پارێزه‌رانی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه ده‌یانه‌وێ كه‌یسه‌كه به جینۆساید بناسرێ
پارێزه‌ران و قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه پێشوازی له سزای مه‌رگ بۆ عه‌لی كیمیایی ده‌كه‌ن، به‌ڵام به بڕیاری ناساندنی كه‌یسه‌كه وه‌ك تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی له‌لایه‌ن دادگاكه‌وه رازی نین.
پارێزه‌رانی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه ده‌یانه‌وێ كه‌یسه‌كه به جینۆساید بناسرێ
پارێزه‌ران و قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه پێشوازی له سزای مه‌رگ بۆ عه‌لی كیمیایی ده‌كه‌ن، به‌ڵام به بڕیاری ناساندنی كه‌یسه‌كه وه‌ك تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی له‌لایه‌ن دادگاكه‌وه رازی نین.
.
له ١٧ی كانوونی دووه‌م، دادگای باڵای تاوانی عێراق سازای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر عه‌لی كیمیایدا سه‌پاند به‌هۆی بۆردومانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه به گازی خه‌رده‌ل و جۆره‌ها گازی ئه‌عساب.
زیاتر له ٥٠٠٠ هاوڵاتی، كه زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون، له‌و هێرشه‌كه‌دا كه له ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا روویدا گیانیان له‌ده‌ستدا.
پارێزه‌رانی قوربانانیان و خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه و به‌رپرسان به IWPRیان راگه‌یاند كه هه‌رچه‌نده به سزای له‌سێداره‌دان بۆ عه‌لی كیمیایی رازین، به‌ڵام ده‌یانه‌وێ تاوانه‌كه به جینۆساید بناسرێ.
پارێزه‌رانی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه وتیان هه‌فته‌ی داهاتوو له دادگای باڵای عێراق داوای پیاچوونه‌وه به بڕیاره‌كه‌دا ده‌كه‌ن و ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه به جینۆساید ناساندنی تاوانه‌كه له‌وانه‌یه وا بكات له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی زیاتر دان به كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا بنرێت و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش زیاتر ده‌كات كه قوربانییه‌كان قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه.
پزیشكان ده‌ڵێن هه‌زاران رزگاربووی ئه‌و هێرشه كیمیاییه ئێستاش به‌ده‌ست چه‌ندین كاریگه‌ریی درێژخایه‌نی مادده كیمیاییه‌كانه‌وه ده‌ناڵێنن و توانای چاره‌سه‌ركردنی خۆیان نییه.
"ده‌ركردنی بڕیاری به جینۆساید ناساندنی هه‌ڵه‌بجه گرنگه تاكو هیچ گومانێك سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌دا هاتووه له ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ بوونی نه‌بێت. ئه‌م بڕیاره یارمه‌تی قوربانیان ده‌دات به‌دوای قه‌ره‌بوودا بگه‌ڕێن،" به‌كر حه‌مه سدیق، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی داكۆكیكار له كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه و ٢٣ له خزمه‌كانی له هێرشه‌كه له‌ده‌ست داوه و خۆشی له كاتی كیمیابارانه‌كه‌دا له هه‌ڵه‌بجه بووه، وتی.
"حكومه‌ت ئه‌و كاته هه‌ڵه‌بجه‌ی به ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی راگه‌یاند، به‌ڵام له راستیدا په‌یامێك بوو بۆ ئێران كه رژێمی ئه‌و كاته ته‌نانه‌ت ره‌حمی به‌رامبه‌ر به هاوڵاتیانی خۆشی نییه. كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه جینۆساید بوو."
گۆران ئه‌دهه‌م، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی داكۆكیكار له دۆسیه‌ی هه‌ڵه‌بجه، وتی ده‌سته‌كه‌ی پاڵپشتی له سزاكه ده‌كات، به‌ڵام داوای پیاچوونه‌وه ده‌كات تا حوكمه‌كه بكرێت به جینۆساید. ئه‌دهه‌م وتی عه‌لی كیمیایی "به سزای خۆی گه‌یشت". "نه‌ك ته‌نها دانی به تاوانه‌كه‌ی داناوه، به‌ڵكو ئێمه زۆر به‌ڵگه‌مان لایه بۆ سه‌لماندنی."
ده‌رچوونی بڕیاری له‌سێداره‌دان بۆ عه‌لی كیمیایی خێرا كۆتایی دێنێت به دادگاكه كه دوو ساڵی كێشاوه و به‌هێواشی ئه‌چوو به‌ڕێوه و رێگا خۆش ده‌كات له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی دووه‌م گه‌وره‌ترین سزای له‌سێداره‌دان له‌وه‌ته‌ی دیكتاتۆری پێشوو سه‌دام حوسێن له ساڵی ٢٠٠٦ له‌سێداره دراوه. عه‌لی كیمیایی ئامۆزای سه‌دام حوسێنه و ماوه‌یه‌كی زۆر هاوكاری یه‌كتر بوون.
"ئێمه دادپه‌روه‌ری له حوكمه‌دا ده‌بینین، به‌ڵام نه‌ناساندنی كه‌یسه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی وه‌ك جینۆساید نیگه‌رانیمان لا دروست ده‌كات،" گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاوه مه‌حمود له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه به ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی وت. "خۆشحاڵین كه ده‌سته‌ی داكۆكیكار داوای پێداچوونه‌وه‌یان كردووه به بڕیاره‌كه."
دیار نییه ئاخۆ ته‌میزكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه و گۆڕینی بۆ جینۆساید له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیایی دواده‌خات یان نا. ئه‌حمه‌د وتی دادگا ده‌توانێ سزای له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمایی جێبه‌جێ بكات بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی ته‌میزكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه بكات.
دادوه‌ری دادگاكه روونی نه‌كردۆته‌وه بۆچی عه‌لی كیمیایی به ئه‌نجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی، نه‌ك جینۆساید، تۆمه‌تبار كراوه و سه‌ره‌ڕای نزیكبوونه‌وه له ژماره‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی یاسایی، IWPR نه‌یتوانی روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر بڕیاره‌كه وه‌ربگرێت.
تارق حه‌رب، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵگه‌ی كلتووری یاسایی عێراق و یه‌كێكه له شاره‌زایه باڵاكانی عێراق له بواری یاساییدا، وتی پڕۆسه‌ی ته‌میزكردنه‌وه هه‌میشه چه‌ند مانگێك ده‌خایه‌نێت. حه‌ره‌ب ئه‌وه‌شی وت كه ته‌میزی له‌م جۆره له مێژووی یاسایی عێراقدا تۆمار نه‌كراوه.
ئه‌دهه‌م وتی پێی وایه پێنج ئه‌ندامه‌كه‌ی دادگای باڵا ته‌نانه‌ت دوای له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیاییش ده‌توانن له ته‌میزكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه تا بكرێت به جینۆساید ووردببنه‌وه.
"پێم وایه عه‌لی كیمایی به‌ر له‌وه‌ی دادگای باڵا بڕیاری خۆی بدات له‌سێداره ده‌درێت،" ئه‌دهه‌م وتی.
هه‌روه‌ها وه‌زیری به‌رگری پێشووی رژێمی به‌عس سوڵتان هاشم تائی و به‌رپرسی پێشووی هه‌واڵگریی سه‌ربازی سابڕ عه‌زیز دو‌ریش له كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌دا به ئه‌نجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی تاوانبار كراون. هه‌ردوو تاوانبار سزای ١٥ ساڵ زیندانیان بۆ بڕایه‌وه و ئه‌دهه‌م و ده‌سته یاسایییهكهی پێیان وایه كه ئه‌م دوو سزایه زۆر سووكن به‌رامبه‌ر به‌و تاوانه‌ی كه ئه‌نجام دراوه.
"ئێمه پێمان وایه كه سزای تاوانباره‌كانی تر دادپه‌روه‌رانه نییه. ده‌بێ سزاكه‌یان قورس‌تر بكرێت،" ئه‌دهه‌م، كه پاڵێوراوی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه بۆ پۆستی قائمقامی هه‌ڵه‌بجه و ئێستا به‌تاڵه، وتی. "ئێمه رێز له بڕیاری دادگاكه ده‌گرین، به‌ڵام داوای حوكمێكی نوێ ده‌كه‌ین له دادگای باڵا."
مشتومڕی سیاسی به‌هۆی چاره‌نووسی تائی، كه رۆژگارێك سیاسه‌تمه‌دارێكی ناوداری سوننه و به‌رپرسێكی سه‌ربازی بووه، بۆته مایه‌ی هه‌ڵپه‌ساردنی چه‌ند سزایه‌كی تری له‌سێداره‌دان كه بۆ عه‌لی كیمیایی ده‌رچووه. تائی له‌گه‌ڵ عه‌لی كیمیاییدا له ساڵی ٢٠٠٧ سزای مه‌رگی بۆ بڕایه‌وه به‌هۆی ئه‌نجامدانی تاوانی ئه‌نفال له ساڵانی ١٩٨٠كاندا، به‌ڵام جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق تارق هاشمی و سه‌رۆك كۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی، كه دژی سزای له‌سێداره‌دانه، ره‌تیانكرده‌وه فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی ئیمزا بكه‌ن.
سزای لهسێدارهكان له كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌دا چواره‌مین سزای مه‌رگه به‌سه‌ر عه‌لی كیمیاییدا بسه‌پێنرێت به‌هۆی ئه‌نجامدانی چه‌ندین تاوان دژی كورد و شیعه‌ی عێراق كاتێك یه‌كێك بووه له ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی سوپای سه‌دام حوسێن له‌ماوه‌ی سی ساڵی حوكمڕانی به‌عس. عه‌لی كیمیایی ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای شاڵاوه‌كه‌ی ئه‌مریكا له ٢٠٠٣دا ده‌ستگیركراو له‌و كاته‌وه لای ئه‌مریكییه‌كان ده‌ستبه‌سه‌ر بووه. جێگری وه‌زیری دادی عێراقی پوشۆ ئیبراهیم له ١٧ی كانوونی دووه‌م به په‌یامنێرانی راگه‌یاند كه عه‌لی كیمیایی به‌م زووانه له‌سێداره ده‌درێت.
بڕیاری دادگای هه‌ڵه‌بجه له كاتێك دایه كه شه‌پۆڵێك دژی به‌عسییه‌كان له‌ئارادایه و ئه‌مه‌ش ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه ئه‌هێنێته ئاراوه كه حوكمه‌كه له‌وانه‌یه بۆ ده‌ستكه‌وتی سیاسی بقۆسترێته‌وه به‌ر له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له ٧ی ئازاری داهاتوو.
"بڕیاری له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیایی له كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه له لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا به‌كارده‌هێنرێت،" هادی جه‌لۆ مه‌رعی، شیكه‌ره‌وه‌یه و له رۆژنامه‌ی مه‌دای به‌غدا و وتار له‌سه‌ر كاروباری سیاسیی عێراق ده‌نووسێت، وتی. "مالیكی به شه‌قامی عێراقی ده‌ڵێت كه ئه‌و بوو بڕیاری له‌سێداره‌دانی سه‌دام حوسێنی جێبه‌جێ كرد و به‌رده‌وامیش ده‌بێت له سه‌پاندنی رێوشوێنی توند له‌دژی به‌رپرسانی پێشووی سه‌دام."
ئه‌دهه‌م وتی سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی بڕیارێك بۆ ناساندنی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه به جینۆساید، حوكمی تاوانی دژی مرۆڤایه‌تیش ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هێشتۆته‌وه كه داوایه‌كی مه‌ده‌نی تۆمار بكرێت بۆ داواكردنی قه‌ره‌بوو بۆ قوربانیان و كه‌س و كاری قوربانیان.
"ئێمه داوای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیا بیانیانه تۆمار ده‌كه‌ین كه هه‌ڵساون به فرۆشتنی ئه‌و مادده كیمیاییانه‌ی له هێرشه‌كه‌دا به‌كارهاتوون و حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌توانن له دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا داوایان له‌سه‌ر تۆمار بكه‌ن،" ئه‌دهه‌م به IWPRی وت.
له ١٧ی كانوونی دووه‌م، سه‌دان هاوڵاتیی شاری هه‌ڵه‌بجه له گۆڕستانی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه كۆبوونه‌وه و گوڵیان له‌سه‌ر گۆڕی هاوڕێیان و خزمانی خۆیان دانا كه له كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه گیانیان له‌ده‌ست داوه. له رێوڕه‌سمێكدا رۆژی دواتر، ئه‌و پێنووسه‌ی سزای له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیایی له دادگادا پێ ئیمزا كراوه له‌گه‌ڵ كامێره‌یه‌ك كه وێنه‌ی منداڵان و خه‌ڵكی كوژراوی هێرشه‌كه‌ی پێ گیراوه پێشكه‌ش به مۆنومێنتی هه‌ڵه‌بجه كران.
زۆرێك له هاوڵاتیانی هه‌ڵه‌بجه، كه زۆربه‌یان ئازیزانی خۆیان له هێرشه كیمیاییه‌كه له‌ده‌ستداوه، هیواداربوون دادگای هه‌ڵه‌به‌جه كه دوو ساڵی خایاندووه به ره‌سمی تاوانه‌كه به جینۆساید بناسێنێت و ده‌رگا له‌به‌رده‌م قه‌ره‌بووی ماددی واڵا بكات.
"به له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیایی خۆشحاڵ نیم چونكه هیچ شێتك بۆ ئێمه ناگۆڕێت. به‌بێ حوكمی كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌ش له‌سێداره ده‌درا. ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه گرنگه ئه‌وه‌یه كه‌یسه‌كه به جینۆساید بناسێنرێت،" یه‌حیا نه‌وزه‌ر، مامۆستای قوتابخانه‌یه له هه‌ڵه‌بجه، وتی.
له‌و رێوڕه‌سمه‌دا، خۆپیشانده‌ران لافیتهیهكیان هه‌ڵگرتبوو كه لێی نووسرابوو، "ده‌مانه‌وێ عه‌لی كیمیایی به ئه‌نجامدانی جینۆساید تۆمه‌تبار بكرێت."
سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه خدر كه‌ریم وتی هه‌ندێ له دانیشتوانی هه‌ڵه‌بجه سه‌ره‌تا به حوكمی تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی بێ ئومێد بوون، به‌ڵام دواتر ئاهه‌نگێكیان سازدا به‌بۆنه‌ی بڕیاری له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیایی.
"من چوومه به‌غدا تا حوكمه‌كه ببیستم و ته‌له‌فۆنم بۆ خه‌ڵكه‌كه كرد و پێم وتن نیگه‌ران نه‌بن چونكه زۆربه‌ی داوكارییهكانمان به‌ده‌ست هاتوون،" كه‌ریم وتی. "چاوه‌ڕێی بڕیاری دادگای باڵا ده‌كه‌ین و دوای ئه‌وه ئاهه‌نگێكی گه‌وره ساز ده‌كه‌ین."
هێمن لهۆنی موحهریرێكی ناوخۆی IWPRه له سلێمانی. خه‌بات نه‌وزاد رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه له سلێمانی. موحه‌ریری ناوخۆی IWPR محه‌مه‌د فوڕات و موحه‌ریری پێشكه‌وتووی IWPR عه‌بیر محه‌مه‌د له هه‌ولێر و به‌غداوه به‌شداریان له نووسینی ئه‌م راپۆرته كردووه.