مه‌ترسیی هه‌ڵایسانی توندوتیژی له كه‌ركوك
خه‌ڵكی كه‌ركوك نیگه‌رانن له لایه‌نه دوژمنكاره‌كان و زۆربونی ژماره‌ی هێرشه‌كان دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له وڵات.
مه‌ترسیی هه‌ڵایسانی توندوتیژی له كه‌ركوك
خه‌ڵكی كه‌ركوك نیگه‌رانن له لایه‌نه دوژمنكاره‌كان و زۆربونی ژماره‌ی هێرشه‌كان دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له وڵات.
ئه‌و ته‌قینه‌وانه خه‌ڵكی هیوابڕاوكرد له‌وه‌ی باری ئه‌منی دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له شاره‌كان له ٣٠ حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا باشببێت – كه هه‌ندێك وه‌ك داگیركه‌ر سه‌یریان ده‌كه‌ن و هه‌ندێكی تریش وه‌كو رزگاركه‌ر به‌وپێیه‌ی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسێنیان له ٢٠٠٣دا سه‌رنگون كرد.
یه‌كه‌م ته‌قینه‌وه له قه‌زای تازه‌ی باشوری كه‌ركوك چه‌ند رۆژێك به‌ر له واده‌ی كشانه‌وه‌كه رویدا، كه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی توركمانی شیعه‌ن، دووه‌میشیان له گه‌ڕه‌كی شۆریجه‌ی باكوری خۆرهه‌ڵاتی شاری كه‌ركوك بوو كه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن و هاوكات بوو له‌گه‌ڵ واده‌ی دیاریكراوی كشانه‌وه‌كه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا. له‌و دوو ته‌قینه‌وه‌یه‌دا لانی كه‌م ٣٠٠ كه‌س كوژران و چه‌ندانی تریش بریندرابون.
ئه‌میر عه‌باس، توركمانه، به‌زه‌حمه‌ت له‌ژێر داروبه‌ردی خانوه‌كه‌ی رزگاری بوو كه له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی تازه خاپور بوو. ئێستا ئه‌میر له خه‌سته‌خانه‌یه، ده‌ستوقاچێكی شكاوه و ناوسكی توشی خوێنبه‌ربوون بوه. هه‌روه‌ها كوژرانی هه‌شت كه‌س له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی له ته‌قینه‌وه‌كه‌دا توشی شۆكێكی ده‌رونیی قورسی كردوه.
ئه‌میر وتی، "گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان هه‌مووی شیعه‌یه بۆیه كرایه ئامانج، چه‌ندین لایه‌نیش هه‌ن كه له دژی خه‌ڵكانی شیعه كارده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌م روداوانه‌ی ئه‌م دواییه ئیمان و ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی باوه‌ڕمان پێیان هه‌یه له‌ق ناكات."
شاری كه‌ركوكی به‌نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌ند له ٢٠٠٣ ه‌وه بۆته سه‌رچاوه‌ی ململانێی نێوان گروپه سیاسیه‌كانی شاره‌كه و حكومه‌تی مه‌ركه‌زی به‌غدا. ئه‌و شاره له‌و كاته‌وه رووبه‌ڕووی چه‌ندین هێرشی خوێناوی بۆته‌وه له‌لایه‌ن توندڕه‌وه‌كانه‌وه كه سه‌دان قوربانی لێكه‌وتۆته‌وه. زۆرینه‌ی دانیشتوانی ئه‌و شاره كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و ئاشورین سه‌ره‌ڕای هه‌بونی چه‌ند كه‌مایه‌تییه‌كه‌ی تری بچووك.
لیوا جه‌مال تاهیر، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كه‌ركوك وتی كه‌ركوك به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌و ماوه‌یه‌ی دواییدا ئارامبوو تا رودانی ئه‌و دوو ته‌قینه‌وه‌یه، "رۆژی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا كرایه رۆژی ئاهه‌نگێڕان چونكه هێزه‌كانی عێراق فایلی ئه‌منیان له هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه گرته‌ده‌ست. ئه‌و كشانه‌وه‌یه نیشانیده‌دات كه هێزه ئه‌منییه ناوخۆییه‌كان متمانه‌ی ئه‌وه‌یان پێده‌كرێت بتوانن سه‌لامه‌تی بپارێزن و پارێزگاری له خه‌ڵك بكه‌ن."
هه‌وه‌ها لیوا جه‌مال ئه‌وه‌شی وت كه هێزه‌كانی ئه‌مریكا له كه‌ركوك رۆڵێكی گرنگیان گێڕاوه له پشتیوانیكردن له هێزه ئه‌منییه ناوخۆییه‌كان له رووی راهێنان و كاروباری لۆجیستیه‌وه، سه‌ره‌ڕای كرده‌وه سه‌ربازییه هاوبه‌شه‌كان.
چاودێرانی ناوخۆیی ئه‌ڵێن ئۆقره‌یی له كه‌ركوك وه‌ستاوه‌ته سه‌ر گه‌یشتنی گروپه سیاسییه جیاوازه‌كان به ته‌وافوقێكی سیاسی. كورد ئه‌یه‌وێت كه‌ركوك بخاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م بۆچونه‌ش توركمان و عه‌ره‌ب له شاره‌كه‌دا ره‌تیده‌كه‌نه‌وه و بۆته چه‌قی ململانێ له‌و شاره‌دا.
نه‌بوونی ئه‌م كۆده‌نگییه بۆته هۆی دروستبوونی دڵه‌ڕاوكێ لای خه‌ڵكانێكی زۆر سه‌باره‌ت به ئاینده‌ی شاره‌كه‌یان، و ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی زۆرینه‌ی یه‌كێك له نه‌ته‌وه‌كانی تێدایه ترسی هێرشی توندڕه‌وه‌كانیان لێنیشتووه.
لیوا عه‌بدولئه‌میر ره‌زا، فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی ١٢ی سوپای عێراق وتی باری ئه‌منی دوابه‌دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا باش ده‌بێت. هه‌روه‌ها وتی به‌ئاشكرا دیاربوو كه خه‌ڵك متمانه‌یه‌كی زۆریان به هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق هه‌یه ئه‌مه‌ش به‌وه‌دا دیار بوو كه رۆژی ٣٠ حوزه‌یرانیان كرده رۆژی ئاهه‌نگ گێڕان.
ره‌زا ئه‌وه‌شی وت كه "باری ئه‌منی به‌بێ هاوكاری و به‌شداریی خه‌ڵك به‌ته‌واوه‌تی باش نابێت. ئه‌وه‌ی ئێستا پێویستمان پێیه‌تی هوشیاریی خه‌ڵكه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چۆن ره‌وشی ئه‌منی بپارێزن له رێگه‌ی هاوكاریكردنی هێزه‌كانمان و ئاگاداركردنه‌وه‌یان له هه‌ر شتێك گومانی لێ بكه‌ن."
فیرقه‌ی ١٢ی سوپای عێراق لێپرسراوێتیی پاراستنی سنوره‌كانی كه‌ركوك و ژێرخانی ئابووری له ئه‌ستۆدایه وه‌كو بۆریه‌كانی نه‌وت و بورجه‌كانی كاره‌با.
به‌ڵام هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی ئه‌و شاره هیوایان به باشبوونی ره‌وشی ئه‌منی شاره‌كه نییه به هۆی پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی هێزه ئه‌منیه‌كانیه‌وه.
حه‌سه‌ن تورهان، كه ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكه له‌سه‌ر لیستی به‌ره‌ی توركمانی، وتی، "سه‌ركردایه‌تیكردن و به‌ڕێوه‌بردنی هێزه ئه‌منییه‌كان له‌لایه‌ن كورده‌وه مۆنۆپۆڵكراوه و من پێموایه ئه‌مه كه‌لێنێكی گه‌وره‌یه له توانای هێزه ئه‌منیه‌كاندا بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌ركی خۆیان له شاره‌كه‌دا."
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، خه‌ڵكی هه‌ندێك له گه‌ڕه‌كه‌كان به هه‌بوونی هێزی ئاسایشی كوردی ئاسووده نین، و تورهان ئه‌ڵێت ئه‌و هێزه بۆته جێگه‌ی "نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی ئه‌و شاره".
محه‌مه‌د خه‌لیل، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی راوێژكاریی عه‌ره‌بی (المجلس العربي الإستشاري)، كورد به‌وه تاوانبار ئه‌كات كه كۆنترۆڵی هێزه ئه‌منییه‌كانی شاره‌كه‌یان كردوه، "ئینتیمای هێزه ئه‌منییه‌كان له كه‌ركوك بۆ یه‌ك گروپ مه‌ترسی په‌راوێزخستنی گروپه‌كانی تری لێده‌كه‌وێته‌وه و ئه‌مه‌ش جۆرێك له ناهاوسه‌نگیی ئه‌منی له شاره‌كه‌دا دروستده‌كات."
"پێویسته سوپای نیزامیی عێراق بێته ئه‌و شاره له‌باتی ئه‌و هێزانه‌ی ئێستا، دوای ئه‌وه‌ی شكستیانهێنا له پاراستنی ئه‌منیه‌تی شاره‌كه."
كوردیش لای خۆیه‌وه فیرقه‌ی ١٢ به سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی ده‌زانن له‌به‌رئه‌وه‌ی له سه‌ربازانی باشور و ناوه‌ڕاستی عێراق پێكهاتون كه گوایه رقیان له كوردی كه‌ركوكه.
هه‌روه‌ها تۆرهان وتی، "ئه‌و فیرقه‌یه رژێمی پێشوو به بیری كورد ده‌هێنێته‌وه كه بۆ چه‌ندین ساڵ سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی و نیگه‌رانی بوو. ئه‌م شتانه بۆته هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی له شاره‌كه‌دا."
له روانگه‌ی ئه‌و جیاوازیانه‌ی سه‌باره‌ت به ئه‌منیه‌ت هه‌یه، به‌ره‌ی كه‌ركوكی عێراقی، كه هاوپه‌یمانێتییه‌كه له لایه‌نه عه‌ره‌به‌كان پێكهاتوه، له مانگی حوزه‌یرانی رابردوودا داوای له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كرد كۆنفرانسێك سازبكات بۆ رێكه‌وتن له‌سه‌ر كۆتایه‌ك بۆ هێزی ئاسایشی ئه‌و شاره - به‌پێی ئه‌و كۆتایه ٣٢٪ بۆ هه‌ر یه‌ك له عه‌ره‌ب كورد و توركمان ده‌بێت و ٤٪ بۆ كلدوئاشوری ده‌بێت – بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هێزه بیانییه‌كان بگرنه‌وه دوای كشانه‌وه‌یان له سه‌نته‌ری ئه‌و شاره. پشنیاره‌كه‌ش رێكه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌كرا.
سه‌ماح سه‌مه‌د رۆژنامه‌نوسێكی راهێنراوی (IWPR)ه له كه‌ركوك.