Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

عێراق هه‌وڵده‌دات قه‌ره‌بووی كوێت بكات به‌ نیوه‌

په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو ووڵات كه‌ ده‌مێكه‌ گرژیان تێكه‌وتووه‌ به‌هۆی مشتومڕێك له‌سه‌ر قه‌ره‌بووی جه‌نگه‌وه‌ زیانی زیاتریان به‌رئه‌كه‌وێت.
By Abeer Mohammed
IWPRی راگه‌یاند‌ عێراق هه‌وڵده‌دات ئه‌و قه‌ره‌بووه‌ی به‌هۆی زیانه‌كانی جه‌نگی كه‌نداوه‌وه‌ ده‌یدات به‌‌ كوێت كه‌می بكاته‌وه‌ بۆ نیوه‌.



عێراق پێنج له‌سه‌دای داهاتی نه‌وتی خۆی ده‌خاته‌ سندوقی قه‌ره‌بووی جه‌نگه‌وه‌ كه‌ له‌ دوای شاڵاوه‌كه‌ی ١٩٩٠ بۆ سه‌ر كوێت‌ له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ دروستكراوه‌، ئه‌مه‌ش پابه‌ندبوونێكی ره‌سمییه‌و به‌رپرسانی عێراق ده‌ڵێن كۆڵێكی قورسه‌ به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌یانه‌وه‌ له‌كاتێكدا هه‌وڵده‌دات خۆی دووباره‌ بنیات بنێته‌وه‌. گه‌وره‌ترین سوودمه‌ند له‌م سندوقه‌ كوێته‌.



هه‌ندێ له‌ به‌رپرسانی عێراق داوایان كردووه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌یان به‌ته‌واوی له‌و قه‌ره‌بووه‌ ببه‌خشرێت له‌كاتێكدا كوێت پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌بێت عێراق به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر‌ دانه‌وه‌ی قه‌ره‌بووه‌كه‌، به‌مه‌ش گرژییه‌كانی ‌نێوان هه‌ردوو دراوسێ زیادیان كردووه‌.



"دانووستانه‌كان له‌گه‌ڵ كوێتدا به‌رده‌وامن،" عه‌لی موسه‌وی، راوێژكاری مالیكی بۆ راگه‌یاندن وتی. "هیوادارین كوێت رێگا بدات قه‌رزه‌كانی سه‌ر عێراق لابچن، به‌ڵام پێمان وا نییه‌ كه‌ ئه‌مه‌ په‌سه‌ند بكه‌ن. بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ رێژه‌ی پێنج له‌سه‌دا كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ٢.٥ له‌سه‌دا."



ئه‌م قسانه‌ی موسه‌وی چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ باڵیۆزی عێراق له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان حامد به‌یاتی له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌په‌یامنێرانی راگه‌یاندبوو عێراق "خه‌ریكی دانووستانه‌ له‌گه‌ڵ كوێتییه‌كاندا تا رازیان بكات یان له‌ قه‌ره‌بووه‌كه‌ خۆش ببن یان كه‌می بكه‌نه‌وه‌". به‌یاتی ره‌تیكرده‌وه‌ رێژه‌ سه‌دییه‌كه‌ دیاری بكات و، رایگه‌یاند ئه‌و بڕه‌ به‌نده‌ به‌ دانووستانه‌كانه‌وه‌.



به‌یاتی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ عێراق نامه‌یه‌كی ناردووه‌ بۆ بان كی موونی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و داوایكردووه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌و قه‌ره‌بووه‌ كه‌م بكاته‌وه‌. هه‌فته‌ی رابردوو بان كی موون به‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی راگه‌یاند به‌ بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ عێراقدا ده‌چێته‌وه‌و به‌م زووانه‌ش راپۆرتێك پێشكه‌ش ده‌كات له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش.



به‌یاتی وتی عێراق تا ئێستا ٢٧ ملیار دۆلاری وه‌ك قه‌ره‌بوو داوه‌و هێشتاش له‌سه‌ریه‌تی ٢٥.٥ ملیاری تریش، كه‌ ٢٤ ملیاریان بۆ كوێت ده‌بێت، بدات. به‌یاتی ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ عێراق ئه‌و پاره‌یه‌ی پێویسته‌ بۆ "خزمه‌تگوزارییه‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و په‌ره‌پێدان".



به‌یاتی ئه‌وه‌شی وت كه‌ كوێت رازی بووه‌ دانووستانی دوو قۆڵی له‌گه‌ڵ عێراق ببه‌ستێت بۆ باسكردنی مه‌سه‌له‌ی قه‌ره‌بوو.



ئه‌م لێدوانانه‌ی به‌یاتی ئاماژه‌یه‌ك بوون بۆ ئه‌وه‌ی ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ری گه‌یشت به‌ بڕیارێكی تایبه‌ت به‌ مشتومڕه‌كانی قه‌ره‌بوو هه‌بێت. مانگی رابردوو، گرژییه‌كانی نێوان عێراق و كوێت ئه‌وپه‌ڕی توندیان به‌خۆیانه‌وه‌ دی له‌وه‌ته‌ی رژێمی سه‌دام حوسێن رووخێنراوه‌و ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ نوێیه‌كانی نێوان هه‌ردوو ووڵات دروست كرد.



عێراق خه‌ریكه‌ فشار ده‌خاته‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تا به‌غدا له‌ژێر به‌ندی حه‌وتی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ربهێنێت كه‌ چه‌ند بڕیارێكی تایبه‌تی له‌خۆ گرتووه‌، له‌وانه‌ش هه‌ندێكیان حكومه‌تی عێراقی ناچار ده‌كه‌ن قه‌ره‌بوو بداته‌وه‌و عێراق به‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایش و ئۆقره‌یی داده‌نێن و رێگا به‌ ئه‌ندامێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ده‌ن هێز له‌ عێراقدا به‌كار بهێنێت. ئه‌م بڕیارانه‌ له‌دوای شه‌ڕی كه‌نداو له‌ ١٩٩٠دا له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ سه‌پێنراون.



عێراق پشت به‌ ئه‌مریكا ده‌به‌ستێت بۆ ده‌ربازكردنی خۆی له‌ژێر بڕیاره‌كانی به‌ندی حه‌وت له‌ڕێی رێكه‌وتنامه‌ی ئه‌منی‌ نێوان عێراق و ئه‌مریكا كه‌ بڕگه‌یه‌كی له‌خۆگرتووه‌و به‌ڵێن ده‌دات ئه‌مریكا پاڵپشتی بكات له‌ هه‌وڵه‌كانی لادانی سزاكانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر عێراق.



هه‌فته‌ی رابردوو له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ كۆشكی سپی، باڵیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراقدا كریستۆفه‌ر هیڵ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت یارمه‌تی پێشكه‌ش بكات له‌ ده‌رهێنانی عێراق له‌ژێر به‌ندی حه‌وت. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت كه‌ ئه‌مریكا "حه‌ز ده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و كوێت به‌رده‌وام به‌ره‌و باشی بڕۆن و ئێمه‌ش له‌م پڕۆسه‌یه‌دا به‌رده‌وام به‌شدار ده‌بین".



كوێت گورزێكی له‌ هه‌وڵه‌كانی ئاشتبوونه‌وه‌ وه‌شاندو دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ عێراق به‌ڵێنه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ كوێت نه‌بردۆته‌ سه‌رو ده‌بێت به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر دانه‌وه‌ی قه‌ره‌بوو – ئه‌م داوایه‌ش له‌وانه‌یه‌ عێراق له‌ژێر بڕیاره‌كانی به‌ندی حه‌وتدا بهێڵێته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای قه‌ره‌بوو، به‌رپرسانی كوێت داوا ده‌كه‌ن سنووری ئاوی و وشكانی نێوان هه‌ردوو ووڵات به‌ڕوونی دیاری بكرێن و ئێسك و پڕووسكی دیله‌ جه‌نگییه‌كانی كوێتیش بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌.



قه‌ره‌بوو گه‌وره‌ترین گیروگرفتی نێوان كوێت و عێراقه‌. ئابووریی به‌غدا ،كه‌ پشت به‌ نه‌وت ده‌به‌ستێت و ده‌مێكه‌ به‌ده‌ست ئه‌و قه‌رزانه‌وه‌ زیانی به‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا كراون، به‌ده‌ست توندوتیژی و قه‌یرانی ئابووریی جیهانی و نزم بوونه‌وه‌ی نرخی نه‌ته‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.



"پێویست ناكات عێراق باجی هه‌ڵه‌كانی رژێمی پێشوو بدات،" موسه‌وی وتی. "ئێمه‌ هه‌موومان به‌ده‌ست ئه‌م سه‌ركوتكارییه‌وه‌ ناڵاندوومانه‌."



موسه‌وی وتی عێراق ده‌یه‌یه‌كی پێ ئه‌چێت تا ئه‌م قه‌ره‌بووه‌ بداته‌وه‌ كوێت به‌ڵام "عێراق هیچ پلانێكی نییه‌ تا ره‌تی بكاته‌وه‌ ئه‌و قه‌ره‌بووه‌ بداته‌وه‌".



له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا ئه‌م مشتومڕه‌ لێدوانی توندی لێكه‌وته‌وه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ر یه‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانتارانی عێراق و كوێت و نیگه‌رانی دبلۆماتی لێكه‌وته‌وه‌. هه‌ندێ یاسادانه‌ری كوێت داوایان له‌ حكومه‌ت كرد كه‌ باڵیۆزی نوێی كوێت له‌ عێراقدا بكێشێته‌وه‌و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری عێراقیش پێداگریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ ده‌بێت كوێت قه‌ره‌بوو بدات به‌ عێراق له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاڵپشتی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌ له‌ شاڵاوه‌كه‌یدا بۆ سه‌ر عێراق له‌ ٢٠٠٣دا.



عه‌لا زوبه‌یدی، پڕۆفیسۆری زانسته‌ سیاسییه‌كانه‌ له‌ زانكۆی به‌غدا، داواكه‌ی عێراقی بۆ ئه‌وه‌ی كوێت قه‌ره‌بووی پێ بدات به‌ "خۆده‌رخستن" ناو برد.



"كوێت قه‌ره‌بوو نادات و عێراقیش هیچ داوكارییه‌كی ره‌سمی تۆمار ناكات،" زوبه‌یدی وتی.



له‌وه‌ته‌ی نیگه‌رانی لای خه‌ڵك سه‌ری هه‌ڵداوه‌ كوێت بێ ده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌، به‌ڵام موسه‌وی وتی عه‌لی موئمن، باڵیۆزی كوێت له‌ عێراق، چاوی كه‌وتووه‌ به‌ مالیكی و باسی مه‌سه‌له‌ی قه‌ره‌بوویان كردووه‌.



موئمن ره‌تیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر قه‌یرانی نێوان هه‌ردوو ووڵات هیچ لێدوانێك بدات. باڵیۆزخانه‌ی كوێت له‌ واشنتۆن و نێردروای كوێت بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وه‌ڵامی په‌یوه‌ندیی‌ ته‌له‌فۆنیان نه‌دایه‌وه‌.



ئه‌م مشتومڕه‌ بۆته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی به‌م دواییه‌ی عێراق و كوێت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان. زۆرێك له‌ عێراقییه‌كان به‌ چاوی گومانه‌وه‌ سه‌یری كوێت ده‌كه‌ن و پێیان وایه‌ هه‌رچه‌نده‌ سه‌دام نه‌ماوه‌ كه‌چی كوێت هێشتا له‌عێراق خۆش نه‌بووه‌.



"كوێت هه‌رگیزاو هه‌رگیز شاڵاوه‌كه‌ی عێراقی بیرناچێته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ رابردوو،" عامر فه‌یاز، راگری به‌شی زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆی به‌غدا، وتی.



كوێت ساڵی رابردوو باڵیۆزی خۆی نارده‌ عێراق، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش هیواكانی بووژانده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌ مێژووی نێوان هه‌ردوو ووڵات. عێراق هێشتا باڵیۆزی خۆی بۆ كوێت دیاری نه‌كردووه‌و ئه‌مه‌ش مایه‌ی نیگه‌رانییه‌ به‌لای هه‌ندێك له‌ كوێتییه‌كانه‌وه‌.



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بان كی موون ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ پێشوه‌چوونێك له‌ كاره‌كانی عێراق و كوێت به‌دیهاتووه‌ له‌سه‌ر داوایه‌كی كوێت كه‌ عێراق ئێسك و پروسكی سه‌ربازه‌كانی بگه‌ڕێنێته‌وه‌. بان كی موون وتی یونامی، كه‌ تیمی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ له‌ عێراق، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ كار ده‌كات تا گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان هه‌ڵبده‌نه‌وه‌و "چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت ئه‌وله‌ویات به‌و گۆڕانه‌ بدرێت كه‌ لاشه‌ی دیله‌ جه‌نگییه‌ بێ سه‌روشوێنه‌كانی كوێتیان تێدایه‌".



به‌یاتی وتی عێراق لاشه‌ی ٢٣٦ كه‌سی بۆ كوێت گه‌ڕاندۆته‌وه‌.



ستێفان دی مه‌ستۆرا، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كه‌ خه‌ریكه‌ كاره‌كانی ته‌واو ده‌بێت له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له‌ هه‌فته‌ی رابردوو وتارێكی پێشكه‌ش كرد، وتی حكومه‌تی عێراق بانگهێشتی شاندێكی كوێتی كردووه‌ تا باس له‌ كوێتییه‌ بێ سه‌روشێونه‌كان بكه‌ن و هه‌وڵه‌كانی خۆشی خستۆته‌گه‌ڕ بۆ دیاریكردنی باڵیۆزی عێراق له‌ كوێت. ستێفان دی مه‌ستۆرا وتی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ "نیشانه‌ی ئه‌رێنین سه‌باره‌ت به‌ زیادبوونی هه‌ماهه‌نگییه‌كان".



عه‌بیر محه‌مه‌د رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه‌ له‌ به‌غدا. تیاری راس سه‌رنووسه‌ری IWPRی عێراقه‌و له‌ نیو یۆڕك داده‌نیشێت.