جامی جیهانی خه‌می خه‌ڵكی عێراق ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌

شێت و شه‌یدایانی تۆپی پێ له‌ عێراق به‌هۆی جامی جیهانییه‌وه‌ خه‌مه‌كانی خۆیان بیرده‌چێته‌وه‌.

جامی جیهانی خه‌می خه‌ڵكی عێراق ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌

شێت و شه‌یدایانی تۆپی پێ له‌ عێراق به‌هۆی جامی جیهانییه‌وه‌ خه‌مه‌كانی خۆیان بیرده‌چێته‌وه‌.

عه‌مار ساتی

ICRی ژماره‌ ٣٤١، ١٨-٦-٢٠١٠

بۆ یه‌كه‌مجار له‌وه‌ته‌ی شاڵاوه‌كه‌ی ئه‌مریكا لهساڵی‌ ٢٠٠٣ه‌وه‌، هه‌وادارانی تۆپی پێ له‌ عێراق سود له‌ ئارامیی رێژه‌یی وه‌رده‌گرن و له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌ و سه‌یری یارییه‌كانی جامی جیهانیی ئه‌فریقای باشوور ده‌كه‌ن.

به‌شدارینه‌كردنی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ جامی جیهانیی ٢٠١٠ نه‌بۆته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی جۆش و خرۆشی هاوڵاتیانی عێراق به‌رامبه‌ر به‌و پاڵه‌وانێتییه‌ كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا سه‌رنجی زۆرینه‌ی دانیشتوانی وڵاتی به‌لای خۆیدا راكێشاوه و بۆته‌ هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ هه‌واڵی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و له‌ هه‌ندێ شوێنیشدا كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ سه‌خته‌كان و نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌كانی له‌ بیری خه‌ڵك بردۆته‌وه‌.

عه‌لی عیماد، ته‌مه‌نی ١٥ ساڵه‌ و له‌ چایخانه‌یه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كی كه‌ڕاده‌ له‌ شاری به‌غدا خه‌ریكی هاندانی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا بوو له‌ یاری ١٦ی حوزه‌یرانی ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵبژارده‌ی سویسڕا، وتی، "ته‌واوی وڵات به‌ جامی جیهانییه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌، براكانم و باوكم و هاوڕێكانم و ته‌نانه‌ت دایكیشم – هه‌ستی ئه‌ویش وه‌ك هی ئێمه‌ وایه‌".

عه‌لی وتی، "بێ گومانم له‌وه‌ی كه‌ ٩٠ له‌ سه‌دای خه‌ڵكی عێراق حه‌ز به‌ جامی جیهانی ده‌كه‌ن. ئێمه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٦یش به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ی ئێستا یاری تۆپی پێمان خۆش ده‌ویست به‌ڵام ئه‌و كاته‌ نه‌مان ده‌توانی وه‌ك ئێستا كۆبینه‌وه‌ و سه‌یری یارییه‌كان بكه‌ین چونكه‌ ره‌وشی ئه‌منی زۆر خراپ بوو. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڕیام بدابا خۆم بخه‌مه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و بچمه‌ چایخانه‌یه‌كیش، دایك و باوكم رێگایان پێ نه‌ده‌دام".

جامی جیهانیی ٢٠٠٦ كه‌ له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌چوو هاوكات بوو له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ ناخۆشترین ساته‌كانی شه‌ڕی تائیفی له‌ عێراق. ئه‌و كاته‌، زۆربه‌ی چێشتخانه‌كان و چایخانه‌كانی به‌غدا له‌ ترسی گروپه‌ یاخیبووه‌كان و ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌كان چۆڵ بوون. ساڵێك دواتر، كاتێك خه‌ڵكی عێراق خه‌ریكی ئاهه‌نگێڕان بوون به‌ به‌بۆنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژارده‌كه‌یان له‌ جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئاسیا، ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو ٥٠ كه‌سی له‌ گه‌ڕه‌كی مه‌نسوڕ له‌ شاری به‌غدا كوشت.

ره‌وشی ئه‌منی له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا تا راده‌یه‌كی زۆر باشتر بووه‌، به‌ڵام هێرشی پچڕپچڕ هێشتا زۆره‌. له‌ ١٦ی حوزه‌یراندا، به‌لایه‌نی كه‌م ١٩ هاوڵاتی له‌ چه‌ند هێرشێكی جودا له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق بریندار بوون. گردبوونه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌ به‌غدا بۆ سه‌یركردنی یارییه‌كانی مۆندیالی ئه‌مساڵ به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ پێشتر وێنه‌ی نه‌بووه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیدان تا ئه‌و خه‌ڵكه‌ بپارێزن.

محه‌مه‌د عه‌سكه‌ری، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، وتی، "ئاگاداریمان بۆ گشت پاسه‌وانگا سه‌ربازییه‌كان ناردووه‌ كه‌ شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان بپارێزن. پلانێكی ستراتیژیمان له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه‌ دارێشتووه‌ و له‌ ماوه‌ی مانگی جامی جیهانی جێبه‌جێ ده‌كرێت و تیایدا ئه‌وله‌ویات ده‌درێت به‌ پاراستنی شوێنه‌ گشتییه‌كان، وه‌ك قاوه‌خانه‌كان و پاركه‌كان و چایخانه‌كان كه‌ له‌و شوێنانه‌ یارییه‌كان بۆ خه‌ڵك ده‌گوازرێنه‌وه‌".

زیادبوونی كه‌ناڵه‌كانی سه‌ته‌لایت و باشتربوونی ره‌وشی كاره‌با له‌ هه‌ندێ شوێن رێگایان له‌ به‌رده‌م خه‌ڵكانێكی زیاتر خۆشكردووه‌ تا سه‌یری یارییه‌كانی جامی جیهانی بكه‌ن. له‌ باخچه‌ی بروسك له‌ شاری هه‌ولێر، چه‌ند شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌ دانراون. زه‌كه‌ریا محه‌مه‌د، دیارترین نووسه‌ری هه‌واڵی وه‌رزشییه‌ له‌ رۆژنامه‌ی كوردیش گلۆب، وتی بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌مساڵ بینیوویه‌تی كچان له‌ باخچه‌كه‌دا سه‌یری یاری تۆپی پێیان كردووه‌. ئه‌و پێی وابوو نزیكه‌ی ٧٥ له‌ سه‌دای بابه‌ته‌كانی گفتوگۆی خه‌ڵكی هه‌ولێر له‌ئێستادا ده‌رباره‌ی جامی جیهانییه‌.

زه‌كه‌ریا، كه‌ خۆی هانده‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتینه‌، وتی، "ته‌نانه‌ت كاتێك ئێمه‌ و خزمه‌كانیشمان سه‌ردانی یه‌كتر ده‌كه‌ین باسی تۆپی پێ ده‌كه‌ین. خه‌ڵك تا راده‌یه‌كی زۆر كێشه‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆیان و سیاسه‌تیان بیرچۆته‌وه‌".

له‌ هه‌ندێ شوێندا، تۆپی پێ رێڕه‌وی ژیانی هه‌ندێ كه‌سی گۆڕیووه‌.  

لوئه‌ی مسته‌فا، ته‌مه‌نی ٣٩ ساڵه‌ و كارمه‌ندی حكومه‌ته‌ له‌ به‌غدا، پشووی ژه‌می نیوه‌ڕۆی به‌شێوه‌یه‌ك رێكخستووه‌ كه‌ ده‌توانێت بچێته‌وه ماڵه‌وه‌‌ و سه‌یری یه‌كه‌م یاری پاش نیوه‌ڕۆ بكات. ئه‌و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی له‌ وه‌زاره‌تی گه‌یاندن سه‌یری یاری دووه‌می دوای نیوه‌ڕۆ ده‌كات. له‌ ده‌وروبه‌ری كاتژمێر ٨ی ئێواره‌، له‌ چایخانه‌یه‌كی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان چاوی به‌ كۆمه‌ڵێك هاوڕێی تری ده‌كه‌وێت تا به‌یه‌كه‌وه‌ سه‌یری یاری سێیه‌م بكه‌ن و گره‌وی له‌سه‌ر بكه‌ن.

بوڕاق ساعدی، كاره‌باچییه‌ و خه‌ڵكی شاری به‌سڕه‌یه‌ له‌ باشووری عێراق، وتی، "جامی جیهانی ئه‌و رووداوه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین. ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ لوتكه‌ی تۆپی پێیه‌ له‌ جیهان. رووداوێكی سه‌رنجڕاكێشه‌ و پێشبڕكێ و گره‌وی له‌سه‌ر ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش كه‌شه‌كه‌‌ خۆشتر ده‌كات، به‌تایبه‌تی كاتێك له‌گه‌ڵ هاوڕێكانت كۆده‌بیته‌وه‌ و له‌ شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌ سه‌یری یارییه‌كان ده‌كه‌یت".

هاوڵاتیان له‌ چه‌ند چاوپێكه‌وتنێكدا به‌ IWPRیان وت كه‌ گره‌وكردن له‌سه‌ر یارییه‌كان شتێكی باوه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ گره‌وی له‌سه‌ر ده‌كرێت كه‌مه‌.

ره‌عد عادل، ٣٥ ساڵه‌ و خاوه‌نی كافتریایه‌كی ئینته‌رنێته‌ له‌ شاری كه‌ركوك و جلی هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیلی له‌به‌ربوو، وتی، "ئه‌و كاره‌ بریتیی نییه‌ له‌ گره‌و پڕ به‌ واتای ئه‌و وشه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س ده‌به‌نه‌وه‌ و هه‌ندێكی تریش ده‌دۆڕێنن. ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌دۆڕێنن پاره‌ی خواردنه‌وه‌كان و چایه‌ و شه‌ربه‌ت و له‌فه‌ و نێرگه‌له‌ و هه‌رشتێكی تر ده‌ده‌ن كه‌ له‌كاتی یارییه‌كه‌دا پێشكه‌ش كراون".

به‌لای هه‌ندێ كه‌سی تره‌وه‌، مۆندیال دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ی كه‌ له‌دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ ٧ی ئاداره‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ تا ئێستا حكومه‌ت پێكنه‌هێنراوه‌.

سه‌عد عه‌بدوڵڵا، ٣٥ ساڵه‌ و كارمه‌ندی هێڵی ئاسمانییه‌ و هانده‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئینگڵته‌ڕایه‌، وتی، "سه‌یركردنی جامی جیهانی باشتره‌ له‌ سه‌یركردنی هه‌واڵی كۆنی تایبه‌ت به‌ حزبه‌ جیاوازه‌كان كه‌ به‌رده‌وام دێن و ده‌چن. سێ مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا تێپه‌ڕیوه‌. هه‌ندێ جار ده‌گه‌مه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ كێشه‌كانی خه‌ڵكی ئێمه‌ چاره‌سه‌ریان نییه‌، بۆیه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت ده‌توانین بۆ ماوه‌یه‌ك خۆمان به‌ جامی جیهانییه‌وه‌ خه‌ریك بكه‌ین".

خۆشه‌ویستیی خه‌ڵك بۆ تۆپی پێ ناكۆكیشی دروست كردووه‌. به‌پێی راپۆرته‌كانی چه‌ند میدیایه‌كی ناوخۆیی، كه‌ناڵی جه‌زیره، كه‌ یارییه‌كانی مۆندیال له ته‌واوی‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌گوازێته‌وه‌،‌ ناڕه‌زایه‌تیی خۆی ده‌ربڕیووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ندێ كه‌ناڵی ناوخۆیی كه‌ بێ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌ت له‌و كه‌ناڵه‌ وه‌ربگرن یارییه‌كانی مۆندیال په‌خش ده‌كه‌ن. هه‌ندێك له‌ هاوڵاتیانی عێراق جامی جیهانییان قۆستۆته‌وه‌ و وه‌ك فشارێك بۆ سه‌ر حكومه‌ت به‌كاریده‌هێنن و داوا ده‌كه‌ن تۆڕه‌كانی كاره‌با چاك بكرێنه‌وه‌ و بڕی كاره‌باش زیاد بكرێت، به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ هه‌ژارنشینه‌كانی به‌غدا.

زه‌كه‌ریا، نووسه‌ره‌كه‌ی هه‌واڵی وه‌رزشی له‌ رۆژنامه‌ی كوردیش گلۆب كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا یه‌كێكیشه‌ له‌ په‌یامنێره‌ راهێنراوه‌كانی IWPR، وتی جامی جیهانی سوودی به‌ ئابووریی هه‌ولێر گه‌یاندووه‌. ئه‌و ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند راپۆرتێكی ناوخۆیی كرد كه‌ ده‌ریانخستووه‌ له‌وه‌ته‌ی جامی جیهانی ده‌ستیپێكردووه‌ كڕیاره‌كان پاره‌ی زیاتر سه‌رف ده‌كه‌ن. زه‌كه‌ریا وتی فرۆشتنی ته‌له‌فزیۆنی شاشه‌ گه‌وره‌ و كه‌لوپه‌لی وه‌رزشی و خواردنی خێرا زۆر زیادیكردووه‌ و رێستۆرانته‌كان و باڕه‌كان و چێشتخانه‌ بچووكه‌كانی هه‌ولێریش پڕ ده‌بن له‌ كڕیار.

زه‌كه‌ریا وتی، "لایه‌نی خراپی جامی جیهانی ئه‌وه‌یه‌ پێده‌چێت هه‌ندێك كه‌س وازیان له‌ كاره‌كانی خۆیان هێنابێت به‌هۆی مۆندیاله‌وه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئیشی سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ن، وه‌ك فیته‌ری سه‌یاره‌. كاتێك ده‌چیته‌ لایان و داوایان لێ ده‌كه‌یت شتێكت بۆ چاك بكه‌نه‌وه‌ یان ئه‌گه‌ر بته‌وێ شتێكیان لێ بكڕیت، داوات لێ ده‌كه‌ن به‌جێیان بهێڵی و دوای یاری بچیته‌وه‌ لایان".

عه‌مار ساتی رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ به‌غدا. رۆژنامه‌نووسی راهێنراوی IWPRله‌ به‌سڕه‌ عه‌لی ئه‌بو عێراق و هه‌ردوو موحه‌ریری IWPRهۆگر حه‌سه‌ن و عه‌بیر محه‌مه‌د به‌شدارییان له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌.

Iraq
Frontline Updates
Support local journalists