ئاینده‌یه‌كی ناخۆش چاوه‌ڕێی كه‌مایه‌تیه‌كانی موسڵ ده‌كات

چه‌ند كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كه‌مایه‌تیه‌كان له‌ موسڵ ده‌ڵێن ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ و په‌راوێزخستنی سیاسی ده‌بنه‌وه‌.

ئاینده‌یه‌كی ناخۆش چاوه‌ڕێی كه‌مایه‌تیه‌كانی موسڵ ده‌كات

چه‌ند كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كه‌مایه‌تیه‌كان له‌ موسڵ ده‌ڵێن ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ و په‌راوێزخستنی سیاسی ده‌بنه‌وه‌.

.



به‌پێی ڕاپۆرتی پۆلیس له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه‌ی، نه‌سر له‌ ١٣ كانونی دووه‌می ٢٠٠٧ دا كوژراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ كه‌مایه‌تیه بچوكه‌كانی عێراق كه‌ ئه‌ویش شه‌به‌كن.



حامد عه‌بدوڵا كه‌ له‌ دوكانێكی تری فرۆشتنی سپیاییدا ئیشده‌كات ده‌ركه‌زلیه‌، ووتی "ته‌نها مه‌سیحیه‌كان ناكرێنه‌ ئامانج، به‌ڵكو شه‌به‌كیش ده‌كرێنه‌ ئامانج. به‌ده‌گمه‌ن هه‌فته‌یه‌ك تێپه‌ڕێت كه‌ كسێك یان دوان یان ته‌نانه‌ت سێ كه‌سی سه‌ر به‌ شه‌به‌كی تێدا نه‌كوژرێت."



زۆربه‌ی گروپه‌ ئیتنی و ئایینیه‌كانی ووڵات – له‌وانه‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ و كورد و یه‌زیدی و توركمان و ئاشوری و شه‌به‌ك و عه‌ره‌بی شیعه‌- له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا بونیان هه‌یه‌ له‌ باكوری خۆراوای عێراق كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ توندوتیژترین پارێزگاكان له‌ وڵاتدا.



نه‌ینه‌وا، كه‌ ڕۆژانێك مۆڵگه‌ی به‌عسیه‌كان بوو و ئێستا بوه‌ته‌ سه‌نته‌ری ڕێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كانی وه‌كو قاعیده‌، له‌ساڵی ٢٠٠٣ ه‌وه‌ خوێنڕشتنێكی به‌ربڵاوی تائیفی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و كه‌مایه‌تیه‌ ئیتنی و ئایینیه‌كانیش ناوبه‌ناو ده‌كرێنه‌ ئامانج.



ئینستیتۆی ڕۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR) له‌و كێشه‌ ئه‌منی و سیاسیانه‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی سێ كه‌مایه‌تیه‌كه‌ی نه‌ینه‌واو بوه‌ته‌وه‌: شه‌به‌ك، یه‌زیدی و كورد.



بنه‌چه‌ی شه‌به‌ك ڕوون نیه‌، به‌ڵام یه‌كێكن له‌ بچوكترین كه‌مایه‌تیه‌كانی عێراق. حونه‌ین قه‌دۆ كه‌ نوێنه‌رێكی شه‌به‌ك بوو له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ئینتیقالی عێراقیدا له‌ ٢٠٠٥ دا، ئیدیعای ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ٤٠٠ هه‌زار شه‌به‌ك له‌ نه‌ینه‌وا هه‌یه‌.



شه‌به‌ك خۆیان نه‌ به‌ عه‌ره‌ب ده‌زانن نه‌ به‌ كورد و زمانه‌كه‌شیان؛ زمانه‌ شه‌به‌كی، تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ كوردی و عه‌ره‌ب و فاسی و توركی. به‌ قسه‌ی قه‌دۆ ٧٠٪ یان شیعه‌ن و ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه‌ سوننه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ زۆرێك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ڵێن كه‌ شه‌به‌ك ئایینێكی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به‌رمه‌بنای ئیسلام دروستبووه‌.



سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ندی گرژی شه‌به‌ك به‌ پارتی دیموكراتی كودستانه‌وه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی موسڵ، نزیك سنوری كوردستانی عێراق، باری خراپی ئه‌منی موسڵ هه‌ندێك له‌ شه‌به‌كه‌كانی ناچاركردووه‌ داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن ئیداره‌ی ئه‌و ناوچانه‌ بكات كه‌ ئه‌وانی لێ ده‌ژین.



مه‌حمود كازم، كه‌ شه‌به‌كێكی كارمه‌ندی حكومه‌ته‌ ووتی "داوامان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ ناوچه‌ و گونده‌كانمان بخاته‌ سه‌ر هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاریمان لێبكات. لێپرسراوان له‌ موسڵ به‌های ژیانی مرۆڤیان لانیه‌ و شه‌به‌كیه‌كان به‌ ده‌ستی ئه‌نقه‌ست ئه‌كوژرێن."



له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا، هه‌موو شه‌به‌كیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین ناوچه‌كانیان بخرێته‌ سه‌ر هه‌رێم. پارتی دیموكراتی كوردستان (پ.د.ك) به‌وه‌ تاوانباركراوه‌ كه‌ له‌ ٢٠٠٣ ه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات شه‌به‌كیه‌كان و گروپه‌كانی تر كه‌سب بكات بۆ به‌ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ نه‌ینه‌وا.



گرژی نێوان ئه‌و كه‌مایه‌تیه‌ و (پ.د.ك) له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوچه‌كه‌ له‌ ٢٠٠٥ دا گه‌یشته‌ ڕاده‌یه‌ك هێزه‌كانی ئاسایشی (پ.د.ك) ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران كرد كه‌ داوای نوێنه‌رایه‌تیه‌كی سیاسی جیایان ده‌كرد بۆ شه‌به‌ك و حه‌وتیان لێ برینداركردن.



له‌وه‌شزیاتر، میدیای ئاشوریه‌كان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ (پ.د.ك) شه‌به‌ك و ئاشوری و توركمان و یه‌زیدیه‌كانی له‌ ده‌نگدان بێبه‌شكردووه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٠٥ دا چونكه‌ ژماره‌یه‌كی ته‌واوی له‌ سندوقی ده‌نگدان بۆ دابیننه‌كردوون له‌ ناوچه‌كانیاندا.



كه‌مال خدر، ٢٣، وازی له‌ خوێندن هێنا له‌ زانكۆی موسڵ و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵی خۆیان له‌ سنجار دوای ئه‌وه‌ی گروپه‌ ئیسلامیه‌كان ده‌ستیانكرد به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن دژی هاوئایینه‌كانی؛ یه‌زیدیه‌كان.



كه‌مال ووتی "نامه‌وێ له‌ زانكۆی موسڵ خۆم به‌ كوشت بده‌م، كه‌ بوه‌ته‌ مۆڵگه‌ی ترسناكترین گروپه‌ ئیسلامیه‌كان."



موسڵمانه‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر به‌هێزیان له‌ زانكۆی موسڵ په‌یداكردووه‌. ئه‌وه‌نده‌ وانه‌ی ئیسلامی تێدا ده‌ووترێته‌وه‌ كه‌ زانكۆكه‌ له‌ مزگه‌وت ده‌چێت زیاتر له‌وه‌ی شوێنێك بێت بۆ فێربوون.



له‌ كاتێكدا كه‌مینه‌كان، له‌وانه‌ یه‌زیدیه‌كان، له‌ ناو حه‌ره‌می زانكۆدا ڕووبوڕووی هه‌ڕه‌شه‌ و ترساندن ده‌بنه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتداران بێده‌نگه‌یان لێكردووه‌.



واسق محه‌ممه‌د عه‌بدولقادر حه‌مدانی، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی نه‌ینه‌وا، ووتی ئاگاداری وه‌زعه‌كه‌یه‌ به‌ڵام هه‌قی نیه‌ به‌سه‌ریه‌وه‌.



هه‌روه‌ها ووتی "به‌ڵگه‌ی ته‌واوم لایه‌ سه‌باره‌ت ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كانی ناو زانكۆ. له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا، ڕێزی حه‌ره‌می زانكۆ ده‌گرم، له‌به‌رئه‌وه‌ ناتوانم ده‌ستگیریانبكه‌م."



عه‌تۆ سه‌عید، ٤٥، كه یه‌زدیدیه‌ و‌ پێشتر له‌ زانكۆی موسڵ مامۆستا بووه‌ ووتی "واز له‌ وانه‌وتنه‌وه ئه‌هێنم.ئه‌م ووڵاته‌ به‌جێده‌هێڵم و ده‌چم بۆ هه‌ر ووڵاتێك كه‌ یه‌زیدی تێدا نه‌كوژرێت. لێره‌ له‌ موسڵ خوێنی یه‌زیدی هه‌رزانه و كه‌سیش داكۆكی له‌ مافه‌كانیان ناكات.‌"



ده‌سه‌ڵاته‌كانی پۆلیسی نه‌ینه‌وا ژماره‌یه‌ك حاڵه‌تی كوشتنی خه‌ڵكی یه‌زیدیان تۆماركردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ كوژراون.



یه‌زیدیه‌كان به‌ڕه‌گه‌ز كوردن و ئایینێكی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌. ئایینه‌كه‌یان چه‌ند ڕه‌گه‌زێكی بیروبڕوای دێرین له‌خۆده‌گرێت وه‌كو ئایینی زه‌رده‌شتی و هه‌روه‌ها ئایینی ئیسلام و مه‌سیحی. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك خه‌ڵك وه‌كو "شه‌یتان په‌رست" سه‌یریان ده‌كه‌ن و ڕه‌تیانده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌ی یه‌زیزدیه‌ خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌هه‌ڵه‌ لێتێگه‌یشتانه‌ به‌رامبه‌ریان هه‌ڵیانكردووه به‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراون به‌سه‌ر خۆیاندا و هه‌وڵی ئه‌وه‌ش ناده‌ن دژی هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر بوه‌ستنه‌وه‌. له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا، له‌ سه‌رده‌می سه‌دامدا ده‌چه‌وسێنراوه‌ و ئێستاش له‌لایه‌ن گروپه‌ ئیسلامیه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێنه‌ ئامانج.



بارگرژی یه‌زیدی-سوننه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا سه‌ریهه‌ڵدا پاش ئه‌وه‌ی كچه‌ یه‌زیدیه‌كی ته‌مه‌ن ١٧ ساڵ له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكی هاوئایینی خۆیه‌وه‌ به‌ردباران كرا و كوژرا پاش ئه‌وه‌ی، وه‌كو ده‌ڵێن، چووبووه‌ سه‌ر ئایینی ئیسلام و به‌ته‌ما بوو شووبكات به‌ كوڕێكی موسڵمان.



پاش ئه‌و ڕووداوه‌، ٢٣ كرێكاری یه‌زیدی له‌ موسڵ كوژران، كه‌ گروپی توندڕه‌وی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق لێپرسراوێتی خۆیان له‌ كوشتنیان ڕاگه‌یاند.



په‌یوه‌ندی نێوان‌ كورد و یه‌زیدیه‌كانیش بارگرژی به‌خۆیه‌وه‌ بینی. زۆر له‌ سه‌ركرده‌ كورده‌كان یه‌زیدیه‌كان به‌ كورد ده‌زانن و ده‌یانه‌وێت بیانهێننه‌ ناو حزبه‌ سیاسیه‌ كوردیه‌كانه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ یه‌زیدیه‌كان شان به‌ شانی هێزه‌ كوردیه‌كان جه‌نگان، زۆر له‌ یه‌زیدیه‌كان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شوناسێكی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت به‌جیا نوێنه‌رایه‌تی بكرێن.



كه‌ره‌م زێدۆ، ٤٠، كه‌ مامۆستایه‌كی یه‌زیدیه‌ ووتی "سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌ گه‌وره‌یه‌ی یه‌زیدیه‌كان داویانه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كودستاندا، كه‌ هیچ كه‌متر نه‌بووه‌ له‌ قوربانی برا كورده‌كانیان، به‌ڵام حزبه‌ كوردیه‌كان یاری به‌ یه‌زیدیه‌كان و چاره‌نوسیان ده‌كه‌ن."



"به‌داخه‌وه‌، كاتێك زۆر له‌ حزبه‌ كوردیه‌كان و ته‌نانه‌ت سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان شتێك ده‌كه‌ن بۆ یه‌زیدیه‌كان، به‌ منه‌تی ئه‌زانن – نه‌وه‌ك به‌ ئه‌ركێكی نیشتمانی بزانن بۆ هاونیشتمانیه‌كانیان كه‌ زۆریان نابه‌رابه‌ری و چه‌وساندنه‌وه‌."



گرژی نێوان كورد و یه‌زیدیه‌كان له‌ مانگی نیساندا سه‌ریهه‌ڵدا پاش ئه‌وه‌ی سه‌دان ئاژاوه‌گێڕی یه‌زیدی هێرشیانكرده‌ نوسینگه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شارۆچكه‌كانی خانه‌ سور و جه‌زیره‌ له‌ خۆراوای موسڵ و تیایدا ئاڵای كوردیان داگرت و سوتاندیان.



به‌ قسه‌ی مه‌حمود جبوری كه‌ ئه‌فسه‌رێكی باڵای پۆلیسی موسڵه‌، خه‌یرییه‌ سه‌عید، ٥١، ئامانجی توندڕه‌وه‌كان نه‌بوو، توندڕه‌وه‌كان پیلانیان دانابوو مێرده‌كه‌ی بكوژن.



جبوری ووتی "چه‌كداره‌كان له‌ ده‌رگای ماڵی خه‌یریه‌یاندا و پێیانوابوو وه‌كو هه‌موو جارێك مێرده‌كه‌ی ده‌یكاته‌وه‌‌.به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ڕێكه‌وت زووتر چووبووه‌ ده‌ره‌وه‌، ئیتر له‌ باتی مێرده‌كه‌ی‌ ته‌قه‌‌یان له‌ ژنه‌كه‌ی كرد."



جبوری سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ مێرده‌كه‌ی ئامانجی هێرشی چه‌كداره‌كان بووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كورد بوو.



له‌گه‌ڵ ته‌شه‌نه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ نه‌ینه‌وا له‌ ساڵی ٢٠٠٣ ه‌وه‌، لێپرسراوان و هاوڵاتیانی كورد ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بنه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی سیستیماتیكی ده‌كرێنه‌ ئامانج و ده‌كوژرێن. هه‌روه‌ها چه‌ندین به‌یاننامه‌ كه‌ داوا له‌ كورده‌كان ده‌كات ئه‌و شاره‌ به‌جێبهێڵن له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كوردیه‌كانی وه‌كو عه‌دنان و به‌كر و زه‌هرا و جه‌زیره‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.



له‌مدواییانه‌دا، ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی ٧٠ هه‌زار كورد له‌و پارێزگایه‌دا ده‌ركراون، هه‌رچه‌نده‌ لێپرسراوێكی سه‌ربازی ئه‌مریكی ووتویه‌تی زه‌حمه‌ته‌ بزانرێت ئه‌و ده‌ركراوانه‌ هه‌ر كورد بوون یان سه‌ر به‌ گروپه‌ ئیتنیه‌كانی تر بوون.



زۆرێك له‌ كورده‌كانی خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا هه‌ڵهاتوون بۆ كوردستان.



كورده‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ ڕووبه‌ڕووی دوژمنایه‌تیه‌كی زۆر ده‌بنه‌وه‌ چونكه‌ كورد له‌ ئه‌جومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وادا باڵاده‌سته‌، به‌شێكی له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری سیاسه‌تمه‌داران و ده‌نگده‌رانی عه‌ره‌بی سوننه بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كرد. گروپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی (International Crisis Group) ساڵی ٢٠٠٥ دا ووریاییدا كه‌ "پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێكی پارێزگا له‌ نه‌ینه‌وا كه‌ كورد باڵاده‌ست بێت تێیدا حوكمڕانی كه‌مینه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی شه‌ڕی تائیفی."



عه‌ره‌ب پێیانناخۆشه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ماسولكه‌ی سیاسی خۆی نیشانبدات له‌ ناوچه‌كه‌دا و ئیدیعای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن لێپرسراوانی كورد زه‌وی ده‌كڕن به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی موسڵ بكه‌نه‌ شارێكی كوردی.



عامر، عه‌ره‌بێكی دانیشتویه‌كی موسڵه‌، ووتی "موسڵ به‌ شاری خۆیان ده‌زانن و ئێمه‌ به‌ میوان ده‌زانن تیایدا. كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌و به‌یاننامه‌نه‌ی {هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كورد ده‌كه‌ن} بوه‌ستێنرێن."



خه‌سره‌و گۆرانی جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا ووتی ئه‌و به‌یاننامانه‌ به‌شێكه‌ له‌ شاڵاوێكی گه‌وره‌ بۆ ده‌ركردنی كورد له‌ موسڵ. هه‌روه‌ها ووتی "ئه‌م تاكتیكانه‌ نامانترسێنێت."



سه‌حه‌ر حه‌یده‌ری په‌یامنێری ئینستیتۆی ڕۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR) له‌ حوزه‌یرانی ٢٠٠٧ دا و له‌ شاری موسڵ تیرۆركرا.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists