ژنانی كه‌ركووك به‌شداری له ‌هه‌ڵمه‌ته‌كانی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری ده‌كه‌ن

زۆرێك له ‌ژنانی كوردو توركمان كه‌ له‌كاتی "ته‌عریب"دا نه‌یانتوانیوه ‌خوێندن ته‌واو بكه‌ن ئێستا ده‌گه‌ڕێنه‌وه ‌هۆڵه‌كانی خوێندن به‌و هیوایه‌ی كارێكی باشیان ده‌ست بكه‌وێت.

ژنانی كه‌ركووك به‌شداری له ‌هه‌ڵمه‌ته‌كانی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری ده‌كه‌ن

زۆرێك له ‌ژنانی كوردو توركمان كه‌ له‌كاتی "ته‌عریب"دا نه‌یانتوانیوه ‌خوێندن ته‌واو بكه‌ن ئێستا ده‌گه‌ڕێنه‌وه ‌هۆڵه‌كانی خوێندن به‌و هیوایه‌ی كارێكی باشیان ده‌ست بكه‌وێت.

Monday, 20 April, 2009
.



دایكی سارا خه‌ریكی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خوێنده‌واریی خۆیه‌تی و كتێبه‌كانیشی به‌ده‌وریدا به‌و ناوه‌ په‌رش و بڵاو بوونه‌ته‌وه‌. به‌لای ئه‌وه‌وه‌‌، خوێنده‌واری هه‌نگاوێكه ‌به‌ره‌و داهاتووه‌كی باشترو هه‌نگاوێكه ‌كه ‌به‌شێك له‌ ئازاره‌كانی رابردووی كه‌مده‌كاته‌وه‌. ئه‌و كاته ‌دایكی سارا منداڵ بووه‌و له‌پۆلی سێیه‌مدا ئه‌یخوێند، رژێمی پێشووی به‌عس به‌زۆره‌ملێ خێزانه‌كه‌ی راپێچی باشووری عێراق كرد ، بۆيه‌ دواتر نه‌یتوانی خوێندن ته‌واو بكات.



"باوكم ئه‌و كاته‌ نه‌یهێشت بچمه‌ قوتابخانه‌ له ‌شارێكدا كه ‌ئێمه‌ تیایدا وه‌ك بێگانه‌ سه‌یر ئه‌كراین،" دایكی سارا، كه‌ له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی ‌داوای كرد ناوی ته‌واوی نه‌هێنرێت، وتی. "ئێمه‌ خێزانێكی كوردی ده‌كراو بووین و خه‌ڵك به‌گومانه‌وه ‌له‌گه‌ڵماندا ئه‌جوڵانه‌وه‌."



دایكی ساراو خێزانه‌كه‌ی له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌دام حوسێن له‌٢٠٠٣دا گه‌ڕانه‌وه‌ كه‌ركووك. دایكی سارا وه‌ك زیاتر له‌٢،٠٠٠ ژنی تر له ‌كه‌ركووك هه‌وڵده‌دات تواناكانی خۆی له ‌خوێندنه‌وه‌و نووسیندا باشتر بكات تا بتوانێت كارێكی حكومی بدۆزێته‌وه‌.



وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌ده‌ستی به‌چه‌ندین هه‌ڵمه‌تی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری كردووه‌ بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی خوێنده‌واریان نییه ‌یان لاوازه‌. ئه‌م پڕۆگرامانه ‌به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ كچان و ژنان داڕێژراون و هه‌لی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت كه ‌بژێوێكی باش بۆخۆیان دابین بكه‌ن.



نوێنه‌رانی نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاری كاروباری مرۆیی له‌عێراق له‌مانگی ئازاردا رایانگه‌یاند ٢٤ له‌سه‌دای ژنان و كچان ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رووی ته‌مه‌نی ده‌ساڵییه‌وه‌ن نه‌خوێنده‌وارن. به‌پێی ئه‌و نووسینگه‌یه‌، له ‌هه‌ر ده‌خێزانێكی عێراقی یه‌كێكیان ژن به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، به‌ڵام ژنان ته‌نها ١٧ له‌سه‌دای هێزی كار پێكده‌هێنن. نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هۆشیاری داوه‌ كه ‌"نه‌خوێنده‌واری هۆكارێك بووه ‌له‌كه‌می به‌شداربوونی ژنان له ‌هێزی كاردا‌".



رژێمی به‌عس له ‌ساڵانی حه‌فتاكاندا پڕۆگرامی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری په‌یڕه‌وكرد. ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ده‌ستنیشان كران كه ‌زۆربه‌یان ژن بوون وا ترسێنرابوون كه ‌ده‌خرێنه ‌به‌ندیخانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌شداریان نه‌كردایه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌، عێراق به‌رزترین ئاستی خوێنده‌واری له ‌جیهانی عه‌ره‌بیدا هه‌بوو.



به‌ڵام خه‌ڵكانێكی كه‌م له ‌كه‌ركووك سوودمه‌ند بوون چونكه‌ ئه‌و شاره‌ ئه‌و كاته ‌له‌پشێویدا بوو. كه‌ركووك كه ‌یه‌كێكه ‌له ‌هه‌مه‌ڕه‌نگترین پارێزگاكانی عێراق گۆڕانێكی دیموگرافی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه ‌دیوه ‌كاتێك رژێمی به‌عس له ‌هه‌وڵێكدا به‌ناوی "ته‌عریب" كورده‌كان و توركمانه‌كانی له‌و شاره‌دا ده‌ركردو عه‌ره‌بی باشووری هێنایه‌ شوێنیان. وه‌كو دایكی سارا، زۆرێك له ‌منداڵانی خێزانه ‌ده‌ركراوه‌كان نه‌یانتوانی درێژه‌ به‌خوێندنی خۆیان بده‌ن.



محه‌مه‌د زه‌كی عه‌بدوڵڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌روه‌رده ‌له ‌پارێزگای كه‌ركووك، رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له‌نێو خه‌ڵكی پارێزگاكه‌‌ به‌ ٤٠ له‌سه‌دا دایه ‌قه‌ڵه‌م.



عه‌بدوڵڵا پێی وایه ‌ئه‌و رێژه‌یه‌ی نه‌خوێنده‌واری واته ‌هاوڵاتیان تێگه‌یشتنیان كه‌مه ‌به‌رامبه‌ر به‌و ناكۆكییه‌ تائیفییه‌ی كه ‌له ‌چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌رۆكی شاره‌كه‌یانی گرتووه‌. كورده‌كان و توركمانه‌كان و عه‌ره‌به‌كان هه‌موویان هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌و پارێزگایه‌یان داوه‌و زۆر جاریش گرژییه‌كانیان توندوتیژی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.



"له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ركووك شارێكی هه‌مه‌ڕه‌نگه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌بێت ئاستی تێگه‌یشتن و خوێنده‌واریان باش بێت تا بتوانن به‌سه‌ر تائیفه‌گه‌ریدا زاڵبن،" عه‌بدواڵڵا وتی.



له‌ساڵی ٢٠٠٦ هه‌ڵمه‌تێكی خوێنده‌واری له شاری كه‌ركووك ده‌ستی پێكردو هه‌ر ئه‌و ساڵه ‌شه‌ش مه‌ڵبه‌ندی مه‌شق و راهێنان كرانه‌وه‌. ژماره‌ی ئه‌و بنكانه ‌له‌ساڵی ٢٠٠٧ دا بۆ ١٣ بنكه ‌به‌رزبوویه‌وه‌و ئێستاش ٦١ دانه‌ن. زۆربه‌ی كۆڕسه‌كان له‌نێوان شه‌ش مانگ تا یه‌ك ساڵی دایه‌.



"زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی كه ‌به‌حه‌ماسه‌ته‌وه ‌به‌شداری له‌هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئێمه‌دا ده‌كه‌ن ئه‌و هاوڵاتیانه‌ن كه ‌راسته‌وخۆ كه‌وتبوونه ‌به‌ر كاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌كانی رژێمی پێشووی به‌عس، به‌تایبه‌تی كورده‌كان و توركمانه‌كان،" عه‌بدوڵڵا وتی.



ئێستا نزیكه‌ی ٤٠٠٠ كه‌س خۆیان ناونووس كردووه‌و زیاتر له‌ نیوه‌یان ژنن. زۆرێك له‌وانه‌ی كه‌ كۆڕسه‌كان ته‌واو ده‌كه‌ن كاری حكومی بۆخۆیان ده‌دۆزنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پاڵێنه‌رێكی باشه ‌له‌كاتێدا رێژه‌ی بێكاری به‌رزه‌.



"ئه‌و خه‌ڵكه ‌زۆر باش ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ لێهاتوویی له ‌خوێندندا كلیلی ده‌سته‌به‌ركردنی مووچه‌یه‌كی به‌رزتره‌،" عه‌بدوڵڵا وتی.



كۆڕسه‌كانی خوێنده‌واری ته‌نها به‌زمانی عه‌ره‌بین، به‌ڵام هه‌وڵیش له‌ئارادایه ‌تا به ‌زمانی كوردیش بوترێنه‌وه‌. داواكاری له‌سه‌ر ئه‌م كۆڕسانه ‌هێنده ‌زۆره‌ كه‌ عه‌بدوڵڵا ئێستا خه‌ریكه ‌پلان داده‌نێت ٢٠٠ مامۆستای تر بگرێت.



له‌كاتێكدا كه‌سانی هه‌راش زۆرینه‌ی به‌شداربووانی پڕۆگرامه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی خوێنده‌واری پێكده‌هێنن، نیگه‌رانییه‌كان له‌زیادبووندان سه‌باره‌ت به‌توانای خويندنه‌وه‌و نووسین له‌ هه‌رزه‌كاراندا، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌هۆی ناكۆكییه ‌سیاسییه‌كان و توندوتیژییه‌وه‌، ‌وازیان له‌خوێندن هێناوه‌.



سه‌باح ره‌شید، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی ته‌حه‌دی‌، چه‌ند پڕۆگرامێكی خوێنده‌واری به‌ڕێوه‌ده‌بات بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌مه‌نان له‌نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی دایه‌.



"ره‌وشی شاره‌كه ‌وای له ‌هه‌رزه‌كاران‌ كردوه‌ كه‌ واز له ‌قوتابخانه ‌بهێنن و دواتریش ده‌بێت بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانه‌كانیان په‌یدا بكه‌ن،" ره‌شید وتی.



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، دایكی سارا وتی مێرده‌كه‌ی خۆی هانده‌دات كه‌ كۆڕسێكی خوێنده‌واری بخوێنێت تا له ‌داهاتوودا بژێوی ژیانیان باشتر بكه‌ن.



"به‌م شێوه‌یه ‌ئێمه ‌هه‌ردووكمان ده‌توانین خۆمان بۆ ئیشی باشتر بگونجێنین،" دایكی سارا وتی. "ده‌توانین ئه‌وه‌ی له‌كیسمان چووه‌ قه‌ره‌بووی بكه‌ینه‌وه‌و خۆشمان وا لێ بكه‌ین كه ‌بتوانین یارمه‌تی منداڵه‌كامان بده‌ین له‌خوێندنیاندا."



سه‌ماح سه‌مه‌د رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه ‌له ‌كه‌ركووك.
Frontline Updates
Support local journalists