چالاككارانی كورد ڕاپۆرته‌كه‌ی چاودێری مافی مرۆڤ پشتڕاستده‌كه‌نه‌وه
هێزه‌كانی ئاسایش له باكوری عێراق به‌وه تاوانباركراون گومانلێكراوان به‌بێ تۆمه‌ت ده‌هێڵنه‌وه و ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌ییشیان ده‌ده‌ن.
چالاككارانی كورد ڕاپۆرته‌كه‌ی چاودێری مافی مرۆڤ پشتڕاستده‌كه‌نه‌وه
هێزه‌كانی ئاسایش له باكوری عێراق به‌وه تاوانباركراون گومانلێكراوان به‌بێ تۆمه‌ت ده‌هێڵنه‌وه و ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌ییشیان ده‌ده‌ن.
له ڕاپۆرتێكدا كه له ٣ی ته‌مموزی ئه‌مساڵدا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ڕێكخراوی چاودێریی مافه‌كانی مرۆڤ (Human Rights Watch) ده‌ڵێت هێزه‌كانی ئاسایش له كوردستانی عێراق زیندانیان به‌شێوه‌یه‌كی ڕۆتینی ئه‌شكه‌نجه‌ده‌ده‌ن و له مافی دادگاییكردنی عادیلانه و پرسیاركردن له هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنیان بێبه‌شیان ده‌كه‌ن.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنیداوه له‌و ئیدیعایانه‌ی ڕه‌فتاری خراپی ئاسایش بكۆڵێته‌وه.
لێكۆڵه‌ره‌وانی ڕێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ، له نیسانی ٢٠٠٦ ه‌وه هه‌تا تشرینی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵ، چاویان به زیاتر له ١٥٠ زیندانی و لێپرسراوی ئاسایشی كوردی كه‌وتووه. ئه‌م ڕێكخراوه كه تایبه‌ته به داكۆكیكردن له مافه‌كانی مرۆڤ ڕاسپارده‌ی ئه‌وه‌یكردووه پێویسته كوردستانی عێراق ڕێوشوێنه‌كانی تایبه‌ت به ده‌ستبه‌سه‌ركردن و ڕێوشوێنه یاساییه‌كانی خۆی بگۆڕێت. هه‌روه‌ها داوای ئه‌وه‌یكردووه پێویسته زیندانیه‌كان یان تۆمه‌تیان ئاڕاسته‌بكرێت یاخود ئازادبكرێن، هه‌روه‌ها واز له ئه‌شكه‌نجه‌دان بهێنن و دادگاییكردنی عادیلانه بۆ زیندانیه‌كان فه‌راهه‌مبكه‌ن.
جۆری ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی له‌و ڕاپۆرته ٥٨ لاپه‌ڕه‌ییه‌دا ده‌ستنیشانكراوه هه‌واڵێكی تازه نه‌بوو بۆ چالاككارانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ له كوردستانی عێراقدا.
سه‌روه‌ر عه‌لی، پارێزه‌ر و چالاككاری مافه‌كانی مرۆڤ له سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ (DHRD) له سلێمانی ووتی "ئه‌زانین زۆر كه‌س به‌بێ فه‌رمانی دادوره ده‌ستگیركراون، ئه‌شكه‌نجه‌دان هه‌یه و به‌ندیخانه‌كان لا‌نی كه‌می پێوه‌ره‌كانی مافه‌كانی مرۆڤی تێدا ڕه‌چاوناكرێت."
حیزبه سیاسیه سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستان – پارتی دیموكراتی كوردستان (پ.د.ك) و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان (ی.ن.ك) – هه‌ریه‌كه‌یان ده‌زگای ئاسایشی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. به قسه‌ی چالاككارانی ڕێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ و چالاككارانی كورد له بواری مافه‌كانی مرۆڤدا، فه‌رمانگه‌كانی ئاسایش سه‌ربه‌خۆ له ده‌زگاكانی حكومه‌ت ئیشده‌كه‌ن و له ژێر لێپرسراوێتی لێپرسراوانی حیزبه سیاسیه‌كه‌ی خۆیاندان زیاتر له‌وه‌ی له ژێر لێپرسراوێتی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكاریدا بن.
سه‌روه‌ر ئه‌وه‌شی ووت "ده‌زگاكانی ئاسایشی حیزبه‌كان له سه‌رو یاساوه‌ن و چه‌ندین كه‌س بۆ چه‌ندین ساڵ دستبه‌سه‌رده‌كرێن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ تۆمه‌تێكیان ئاڕاسته‌بكرێت."
ده‌ستبه‌سه‌كراوه‌كان به ڕێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤیان ڕاگه‌یاندووه كه هێزه‌كانی ئاسایش به كێبڵ و شیشی ئاسن لێیانده‌ده‌ن و بۆ ماوه‌ی دوورودرێژ له باری ناڕه‌حه‌تی جه‌سته‌ییدا ده‌یانهێڵنه‌وه. ئه‌و ڕێكخراوه ده‌ڵێت زۆربه‌ی زیندانیه‌كان هیچ تۆمه‌تێكیان ڕه‌سمی ئاڕاسته‌نه‌كراوه و زۆریشیان له ڕاوێژی یاسایی و دادگاییكردن و سه‌ردانكردن له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌وه بێبه‌شكراون.
مایك ئایزنه‌ر، ڕاوێژكاری ڕێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ به (IWPR)ی ڕاگه‌یاند "زۆربه‌ی زیندانیه‌كان تا ئێستا نازانن له‌سه‌ر چی گیراون."هه‌روه‌ها ووتی "پارێزه‌ریان بۆ ده‌ستنیشان نه‌كراوه و خێزانه‌كانیان نازانن له كوێن و تاكه‌ی له زینداندا ده‌مێننه‌وه."
به گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه هه‌ندێك له‌و زیندانیانه‌ی ساغبۆته‌وه بێ‌تاوانن هێشتا له زینداندان و زۆربه‌ی به‌ندیخاه‌كانیش ئێجگار قه‌ره‌باڵغن و مه‌رجی ته‌ندروستیان تێدا نیه. هه‌روه‌ها ڕێكخراوه‌كه نیگه‌رانی خۆی له‌و هه‌وڵانه ده‌ربڕی كه ده‌ڵێن هێزه‌كانی ئه‌مریكا و حكومه‌تی عێراقی خه‌ڵكی به‌ندكراویان گواستوه‌ته‌وه بۆ زیندانه‌كانی كوردستان كه هێشتا به‌ڕه‌سمی هیچ تۆمه‌تێكیان ئاڕاسته‌نه‌كراوه.
پارێزه‌رێك كه داوایكرد ناوی نه هێنرێت له‌به‌ر‌ئه‌وه‌ی كارمه‌ندی حكومه‌ته ووتی "ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد قسه زۆر له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كانی ئازادی و مافی مرۆڤ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م ڕاپۆرته و ڕاپۆرتی {مافی مرۆڤی} وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌یسه‌لمێنێت دیموكراسی و مافی مرۆڤ له‌م هه‌رێمه‌دا ته‌نها قسه‌یه و هیچی تر."
هه‌روه‌ها ووتی "ئاسایش ئه‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه."
هێزه‌كانی ئاسایش ئه‌ركیان ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه گومانی ئه‌نجامدانی تاوانی دژ به ئه‌من و ئاسایشیان لێده‌كرێت، له‌وانه تاوانه‌كانی تایبه‌ت به تیرۆر. به‌ڵام، ئه‌و هێزانه ڕۆژنامه‌نوس و خۆپیشانده‌ریشیان ده‌ستگیركردووه - بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م – هه‌روه‌ها به ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامانی حیزبه ئۆپۆزسیۆنه ئیسلامیه‌كان تاوانباركراون. هێزه‌كانی ئاسایش زۆرجار ده‌ڵێن گوایه ئه‌و ده‌ستبه‌سه‌ركراوانه تیرۆریستی گومانلێكراون، به‌ڵام ئه‌ندامانی حیزبه ئیسلامیه‌كان ده‌ڵێن ئه‌وانه زیندانی سیاسین.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاسایش له هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان كه نه‌یویست ناوی خۆی ئاشكرابكات، كه ئه‌م ناو شاردنه‌وه‌یه بوه‌ت نه‌ریت، نكولی له‌وه‌كرد ئاسایش زیندانیه‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دابێت یان خراپ مامه‌ڵه‌ی كردبن.
هه‌روه‌ها ووتی، "هه‌رگیز په‌نا بۆ ئه‌شكه‌نجه‌دان و خراپ مامه‌ڵه‌كردن نابه‌ین."
جه‌مال عه‌بدوڵا، ووته‌بێژ به ناوی عومه‌ر فه‌تاحی جێگری سه‌ره‌ك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دانی به‌وه‌دا نا كه "هه‌ندێك كاری نایاسایی هه‌بووه"، به‌ڵام پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرت كه "ئه‌و كاره نایاساییانه له‌لایه‌ن چه‌ند ئه‌ندامێكی هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه ئه‌نجامدراون. ئه‌وانه‌ش به‌پێی ڕێنماییه‌كان كارناكه‌ن و سیستیماتیكیش نه‌بووه."
جه‌مال ووتی حكومه‌تی كوردستان ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ (HRW) به‌جیددی وه‌رده‌گرێت. نێچیرڤان بارزانی سه‌ره‌ك وه‌زیران فه‌رمانیكرد به‌وه‌ی كۆپی ئه‌و ڕاپۆرته بنێردرێت بۆ فه‌رمانگه‌كانی ئاسایش له سلێمانی و هه‌ولێر- كه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان باڵاده‌ستن تیایدا.
هه‌روه‌ها ووتی حكومه‌ت له هه‌موو حاڵه‌ته‌كانی خراپ مامه‌ڵه‌كردن ده‌كۆڵێته‌وه "به جۆرێك ته‌با بێت له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ."
ڕێكخراوی چاودێریكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له ڕاپۆرته‌كه‌دا ده‌ڵێت به ته‌واوه‌تی له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه هاوكاریكراون بچنه به‌ندیخانه‌كانه‌وه و چه‌ند چاوپێكه‌وتنێكیشیان له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی كورددا كردووه. ئه‌و ڕێكخراوه ده‌ڵێت حكومه‌تی هه‌رێم چاوی به دۆسیه‌ی چه‌ند زیندانیه‌كدا خشاندوه‌ته‌وه و سه‌دان ده‌ستبه‌سه‌ری ئازادكردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه ئه‌م هه‌وڵانه "نه‌بوونه‌ته هۆی هیچ باشبونێكی به‌رجه‌سته له بارودۆخی زۆربه‌ی زیندانیه‌كانی به‌ندیخانه‌كانی ئاسایش‌دا."
هه‌روه‌ها ئه‌و ڕێكخراوه ڕه‌خنه‌ی ئاڕاسته‌ی كۆمیته‌ی مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانیش كردووه له‌به‌ر‌ئه‌وه‌ی فشاری زیاتری نه‌خستوه‌ته سه‌ر حكومه‌ت بۆ گۆڕینی سیاسه‌ته‌كانی دوای سه‌ردانی ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه بۆ به‌ندیخانه‌كان.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به پێی یاسایه‌كی نوێی لێبوردن ٧٠ زیندانی له مانگی حوزه‌یراندا ئازادكرد، به‌ڵام گوڵناز عه‌زیز، ئه‌ندامی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ، ووتی ئه‌م لێبوردنه ئه‌و زیندانیانه‌ی نه‌گرته‌وه كه تۆمه‌تیان ئاڕاسته‌نه‌كراوه.
پێده‌چێت ڕاپۆرته‌كه ناوبانگی حكومه‌تی كوردستان له‌كه‌دار بكات، ئه‌و حكومه‌ته‌ی بره‌و به ناوچه‌ی باكوری عێراق ده‌دات وه‌كو ناوچه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو و ئارام و عێراقێكی تر.
جه‌مال عه‌بدوڵا ووتی "ئێمه به‌شێكین له پرۆسه‌ی سیاسی نوێ له عێراقدا، وه یه‌كێك له‌و ڕۆڵه گه‌ورانه‌ی كه ده‌بێت بیبینین مسۆگه‌ركردنی مافه‌كانی مرۆڤه له به‌ندیخانه‌كاندا. ئه‌م حاڵه‌تانه‌ی خراپ مامه‌ڵه‌كردن به‌شێوه‌یه‌كی سلبی كاریكردوه‌ته سه‌ر ناوبانگ و متمانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان."
ڕێبین هه‌ردی نوسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری دیار له سلێمانی، ووتی له‌وانه‌یه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوه‌ده‌وڵه‌تی سه‌رسام بێت به‌م ڕاپۆرته چونكه پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان "وێنه‌یه‌كی جوانیان بۆ كوردستانی عێراق دروستكردووه."
هه‌روه‌ها ووتی "گه‌شبینیه‌كی زیاد له ڕاده‌یه وا تێبگه‌ین حزبه كوردیه‌كان ڕه‌فتاری دیكتاتۆریانه‌ی خۆیان ده‌ستبه‌جێ ده‌گۆڕن. ئه‌م ڕه‌فتاره بووه‌ته به‌شێك له عه‌قڵیه‌تیان."
ڕێبین ئه‌وه‌شی ووت كه پێناچێت فشاری نێوده‌وڵه‌تی سیاسه‌ته‌كانی تایبه‌ت به مافه‌كانی مرۆڤ له هه‌رێمدا بگۆڕێت.
دواجار ڕێبین ووتی "پێویسته فشاره‌كان له‌سه‌ر حزبه‌كانی كوردستان زیادبكرێت. پێویسته ڕۆژنامه‌كان و ڕوناكبیران و جه‌ماوه‌ر به‌رده‌وام قسه له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلكاریانه بكه‌ن هه‌تا ئه‌و كاته‌ی حزبه‌كان به‌ده‌نگه‌وه‌دێن."
په‌یامنێرانی (IWPR) ته‌لار نادر له هه‌ولێر و ڕێباز مه‌حمود له سلێمانی و موحه‌ریری كوردی (IWPR) مه‌ریوان حه‌مه سه‌عید كه ئێستا له ئه‌مریكایه، به‌شداریانكردووه له‌م ڕاپۆرته‌دا.