گرژیی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌قامگیریی كوردستان ده‌كات

گرژیی سیاسیی له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌ره‌ده‌سه‌نێت له‌كاتێكدا په‌رله‌مان و پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زنجیره‌یه‌ك هێرش بۆ سه‌ر ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كه‌ن.

گرژیی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌قامگیریی كوردستان ده‌كات

گرژیی سیاسیی له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌ره‌ده‌سه‌نێت له‌كاتێكدا په‌رله‌مان و پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زنجیره‌یه‌ك هێرش بۆ سه‌ر ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كه‌ن.

Thursday, 25 February, 2010
.



بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ حه‌وت له‌و هێرشانه‌ی مانگی رابردوو كرانه‌ سه‌ر ئه‌ندامانی، كه‌ له‌ یه‌كێكیاندا ئه‌ندامێك كوژراوه‌ و له‌ یه‌كێكی تریشیاندا نووسینگه‌ی په‌رله‌مانتارێكی سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ سووتاوه‌، "تاوانی سیاسیی داڕێژراو" بوون.



له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی گۆڕاندا هاتووه‌، "ئه‌و رووداوانه‌ دژی ئه‌ندامانی ئێمه‌ دارێژراون و له‌و شوێنانه‌ روویانداوه‌ كه‌ لیستی گۆڕان زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی له‌ هه‌ڵبژاردنی ٢٥ی ته‌مووز به‌ده‌ست هێنا".



له‌به‌رامبه‌ردا، یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان ره‌تیكردۆته‌وه‌ ده‌ستی له‌و تاوانانه‌دا هه‌بێت و رایگه‌یاندووه‌ گۆڕان بۆ مه‌به‌ستی سیاسی ئه‌و هێرشانه‌ی گه‌وره‌ كردووه‌ به‌ر له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستپێ بكات.



"بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌وڵی داوه‌ ئه‌و رووداوانه‌ وه‌ك ده‌رئه‌نجامی ناكۆكیی سیاسی پیشان بدات. گۆڕان ده‌یه‌وێ وه‌زعه‌كه‌ گه‌وره‌ بكات و سلێمانیش وه‌ك شارێكی نائارام پیشان بدات،" عارف روشدی، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی، وتی.



"له‌ڕاستیدا ئه‌و رووداوانه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ ناكۆكیی سیاسییه‌وه‌ نه‌بوو. هه‌موویان شه‌خسی بوون."



بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاندووه‌ یه‌كه‌مجار سه‌ردار قادر، چالاكوانێكی بزوتنه‌وه‌یه‌كه‌یه‌، له‌ ٤ی كانوونی یه‌كه‌م له ژووری میوانی‌ ماڵی خوشكی ژنه‌كه‌ی ته‌قه‌ی لێكراوه‌ و بریندار كراوه‌.



له‌ ١٢ی كانوونی یه‌كه‌م، ئه‌ندامێكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ناوی ره‌ئوف زه‌ڕایه‌نی له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ كوژرا.



هه‌ر ئه‌و رۆژه‌، ته‌قه‌ له‌ ماڵی ئه‌ندامێكی بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌ ناوی به‌ختیار شێخ محه‌مه‌د كراوه‌. ماڵی ناوبراو له‌پشت بنكه‌ی پۆلیسی سلێمانییه‌.



دوو هه‌فته‌ دواتر، دوو ئه‌ندامی تری گۆڕان به‌ ناوه‌كانی یاسین عه‌بدوڵڵا و بوڕهان حه‌مه‌ ره‌مه‌زان له‌ گوندی شانه‌ده‌ری له‌ نزیك سلێمانی ته‌قه‌یان لێ كراوه‌.



دواتر له‌ ٣٠ی كانوونی یه‌كه‌م، نووسینگه‌ی سیوه‌یل عوسمان ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ له‌سه‌ر لیستی گۆڕان، له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ سوتێنرا.



"به‌س ده‌مه‌وێ بزانم بۆچی ته‌نها ئه‌ندامانی ئێمه‌ ته‌قه‌یان لێكرا و هه‌ڕه‌شه‌یان لێكرا؟" سه‌فین مه‌لا قه‌ره‌، یه‌كێكه‌ له‌ به‌رپرسانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، وتی. "زۆربه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی له‌ ره‌وشی شلۆقاوی شاره‌كه‌یان‌ ده‌ترسن و تووشی نیگه‌رانی هاتوون. ئه‌م رووداوانه‌ شاره‌كه‌یان له‌ لێواری شه‌ڕی ناوخۆ نزیك كردۆته‌وه‌."



سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر، گوته‌بێژی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، به‌ IWPRی راگه‌یاند هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌یان پێشتر هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه‌، "به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی گرژی له‌نێوان یه‌كێتی و گۆڕان سه‌ریهه‌ڵداوه‌، هه‌ڕه‌شه‌كان دژی ئه‌ندامانی ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میان كردووه‌".



بابه‌كر ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ خه‌ڵك له‌ زیادبوونی گرژی له‌نێوان گۆڕان یه‌كێتی نیگه‌رانن‌.



"وه‌زعی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی خه‌ڵكی زۆر په‌ست كردووه‌،" بابه‌كر وتی. "ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بن له‌وانه‌یه‌ شه‌ڕی ناوخۆ له‌ سلێمانی روو بدات."



جه‌لال كه‌ریم، جێگری وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وتی نابێت هاوڵاتیان وا لێكبده‌نه‌وه‌ كه‌ توندوتیژی له‌ ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنیشدا به‌رده‌وام ده‌بێت چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانێكی ده‌سپێكردووه‌ بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاسایش له‌ماوه‌ی ده‌نگداندا.



به‌ڵام هه‌ندێ كه‌س هۆشیاری ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌و هێمنییه‌ی دوای داواكه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی له‌ ١٠ی كانوونی دووه‌م بۆ كۆتایی هێنان به‌ گرژیی سیاسی هاتۆته‌ ئاراوه‌ ره‌نگه‌ درێژه‌ نه‌كێشێت.



"وه‌زعی سیاسی له‌ سلێمانی خه‌ریكه‌ بته‌قێته‌وه‌. ناكۆكییه‌كی قووڵ له‌نێوان هه‌ردوو لادا (گۆڕان و یه‌كێتی) به‌هۆی هێرشه‌كانه‌وه‌ دروست بووه‌ و پێشم وا نییه‌ كه‌ ئه‌و ئارامییه‌ درێژه‌ بكێشێت،" یوسف محه‌مه‌د، مامۆستای زانستی سیاسییه‌ له‌ زانكۆی سلێمانی، وتی.



"له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن، گرژییه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت. هیچ یه‌كێك له‌م دوانه‌ و ته‌نانه‌ت حكومه‌تیش ناتوانن زامنی ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ توندوتیژی روونادات،" محه‌مه‌د وتی.



نه‌جمه‌دین قادر، به‌رپرسی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی سلێمانی، وتی هیچ كه‌سێك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی تایبه‌ت به‌ هێرشه‌كان نه‌گیراوه‌ و هیچ گومانلێكراوێكیش ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌.



په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان كۆمیته‌یه‌كی پێكهێناوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوانه‌. به‌ گوته‌ی سه‌میر سه‌لیم، په‌رله‌مانتاره‌ له‌سه‌ر لیستی یه‌كگرتوو و ئه‌ندامیشه‌ له‌و كۆمیته‌یه، كۆمیته‌كه‌ راپۆرتی سه‌ره‌تایی خۆی به‌رزكردۆته‌وه‌ و تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئاسایش له‌ كاتی ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كاندا كه‌مته‌رخه‌میان نواندووه‌.



سه‌لیم وتی هێزه‌كانی ئاسایش به‌ ئه‌ندامانی كۆمیته‌كه‌یان راگه‌یاندووه‌ كه‌ هێرشه‌كان شه‌خسین بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بهێننه‌وه‌.



سه‌لیم ئه‌وه‌شی وت كه‌ پێنج ئه‌دامه‌كه‌ی كۆمیته‌كه‌، دوانیان په‌رله‌مانتاری یه‌كێتین و دوانی تریشیان هی گۆڕانن، خودی خۆیان هه‌وڵده‌ده‌ن بزانن ئایا رووداوه‌كان سیاسین یان شه‌خسی.



سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، سه‌لیم پێی وابوو هیچ رێوشوێنك به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق ناگیرێته‌به‌ر. "ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت حزبێكی سیاسی له‌پشته‌وه‌ی ئه‌و كرده‌وانه‌ بووه‌، ئه‌و كاته‌ خه‌ڵك ده‌نگ به‌و حزبه‌ ناده‌ن،" ئه‌و وتی.



"لێكۆڵینه‌وه‌كان هێشتا ته‌واو نه‌بوون و تا ئێستاش دیار نییه‌ ئه‌و هێرشانه‌ شه‌خسین یان سیاسی،" نه‌جمه‌دین قادر وتی. "چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كه‌ین."



به‌ڵام قادر حه‌مه‌ جان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی سلێمانی، به‌ IWPRی راگه‌یاند كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی پۆلیس پیشانی ده‌ده‌ن ئه‌و تاوانانه‌ هێرشی شه‌خسین.



"ئه‌و رووداوانه‌ به‌و جۆره‌ نین كه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ ده‌یبینن. هێرشه‌كانی سلێمانی كێشه‌ی شه‌خسین. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و بابه‌ته‌ی بۆ مه‌به‌سته‌ سیاسییه‌كانی گه‌وره‌ كردووه‌،" حه‌مه‌ جان وتی.



"هیچ كه‌سێكمان ده‌ستگیر نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئاسایشی هاوڵاتیانی خۆمان كه‌مته‌رخه‌می ناكه‌ین."



بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ساڵی پار له‌ لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فا، كه‌ هاودامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتییه‌، دامه‌زرا دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی ناكۆكی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و سه‌رۆك كۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ حزبه‌كه‌ جیا بوویه‌وه‌. مسته‌فا رایگه‌یاندووه‌ گه‌نده‌ڵی یه‌كێتی گرتۆته‌وه‌ و نایه‌وێ ریفۆرم ئه‌نجام بدات‌.



ناكۆكیی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان زیاتر به‌ره‌و ئاڵۆزی چوو دوای ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ٢٥ كورسی له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ستهێنا و له‌ پارێزگای سلێمانی بردیه‌وه‌‌. هه‌رچه‌نده‌ گرژی له‌ ‌نێوان هه‌ردوولادا ئه‌و كاته‌ش په‌ره‌ی سه‌ندبوو، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ تا راده‌یه‌ك هێمنانه‌ به‌ڕێوه‌چوو.



مسته‌فا خاوه‌نی كۆمپانیای ووشه‌یه‌ كه‌ كۆمپانیایه‌كی به‌هێز و كاریگه‌ری بواری راگه‌یاندنه‌ و پێكهاتووه‌ له‌ كه‌ناڵێكی ناوخۆیی و یه‌كێكی ئاسمانی و رۆژنامه‌یه‌ك و وێبسایتێك و رادیۆیه‌ك كه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر موتابه‌عه‌یان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌ سلێمانی.



ئه‌و هێرشانه‌ی به‌م دواییه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌زه‌قی له‌م ناوه‌ندانه‌ی كۆمپانیای ووشه‌ بڵاوكرانه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش هه‌ڵمه‌تێكی راگه‌یاندنی توندی له‌نێوان گۆڕان و یه‌كێتیدا لێكه‌وته‌وه‌ و تیایدا مێژووژی یه‌كێتی هه‌ڵدرایه‌وه‌.



تاڵه‌بانی نه‌وشیروانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ خیانه‌تی له‌ كورد كردووه‌ چونكه‌ گوێی به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی رژێمی به‌عس نه‌دابوو كه‌ گوتبووی چه‌كی كیمیایی له‌دژی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٨ به‌كارده‌هێنێ. هه‌روه‌ها ئۆباڵی شه‌ڕی ناوخۆی نێوان یه‌كێتی و پارتیشی خسته‌ ئه‌ستۆی مسته‌فا.



مسته‌فا ئه‌و قسانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و هێرشی كرده‌ سه‌ر تاڵه‌بانی و تۆمه‌تباری كرد به‌وه‌ی پشتگیری له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد ناكات.



له‌ دوایین پلینیۆمی یه‌كێتی كه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می رابردوو سازكرا، تاڵه‌بانی وتبووی نه‌وشیروان "دژی كورده‌". له‌ وه‌ڵامێدا له‌سه‌ر سایتی سبه‌ی به‌م دواییانه‌، نه‌وشیروان ئه‌و قسه‌یه‌ی تاڵه‌بانی به‌ "چرای سه‌وز بۆ ئه‌نجامدانی هێرش" ناوبردووه‌.



هه‌ر كه‌ خه‌ریك بوو شه‌ڕی راگه‌یاندنی نێوان هه‌ردوولا زیاتر بچێته‌ قاڵبی شه‌خسییه‌وه‌، سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی و به‌رپرسی حزبه‌كانی تر هاتنه‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌ تا ناوبژی له‌نێوان گۆڕان و یه‌كێتیدا بكه‌ن.



گشت حزبه‌كان بڕیاریان دا شه‌ڕی راگه‌یاندن له‌نێوانیاندا بوه‌ستێنن، به‌ڵام هه‌ندێ كه‌س نیگه‌رانن له‌وه‌ی به‌ نزیكبوونه‌وه‌ی وه‌زری هه‌ڵبژاردن ئه‌و ئاگربه‌سته‌ گرژه‌ درێژه‌ نه‌كێشێت.



"به‌ڕاستی نیگه‌رانم له‌وه‌ی خوێن له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیدا بڕژێت،" هۆشیار كه‌ریم ئه‌حمه‌د، ته‌مه‌نی ٧٠ ساڵه‌ و دووكانداره‌ له‌ سلێمانی، وتی. "هیوادارم هه‌موو شێتك چاره‌سه‌ر بكرێت."



هه‌ندێ له‌ به‌رپرسه‌ دیاره‌كانی گۆڕان ده‌ڵێن بزوتنه‌وه‌كه‌یان له‌ سلێمانی به‌شێوه‌یه‌كی ناڕه‌وا له‌لایه‌ن به‌رپرسانی یه‌كێتییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. بۆ نموونه‌، زۆربه‌ی كارمه‌ندانی هێزه‌كانی ئاسایشی سلێمانی یه‌كێتین.



هه‌ڵسوڕاوی دیاری گۆڕان مام رۆسته‌م، كه‌ پێشتر فه‌رمانده‌ بووه‌ له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، به‌ IWPRی وت، "هه‌ست به‌ سه‌لامه‌تی ناكه‌ین چونكه‌ هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس له‌ژێر ده‌ستی حزبه‌ سیاسییه‌كانن. ئێمه‌ هێزی سه‌ربازی و ئاسایشمان نییه‌. ئێمه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نین. ده‌مانه‌وێ حكومه‌ت بێ جیاوازی پارێزگاری له‌ گشت حزبه‌كان بكات".



"ئێمه‌ ئه‌و رووداوانه‌مان گه‌وره‌ نه‌كردووه‌... چالاكوانه‌كانمان كوژراون و رفێنراون و لێیان دراوه‌ و له‌سه‌ر كاره‌كانیان ده‌ركراون و ده‌یانه‌وێ بێده‌نگیش بین؟ یه‌كێك له‌ چالاكوانه‌كانمان كوژراوه‌ و ئایا زیاده‌ڕۆییه‌‌ ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌و كه‌سه‌ كوژراوه‌؟"



هه‌ندێ كه‌س، بۆ نموونه سه‌ردار‌ قادر كه‌ له‌كاتی خواردنه‌وه‌ی چا له‌ ماڵی یه‌كێك له‌ خزمه‌ نزیكه‌كانی له‌ شه‌قامی ئیسكانی شاری سلێمانی ته‌قه‌ی لێكراوه‌ و قاچی دوو فیشه‌كی به‌ركه‌وتووه‌‌، سه‌ریان سووڕماوه‌ له‌وه‌ی بۆچی كراونه‌ته‌ ئامانج و چ كه‌سێكیش وای لێكردوون.



"هیچ كێشه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ پۆلیسدا نییه‌، به‌ڵام نیگه‌رانم له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌و هێرشه‌ی كرایه‌ سه‌ر من شه‌خسی بووه‌. پێم وا نییه‌ وابێت،" قادر وتی. "من زیاتر له‌ هه‌ر كه‌سێكی تر خۆم ده‌ناسم و هیچ كێشه‌یه‌كیشم له‌گه‌ڵ كه‌سدا نییه‌."



شۆڕش خالید رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه‌ له‌ سلێمانی. موحه‌ریری ناوخۆیی IWPR هێمن لهۆنی و موحه‌ریری IWPR له‌ عێراق مه‌ریوان حه‌مه‌سه‌عید به‌شداریان له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists