سیاسه‌تمه‌داران ستراتیجیی ئۆباما به‌رامبه‌ر به‌ عێراق هه‌ڵده‌سه‌نگێنن

پێیان وایه‌ پێناچێت سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا‌ به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بۆ كشانه‌وه‌ی سه‌ربازی و كۆمه‌كی جێبه‌جێ بكات.

سیاسه‌تمه‌داران ستراتیجیی ئۆباما به‌رامبه‌ر به‌ عێراق هه‌ڵده‌سه‌نگێنن

پێیان وایه‌ پێناچێت سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا‌ به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بۆ كشانه‌وه‌ی سه‌ربازی و كۆمه‌كی جێبه‌جێ بكات.

Wednesday, 12 November, 2008
.



سیاسه‌تمه‌داران و لێكۆڵه‌ره‌وانی عێراق پێیان وایه‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی ئۆباما، كه‌ له‌ ٢٠ی كانونی دووه‌م ده‌ست پێده‌كات، سیمای گۆڕانی گشتگر له‌ عێراقدا به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینێت. ئۆباما، سیناتۆرێكی بچووك له‌ ته‌مه‌ندا كه‌ دژایه‌تیی بۆ شه‌ڕی عێراق ڕۆژه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی هێنایه‌ جۆش، به‌ڵێنی گۆڕانی خێرای داوه‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌ عێراق، له‌وانه‌ش بڕینی خه‌رجیی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و كشاندنه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان له‌و وڵاته‌ له‌ ماوه‌ی ١٦ مانگدا.



ئه‌و كشانه‌وه‌ سه‌ربازییه‌ی – كه‌ ئۆباما به‌ڵێنی داوه‌ "به‌رپرسیارانه‌ و به‌ قۆناغ" بێت – گرنگترین بابه‌تی نیگه‌رانی سه‌رانی عێراق بووه‌، زۆربه‌یان هۆشیاریان داوه كه‌‌ كشانه‌وه‌یه‌كی خێرای سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكا مه‌ترسی ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ پشێوی له‌ عێراقدا دروست بكات.



"ڕه‌وشی ئاسایش له‌ عێراقدا هێشتا ناسكه‌، و به‌رگه‌ی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق ناگرێت،" وائل عه‌بدولله‌‌تیف، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق سه‌ر به‌ لیستی وه‌ته‌نییه‌ی عێراقی عه‌لمانی هۆشیاری دا.



عه‌بدولله‌تیف وتی ئۆباما، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رله‌شكری هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌بێت، یه‌كێكه‌ له‌و چه‌نده‌ها به‌شداربووه‌ی دام و ده‌زگاكانی واشنتۆن كه‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا دیاری ده‌كه‌ن. عه‌بدولله‌تیف دانی نا به‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا ناچار ده‌بێت هه‌ندێك ده‌ست به‌ پاره‌وه‌ بگرێت به‌هۆی قه‌یرانی ئابورییه‌وه‌ به‌ڵام پێی وا نه‌بوو ئۆباما بتوانێت سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق بگۆڕێت به‌ تایبه‌تی له‌به‌ر زیادبوونی پێگه‌ی ئێران. "شته‌كان له‌ عێراق ناگۆڕێن مه‌گه‌ر واشنتۆن چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی بۆ ئێران بدۆزێته‌وه‌،" عه‌بدولله‌تیف وتی.



ئیبراهیم ئه‌لسومه‌یدای، لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌كی سیاسی له‌ به‌غدا، وتی ئێران له‌وانه‌یه‌ وه‌ك خولیای سه‌ره‌كی ئه‌مریكا بمێنێته‌وه‌ و پێشنیاری ئه‌وه‌شی كرد كه‌ واشنتۆن ڕێگا به‌ ته‌هران نه‌دات زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر عێراقدا دروست بكات و به‌ دوای چاره‌سه‌رێكی ناوڕاستانه‌دا بگه‌ڕێت بۆ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی. هه‌روه‌ها ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌بێت سوور بێت له‌سه‌ر "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانییه‌ تائیفییه‌كان" له‌ عێراقدا، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌ ڕاده‌یه‌كی زۆر ئێران كاریگه‌ری به‌سه‌ریانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌لسومه‌یدای وتی.



عه‌بد ئه‌لباری زێباری، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، وتی ئۆباما چه‌ندین جار ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ سیاسه‌تی عێراق ده‌بێت بگۆڕێت و پێیویسته‌ عێراقییه‌كان به‌رپرسیارێتیی زیاتر بۆ داهاتووی خۆیان بگرنه‌ ده‌سه‌ت.



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زێباری وتی، هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی ئه‌مریكا ساكار ده‌بێت چونكه‌ ئۆباما ده‌بێت له‌گه‌ڵ پارتی دیموكرات و سه‌رانی كۆمارییه‌كان دانوستان بكات كه‌ پاڵپشتیان نه‌كردووه‌ له‌ كشانه‌وه‌یه‌كی ته‌واو.



"زۆربه‌ی وتاره‌كانی ئۆباما ته‌نها بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كان بوون،" زیباری وتی. "ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی واشنتۆن سیاسه‌ته‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ عێراق ده‌گۆڕێت سنوورداره‌."



ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان "به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ناكاته‌ قوربانی ئامانجه‌كانی ئۆباما"، زێباری زیاتر وتی. "ئۆباما ڕازی ده‌بێت سوپای ئه‌مریكا بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ عێراق بمێنێته‌وه‌."



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ناڕه‌زاییه‌كی به‌رفراوان به‌رده‌وامه‌ له‌ دژی هه‌بوونی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له‌ عێراق – به‌ تایبه‌تی هه‌بوونێك كه‌ كۆتاییه‌كه‌ی دیار نه‌بێت.



"ئێمه‌ به‌ ئاواتی زیاتر له‌ كشانه‌وه‌ین،" فایزه‌ بابه‌خان، ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مان و پاڵپشتیكاری مافه‌كانی ژنان وتی. "ئێمه‌ به‌ دوای گۆڕانێكی خێرا ده‌گه‌ڕێین. ده‌مانه‌وێت سه‌روه‌ری عێراق بگه‌ڕێنینه‌وه‌، عێراقییه‌كان به‌رپرسیار بن له‌ كاروباری خۆیان و پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان و ئابوری جێبه‌جێ بكه‌ین كه‌ ئه‌مریكییه‌كان ڕه‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر داوه‌."



عزه‌ددین ئه‌لده‌وله‌، په‌رله‌مانتارێكی سوننیی سه‌ربه‌خۆ، وتی ئۆباما له‌وانه‌یه‌ هه‌وڵ بدات هه‌ندێك له‌ پێكهاته‌كانی ڕێكه‌وتنامه‌ی ئه‌منی بگۆڕێت كه‌ ئێستا له‌ نێوان ئه‌مریكا و عێراق هه‌وڵی به‌ئاكام گه‌یشتنی ده‌درێت، و مه‌رجه‌كانی هه‌بوونی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له‌ عێراق دیاری ده‌كات. حكومه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران نوری ئه‌لمالكی سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ سوپای ئه‌مریكا به‌ ته‌واوی له‌ ٢٠١١دا بكشێته‌وه‌.



له‌ نێوان كورده‌كاندا، كه‌ چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ هاوپه‌یمانی به‌هێزی ئه‌مریكان، سه‌ركرده‌كان نه‌ك ته‌نها جه‌خت له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌ی ئه‌منی ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن ببینن چۆن ئۆباما گرژییه‌كانی نێوان كوردستانی عێراق و توركیا چاره‌سه‌ر ده‌كات. توركیا له‌ دژی یاخیبووانی كورد له‌ چیا سه‌خته‌كانی باكوری عێراق ده‌جه‌نگێت.



سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ سلێمانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئۆباما پێشنیاری كردووه‌ سه‌رانی توركیا له‌گه‌ڵ هاوشانه‌ كوردییه‌كانیاندا دانوستان بكه‌ن بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كانیان. به‌ڵام پیره‌ دڵنیا نه‌بوو گفتوگۆیه‌كی له‌م چه‌شنه‌ ڕوو بدات.



كورده‌كان پاڵپشتی زۆریان له‌ لادانی سه‌دام حوسێن كرد به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا و به‌و هۆه‌یه‌وه‌ هه‌ست به‌ خۆشه‌ویستییه‌كی تایبه‌ت ده‌كه‌ن بۆ بوش كۆمارییه‌كان، ساڵح عومه‌ر عیسا، مامۆستای زانستیی سیاسی له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له‌ شاری هه‌ولێری باكووری عێراق وتی. به‌ڵام عیسا ئامۆژگاری له‌ دژی هه‌ر پێشنیارێك خسته‌ڕوو كه‌ گوایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌مریكا و كورده‌كان.



"ئیداره‌ی بوش له‌به‌ر خاتری كورده‌كان سه‌دام حوسێنی لانه‌دا، و ئۆباماش كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا دوا ناخات بۆ پاراستنی كورده‌كان،" عیسا وتی.



خه‌ریكه‌ كورده‌كان توڕه‌ییان به‌رده‌وام زیاد ده‌كات به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكاوه‌، به‌ تایبه‌تی ڕاسپارده‌كانی ئه‌مریكا تا عێراق چاره‌سه‌ری ڕه‌وشی پارێزگای كه‌ركوكی جێناكۆك دوا بخات. كورده‌كان، توركمانه‌كان و عه‌ره‌به‌كان ئه‌و هه‌رێمه‌ به‌ نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌هی خۆیان ده‌زانن.



به‌ڵام دیاریكردنی جێگری سه‌رۆكی هه‌ڵبژێراو جۆی بایدن هه‌ندێ هیوای داوه‌ته‌ كورده‌كان كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌سه‌ر ئاستی به‌رزدا له‌ واشنتۆن ده‌خرێنه‌ ڕوو. بایدن پێشتر پێشنیاری سیسته‌مێكی فیدڕالی به‌هێزی له‌ عێراقدا كردووه‌ "و له‌ كاتێكدا له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ له‌ ئێستادا جێبه‌جێ نه‌كرێت، به‌ڵام مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ بۆ كورده‌كان"، عیسا وتی.



باسم ئه‌لشه‌ر و زه‌ینه‌ب ناجی دوو ڕۆژنامه‌نوسی ڕاهێنراوی IWPR ن له‌ به‌غدا. فه‌رمان عه‌بدولڕه‌حمان ڕۆژنامه‌نوسێكی ڕاهێنراوی IWPR ه‌ له‌ سلێمانی.
Frontline Updates
Support local journalists