كورد رق و كینه‌ی سه‌رده‌مانی شه‌ڕی ناوخۆ زیندووئه‌كاته‌وه‌

ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن نیشانیدا كه‌ كۆنه‌ قینی نێوان حیزبه‌كان كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران.

كورد رق و كینه‌ی سه‌رده‌مانی شه‌ڕی ناوخۆ زیندووئه‌كاته‌وه‌

ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن نیشانیدا كه‌ كۆنه‌ قینی نێوان حیزبه‌كان كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران.

Thursday, 13 August, 2009
.



محه‌مه‌د پێشتر پێشمه‌رگه‌ بووه‌ و له‌ شه‌ڕی ناوخۆی كوردستانیشدا شه‌ڕی بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووه‌. كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ پشتیوانی سوپای عێراق، یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر كرده‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌مه‌ش كوردستانی به‌كرده‌وه‌ كرد به‌ دوو كه‌رته‌وه، محه‌مه‌د ئه‌وكات له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر بوو.



شه‌ڕی ناوخۆی چوار ساڵه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ١٩٩٨دا كۆتاییهات، به‌ڵام كاریگه‌ری ئه‌و شه‌ڕه‌ هێشتا بارێكی گرانه‌ به‌سه‌ر محه‌مه‌د و چه‌ندانی تره‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵێن هه‌فته‌ی پێشوو یاده‌وه‌رییه‌ تاڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان برده‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان.



محه‌مه‌د كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی ته‌قته‌ق ئه‌ژی، وتی، "پێشمه‌رگه‌ی پارتی چه‌ندین هاوڕێ و كه‌سوكاریان كوشتوم. راویان ناین و به‌دوامانه‌وه‌ بوون، خه‌ریك بوو هه‌ر له‌ برسان بمانكوژن."



"كاتێك ئه‌و رۆژانه‌م به‌بیرهاته‌وه‌، نه‌متوانی ده‌نگ بۆ مه‌سعود بارزانی بده‌م، چونكه‌ سه‌رۆكی پارتیشه‌."



دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر ‌یه‌كێكیان بۆ چه‌ندین ساڵ ئیداره‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بوو له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا، ئه‌م دوو حیزبه‌ بوونه‌ هاوپه‌یمانی سیاسی یه‌كتر و حكومه‌تێكیان له‌ ٢٠٠٦دا له‌ هه‌ولێر پێكهێنا. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، ناوچه‌گه‌رێتی و حیزبایه‌تیان هێشتا به‌ ئاشكرا پێیانه‌وه‌ دیاره‌، كه‌ شه‌ڕی ناوخۆی هێنده‌ی تر قه‌یراناوی كرد، و بارگرژیش هه‌ر ماوه‌.



ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی هه‌فته‌ی پێشوو ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ مه‌سعود بارزانی به‌ بردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی له‌‌ ٧٠٪ی ده‌نگه‌كان، وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێدرایه‌وه‌. به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجار رووبه‌رووی ته‌حه‌دایه‌كی كه‌موێنه‌ بووه‌وه‌ له‌ كه‌مال میراوده‌لیه‌وه، ئه‌و كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كه‌ خه‌ڵك هیچی ئه‌وتۆی له‌باره‌وه‌ نه‌ده‌زانی. میراوده‌لی‌ رونابیرێكی كوردی نیشته‌جێی له‌نده‌نه‌ و هه‌وڵه‌كانی چڕكردبوه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیاترین پشتگیریی له‌ سلێمانی به‌ده‌ستبهێنێت.



بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كه‌ سه‌ركرده‌ جیابۆوه‌كانی یه‌كێتی پێكیانهێنا، له‌ كێبڕكێ په‌رله‌مانییه‌كه‌دا ده‌نگی زۆریان له‌ سلێمانی هێنا، به‌ڵام پێشڕه‌ویه‌كی كه‌میان له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی به‌ده‌ستهێنا. له‌ كاتێكدا گۆڕان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا ده‌نگی زۆری لێدزراوه‌، لێپرسراوانی لیستی كوردستانی ئه‌ڵێن گۆڕان كه‌مترین جه‌ماوه‌ری له‌ دهۆك هه‌یه‌، كه‌ سه‌نته‌ری سه‌ره‌كیی پارتیه‌.



گۆڕان ئه‌ڵێت ئه‌یه‌وێت هه‌ژموونی دوو حیزبه‌كه‌ بشكێنێت، به‌ڵام یه‌كێتی و پارتی ئه‌ڵێن له‌ژێر چاودێری ئه‌واندا، كورد باشترین خزمه‌تگوزاری بۆ دابینده‌كرێت و له‌ هه‌موو كاتێكیش یه‌كگرتووتر ده‌بێت. تێپه‌ڕاندنی شه‌ڕی ناوخۆ وه‌كو نمونه‌یه‌ك بۆ راستی بانگه‌شه‌كانیان ده‌هێننه‌وه‌.



نه‌وشیروان مسته‌فا، سه‌ركرده‌ی دیاری سیاسی و سه‌ربازیی پێشووی یه‌كێتی، تا ئێستا رۆڵی له‌ شه‌ڕی ناوخۆدا روون نیه‌ چۆن بووه‌. له‌كاتی شه‌ڕه‌كه‌دا رۆیشت بۆ ئه‌وروپا، وه‌كو ئه‌ڵێن به‌هۆی ناكۆكی ناوخۆیی حیزبه‌وه‌.



وه‌كو یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی كه‌ هه‌تا ئێستا به‌ڕه‌سمی وازی له‌و حیزبه‌ نه‌هێناوه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌گیرێت كه‌ خۆی له‌ناو یه‌كێتیدا بووه‌ و به‌شێك بووه‌ له‌و كێشانه‌ی ئێستا ئه‌ڵێت ئه‌یه‌وێت چاره‌سه‌ریان بكات.



پێشمه‌رگه‌یه‌كی پێشووی پارتی له‌ هه‌ولێر كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرابكرێت، به‌گله‌یی بوو له‌ هه‌ردوو حیزبه‌كه‌ و ئه‌یوت له‌ شه‌ڕی ناوخۆوه‌ باوه‌ڕی به‌ هیچ كامیان نه‌ماوه‌.



ئه‌و پێشمه‌رگه‌ پێشووه‌ی پارتی وتی، "بۆ ئێستا شه‌ڕ ته‌واو بووه‌، به‌ڵام شه‌ڕی ناوخۆ هێشتا له‌ ناخی هه‌موو ئه‌ندامێكی یه‌كێتی و پارتیدایه‌. ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ئه‌یكات ده‌نگدان نیه‌ بۆ یه‌كێك، به‌ڵكو ده‌نگدانه‌ له‌ دژی یه‌كێك. مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌ی كاته‌ بۆ ستپێكردنه‌وی شه‌ڕی ناوخۆ."



هه‌روه‌ها هه‌واداری نه‌وشیروان مسته‌فاش نه‌بوو، "نه‌وشیروانیش ئه‌ندامێكی یه‌كێتییه‌. سه‌ركرده‌یه‌كی بێلایه‌نمان ئه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی حزبێكی نوێ سه‌رله‌نوێ دروستبكات، نه‌وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی پێشوو. نه‌وشیروانی یه‌كێكه‌ له‌ خۆیان."



سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای یه‌كێتییه‌ وتی ئه‌وه‌ی زیانی به‌ جه‌ماوه‌رێتیی بارزانی گه‌یاند له‌ سلێمانی بێئومێدبوون بوو له‌ حكومه‌ت و حیزبه‌كان، زیاتر له‌ ناكۆكی نێوان یه‌كێتی و پارتی.



پیره‌ ووتی سه‌ركرده‌كانی حیزب زاڵبون به‌سه‌ر ناكۆكییه‌ حیزبییه‌كانی نێوانیاندا، به‌ڵام دابه‌شبوونه‌كان هێشتا له‌ناو ئه‌ندامانی خواره‌وه‌ی حیزبدا ماوون.



دابه‌شبوونی یه‌كێتی-پارتی شۆڕبووبۆه‌وه‌ بۆ ئاستی خێزانه‌كانیش و هه‌ندێك هاوسه‌رگیریان ره‌تده‌كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ لایه‌نگرانی حیزبه‌كه‌ی خۆیان نه‌بوایه‌.



پیره‌ ئه‌وه‌شی وت كه‌‌ لایه‌نگرانی یه‌كێتی و پارتی هه‌تا ئێستاش رووبه‌رووی جیاوازیكردن ده‌بنه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵانی یه‌كتریدا، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ئه‌م دیارده‌یه‌ كه‌متر بڵاوه‌.



له‌ كاتێكدا سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵیانداوه‌ جیاوازییه‌كانی كاتی شه‌ڕی ناوخۆیان وه‌لانێن و باشتره‌ به‌لایانه‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ بگوازنه‌وه‌ سه‌ر شانۆی سیاسی، خه‌ڵكانێك هه‌ن پێیانوایه‌ هیچی وایان نه‌كردوه‌ بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورده‌ ئاساییانه‌ی له‌ كاتی شه‌ڕی ناوخۆدا زیانیان پێگه‌یشتوه‌ و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یان بینیوه‌.



ئاسۆس هه‌ردی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌، وتی "هه‌نگاوی گرنگ سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌كه‌ نه‌نراوه‌." "ئه‌وانه‌ی كه‌ كوڕ و كچیان كوژراوه‌ یان ماڵیان تاڵانكراوه‌ له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا ئاشتنه‌كراونه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆی هه‌بووه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا."



هه‌ردی وتی هێرشه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌ر نوسینگه‌كانی گۆڕان و یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ هه‌ولێر "ئه‌وه‌ نیشانده‌دات كه‌ عه‌قڵیه‌تی شه‌ڕی ناوخۆ تاكی كوردی به‌ڕێوه‌ده‌بات."



به‌ڵام هه‌ردی ئه‌وه‌شی وت، "كه‌ خه‌ڵك به‌ره‌به‌ره‌ خه‌ریكن زاڵ ئه‌بن به‌سه‌ر ئه‌و دووبه‌ره‌كییه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ خستیه‌وه‌."



خه‌لیل كه‌ مامۆستایه‌كی خه‌ڵكی ته‌ق ته‌قه‌ وتی، "هیوادارم هه‌نگاو بنێن بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك، و جارێكی تر نه‌وه‌ده‌كان دوباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌."



عه‌بدولكه‌ریم ئه‌سعه‌د،‌ شۆفێری ته‌كسییه‌ و لایه‌نگرێكی سه‌رسه‌ختی پارتییه‌ وتی، "پێویسته‌ كورد زاڵ بن به‌سه‌ر چاوچنۆكیدا و وه‌كو یه‌ك نه‌ته‌وه‌ یه‌كبگرن، نه‌ك وه‌كو هۆز و عه‌شیره‌ت به‌ په‌رته‌وازه‌یی بمێننه‌وه‌."



هه‌روه‌ها وتی، "به‌ڵام باوه‌ڕناكه‌م هه‌رگیز بگۆڕێن، چونكه‌ كورد هه‌ر كورده‌."



شۆڕش خالید رۆژنامه‌نوسێكی راهێنراوی (IWPR)ه‌ له‌ سلێمانی. نه‌به‌ز جه‌لال رۆژنامه‌نوسێكی راهێنراوی (IWPR)ه‌ له‌ هه‌ولێر.
Iraqi Kurdistan
Frontline Updates
Support local journalists