پێده‌چێت ده‌سه‌ڵات له‌ موسڵدا بگۆڕێت

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت خه‌ڵكانێكی زۆر به‌شداری له ‌هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن له‌كاتێكدا عه‌ره‌بی سوننه ‌هه‌وڵده‌دات كۆنتڕۆڵی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ده‌ستی كورده‌كان بهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌.

پێده‌چێت ده‌سه‌ڵات له‌ موسڵدا بگۆڕێت

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت خه‌ڵكانێكی زۆر به‌شداری له ‌هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن له‌كاتێكدا عه‌ره‌بی سوننه ‌هه‌وڵده‌دات كۆنتڕۆڵی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ده‌ستی كورده‌كان بهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌.

Thursday, 29 January, 2009
.



گومانێكی كه‌م له ‌ئارادایه ‌له ‌موسڵ، كه ‌پایته‌ختی پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی عه‌ره‌بی سوننه ‌نوێنه‌رایه‌تی خۆیان فراوان ده‌كه‌ن له ‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كه ‌بڕیاره‌ له ‌٣١ ی كانوونی دووه‌م ئه‌نجام بدرێت.



به‌گوته‌ی شاره‌زایان، موسڵ ئێستا ئاماده‌یه ‌بۆ گۆڕانكاری دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نێك كه‌ كورده‌كان تێیدا باڵاده‌ست بوون به‌ڕێوه‌بردراوه‌و ئه‌وانه‌ش كه ‌دژی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ن ده‌ڵێن سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه ‌له ‌نوێنه‌رایه‌تیكردنی دانیشتوانی فره‌نه‌ته‌وه‌ی ناوچه‌كه‌.



به‌شێكی زۆر له ‌عه‌ره‌بی سوننه ‌به‌شداریان نه‌كرد له ‌هه‌ڵبژاردنی رابردووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له ‌٢٠٠٥دا و به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌سه‌ڵاتێكی كه‌میان له ‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌دا هه‌بوو.



ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێداگری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كرد تا به‌شداریی عه‌ره‌بی سوننه ‌له‌ كاروباری سیاسی ناوخۆییدا له ‌سه‌رتاسه‌ری وڵات زیاد بكات.



عه‌ره‌بی سوننه‌ كه ‌زۆرینه‌ن له ‌موسڵ نوێنه‌رایه‌تیان له ‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا وه‌ك پێویست نییه‌.



كورده‌كان گه‌وره‌ترین كه‌مینه‌ی ناوچه‌كه‌ن و به‌لێكدانه‌وه‌ی خۆیان ٣٥ له‌سه‌دای ناوچه‌كه‌ پێكده‌هێنن و عه‌ره‌بی سوننه‌ش پێی وایه ‌كورده‌كان له‌و رێژه‌یه ‌كه‌مترن.



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له ‌هه‌ڵبژاردنی ٢٠٠٥دا، كورده‌كان ٣١ له ‌٤١ كورسیی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وایان به‌ده‌ستهێنا. له‌و كاته‌وه‌ كۆنتڕۆڵی سیاسه‌تی ناوچه‌كه‌و ره‌وشی ئاسایش ده‌كه‌ن – ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌ش هانی عه‌ره‌بی سوننه‌ی دا كه ‌له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا یه‌ك بگرن.



پارێزگای نه‌ینه‌وا كه‌ توندوتیژی په‌كیخستووه‌‌، خزمه‌تگوزاری كه‌مه‌و رێژه‌ی بێكاریش تێیدا به‌رزه‌. چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت ئه‌م كێشانه ‌پاڵ به‌ده‌نگده‌رانه‌وه ‌بنێن تا ده‌نگ بده‌ن.



"سوننه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی چالاك به‌شداری له ‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌كه‌ن چونكه‌ دركیان به‌وه‌ كردووه ‌كه ‌مافه‌كانی خۆیان له‌ده‌ستداوه‌، وڵات له ‌ره‌وشێكی ناخۆش دایه‌و ژێرخانی ئابووریش داڕماوه‌،" سوهه‌یب عه‌بدولقادر، شیكه‌ره‌وه‌یه‌كی سیاسییه‌و له‌ موسڵ داده‌نیشێت، وتی.



جێگری پارێزگاری موسڵ خه‌سرۆ گۆران، كه‌ كورده‌، وتی هاوپه‌یمانیی كوردی ئێستا "له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ باڵاده‌سته‌و پێم وایه‌ ئه‌مه ‌له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت".



موسڵ هێشتا یه‌كێكه ‌له ‌مه‌ترسیدارترین شوێن له‌عێراقدا سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا و عێراق و كورده‌كان بۆ له‌ناوبردنی یاخیبووانی عه‌ره‌بی سوننه‌و چه‌كدارانی قاعیده‌ كه‌ شاره‌كه‌یان كردووه‌ته ‌بنكه‌ی خۆیان.



عه‌ره‌بی سوننه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد و پێشمه‌رگه‌یان به‌وه ‌تۆمه‌تبار كردووه ‌كه ‌ده‌سه‌ڵات به‌خراپی به‌كارده‌هێنن و جیاكاریش له‌دژی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن كه‌ كورد نین. ئه‌م عه‌ره‌بانه‌ ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد ده‌یانه‌وێت نه‌ینه‌وا بخه‌نه ‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركرده‌كانی كوردیش ئه‌م تۆمه‌ته ‌ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.



نه‌ینه‌وا یه‌كێكه ‌له‌ فره‌ڕه‌گه‌زترین پارێزگای عێراق و مه‌سیحی ئاشووری و یه‌زیدی و شه‌به‌ك و كه‌مینه‌ی تریش له‌خۆده‌گرێت كه ‌له‌لایه‌ن توندڕه‌وه ‌سوننییه‌كانه‌وه‌ كراونه‌ته ‌ئامانج و له‌هه‌مان كاتیشدا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ بارێكی سه‌خت دایه‌‌. له‌و ٣٧ كورسییه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێی پارێزگای نه‌ینه‌وا، هه‌ر یه‌كه ‌له ‌ئاشوورییه‌كان و یه‌زیدییه‌كان و شه‌به‌ك كورسیه‌كيان هه‌يه‌.



به‌هه‌مان شێوه‌، كورده‌كانیش ده‌ڵێن چه‌وسێنراونه‌ته‌وه‌. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی له‌م مانگه‌دا ‌به‌لۆس ئه‌نجڵز تایمزی وت كه ‌2000 كورد له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵانی رابردوودا له‌موسڵ كوژراون. عه‌ره‌بی سوننه‌ش ‌ده‌ڵێن بوونه‌ته ‌قوربانی باڵاده‌ستیی كورده‌كان له ‌هه‌رێمه‌كه‌دا. سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌مه ‌ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.



"ئێمه ‌وه‌ڵامی كوشتنی كورده‌كانمان به‌هه‌مان شێوه ‌نه‌داوه‌ته‌وه‌و هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌شمان نه‌بووه‌، به‌ڵام بێ گومان هه‌موو شتێك سنووری خۆی هه‌یه‌،" بارزانی به‌لۆس ئه‌نجڵز تایمزی وت.



سه‌ركرده‌كانی كورد پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ‌پێشمه‌رگه ‌هێزی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئۆقره‌یی بووه ‌له ‌موسڵ و ئاماژه ‌بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه ‌به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوون. به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا دان به‌وه‌شدا ده‌نێن كه‌ له‌وانه‌یه ‌عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌سه‌ڵاتیان فراوان بكه‌ن. كورده‌كان هاوپه‌یمانییه‌كیان به‌رابه‌رایه‌تی خۆیان پێكهێناوه‌ به‌ناوی لیستی برایه‌تی كه ‌چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی عه‌ره‌ب و كه‌مینه‌كانی تریش له‌خۆ ده‌گرێت.



چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دوو به‌ره‌نگاریكاری عه‌ره‌بی سوننه‌، حه‌دبا و حزبی ئیسلامی عێراقی، زۆرترین ده‌نگه‌كانی موسڵ به‌ده‌ست بهێنن. حه‌دبا پاڵێوراوی چه‌ند كه‌مه‌نه‌ته‌وایه‌تییه‌كی تێدایه ‌به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌عسییه‌كان و عه‌ره‌به‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه‌ رابه‌رایه‌تی ده‌كرێت و كورده‌كانیش ئه‌مانه ‌به‌دژی خۆیان ده‌زانن. حه‌دبا هێزه‌كانی ئاسایشی كوردی به‌ هه‌راسانكردن تۆمه‌تبار كردووه‌و داوایكردووه‌ له ‌رۆژی هه‌ڵبژاردندا حكومه‌تی ناوه‌ندی زیاتر ره‌وشی ئاسایش بپارێزێت.



سه‌ركرده‌كانی كورد له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقه‌وه‌ ده‌ڵێن له‌نزیكه‌وه ‌چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كانی موسڵ ده‌كه‌ن و هۆشیاری ده‌ده‌ن كه ‌هه‌ندێك لیست – وه‌ك حه‌دبا – هانی دووبه‌ره‌كی و تائیفه‌گه‌ری ده‌ده‌ن.



"لیسته ‌توندڕه‌وه‌كان بێ گومان توندوتیژی و كاردانه‌وه‌ی خراپ دروست ده‌كه‌ن،" خه‌سرۆ گۆران، جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا، وتی. "هیوادارین خه‌ڵك ده‌نگ بۆ لیسته ‌بێ لایه‌نه‌كان بده‌ن چونكه ‌هاوپه‌یمانیی توندڕه‌و سوودی نییه‌."



مه‌حمود عه‌بدولره‌حمان، پڕۆفیسۆر له زانكۆی موسڵ، وتی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت زۆبه‌ی ده‌نگده‌ران له ‌نه‌ینه‌وا ده‌نگ بۆ لایه‌نه ‌تائیفی و ره‌گه‌زییه‌كان بده‌ن چونكه ‌"هیچ شتێك له‌باره‌ی لێهاتووییه‌كانی پاڵێوراوانه‌وه‌ نازانن".



به‌گوته‌ی چاودێران، له‌هه‌مان كاتدا له‌وانه‌یه ‌هه‌ندێك له‌ ده‌نگده‌رانی نه‌ینه‌وا ده‌نگ له‌دژی به‌رپرسانی ئێستا بده‌ن و به‌هۆكاریان ده‌زانن بۆ نه‌هامه‌تییه‌كانیان. ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ئێستا له ‌ده‌سه‌ڵاتن له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق رووبه‌ڕووی چه‌ندین به‌ره‌نگاری بوونه‌ته‌وه ‌به‌هۆی بێ ئومێدبوونی ده‌نگده‌ران له ‌خزمه‌تگوزارییه‌كان و گه‌نده‌ڵی و ناكارامه‌یی له ‌حكومه‌ته ‌ناوچه‌ییه‌كاندا.



"موسڵ پێنج ساڵه ‌ده‌ناڵێنێت. ره‌وشی ئاسایش خراپه‌و قه‌یرانی ئابووری له‌ئارادایه‌و خزمه‌تگوزاریش نییه‌،" عه‌بدولره‌حمان وتی.



چاوه‌ڕوان ده‌كرێت خه‌ڵكێكی زۆر به‌شداری له ‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی موسڵدا بكه‌ن ئه‌گه‌ر هیچ رووداوێكی ئه‌منیی گه‌وره‌ نه‌یه‌ته‌پێشه‌وه‌. له‌كاتێكدا عه‌ره‌بی سوننه‌ هاندراوه ‌تا ده‌نگ بدات و نه‌بوونی نوێنه‌رایه‌تی خۆیان له‌ حكومه‌تی ناوچه‌كه‌دا راست بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ری له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به‌عه‌ره‌به‌كان كه ‌خه‌ریكه ‌سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه ‌بێ گومان وا له ‌كورده‌كان ده‌كات به‌رێژه‌یه‌كی زۆر به‌شداری له ‌هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن.



له‌ناوچه‌كه‌یدا كه‌عه‌ره‌ب و كورد باڵاده‌ستن تیایدا، كه‌مینه‌نه‌ته‌وه‌كانی تریش له‌هه‌مان كاتدا له‌پێناو به‌شی خۆیان له ‌نوێنه‌رایه‌تیدا هه‌وڵده‌ده‌ن. له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا هه‌زاران مه‌سیحیی ئاشووری كه ‌نه‌ینه‌وا به‌وڵاتی خۆیان داده‌نێن موسڵیان به‌جێهێشت كاتێك چه‌ند مه‌سحییه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراو كوژران.



"پاڵپشتی له‌و هاوپه‌یمانییه ‌ده‌كه‌م كه ‌به‌باشترین شێوه ‌خزمه‌تی مه‌سیحییه‌كان ده‌كات، نه‌ك لیستێك كه‌ته‌نها باس له‌كێشه ‌شه‌خسییه‌كانم بكات،" سامی ده‌نخا، مه‌سیحییه‌و پڕۆفیسۆره‌ ‌له ‌زانكۆی موسڵ، وتی.



عه‌بدولخالق ده‌باغ، سه‌رۆكی نووسینگه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌موسڵ، وتی ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی له ‌خه‌ڵك خۆیان ناونووسكردوه ‌تا له ‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌نگ بده‌ن.



ده‌باغ وتی دانیشتوانی نه‌ینه‌وا "ته‌واو دڵنیان كه ‌هیچ شتێك به‌ده‌ست ناهێنن مه‌گه‌ر به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن. نه‌ینه‌وا به‌رۆژگارێكی دژواردا تێپه‌ڕیوه‌".
Frontline Updates
Support local journalists