خه‌ڵکی به‌غدا هه‌وڵده‌ده‌ن خۆشه‌ویستی له‌نێوانیاندا ببوژێننه‌وه‌

باش بوونی ره‌وشی ئاسایش هه‌لێکه ‌تاوه‌کو خه‌ڵکی به‌غدا ئه‌و لیکترازانه‌یان که‌‌به‌هۆی توندوتیژی و ترسه‌وه‌ بۆیان دروستبو، چاره‌سه‌رى بکه‌ن.

خه‌ڵکی به‌غدا هه‌وڵده‌ده‌ن خۆشه‌ویستی له‌نێوانیاندا ببوژێننه‌وه‌

باش بوونی ره‌وشی ئاسایش هه‌لێکه ‌تاوه‌کو خه‌ڵکی به‌غدا ئه‌و لیکترازانه‌یان که‌‌به‌هۆی توندوتیژی و ترسه‌وه‌ بۆیان دروستبو، چاره‌سه‌رى بکه‌ن.

Wednesday, 1 April, 2009
.



مای و مێرده‌که‌ی ده‌چوون سه‌باح شاکر ببینن که‌ یه‌کێکه‌ له‌هاوڕێیه ‌کۆنه‌کانیان و به‌م دواییانه ‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه ‌به‌غدا.



سه‌باح، که ‌ژنی ماڵه‌وه‌یه‌، سێ ساڵ له‌مای گه‌وره‌تره‌، به‌هۆی نزیکی ماڵه‌کانیان له‌یه‌کتره‌وه‌، له‌کاتی خۆیدا ئه‌م دوو ژنه‌ بوون به‌هاوڕێی یه‌کتر. ئه‌و کاته ‌وا راهاتبوون که‌هه‌موو به‌یانییه‌ک یه‌کتر ببین و قاوه‌بخۆنه‌وه‌و به‌یه‌که‌وه ‌قسه‌بکه‌ن.



په‌یوه‌ندى ئه‌م دوو هاوڕێیه‌، له‌٢٠٠٧دا کۆتایی هات کاتێک حسامی مێردی سه‌باح، که‌فه‌رمانبه‌ری یه‌کێک له‌کۆمپانیاکانی په‌یوه‌ندیکردن بوو، رفێنرا. خێزانی سه‌باح پاره‌یان دا تا باوکیان ئازاد بکرێت و دواتر ده‌ستبه‌جێ عێراقیان به‌جێهێشت.



وه‌کو هه‌زاران ئاواره‌ی تر، خێزانی سه‌باحیش به‌م دواییانه ‌گه‌ڕانه‌وه ‌عێراق، دواى ئه‌وه‌ى به‌ڵێنی به‌رپرسان بۆ باشترکردنی ره‌وشی ئاسایش ئه‌و باوه‌ڕه‌ى لادروستکردن.



"هه‌ست به‌خۆشی ده‌که‌م که ‌ده‌بینم هاوڕێکانم و دراوسێکانم گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌. گه‌ڕانه‌وه‌یان وام لێده‌کات هه‌ست به‌ئارامی بکه‌م،" مای وتی. "عێراقییه‌کان له‌زگماکه‌وه‌ که‌سانی کراوه‌ن و ناتوانن به‌هیچ شێوه‌یه‌ک خۆیان دووره‌په‌رێز بگرن."



مای و که‌سانی تر هیوادارن ئه‌و که‌سانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه ‌یارمه‌تی دراوسێکانیان بده‌ن تا متمانه ‌له‌نێوان خه‌ڵکی شاره‌که ‌دروست بکه‌نه‌وه‌. له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا، به‌هۆی تاوان و شه‌ڕی تایه‌فه‌‌گه‌رییه‌وه‌ متمانه‌ له‌نێوان خه‌ڵکی به‌غدا نه‌ما.



له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌، گه‌ڕه‌که‌کانی به‌غدا په‌یوه‌ندی توندوتۆڵیان هه‌بووه‌. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی دراوسێی یه‌کتر بوون په‌یوه‌ندی توندوتۆڵیان به‌یه‌که‌وه‌‌بووه‌و خۆشیی یه‌کتریان ویستووه‌. به‌ڵام خه‌ڵکی به‌غدا ده‌ڵێن له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌هۆی شه‌ڕو کوشتاره‌وه ‌گومانیان لا دروست بووه ‌سه‌باره‌ت به‌دراوسێکانیان و که‌متر خۆیان تێکه‌ڵی که‌سانی تر ده‌که‌ن.



هه‌رچه‌نده ‌رێژه‌ی توندوتیژی له‌م ماوه‌ی دواییدا دابه‌زیوه‌، که‌چی هێشتا هه‌زاران خێزان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه ‌سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان.



به‌ربه‌سته ‌کۆنکریتییه به‌رزه‌کان هێشتا له‌نێوان گه‌ڕه‌که‌کاندا ماون و به‌ربه‌ستی مه‌عنه‌ویش خه‌ڵکی شاره‌که‌ی له‌یه‌ک دابڕیوه‌. دراوسێکان ئێستا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ناکه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌و گه‌ڕه‌کانه‌ی نائارامییه‌کی زۆریان به‌خۆوه‌دیبوو.



به‌ووته‌ی هانا ئێدوارد، به‌رپرسی رێکخراوی ئه‌مه‌ل که‌رێکخراوێکی ناحکومییه‌و گرنگی به‌کاروباری ئاواره‌کان ده‌دات، ئه‌و بێمتمانه‌ییه‌ له‌نێوان خه‌ڵکی شاره‌که ‌شتێکی سه‌رسامکه‌ر نییه ‌چونکه‌ زۆرێک له‌و عێراقیانه‌ی که ‌ئاواره‌بوون دراوسێکانیان به‌هۆکاری نه‌هامه‌تییه‌کانی خۆیان ده‌زانن.



زۆرێک له‌و خێزانانه‌ی سه‌ر به‌یه‌کێک له‌که‌مایه‌تییه‌کانن پێیان وایه ‌دراوسێکانیان خه‌به‌ریان لێ داون له‌لای چه‌کداره‌کان. هه‌ندێ خه‌ڵکی تر وای بۆده‌چن که‌دراوسێکانیان له‌پشته‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ نادیارانه‌وه‌بوون که‌له‌شاره‌که ‌ده‌ریانپه‌ڕاندن.



به‌ڵام ئێدوارد ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌کات که‌زۆرێک له‌خه‌ڵکی به‌غدا دراوسێکانی خۆیان پاراست و هه‌ندێکیشان له‌و پێناوه‌دا گیانی خۆیان به‌خشی.



جۆرێکی تر له‌بێمتمانه‌یی له‌نێوان خه‌ڵکی کۆنی به‌غدا و ئه‌و که‌سانه ‌دروست بووه‌ که ‌دوای به‌رپابوونی شه‌ڕی ئیتنی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاتوونه‌ته ‌گه‌ڕه‌که‌کانی شاره‌که‌وه‌.



به‌پێی زانیارییه‌کانی رێکخراوی کۆچبه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی، له‌کاتێکدا ٤٩،٤٠٠ خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه ‌سه‌ر جێ و ڕێی خۆیان – له‌وانه‌٣١،٥٠٠ خێزانیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه ‌به‌غدا، که‌چی هێشتا ٢٧٠،٠٠٠ خێزان له‌ناو عێراقدا ئاواره‌ن.



زۆرجار به‌گومانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه ‌ده‌کرێت که‌به‌م دواییانه ‌هاتوونه‌ته‌ گه‌ڕه‌کێکی به‌غدا و زۆربه‌شیان حه‌ز به‌تێکه‌ڵی ناکه‌ن.



یوسره‌ عه‌بدولستار، که‌فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌تی داراییه‌، ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌یدا گواستیانه‌وه ‌ماڵی یه‌کێک له‌هاوڕێیه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانیان له‌گه‌ڕه‌کی مه‌نسوڕ تا خانووه‌که ‌بپارێزن.



به‌ووته‌ی یوسره‌، ماڵی هاوڕێکه‌ی له‌به‌ر هۆکاری ئه‌منی به‌غدایان به‌جێهشتووه‌. یوسره‌ کاتێک داوای لێکراوه‌ سه‌ردانی ماڵه‌درواسێیه‌کانی بکات، خۆی دزیوه‌ته‌وه و تێکه‌ڵ به‌دراوسێییه‌ نوێیه‌کانی نه‌بووه‌‌.



"زۆر جار توشی دراوسێکانم ئه‌بم، به‌ڵام ته‌نها سڵاویان لێ ئه‌که‌م،" یوسره ‌وتی. "سه‌ردانیان ناکه‌م چونکه‌ له‌دوای شه‌ڕه‌که‌وه ‌خه‌ڵک زۆر گۆڕاوه‌. هه‌رگیز نازانیت ئه‌وان بیر له‌چی ئه‌که‌نه‌وه‌و چۆن هه‌ڵسوکه‌وت ئه‌که‌ن یان نیازیان باشه‌ یان خراپه ‌به‌رامبه‌ر به‌تۆ."



یوسره ‌وتی داب و نه‌ریته ‌کۆنه‌کانی وه‌ک لێنانی چێشت بۆ دراوسێییه ‌نوێیه‌کانیش پێده‌چێت نه‌مابێت چونکه‌"ئه‌مڕۆ هه‌موو که‌سێک له‌دراوسێیه‌که‌ی خۆی ئه‌ترسێت".



یوسره ‌ده‌ڵێت له‌هه‌ندێ ناوچه‌دا، دراوسێکان "رۆڵێکی زۆر خراپیان گێڕا و هۆکاری سه‌ره‌کی بوون بۆ کوشتار و ئاواره‌یی. ته‌نانه‌ت ده‌ستیان گرتبوو به‌سه‌ر خانووسی داروسێکانیان و که‌لوپه‌له‌کانیان".



له‌عێراقدا تا راده‌یه‌ک ده‌ستپێشخه‌ری بۆ باشتکردنی کۆمه‌ڵگا و ئاشتبوونه‌وه‌ نییه‌، چونکه ‌حکومه‌ت و رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان زیاتر گرنگی به‌پێداویستی تر ده‌ده‌ن وه‌ک دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی کار و دابینکردنی خۆراک و په‌ناگه‌. به‌پێی راپرسییه‌ک که‌به‌م دواییانه ‌له‌لایه‌ن رێکخراوی کۆچبه‌رانی نێوده‌ڵه‌تی بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، ئه‌م شتانه‌ پێویستی هه‌نووکه‌یین بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی تازه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.



"گرنگترین شت که‌ وه‌زاره‌تی ئاواره‌کان و په‌رله‌مان ده‌بێت مشووریان بخوات ئاسایش و یارمه‌تی دارایی و کۆمه‌ڵایه‌تین بۆ ئاواره‌کان،" عه‌بدولخالق زه‌نگه‌نه‌، سه‌رۆکی کۆمیته‌ی ئاواره‌کان له‌په‌رله‌مان، وتی.



"ده‌بێت ئاواره‌کان به‌ڵگه‌نامه‌ی ره‌سمیان پێ بێت تا بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه ‌سه‌ر کاره‌کانیان و منداڵه‌کانیشیان بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه ‌قوتابخانه‌کان،" زه‌نگه ‌نه‌وتی.



ئێدوارد له‌رێکخراوی ئه‌مه‌ل ده‌ڵێت دووباره ‌تێکه‌ڵکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک به‌دراوسێکانیان کارێکی ئاسان نییه‌.



ئێدوارد وتی خێرایی چاره‌سه‌ربوونی برینه‌کان پشت ده‌به‌ستێت به‌ره‌وشی ئاسایش و هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیش له‌کۆتاییدا پێویستی به‌یارمه‌تی گروپه‌کانی کۆمه‌ڵگا و حکومه‌ت ده‌بێت.



"ئه‌گه‌ر ئاسایش به‌رقه‌رار بوو، ئه‌وا خه‌ڵک رق و توڕه‌یی خۆیان له‌بیرده‌که‌ن،" ئێدوارد وتی. "به‌ڵام ئه‌گه‌ر ره‌وشه‌که ‌به‌ره‌و خراپی چوو، خه‌ڵک له‌سه‌ر ساردوسڕیی خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن."



له‌ئێستادا، پێده‌چێت تۆزێک به‌ره‌وپێشچوون هه‌بێت.



شاکر سه‌لیم، دانیشتووی گه‌ڕه‌کی که‌ڕاده‌ی فره‌خه‌ڵكی ‌به‌غدا، وتی، "ره‌وشی ئاسایش باشتر بووه‌، خه‌ڵک دێنه‌به‌رده‌م ده‌رگای ماڵی خۆیان و شه‌تڕه‌نج و دۆمینه‌ ده‌که‌ن".



"منداڵان به‌پاسکل به‌شه‌قامه‌کاندا ده‌سووڕێنه‌وه‌. ره‌وشه‌که ‌به‌گشتی باشه‌، سوپاس بۆ خوا،" سه‌لیم وتی.



زه‌ینه‌ب ناجی رۆژنامه‌نووسێکی راهێنراوی IWPR ه‌له‌به‌غدا.
Frontline Updates
Support local journalists