عێراق واز له‌دادگاییكردنی بلاك وۆته‌ر ناهێنێت

حكومه‌تی عێراقی ده‌ڵێت ره‌تكردنه‌وه‌ی كه‌یسی ره‌شه‌كوژیی كۆمپانیای بلاك وۆته‌ر له‌ دادگایه‌كی ئه‌مریكیدا "ناپه‌سه‌ند و ناڕه‌وایه‌‌".

عێراق واز له‌دادگاییكردنی بلاك وۆته‌ر ناهێنێت

حكومه‌تی عێراقی ده‌ڵێت ره‌تكردنه‌وه‌ی كه‌یسی ره‌شه‌كوژیی كۆمپانیای بلاك وۆته‌ر له‌ دادگایه‌كی ئه‌مریكیدا "ناپه‌سه‌ند و ناڕه‌وایه‌‌".

. ئه‌و كارمه‌ندانه تۆمه‌تبارن‌‌ به‌ كوشتنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌ به‌غدا له‌ ساڵی ٢٠٠٧.



له‌ لێدوانێكدا بۆ په‌یامنێران له‌ ٤ی كانوونی دووه‌م، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی وتی حكومه‌ته‌كه‌ی سكاڵایه‌كی له‌دژی كۆمپانیا ئه‌منییه‌كه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا تۆمار كردووه‌ و به‌م زووانه‌ش له‌ سیسته‌می دادوه‌ریی عێراقدا داوایه‌كی یاسایی تر تۆمار ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی دادگایه‌كی ئه‌مریكی هه‌ڵسا به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خرابوونه‌ پاڵ پێنج پیاوه‌كه‌.



به‌غدا بڕیاری ئه‌و دادگایه‌ی به‌ "ناپه‌سه‌ند و ناڕه‌وا" وه‌سف كردووه‌.



له‌ ٣١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٠٩دا، دادگای به‌نۆره‌ی كه‌رتی كۆڵۆمبیا ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی دادی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ خرابوونه‌ پاڵ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی پێشووتری بلاك وۆته‌ر كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌بوو به‌ كوشتنی ١٤ مه‌ده‌نیی بێ چه‌كی عێراقی و برینداركردنی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ١٨ كه‌سی تر.



ئه‌و كۆمپانیا‌ ئه‌منییه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كارمه‌نده‌كانی به‌رگریان له‌خۆیان كردووه‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌ چه‌ك و بۆمبه‌وه‌ هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر له‌ كاتێكدا خه‌ریكبوون پاسه‌وانییان له‌ ئۆتۆمبیلێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌كرد. به‌رپرسانی عێراق سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستڕێژی كارمه‌ندانی كۆمپانیاكه‌، كه‌ له‌ چواڕیانێكی قه‌ره‌باڵغی ناو شار روویداوه‌، هه‌ڕه‌مه‌كی بوو و هیچ هۆكارێك نه‌بووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی.



ته‌قه‌كردنه‌كه له‌و كاته‌دا‌ ناڕه‌زایی توندی له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ لێكه‌وته‌وه‌ و واشنتۆنیشی ناچاركرد دووباره‌ بیر له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڵێنده‌ره‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ ڕۆڵی‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ عێراق خه‌ریك بوو مشتومڕی زیاتری دروست ده‌كرد.



ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌ هێرشه‌كه‌دا، كه‌ له‌ عێراقدا به‌ ره‌شه‌كوژیی گۆڕه‌پانی نسووڕ ناسراوه‌، بریندار بوون یان كه‌سێكیان له‌ده‌ست داوه‌ به‌ بڕیاری دادگایه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ تاسان و ده‌ڵێن پێویسته‌ ئێستا هیوایان به‌ حكومه‌تی خۆیان بێت له‌ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ریدا.



"به‌ڕاستی هیوامان به‌ سیسته‌می دادگای ئه‌مریكا هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ راستی تووشی شۆكی كردم و بێ ئۆمێدی كردم. پێم وایه‌ بڕیاره‌كه‌ ناڕه‌وایه‌ و نازانم بۆچی دادگاكه‌ ده‌ری كردووه‌،" حه‌یده‌ر ئه‌حمه‌د، ٣٥ ساڵه‌ و شوفێری ته‌كسییه‌ و له‌ رووداوه‌كه‌دا دوو جار له‌ لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانی بلاك وۆته‌ره‌وه‌ بریندار كراوه‌، وتی.



"كارمه‌ندانی بلاك وۆته‌ر پێویسته‌ باجی هه‌ڵه‌كانیان بده‌ن. ئه‌وان خه‌ڵكیان كوشت و بریندار كرد له‌ كاتێكدا ئێمه‌ هیچ هه‌ڵه‌یه‌كمان به‌رامبه‌ریان نه‌كردبوو."



هه‌روه‌ها زیاتر وتی، "ناڕه‌زایه‌تیی توندی حكومه‌تی خۆمانم بیستووه‌. ئێستا هیوادارم ئه‌و شتێك بكات."



بڕیاری دادوه‌ری فیدڕاڵی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ریكاردۆ ئێربینه‌ به‌ لادانی تۆمه‌ته‌كانی ره‌شه‌كوژی و ره‌شه‌كوژیی نائه‌نقه‌ست و پێشێلكارییه‌كانی به‌كارهێنانی چه‌ك له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی ئه‌وانه‌ی تاوانبار كرابوون له‌ مه‌ترسیدا بوو. داواكارانی ئه‌مریكا ده‌ستیان گه‌یشتووه‌ به‌و لێدوانانه‌ی كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی تێوه‌گڵابوون داویانه‌ به‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و به‌كارهێنانی ئه‌م گه‌واهییانه‌ش یان هه‌ر زانیارییه‌ك كه‌ ببێته‌ تاوانباركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ و له‌و گه‌واهییانه‌وه‌‌ وه‌رگیرابێت به‌ پێشێلكردنی مافه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ داده‌نرا.



بلاك وۆته‌ر، كه‌ ئێستا بۆته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئێكس ئی، له‌ مایسی رابردوو كۆتایی به ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی خۆی هێنا له‌ عێراق كاتێك حكومه‌تی ئه‌مریكا گرێبه‌سته‌كه‌ی بۆ نوێ نه‌كرده‌وه‌.



وه‌ك زۆرێك له‌ خه‌ڵكی عێراق، ئه‌حمه‌دیش توڕه‌یه‌ له‌وه‌ی له‌ ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٩، ئه‌و پاسه‌وانانه‌ی كارمه‌ندی كۆمپانیا ئه‌منی و تایبه‌تی و بیانییه‌كانی وه‌ك بلاك وۆته‌ر بوون پارێزبه‌ندییان هه‌بوو له‌به‌رامبه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌ له‌ عێراقدا ئه‌گه‌ر كرداره‌كانیان به‌شێك بوونایه‌ له‌ پاراستنی هاوڵاتیانی ئه‌مریكی.



ئه‌حمه‌د به‌گومانه‌ له‌وه‌ی رێوشوێنی یاسایی هه‌لی سه‌ركه‌وتنی هه‌بێت.



"هه‌رگیز بیرم له‌ تۆماركردنی سكاڵا له‌دژی بلاك وۆته‌ر نه‌كردۆته‌وه‌ و هه‌وڵیشم نه‌داوه‌ هیچ به‌رپرسێكی عێراقی ببینم چونكه‌ پێم وا نییه‌ هاوڵاتیانی ئه‌مریكی له‌به‌ر كوشتنی هاوڵاتیانی عێراقی هه‌رگیز سزا بدرێن،" ئه‌حمه‌دی به‌ IWPRی وت. "ئێمه‌ له‌ژێر داگیركاریی ئه‌وان داین و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانین."



ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت بلاك وۆته‌ر ٣،٥٠٠ دۆلاری پێداوه‌ له‌به‌رامبه‌ر تێكچوونی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی، به‌ڵام ده‌ڵێت پاره‌كه‌ی له‌ چاره‌سه‌ری پزیشكی سه‌رف كردووه‌ و هه‌ر چۆنێكیش بێت له‌ نرخی راسته‌قینه‌ی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی زۆر كه‌متر بوو.



وورده‌كارییه‌كانی ئه‌و سكاڵایه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی ئاماژه‌ی پێكردوه‌ هێشتا ئاشكرا نه‌كراون. له‌ مانگی ئازار، مالیكی رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژاردنێكی قورس ده‌بێته‌وه‌ و دووباره‌ خۆی ده‌پاڵێوێت. حكومه‌ت ده‌مێكه‌ روونی كردۆته‌وه‌ كه‌ پاڵپشتی له‌ هه‌ر سكاڵایه‌كی تایبه‌ت ده‌كات كه‌ له‌ دادگایه‌كی ئه‌مریكی له‌ لایه‌ن قوربانیانی ده‌سترێژییه‌كه‌ی بلاك وۆته‌ر یان خزمه‌كانیان تۆمار بكرێت.



له‌ ٥ی كانوونی دووه‌م، واته‌ رۆژێك دوای لێدوانه‌كه‌ی مالیكی، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق داوایان له‌ ئیداره‌ی حكومه‌تی عێراق كرد فشاره‌ یاساییه‌كانی له‌سه‌ر بلاك وۆته‌ر زیاد بكات.



سۆفیه‌ سوهه‌یل، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانیی عێراقی، داوای له‌ حكومه‌تی عێراق كرد له‌به‌ر سێ هۆكار سكاڵا له‌سه‌ر بلاك وۆته‌ر تۆمار بكات – له‌به‌ر كوشتنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی عێراق، له‌به‌ر به‌درۆ سوێندخواردن له‌ دادگا و به‌ده‌ستهێنانی قه‌ره‌بووی گونجاو بۆ قوربانیان.



سه‌ره‌ڕای لێدوانه‌ تونده‌كه‌ی، له‌وانه‌یه‌ به‌لای حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ زه‌حمه‌ت بێ بتوانێ كه‌یسێك له‌ دادگادا له‌دژی كۆمپانیایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌ك بلاك وۆته‌ر بباته‌وه‌.



"پێم وا نییه‌ دادگاییكردنی بلاك وۆته‌ر واقیعیانه‌ بێت،" تاریق حه‌رب، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵگه‌ی كلتووری یاسایی له‌ عێراق، وتی. "هۆكارێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێناچێت ئه‌مریكا هاوڵاتیانی خۆی راده‌ستی لایه‌نی تر بكات... دووه‌م، ناتوانیت داوای قه‌ره‌بوو له‌ حكومه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بكه‌یت چونكه‌ بلاك وۆته‌ر كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت بوو."



حه‌رب پێی وایه‌ تاكه‌ رێگا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ حكومه‌تی عێراق بتوانێ یارمه‌تی قوربانیان بدات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فشاری دبلۆماتی به‌كاربهێنی و وه‌زاره‌تی دادیش هانبدات به‌دوای چاره‌سه‌ری تردا بگه‌ڕێت.



ئه‌مه‌ش دڵنه‌واییه‌كی كه‌م ده‌بێت بۆ كه‌س و كاری قوربانییه‌كان، بۆ نموونه‌ ئیسڕا سه‌عید كه‌ دایكی شه‌ش منداڵه‌ و مێرده‌كه‌ی له‌ گۆڕه‌پانی نسووڕ كوژراوه‌. خانه‌واده‌ی ئیسڕا ده‌ڵێن كاتێك هه‌واڵی ره‌تكردنه‌وه‌ی كه‌یسی پێنج كارمه‌نده‌كه‌ی پێشووی بلاك وۆته‌ر له‌ ته‌له‌فزیۆن بڵاوبوویه‌وه‌، ئیسڕا بوورایه‌وه‌.



"ده‌زانی چۆن بێوه‌ژنێكی خاوه‌ن شه‌ش هه‌تیووی بچووك ده‌ژی؟ من ژنێكی هه‌ژارم و مێردم نییه‌ و شه‌ش منداڵه‌كه‌شم پێویستیان به‌ باوكیان هه‌یه‌. پێویستمان به‌ پاره‌یه‌، پێویستمان به‌ هه‌موو شتێكه‌،" ئیسڕا به‌ IWPRی وت و ده‌ستیكرد به‌ گریان.



یه‌عقوب سه‌عید، برای ئیسڕا، كه‌ به‌په‌له‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ تا خه‌ریكی خوشكه‌كه‌ی بێت كاتێك له‌هۆش خۆی چووبوو، وتی ئه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌یان پێویستی پێیه‌تی بریتییه‌ له‌ داد‌په‌روه‌ری، نه‌ك پاره‌.



"خوشكه‌كه‌م و ته‌واوی خێزانه‌كه‌م هیچمان ناوێت. ئێمه‌ قه‌ره‌بوومان ناوێت. ده‌مانه‌وێت حكومه‌ته‌كه‌مان تاوانباران به‌سزای خۆیان بگه‌یه‌نێت،" ئه‌و وتی. "ده‌مانه‌وێ ببینین به‌ند بكرێن – ئه‌وه‌ ره‌وا نییه‌ كه‌ ئه‌وان چێژ له‌ ژیانی خۆیان وه‌ربگرن له‌كاتێكدا قوربانییه‌كان، كه‌ خه‌ڵكی بێ تاوان بوون، له‌ژێر گڵدا بن."



عه‌بیر محمه‌د موحه‌ریرێكی باڵای ناوخۆییه‌ له‌ IWPR. موحه‌ریری IWPR له‌ عێراق چارڵز ماكدێرمد و موحه‌ریری ناوخۆیی محمه‌د فوڕات له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌شداریان له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Television
Frontline Updates
Support local journalists