سه‌دای زمانی عه‌ره‌بی له هه‌رێمی كوردستاندا كه‌م ده‌بێته‌وه
له‌سه‌روبه‌ندی توندبوونی گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان زمانی عه‌ره‌بی ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
سه‌دای زمانی عه‌ره‌بی له هه‌رێمی كوردستاندا كه‌م ده‌بێته‌وه
له‌سه‌روبه‌ندی توندبوونی گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان زمانی عه‌ره‌بی ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
شه‌یدا، ته‌مه‌نی ٢٤ ساڵه و ده‌رچووی تازه‌ی به‌شی زمانی عه‌ره‌بییه له زانكۆیه‌كی سه‌ره‌كیی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، گله‌یی له‌وه ده‌كات خوێندن متمانه‌ی لا دروست نه‌كردووه تا به زمانی عه‌ره‌بیی رۆژانه قسه بكات.
"ته‌نها رێزمان و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیمان خوێند،" شه‌یدا وتی. "بۆچی ده‌بێ هۆنراوه و ژیانی شاعیرێكی عه‌ره‌ب كه سه‌دان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ژیاوه فێربین؟"
"دوای چه‌ندین ساڵ له خوێندن، ناتوانم به عه‌ره‌بی قسه بكه‌م. ده‌ترسم له قوتابخانه‌یه‌كدا وانه بڵێمه‌وه كه قوتابی عه‌ره‌بی لێ بێت."
زمانی عه‌ره‌بی دووه‌م زمانه له هه‌رێمی كوردستان و زمانی سه‌ره‌كی عێراقیشه، ئه‌و وڵاته‌ی كه كورده‌كان تیایدا گه‌وره‌ترین كه‌مینه‌ن. هه‌رچه‌نده خوێندنی زمانی عه‌ره‌بی له قوتابخانه‌كانی هه‌رێمه‌كه هێشتا به‌زۆره، ژماره‌ی ئه‌و كوردانه‌ی كه عه‌ره‌بییه‌كی ره‌وان ده‌زانن زۆر به‌خێرایی كه‌م ده‌بێته‌وه.
ئه‌و كوردانه‌ی عه‌ره‌بی ده‌زانن زیاتر له نه‌وه‌ی كۆنن، به ده‌ستبژێره سیاسیه‌كانی ئێستاشه‌وه، كه پێش دروستبوونی هه‌رێمه نیمچه سهربهخۆكهیان له ١٩٩١ چوونه‌ته به‌ر خوێندن. زۆرێك له‌و كوردانه‌ی ته‌مه‌نیان له ٣٥ ساڵ كه‌متره زمانی عه‌ره‌بی نازانن.
پشتگوێخستنی زمانی عه‌ره‌بی له لایه‌ن كورده‌كانه‌وه كه له زیادبووندایه هاوكاته له‌گه‌ڵ پشتگوێخستنی زمانی كوردی له لایه‌ن عه‌ره‌به‌كانه‌وه كه له‌مێژه سه‌ری هه‌ڵداوه.
قوربانیی سیاسه‌ت
فراوانبوونی بۆشایی زمان هاوكاته له‌گه‌ڵ توندبوونی ناكۆكییه‌كان له‌نێوان سه‌ركرده‌كانی كورد و عه‌ره‌ب كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ی درێژخایه‌ن له‌سه‌ر ئۆقره‌یی عێراق ناوی بردووه.
گرژییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌وه‌ته‌ی شاڵاوه‌كه‌ی ئه‌مریكا له ٢٠٠٣ه‌وه ئێستا گه‌یشتونه‌ته لوتكه و به‌هۆی پلانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌هێزكردنی سه‌به‌خۆیی خۆی و فراوانكردنی سنووره‌كانی دانووی هه‌ردوولا به‌یه‌كه‌وه ناكوڵێت.
له ناوچه جێناكۆكه‌كاندا كه كه‌وتوونه‌ته باشوور و خۆرئاوای هه‌رێمه‌كه، كۆمه‌ڵگاكانی عه‌ره‌ب و كورد هاوسنوورن. له پارێزگای نه‌ینه‌وا كه یه‌كێكه له‌و پارێزگایانه‌ی پێشبڕكێیان به‌خۆیانه‌وه دیووه، خوێندنی زمان قالبێكی سیاسی وه‌رگرتووه.
سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌ب له‌و پارێزگایه كورده‌كانیان تۆمه‌تبار كردووه به‌وه‌ی كلتوری خۆیان به‌سه‌ر كه‌مینه نهتهوایهتییهكانی تر ده‌سه‌پێنن تا خواستی خۆیان بۆ پارێزگاكه به‌هێزتر بكه‌ن. سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌مه‌یان ره‌تكردۆته‌وه و ده‌ڵێن ده‌یانه‌وێ ته‌نها سیاسه‌ته‌كانی رژێمی سه‌دام حوسێن پێچه‌وانه بكه‌نه‌وه كه كلتوری كورده‌كانی داپڵۆساندبوو و رێگای نه‌ده‌دا زمانه‌كه‌یان له پارێزگاكه بخوێندرێت.
خه‌سرۆ گۆران، به‌رپرسێكی باڵای كورده، له سه‌ردانێكی به‌م دواییه‌ی بۆ شارۆچكه‌ی به‌عشیقه له پارێزگاكه داوای كرد گرنگی زیاتر به وتنه‌وه‌ی زمانی كوردی بدرێت.
"كورده‌كان یان هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر نابێت زمانی دایكیان بیربچێته‌وه،" گۆران، كه پێشر جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بووه، به IWPRی وت ماوه‌یه‌ك دوای سه‌ردانه‌كه‌ی. "زۆربه‌ی كورده‌كانی به‌عشیقه ناتوانن به كوردی قسه بكه‌ن."
گۆران ره‌تیكرده‌وه داواكه‌ی بۆ زیادكردنی وانه‌ی كوردی هانده‌ری سیاسی له‌پشت بووبێت و وتی به‌رژه‌وه‌ندیی كورده‌كانیش وا ده‌خوازێت كه فێری عه‌ره‌بی ببن. "ئه‌و گرژیانه‌ی له‌نێوان هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌كه‌دا هه‌ن هیچ په‌یوه‌ندیان به خوێندنه‌وه نییه،" گۆران وتی.
گۆران وتی گومان له‌نێوان عه‌ره‌به‌كان و كورده‌كان له‌سه‌رده‌می حوكمی سه‌دام حوسێن په‌ره‌ی پێدراوه و ئێستاش بۆته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئاڵوگۆڕیی زمانه‌وانیی نزیكتر. "تاكو عه‌ره‌به‌كان و كورده‌كان زمانی یه‌كتر بخوێنن، ده‌بێ كێشه سیاسییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن،" گۆران به IWPRی وت.
سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی زمانی كوردی
بۆشایی زمان كه نیشانه‌ی هه‌بوونی گرژییه له‌نێوان كورده‌كان و عه‌ره‌به‌كاندا له‌وانه‌یه له داهاتووه‌كی نزیكدا ئه‌و گرژیانه ئاڵۆزتر بكات. شیكارزانان ده‌ڵێن نه‌وه‌ی داهاتووی سه‌ركرده‌كانی كورد ره‌نگه تووشی مه‌ترسیی سازشكردن له‌سه‌ر مافه‌كانی خۆیان بن به‌هۆی پاراو نه‌بوونیان له زمانی عه‌ره‌بیدا.
"له‌ڕووی سیاسییه‌وه شتێكی مه‌ترسیداره ئه‌گه‌ر به‌رپرسێك نه‌توانێ به عه‌ره‌بی قسه بكات و گفتوگۆ بكات له‌نێو عه‌ره‌به‌كاندا،" ئاسۆس هه‌ردی، لێدوانكارێكه، وتی. "به‌رپرسێكی كورد كه عه‌ره‌بی بزانێت ١٠ جار له به‌رپرسێكی تر كه هه‌مان پۆستی هه‌بێت و زمانی عه‌ره‌بی نه‌زانێ باشتره."
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، به‌رپرسی سه‌نته‌ری كوردستانه بۆ لێكۆڵینه‌وه ستراتیژییه‌كان، له‌گه‌ڵ هه‌ردی هاوڕابوو و وتی سه‌ركرده‌كانی داهاتووی هه‌رێمه‌كه ده‌بێ له عه‌ره‌بیدا زمان پاراو بن ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد له به‌غدا بكه‌ن. ئه‌و وتی گه‌نجانی كورد چیتر به عه‌ره‌بی قسه ناكه‌ن چونكه "تێكه‌ڵبوونیان له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تری عه‌ره‌بی عێراق كه‌متره."
سه‌رۆكی ئێستای عێراق و وه‌زیری ده‌ره‌وه و جێگری پێشووی سه‌رۆكی وه‌زیران هه‌موویان كوردن و له عه‌ره‌بیدا زمانپاراون. كوتله‌ی كوردی له په‌رله‌مانی عێراق به‌وه به‌ناوبانگه كه زیاد له كێشی خۆی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه و له‌نێو هاوپه‌یمانییه عه‌ره‌به‌كاندا بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه.
عه‌بدوڵڵا قڕگه‌یی، ته‌مه‌نی ٦٠ ساڵه و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی رۆژنامه‌ی رووداوه، وتی عه‌ره‌بییه‌كه‌ی له ریزی سوپای عێراقیدا كامڵ كردووه. دواتر ژنێكی عه‌ره‌بی هێناوه. ئه‌و ده‌ڵێت خزمه‌تی سه‌ربازی و خێزانداریی تێكه‌ڵ یارمه‌تی زۆرێك له كورده‌كانی جیلی ئه‌ویان داوه فێری عه‌ره‌بی ببن.
له ماوه‌ی نێوان راپه‌ڕینی ١٩٩١ی كورده‌كان و شاڵاوه‌كه‌ی ئه‌مریكا له ٢٠٠٣دا، ئه‌و سێ پارێزگایه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێك ده‌هێنن سه‌ربه‌ستییه‌كی كاریگه‌ریان له عێراق به‌ده‌سهێنا. له قوتابخانه‌كان و نووسینگه‌كاندا، كورده‌كان پێناسه‌ی خۆیان بووژانده‌وه دوای ده‌یان ساڵ له سه‌ركوتكردنیان له‌لایه‌ن به‌عسییه‌كان له‌ڕێی گۆڕینی زمانه‌كه‌یان به عه‌ره‌بی.
"له‌دوای راپه‌ڕینه‌كه‌ی ١٩٩١، كورده‌كان خۆیان به سه‌ربه‌خۆ زانی،" قڕگه‌یی وتی. "ئیتر به‌لایانه‌وه پێویست نه‌بوو عه‌ره‌بی بخوێنن و هیچ هه‌وڵێكیشیان نه‌دا تا به‌ته‌واوی له‌و زمانه بگه‌ن."
گۆڕانی كلتوری
نازناز محه‌مه‌د، سه‌رۆكی لێژنه‌ی خوێندنی باڵا له په‌رله‌مانی كوردستان، ماوه‌ی دوای ١٩٩١ به تهجرووبهیهك ناوبرد بۆ سه‌لماندنی هێزی زمانی كوردی.
محه‌مه‌د وتی تا راپه‌ڕینه‌كه زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خوێندنیان ته‌واو ده‌كرد له خێزانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بوون. به‌ڵام، له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژماره‌ی قوتابیان، ئاستی خوێندن دابه‌زی. "دوای راپه‌ڕین، ده‌رگاكان واڵا كران و ئه‌مه‌ش دروستبوونی قه‌ره‌باڵغی له قوتابخانه‌كاندا لێ كه‌وته‌وه. ئاستی خوێنده‌واری دابه‌زی،" محه‌مه‌د وتی.
محه‌مه‌د وتی حكومه‌ت پلانی له‌به‌رده‌ست دایه تا مه‌نهه‌جی خوێندن نوێ بكاته‌وه و قوتابخانه‌ی زیاتر دروست بكات و خولی مه‌شق و راهێنانی مامۆستایانیش باشتر بكات.
د. عوسمان ئه‌مین ساڵح، پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ره له زمانی عه‌ره‌بی له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان، وتی زۆرێك له ده‌رچووانی به‌شی عه‌ره‌بی ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی پاراو به‌و زمانه قسه بكه‌ن. "سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی كورده‌كان به‌رامبه‌ر به عه‌ره‌به‌كان له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانن،" ساڵح وتی. هه‌روه‌ها سه‌رزه‌نشتی مه‌نهه‌جی كۆنی كرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نابێته مایه‌ی ئاشناكردنی قوتابیان به عه‌ره‌بیی قسه‌كردن.
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان دڵشاد عه‌بدولڕه‌حمان ته‌ئكیدی كرده‌وه ئێستا گۆڕانكاری له مه‌نهه‌جی زمانه‌كانی هه‌رێمه‌كه ده‌كرێت، به‌ڵام رۆژێكی دیاریكراوی نه‌دا به‌ده‌سته‌وه كه تیایدا سیسته‌می نوێ بخرێته كار.
"پلانه‌كه له ماوه‌ی دوو ساڵدا جێبه‌جێ ده‌كرێت،" عه‌بدولڕه‌حمان وتی. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت كه كه‌م و كوڕی خوێندنی قوتابخانه به‌ته‌نها هۆكار نییه بۆ دابه‌زینی زمانی عه‌ره‌بی. تێكه‌ڵاویی كۆمه‌ڵایه‌تیش رۆڵی خۆی هه‌یه.
"فێربوونی زمانێك سه‌رانسه‌ر به‌ند نییه به خوێندنه‌وه،" ئه‌و وتی. "پێش راپه‌ڕین، به‌رنامه‌كانی ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ به‌زۆری به عه‌ره‌بی بوون، بۆیه خه‌ڵكه‌كه ده‌بوایه فێری عه‌ره‌بی بن تا لێیان تێ بگه‌ن."
هه‌ردی، لێكۆڵه‌ره‌وه سیاسییه‌كه، ئه‌ویش وتی شتێی ره‌وا نییه كه سه‌ركۆنه‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی بكرێت به‌هۆی كێشه‌یه‌كه‌وه كه ره‌گ و ریشه‌ی له بێباكیی تاكه‌كانه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه.
"نه‌وه‌ی نوێ هه‌ست به پێویستیی فێربوونی زمانی عه‌ره‌بی ناكات. هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به مه‌نهه‌جی خوێندنه‌وه نییه،" هه‌ردی وتی و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه نه‌وه‌ی كۆن توانی فێری زمانی عه‌ره‌بی ببێت به به‌كارهێنانی هه‌مان كتێبه‌كانی پڕۆگرامی خوێندن.
زمانی ئینگلیزی له بره‌ودایه
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا خوێندنی زمانی عه‌ره‌بی بووژانه‌وه‌یه‌كی كه‌می به‌خۆیه‌وه دیوه له هه‌رێمی كوردستاندا. قوتابخانه‌ی عه‌ره‌بی كراوه‌ته‌وه تا خه‌ڵكانی به‌شه‌كانی تری عێراق كه به‌هۆی توندوتیژییه‌وه ئاواره بووینه له‌خۆ بگرن. زۆربه‌ی ئه‌م ئاوارانه عه‌ره‌بن یان به ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردن به‌ڵام زمانی عه‌ره‌بی زمانی یه‌كه‌میانه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ئێستادا له كۆی ٢١،٦٣٥ قوتابخانه‌ی هه‌رێمه‌كه خوێندن له ٤٤یاندا به عه‌ره‌بییه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆربه‌ی ئه‌و كوردانه‌ی به‌دوای زمانی دووه‌مدا ده‌گه‌ڕێن زیاتر ده‌ڕواننه رۆژئاوا. ئه‌كادیمیا تایبه‌ته‌كانی زمان له هه‌رێمه‌كه‌دا زیادیان كردووه و به‌ڵگه‌ی سهرگوزهشتهییش نیشانی ده‌دات كه كۆڕسهكانی زمانی ئینگلیزی زۆر باون.
له په‌یمانگای ئۆسا، كه تایبه‌ته به زمان و له ساڵی ١٩٩٢ له هه‌ولێر دامه‌زراوه، ئێستا ٢٤٠ قوتابی خۆیان بۆ كۆڕسێكی سێ مانگی له زمانی ئینگلیزی‌دا ناونووس كردووه. كۆڕسه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی هه‌مان په‌یمانگا ٤٠ قوتابی هه‌یه.
بهبرهوبوونی زمانی ئینگلیزی پێده‌چێت به‌هۆی قازانج و كاره‌وه بێت – به‌تایبه‌تی له بواره نوێیه‌كاندا وه‌ك به‌رنامه‌سازیی كۆمپیته‌ر و كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندیكردن.
"ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتووی ئه‌وڕوپا خه‌ریكه زاراوه‌كانی خۆی بڵاو ده‌كاته‌وه،" حه‌كیم كاكه وه‌یس، زمانه‌وان و نووسه‌ره و له شه‌سته‌كانی ته‌مه‌نی دایه، وتی. دابه‌زینی زمانی عه‌ره‌بی به‌لایه‌وه كێشه‌یه‌ك نییه.
"شتێكی ئاساییه كه گه‌نجانی كورد به عه‌ره‌بی قسه ناكه‌ن – خاكێكی جیاوازیان هه‌یه. فێربوونی زمانێكی تر به‌زۆر نابێت ئه‌گه‌ر حه‌زت لێی نه‌بێت."
كتێبفرۆشێك له ناوه‌ڕاستی شاری هه‌ولێر هه‌مان شتی دووپات كرده‌وه. ئه‌و كتێبفرۆشه وتی فرۆشتنی كتێبی عه‌ره‌بی كه‌می كردووه و "ته‌نها كه‌سانی سه‌رووی ٤٠ ساڵی ده‌یانكڕن".
"ئێستا فه‌رهه‌نگی ئینگلیزی زیاتر ده‌فرۆشم تا فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بی."
نه‌جیبه محه‌مه‌د رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه له هه‌ولێر.