دوای ههڵبژاردنهكانی ههرێمی كوردستان، كورد و بهغدا رووبهڕووی یهك دهبنهوه
دوای ههڵبژاردنهكانی ههرێمی كوردستان، كورد و بهغدا رووبهڕووی یهك دهبنهوه
لیستی گۆڕان نزیکەی چارەگێکی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمهكهی بەدەستهێنا و ژمارەی کورسییەکانی هاوپەیمانێتیی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستانی کەم کردەوە.
بابەتی ناوخۆیی وهك گەندەڵی و ئاوەدانکردنەوە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا باس ئەکرا و زانیارییهكی ئهوتۆ لهئارادا نهبوو سهبارهت بهوهی ئاخۆ ئۆپۆزسیۆن ههڵوێستی نوێی دهبێت بەرامبەر بە ناکۆکییەکان لەگەڵ حكومهتی ناوهندی له بەغدا یان نا.
پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا گرژی تێکەوتووە بەهۆی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی هەرێمەکە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتییەکانی. لەبەرامبەردا، بەغدا هەوڵدەدات دەسەڵاتی کوردەکان کەم بکاتەوە.
رۆبەرت گەیتسی وەزیری بەرگری ئەمریکا لە دوای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی عێراقی کرد و ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و کوردەکانی بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئۆقرەیی عێراق ناوبرد.
چەند رۆژێک داوتر، سەرۆک وەزیرانی عێراق نوری مالکی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمەکە کۆبوویەوە، لەوانەش سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی و سەرۆک کۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی و بڕیاریان دا چەند کۆمیتەیەک پێکبهێنن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان.
سیاسەتمەدارە عەرەبەکانی عێراق پێشوازیان لە دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز کردووە لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا، بەڵام ژمارهیهكی كهمیان گەشبینن بەوەی سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن ناکۆییەکان چارەسەر بکات.
قەیس عامری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کوتلەی شیعە کە حزبی دەعوەی مالیکیش لەخۆ دەگرێت، وتی "ئۆپۆزسیۆنی کوردی هیچ جیاوازییهكی لەگەل حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان نییە کاتێک مەسەلەی ناکۆکییەکان لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی دێنه ئاراوه".
عەلی عەلاق، یاسادانەره و ئەندامێکی باڵای حزبەی دەعوەیە، وتی سیاسەتی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق گۆڕانی بەسەردا نایە سەبارەت بە بابەتە سەرەکییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، عەلاق هیوای خواست "سەرهەڵدانی لیستی نوێ بۆچوونەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان فراوانتر بكات" و پاڵ بە سەرکردەکانی کوردەوە بنێت بەدوای چارەسەرێکی ناوەڕاستانەدا بگەڕێن.
سەرەڕای تاوانبارکردنی سەرکردایەتی کورد بە قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان، لیستی گۆڕان زمانێکی نەرمتری بەرامبەر بەغدا بەکارهێنا و جەختی لەسەر سازدانی دیالۆگ لەنێوان رکابەرەکانی عێراق کردەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو ساز دەکرێت، پێناچێت نە سیاسەتمەدارانی کورد و نە سیاسەتمەدارانی عەرەب دەسەڵاتی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بەهۆی هەڵنانی هەر هەنگاوێکی گەورە لە چوارچێوەی ئەم ناکۆکییە هەستیارەدا.
هەرچەندە رەخنەگرتن لە کوردەکان شتێکی باوە لە شەقامی عەرەبیدا، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ڕەنگە کارێکی نادرووست بێت بۆ ئەو حزبانەی کە بەدوای هاوپەیمانێتیی پەرلەمانیدا دەگەڕێن. کوردەکان بە پێکهاتەیەکی سەرەکی دادەنرێن و نزیکەی 20 لەسەدای دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن.
چەند سیاسەتمەدارێکی باڵا لە بەغدا رەتیانکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر هەڵبژاردنەکانی کوردستان بدەن چونکە پێیان وابوو کارێکی لەو جۆرە لەوانەیە هەوڵەکانی داهاتوو بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ کوردەکان بخاتە مەترسییەوە.
لیستی گۆڕان رایگهیاندووه بەجیا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دەکات و لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازیش کە لیستی ئیسلامییەکان و چەپڕەوەکانە و براوەی سێیەم بوو لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا بڕیاری داوە هەمان شت بکات.
چەند سیاسەتمەدارێکی عەرەب پێیان وابوو چهند لیستێكی كوردی بچووكتر لەوانەیە ئەنجامی باشتر بەدەست بهێنن لە هەڵبژاردنی کانوونی دووەمدا، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ حزبە عێراقییەکاندا بچنە هاوپەیمانێتییەوە.
ئەحمەد مەسعودی، گوتەبێژی کوتلەی سەدڕ، وتی خەڵکی ئاسایی لە کوردستان لە حزبە سەرەکییەکانیان دوورئەکەوتنەوە دوای ئەوەی بە هەڵوێستی خۆیاندا چوونەوە لەسەر چەند مەسەلەیەکی گرنگ.
"دەبێت سەرکردەکانی کورد گوێ بۆ بۆچوونی شەقامی کوردی شل بکەن،" مەسعودی وتی. ناوبراو ئاماژەی بهوهش ئەوەش کرد حکومەتی هەرێم لەوانەیە لێرەوه "سیاسەتێکی واقیعیانەتر لەگەڵ بەغدا" پەیڕەو بکات.
ئوسامە نوجێفی، نوێنەرێکی سوننییه لهسەر لیستی عێراقییە لە پەرلەمانی عێراقدا، وتی گروپی کوردی بچووکتر ئەگەر رێبازی خۆیان بگۆڕن دەتوانن هاوپەیمان بۆ خۆیان لەنێو حزبە عەرەبییەکاندا بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بدۆزنەوە.
نوجێفی وتی لیستەکانی هاوشێوەی گۆڕان پێویستە سیاسەتێک پەیڕەو بکەن کە "لەسەر مەسەلەی نیشتیمانی، نەک هەرێمی و ناوچەیی، بنیات نرابێت". نوجێفی بەردەوام کوردەکانی تۆمەتبارکردووە بەوەی دەستدرێژی ئەکەنە سەر عەرەبەکان و مافەکانیان لە پارێزگاکەی خۆیدا کە نەینەوایە.
گشت سەرکردەکانی کورد لە گۆڕەپانی سیاسیدا پاڵپشی لە بەهێزکردنی ئۆتۆنۆمی هەرێمەکەیان دەکەن. لە بەغداش، یەکڕیزی کوردەکان چەند وەزارەتێک و سەرۆکایەتیی وڵاتی بۆیان دهستهبهركردووه.
ئەو لیستە بچووکانەی کە لە دوایین هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا ئەنجامی باشیان بەدەستهێناوە لەوانەیە تۆمەتی لاوازکردنی دەسەڵاتی کوردیان لە بەغدا بخرێتەپاڵ ئەگەر بڕیاریان دا بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بکەن.
مەحمود عوسمان، پەرلەمانتارێکی سەربەخۆی كورده لە بەغدا، داوای لە گشت گروپە کوردییەکان کرد بە یەک لیست بەشداری لە پەرلەمانی عێراقدا بکەن. "بەم شێوەیە دەتوانن بەرنامەیەکی روونیان هەبێت بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی کوردهكان،" عوسمان وتی.
لیستی گۆڕان و لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازی رەتیدەکەنەوە دابەزینیان بە لیستی سەربەخۆ زیان بە دۆزی کورد بگەیەنێت.
بەرپرسێکی باڵا لە لیستی گۆڕان بە ناوی محەمەد تۆفیق وتی "ئێمە دەنگی کورد لهت ناکەین." هەروەها وتی ئەگەر لیستەکەیان بووە خاوەنی کورسی لە پەرلەمانی عێراقدا، ئەوا دەبێتە بەشێک لە کوتلەیەکی کوردی یەکگرتوو.
تۆفیق وتی لیستی گۆڕان بیری لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ حزبە عێراقییەکان نەکردۆتەوە.
ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا سۆزی کوردەکان لە ناخەوە ئەجوڵێنێت و هێشتا شاڵاوەکانی جینۆسایدی سەدام حوسێنیان بیرنەچۆتەوە. ئەگەر لیستە بچووکەکانی کوردستان بەدوای هاوپەیمانێتیدا بگەڕێن لە دەرەوەی هەرێمەکەدا، پێناچێت ئەو حزبانە هەڵبژێرن کە دژایەتی دۆزی کورد دەکەن.
دۆزینەوەی هاوبەشێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لەنێو گۆڕەپانی سیاسیی تائیفی و سەرکێشی عەرەبەکانی عێراق لەوانەیە کارێکی قورس بێت بەلای سەرکردە عەلمانییەکانی لیستی گۆڕانەوە.
عەبدولستار جابر، شیکەرێكه لە بەغدا دادەنیشێت، وتی گۆڕان دیاردەیەکی تەواو کوردییە و دەرئەنجامی سیاسەتە یهك بلۆكییهكانی هەرێمەکەیە.
"دەکرێت گۆڕان بە لیستێکی جوداخواز وەسف بکەین کە سەرکردەکانی لەڕووی حزبی دایکدا وەستانەوە،" جابر وتی. بەرپرسە باڵاکانی لیستی گۆڕان ئەندامانی پێشووتری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانن کە حزبێکە دەیان ساڵە باڵادەستە بەسەر کاروباری سیاسی کوردەکان و نیوەی هاوپەیمانێتیی خاوهن دهسهڵات پێكدههێنێت.
"هیچ قەوارەیەکی سیاسیی هاوشێوەی گۆڕان لە عێراقدا سەرهەڵنادات... ئێمە هیچ حزبێکمان نییە بەتەنها و بەتەواوی باڵادەست بێت لەبەغدا،" جابر وتی.
هادی جەلۆ مەرعی، لێدوانکارێکی خەڵکی بەغدایە، وتی لیستە بچووكهكانی هاوشێوهی گۆڕان هەوڵدەدەن کاریگەریی خۆیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا فراواتر بکەن لەوەی لە هەڵبژاردنی بەم دواییەی هەرێمی کوردستان کردیان.
مەرعی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هەڵبژاردنی بەم دواییەی هەرێمی کوردستان کارناکاتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان کوردەکان و بەغدا. "حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ئێستاش کۆنتڕۆڵی میدیا و هێزە سەربازییەکانی هەرێمەکەیان بەدەستەوەیە،" مەرعی وتی.
زەینەب محەمەد، کارمەندی حکومەتە لە گەڕەکی شەعبی بەغدا، وتی گرنگی نهداوه به هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.
"خۆمان کێشەمان کەم نییە. ئەوانەی ئێمە هەڵمانبژاردوون هیچیان بۆ نەکردووین،" زەینەب وتی.
زەینەب ئهوهشی وت كه كوردەکانیش بهههمان شێوه بێ باکن. "پێم وانییە کوردەکان گرنگی بە بەشەکانی تری عێراق بدەن. ئاڵای تایبەت بەخۆیان هەیە، سوپای خۆیان هەیە و ئێستاش باسی سنوور دەکەن. دەیانەوێت لەئێمە جیاببنەوە."
فالح حهسهن، رۆژنامەنووسێكی راهێنراوی IWPR لە بەغدا، ئەم راپۆرتەی نووسیوە. ههر یهكه له باسم شەرع، پهیامنێرێكی راهێنراوی IWPRه له بهغدا، و نیڵ ئاڕون، سەرنووسەری IWPRی عێراقه له ههولێر، بەشداریان کردووە لە نووسینی ئەم راپۆرتە.