووسسازدا له‌ سه‌ده‌ی حه‌وته‌می زایینی له‌و شاره‌ شه‌هید كراوه‌.

خۆڵی ئه‌و شاره‌ به‌لای شوێنكه‌وتووانی ئه‌و ئیمامه‌وه‌ پیرۆزه‌ و تێكه‌ڵ به‌و مه‌ره‌كه‌به‌ ده‌كرێت كه‌ ئایه‌ته‌كانی قورئانی له‌سه‌ر كفنه‌كاندا پێ ده‌نووسرێته‌وه،‌ هه‌ندێ جار زه‌عفه‌رانیشی له‌گه‌ڵ به‌كاردێت.

به‌لای شیعه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی كفن بڕیارێكی ئێجگار تایبه‌تییه‌ و ده‌كرێت پێش مه‌رگیش ئه‌م بڕیاره‌ بدرێت. زۆرێك له‌ شیعه‌كان كفن بۆ خۆیان ده‌كڕن تا به‌بیریان بێنێته‌وه‌ كه‌ ژیانی دونیا تا سه‌ر نییه‌ و ده‌یانه‌وێ ببێته‌ پاڵنه‌رێكیش تا چاكه‌ بكه‌ن.

زۆرێك له‌ شیعه‌كان خۆیان ئه‌و ئایه‌تانه‌ دیاری ده‌كه‌ن كه‌ له‌سه‌ر كفنه‌كانیان ده‌نووسرێنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ كفنی حازر له‌ بازاڕه‌كانی كه‌ربه‌لا ده‌ستده‌كه‌وێ.

ئه‌و كفنانه‌ی كه‌ ئایه‌ته‌كانی سه‌ریان به‌ ده‌ست ده‌نووسرێنه‌وه‌ چه‌ند رۆژێكیان پێ ده‌چێ تا ئاماده‌ ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ ئایه‌ته‌كانیان به‌ ستێنسڵ ده‌نووسرێنه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند خووله‌كێكدا ئاماده‌ ده‌كرێن.

كفنی چاپكراو، واته‌ ئه‌وه‌ی به‌ ستێنسڵ ئایه‌تی قورئانی له‌سه‌ر ده‌نووسرێته‌وه‌، هه‌رزانتره‌ و ٧،٠٠٠ دیناری عێراق تێده‌چێت، ئه‌مه‌ش ده‌كاته‌ نیوه‌ی پاره‌ی كفنی ده‌ستنووس، واته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ده‌ست ئایه‌تی له‌سه‌ر ده‌نووسرێته‌وه‌.

كفنی نایابیش كه‌ به‌ده‌ست نووسرێته‌وه‌ و زه‌عفه‌ران له‌ مه‌ره‌كه‌به‌كه‌یدا به‌كارده‌هێنرێت و سه‌راپای به‌ ئایه‌تی قورئان داده‌پۆشرێت چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی پێ ده‌چێت تا ئاماده‌ده‌كرێت و زیاتر له‌ ١٠٠،٠٠٠ دیناری تێده‌چێت.

ئیراهیم سه‌ید زه‌نگه‌نه‌، خاوه‌نی دووكانێكی تایبه‌ت به‌ كفنه‌ له‌ كه‌ربه‌لا، دووپاتیكرده‌وه‌ ئه‌و كفنانه‌ی كه‌ به‌ ستێنسڵ له‌سه‌ریان ده‌نووسرێته‌وه‌ ره‌واجیان زیاتره‌.

كفنی چاپكراو له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو كه‌وته‌ بازاڕه‌وه‌ و دوای ٢٠٠٣ ده‌ستی به‌سه‌ر بازاڕدا گرت كاتێك داواكاری له‌سه‌ر كفنی ده‌ستنووس زۆر زیادی كرد و نه‌توانرا به‌ به‌پێ ژماره‌ی داواكارییه‌كان دابین بكرێت.

زه‌نگه‌نه‌ هۆكاری ئه‌مه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ دوو شت: یه‌كه‌م، نه‌مانی حوكمی دیكتاتۆری پێشوو سه‌دام حوسێن كه‌ بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی زیاره‌تكارانی شیعه‌، دووه‌م، بازاڕه‌كانی شاره‌كه‌ ناچاربوون رووبكه‌نه‌ كفنی چاپكراو تا بتوانن داواكاریی هه‌زاران زیاره‌تكاری عێراق و ئێران جێبه‌جێ بكه‌ن.

زه‌نگه‌نه‌ ده‌ڵێت به‌رهه‌مهێنه‌رانی كفنی ده‌ستنووس ئه‌ركیان قورستر بوو به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه‌ به‌رۆكی عێراقی گرت دوای شاڵاوه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ ساڵی ٢٠٠٣.

زه‌نگه‌نه‌ وتی، "خه‌ڵكێكی زۆر كوژران، بۆیه‌ داواكاری رووی له‌ زیادیكرد. نه‌ده‌كرا به‌گوێره‌ی داواكارییه‌كان كفنی ده‌ستنووس به‌رهه‌م بهێنرێت".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زه‌نگه‌نه‌ وتی ئێستاش ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كفنی ده‌ستنووس به‌رهه‌م ده‌هێنێت و عه‌مباریان ده‌كات. هه‌ندێك له‌ كڕیاران پێیان وایه‌ كفنی ده‌ستنووس ره‌سه‌نتر و وردتره‌.

ره‌خنه‌گرانی كفنی چاپكراو ده‌ڵێن ئه‌و كفنانه‌ به‌په‌له‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێن بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك له‌ نزیكه‌وه‌ لێیان وردبێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری روودانی هه‌ڵه‌ زیاد ده‌كات. ته‌نها هه‌ڵه‌یه‌كی بچووك له‌ ستێنسڵه‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ مانای ئایه‌ته‌كه‌‌ بگوڕێت.

خه‌ڵكی كه‌ربه‌لا بۆچوونی جیاوازیان به‌رامبه‌ر به‌م بابه‌ته‌ هه‌یه‌.

فیراس توعمه‌ وتی، "كفنی ده‌ستنووسم پێ باشتره‌. كفی چاپكراو‌ ره‌نگه‌ هه‌ڵه‌ی تێدا بێت یان وشه‌ی تیا په‌ڕێنرابێت ئه‌مه‌ش ده‌كرێت ته‌واوی مانای ئایه‌ته‌كانی قورئان بگوڕێت".

ساهیب موسا جه‌عفه‌ر، دووكانداره‌، كفنی ده‌ستنووسی پێ باشتره‌ و وتی، "له‌ڕووی ئایینییه‌وه‌ ئه‌و كفنه‌ باشتره‌ چونكه‌ هه‌ڵه‌ی رێنووسی تێدا نییه‌".

به‌ڵام جومانه‌ قاسم، ژنی ماڵه‌وه‌یه‌، كفنی چاپكراوی به‌دڵه‌ و وتی، "هه‌ردووكیان كفنن. ده‌توانی هه‌موو كاتێك كفنی چاپكراو بكڕیت و هه‌رزانتریشه‌".

عه‌قیل جه‌للوب، شوفێری ته‌كسییه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ كفنی چاپكراوی پێ باشتر بوو و وتی، "خودا سه‌یری ئه‌و قوماشه‌ ناكات كه‌ مرۆڤی تیا پێچراوه‌، به‌ڵكو سه‌یری ره‌فتاری ده‌كات كاتێك زیندوو بووه‌".

ئه‌م راپۆرته‌ له‌لایه‌ن په‌یامنێرێكی راهێنراوی IWPR له‌ كه‌ربه‌لا كه‌ نه‌یوست ناوی ئاشكرا بكرێت ئاماده‌كراوه‌.
 

Iraq
Economy
Frontline Updates
Support local journalists