میلیشیاكانی به‌غدا به‌ره‌نگاری پلانی ئه‌منی ده‌بنه‌وه‌

توندوتۆڵكردنی ئه‌مدواییه‌ی هێزه‌كانی ئاسایش له‌ به‌غدای پایته‌خت كاریگه‌ریه‌كی كه‌می هه‌بوو له‌ دامركاندنه‌وه‌ی توندوتیژی تایفی له‌ هه‌ندێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌غدادا.

میلیشیاكانی به‌غدا به‌ره‌نگاری پلانی ئه‌منی ده‌بنه‌وه‌

توندوتۆڵكردنی ئه‌مدواییه‌ی هێزه‌كانی ئاسایش له‌ به‌غدای پایته‌خت كاریگه‌ریه‌كی كه‌می هه‌بوو له‌ دامركاندنه‌وه‌ی توندوتیژی تایفی له‌ هه‌ندێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌غدادا.

Thursday, 26 July, 2007
.



له‌و ناوچانه‌دا كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی تێكه‌ڵن له‌ سوننه‌ و شیعه‌ به‌درێژایی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، هێرشی گوله‌ هاوه‌ن و قه‌ناسه‌ و سه‌یاره‌ی بۆمبڕێژ و ده‌ركردنی دانیشتوان له‌ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان هێشتا درێژه‌ی هه‌یه‌.



گروپه‌ سوننه‌ توندڕه‌وه‌كان و میلیشیای سوپای مه‌هدی ده‌كه‌ونه‌ شه‌ڕ و پێكدادان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا كه‌ زۆرجار چۆڵن و خه‌ڵكیان پێوه‌ نیه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كانیان ناوێرن بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ترسێكی به‌رده‌وامدا ده‌ژین.



له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا ده‌یان لاشه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا دۆزراونه‌ته‌وه‌ - و زۆێك له‌و لاشانه‌ نیشانه‌ی ئیعدامكردن به‌ جه‌سته‌یانه‌وه‌ دیاربووه‌. عه‌مید قاسم عه‌تا، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراقی بۆ پلانی ئه‌منی به‌غدا، گه‌ڕه‌كه‌كانی باشوری خۆراوای به‌غدای به‌ "هێلانه‌ی تیرۆر" ناوزه‌دكرد.



دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌ڵێن توندوتیژی له‌ به‌رزبونه‌وه‌دایه‌ و تێناگه‌ن بۆچی حكومه‌تی عێراقی و هێزه‌كانی ئه‌مریكا تا ئێستا ئه‌و ناوچانه‌یان ئارامنه‌كردۆته‌وه‌.



پلانی ئه‌منی به‌غدا له‌ مانگی شوباتی ئه‌مساڵدا ده‌ستیپێكرد، ئه‌و پلانه‌ دابینكردنی ٢٨٥٠٠ سه‌ربازی ئه‌مریكی و ٣٠٠٠٠ سه‌ربازی عێراقی تر له‌ خۆده‌گرێت كه‌ زۆربه‌یان له‌ به‌غدا جێگیرده‌كرێن. به‌ڵام به‌ قسه‌ی خه‌ڵكی باشوری خۆراوای به‌غدا، ئه‌و هێزانه‌ ئاماده‌گیه‌كی هێنده‌ به‌هێزیان نیه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانیاندا.



نه‌سر جه‌لیل، دوكاندار له‌ گه‌ڕه‌كی شورته‌ رابیعه‌ كه‌ گه‌ڕه‌كێكه‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی شیعه‌یه‌‌ له‌ ناوچه‌ی به‌یاع، وتی "نازانم حكومه‌ت چاوه‌ڕێی چی ده‌كات، تیرۆریسته‌كان ڕۆژانه‌ په‌لاماری بازاڕی ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ ده‌ده‌ن و قه‌ناسه‌ به‌ده‌سته‌كانیش كوێرانه‌ په‌لاماری هه‌ركه‌سێك ده‌ده‌ن به‌و ناوه‌دا بڕوات. تا ئێستا چه‌نده‌ها كه‌سیان به‌و جۆره‌ كوشتووه‌. بارودۆخی ناوبازاڕ زۆر ترسناكه‌."



هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌ سه‌ربازانی عێراقی پاسه‌وانیی ئه‌و شه‌قامه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دوكانه‌كه‌ی جه‌لیلی له‌سه‌ره‌، به‌ڵام هێزه‌كانی ئاسایش كه‌مترین ئاماده‌گی و ده‌سه‌ڵاتێكی كه‌میان هه‌یه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا. زۆر له‌و هێرشانه‌ی به‌ قه‌ناسه‌ و ئوتومبێلی بۆمبڕێژ ده‌كرێن له‌ بازاڕدا ڕوویانداوه‌ و چه‌ند جارێكیش كرده‌وه‌ی فڕاندن ڕوویداوه‌. دوكانداره‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌ڵێن ته‌نها نیو ئه‌وه‌نده‌ی ساڵی پار قازانجده‌كه‌ن.



مه‌حمود حه‌سه‌ن، خاوه‌نی دوكانی جلوبه‌رگ له‌و بازاڕه‌دا وتی "من نازانم حكومه‌ت باسی چی ده‌كات كاتێك ده‌ڵێت پلانێكی تازه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ سه‌پاندنی یاسا و نیزام." هه‌روه‌ها وتی "ئایا گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌و پلانه‌ ئه‌منیه‌ هه‌ڵبوێردراوه‌؟ نازانم."



مه‌حمود ئه‌وه‌شی ڕوونكرده‌وه‌، "ئێمه‌ وه‌كو دوكاندار چیتر ئامانجی {بازرگانیمان} نه‌ماوه. خه‌می سه‌ره‌كیمان ئه‌وه‌یه‌ به‌ سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.‌"



دانیشتوانی گه‌ڕه‌كی ریساله‌، كه‌ گه‌ڕه‌كێكی تێكه‌ڵه‌ له‌ سوننه‌ و شیعه‌، هه‌تا سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیش هه‌ڕه‌شه‌ی تایه‌فه‌گه‌ری نه‌یترساندبون و نه‌یانهێشتبوو گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان بگرێته‌وه‌. فه‌لاح حه‌نون، خاوه‌نی دوكانی مۆبایل له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌دا وتی چه‌ند خێزانێكی سوننه‌ی ئه‌و شوێنه‌ پێكه‌وه‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان له‌ ڕۆژێكی سه‌ره‌تای مانگی نیساندا به‌ جێهێشت.



فه‌لاح وتی "گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان كۆڕه‌وێكی به‌خۆیه‌وه‌ بینی." هه‌روه‌ها وتی "نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز به‌ دیواری ماڵه‌كاندا داده‌كوترا و تیایدا به‌ خێزانه‌كانیان ده‌ووت ده‌بێت له‌ ماوه‌ی ٤٨ كاتژمێردا باربكه‌ن و بڕۆن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌كوژرێن."



ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز، به‌پێی ڕاپۆرتێكی سه‌ربازی ناوخۆیی ئه‌مریكی كه‌ له‌ كۆتایی مانگی مایسدا ته‌واوكراوه‌، وتویه‌تی كه‌ هێزه‌ ئه‌مریكی و عێراقیه‌كان توانیویانه‌ له‌ كۆی ٤٥٧ گه‌ڕه‌كی به‌غدا "ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت به‌سه‌ر ١٤٦ گه‌ڕه‌كیدا و دانیشتوانه‌كه‌ی بپارێزن." چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی ئه‌و هێزانه‌ به‌و ڕۆژنامه‌یان ڕاگه‌یاندووه‌‌ كه‌ كێشه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ باشوری خۆراوای به‌غدا سه‌خت بوون‌، سه‌رباری هه‌بوونی به‌تالیۆنێكی ئه‌مریكی له‌و ناوچانه‌دا له‌ مانگی ئازاری ئه‌مساڵه‌‌وه‌.



دانیشتوانی هه‌ندێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌ نائارامه‌كان سكاڵای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌كانی ئاسایش به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكوپێك مه‌فره‌زه‌ناكه‌ن و له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا قوربانیانی توندوتیژی تایفی زۆرجار له‌ شه‌قامه‌كاندا به‌جێده‌هێڵرێن و كه‌س ناچێت به‌لایانه‌وه‌.



سه‌باح كینانی دانیشتوی گه‌ڕه‌كی مواسه‌لات وتی "ڕۆژێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان له‌ نزیك مزگه‌وتی خه‌دیجه پێنج لاشه‌ له‌سه‌ر زه‌وی كه‌وتبوون، كه‌س نه‌یده‌وێرا بچێت هه‌ڵیانبگرێته‌وه‌ چونكه‌ هێزی ئاسایشی لێنه‌بوو. مه‌فره‌زه‌ی تیرۆریسته‌كان به‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه‌ و خه‌ڵك ده‌كوژن. هیچ كه‌سێكیش نیه‌ بتوانێت ده‌ست بهێنێته‌ ڕێگه‌یان."



عیماد یوسف، كه‌ دانیشتویه‌كی تری گه‌ڕه‌كی مواسه‌لاته‌ وتی خۆیی و خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك ته‌واو بێتاقه‌ت بوون له‌ نه‌بونی یاسا و له‌وه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ گیریانخواردوه‌‌ و ناتوانن بچن بۆ ئیش یان بۆ بازاڕكردن. هه‌روه‌ها وتی ئێستا كه‌ دانیشتوان هه‌ست به‌ مه‌ترسی ده‌كه‌ن وه‌ڵامده‌ده‌نه‌وه‌ و ته‌قه‌ له‌ چه‌كدارانی میلیشیاكان ده‌كه‌نه‌وه‌.



هه‌روه‌ها وتی "بۆ چه‌ندین جار له‌ ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی سه‌ته‌لایت و كه‌ناڵه‌كانی تری ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ داوای یارمه‌تیمان له‌ حكومه‌ت كردووه‌، به‌ڵام داواكانمان هیچ وه‌ڵامێكی نه‌بووه‌." له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌وه‌شی وت كه‌ "هه‌میشه‌ لێپرسراوان ده‌ڵێن به‌مزوانه‌ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌خه‌نه‌ نێو پلانه‌ ئه‌منیه‌كه‌یانه‌وه‌."



شێخ جه‌لاله‌دین سه‌غیری ئه‌ندام په‌رله‌مانی سه‌ر به‌ ئیئتیلافی عێراقی یه‌كگرتوو وتی پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئاسایش چنگیان له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی نائارام گیركرد، چه‌كداران له‌و شوێنانه‌وه‌ به‌ره‌و باشوری خۆراوای به‌غدا هه‌ڵهاتن.



ئه‌و ناوچانه‌ شه‌قامی حه‌یفای ته‌ریب به‌ ڕووباری دیجله‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ڕۆژانێك بوو شوێنێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و قه‌ره‌باڵغ بوو، به‌ڵام دواتر ناوبانگی ه‌ هه‌بونی توندتیژیی تیایدا په‌یداكردبوو‌. به‌ڵام ئێستا سوپای ئه‌مریكی ده‌ڵێت تاڕاده‌یه‌ك ئارامه‌.



عه‌مید قاسم عه‌تا وتی حكومه‌ت پلانی ئه‌وه‌ی داناوه‌ سه‌ره‌نجام ئاسایش بۆ هه‌موو به‌غدا بگێڕێته‌وه‌.



هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه‌ "ئێمه‌ هێزی ته‌واومان نیه‌، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ده‌چینه‌ پێشه‌وه‌. هێزه‌كانی ئاسایش ناتوانن له‌ ته‌نها چه‌ند مانگێكدا ئاسایش به‌رقه‌راربكه‌ن.
Frontline Updates
Support local journalists