یەکێتی رەخنە لە سەرکردەیەکی پێشوو دەگرێت

یەکێتی رەخنە لە سەرکردەیەکی پێشوو دەگرێت

.



پارتی سەرۆک کۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی سەرکردەیەکی پێشوو و کاریگەری تۆمەتبار کردووە بە دروستکردنی پشێویی دەستەگەریی.



بەرپرسانی باڵا لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەڵێن نەوشیروان مستەفا، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتەکە، هانی دەستەیەکی ناکۆکی داوە ڕەخنە لە سەکردایەتی بگرێت.



رەگ – ڕەوتى گۆڕینى دیموکراتی، لە سەرەتای مانگى یانزەدا سەریهەڵدا و داوای لە بەرپرسانی باڵای یەکێتی کرد ڕێگا بۆ ئەندامانی نوێ چۆڵ بکەن.



ئەندامانی رەگ، کە دواتر‌ لە پارتەکە دەرکران، نکۆڵی لەهەر پەیوەندییەک لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا دەکەن و دەڵێن تەنها لە هەندێک ئامانجادا هاوبەشن لەگەڵیدا و لە لایەن ئەوەوە پاڵپشتی ناکرێن.



دەرکردنی خێرای ئەو ئەندامانە لە ڕیزەکانی یەکێتی وەک کاردانەوەیەکی توند لە لایەن زۆرێک لە ڕەخنەگرانەوە لێکدرایەوە و ئەو ئەگەرەشی‌ خستەوەڕوو کە سەرسەختیی سەرکردایەتی لەوانەیە پارتەکە بەرەو پەرتبوون ببات.



لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسێکی باڵای یەکێتی، کە نەیویست IWPR ناوی ئاشکرا بکات، وتی ئەم دەستەیە بۆیە دەرکرا، چونکە وەک هاومەرامى نەوشیروان مستەفا لێکدرایەوە.



"دەستەکە تەواو شوێنپەنجەی نەوشیروانی پێوە دیارە" ئەو بەرپرسە وتی.



نەوشیروان مستەفا دەستی لە پۆستی جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی کێشایەوە پاش کێشمەکێشێکی ناوخۆیی لەسەر دەسەڵات لە ٢٠٠٦ دا. نەوشیروان مستەفا کۆمپانیای‌ وشەى دامەزراند.



لەو لێدوانانەی لە بڵاوکراوەکانی دەزگاکەی خۆیدا بڵاوبوونەتەوە، نەوشیروان مستەفا ڕاشکاوی‌ خۆی وەک ڕەخنەگرێک دەخاتەڕوو بەرامبەر بەو پارتەی کە هێشتا ئەندامە تیایداو سەرکردایەتییەکەی تۆمەتبار دەکات بەخراپ بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایکردنی تاکە کەسی.



نەوشیروان بەم دواییانە بە IWPRی ڕاگەیاند کە میدیا بەکاردەهێنێت بۆ هاندانی چاکسازی و هیچ پلانێکی نییە بۆ دروستکردنی پارتێکی سیاسی لە دژی یەکێتی.



نەوشیروان وەڵامی پرسیارێکی‌ IWPRی نەداوەیەوە سەبارەت بەبانگەشەکانی یەکێتی کە گوایە ئەو دەستی لە رەگدا هەیە.



کارنامەی سیاسی



دەستەی رەگ کەئێستا ئەندامەکانی دانیشتووی لەندەنن لە ٧ی مانگى یانزەدا خۆی ڕاگەیاند، و داوای کرد کە سەرکردایەتی یەکێتی دەست لە کار بکێشێتەوە چونکە سەرکەوتوو نەبووە و بەدەست گەندەڵیەوە دەناڵێنن.



چەند ڕۆژێک دواتر، چوار دامەزرێنەرەکەی ڕەگ – شۆرش حاجی، مەلا خدر، هەڤاڵ کوێستانی و هشیار عابد – لە پارتەکە دەرکران. بەیاننامەیەکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەو چوار کەسەی بە کۆمەڵەیەکی "سەرلێشێواو" وەسف کرد، کە هەوڵی کودەتا دەدەن لە دژی دامەزراوە "هەڵبژێردراوە یاسایییەکانی" ئەو پارتە.



‌بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی بە IWPRی ڕاگەیاند بانگەشەکانی دەستەکە هیچ بنەمایەکیان نییە.



"گەندەڵی بۆتە تۆمەتێکى حازر بەدەست کە کەسێک کەیفى بەکەسێک نەهات ئەڵێت گەندەڵە" ئازاد جوندیانی دەڵێت.

جوندیانى وتى"هیچ شتێک لەم تۆمەتانە بەدی ناکرێت."



سکاڵای رەگ، وەک جوندیانی وتی "دەربارەی گەندەڵی نییە بە هەمان ئەو شێوەیەی کە سکاڵاکانی نەوشیروان پەیوەندیان بە چاکسازییەوە نییە. ئەمانە گشتیان ئەجێنداى سیاسیان لەپشتەوەیە."

جوندیانی پێی وایە رەگ بەشێکە لە تاکتیکەکانی نەوشیروان.



لەگەڵ ئەوەشدا، رەگ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەستەیەکی سەربەخۆیە و هیچ پەیوەندی بە نەوشیروانەوە نییە.



"هەندێک لە داواکاریی و ئامانجەکانمان هاوشێوەی ئەوانەی نەوشیروان مستەفان" شۆڕش حاجی، یەکێک لە سەرکردەکانی دەستەکە، بە IWPRی راگەیاند.



"سەرەڕای ئەمەش، چەند جارێک نەوشیروان ڕایگەیاندووە کە پێشنیارەکانی رەگ بەجێن – و ئێمە بۆ ئەوە سوپاسی دەکەین" حاجی وتی. سەرەڕای‌ ئەوە وتیشی "نەوشیروان هیچ پەیوەندییەکی بە رەگەوە نییە."



"کەسانی تر لەوانەیە لێکدانەوەیەکی جیاجیان هەبێت بۆ چەند مەبەستێکی دیاریکراو" حاجی وتی.



شکستەکانی سەرکردایەتی



ناکۆکیی دەستەیی روخسارێکی یەکێتی بووە هەر لە زووەوە و بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی‌ پێشڕەوی سێ کۆمەڵەی جیاوازیان کردووە.



لە ٢٠٠٦دا رکەبەرایەتییەکە خەستر بۆوە‌ دوای ململانیێیەکی ناوخۆیی لەسەر دەسەڵات کە تیایدا باڵی گشتی، کە لەلایەن تاڵەبانییەوە پێشڕەوی دەکرێت، زاڵ بوو بەسەر بەرەنگاریی لایەنگیرانی‌ نەوشیروان، کە بە "ریفۆرمخوازەکان" ناسراون.



دواتر نەوشیروان دەستی لە سەرکردایەتی کێشایەوە. چاودێران دەڵێن دەرچوونی مستەفا دەرکەوت فاکتەرێکی‌ یاریدەدەر بوو بۆ سەرهەڵدانی چەند دەستەیەکی بچووکتر لە ناو پارتەکەدا. کەرەگ، یان گۆڕانی دیموکراتی، تازەترینیانەو چەند ناوێکی تریشن وەک ڕابوون، یەکبوون و پەیڕەوانی پەیڕەو.



دامەزرێنەرانی رەگ ئەندامی کۆنی یەکێتین کە نەگەیشتوون بە پۆستی سەرکردایەتی و لە دەرەوەی وڵات دادەنیشن.



دەستەکە داوای لەتاڵەبانی و ئەندامانی‌ تری کۆمیتەی‌ سەرکردایەتی کرد، دەست لە پۆستەکانیان بکێشێتەوە. ‌ رەگ دەڵێت سەرکردایەتی تووشی گەندەڵی بووە و بەرپرسیاریشە لە شکستەکانی پارتەکە.



ئێستا، یەکێتی بەرەو چارەنوسێکی نادیار دەچێت، لەبەیاننامەی دامەزراندنی ڕەگدا هاتووە "ئەگەر وەها بڕوات، یەکێتی پارچە پارچە دەبێت."



دوابەدوای دەرکردنی رەگ لەیەکێتی، ڕۆژنامە ناوخۆیی و ئەهلیەکان چەند بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە بەئیمزای‌ سەدان کەس لە ئەندامانى یەکێتى لەدەرەوەى وڵات کە پشتگیرى ڕەگ دەکەن.



حاجی وتی سەرکردەکانی یەکێتی دەبوایە داواکارییەکانی ڕەگی تاووتوێ بکردایە لە بری وەسفکردنیان بە ئاژاوەگێڕ‌. دەڵێت "ترساون لە پاڵپشتیی فراوانی کادیران، دەیانەوێت نەهێڵن کەسانی تر پەیوەندیمان پێوە بکەن."



لەگەڵ ئەوەشدا، گوتەبێژی یەکێتی مەلا بەختیار وتی سەرکردەکانی یەکێتی‌ سوور دەبن لەسەر بڕیارەکەی خۆیان.



مەلا بەختیار ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لە کاتێکدا یەکێتی ڕێگا بە بۆچوونی جیاواز دەدات، سووریشە لەسەر پاراستنی یەکدەنگی لەنێوان ریزەکانی پارتەکەدا، وتى"بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسی وەک خۆی دەمێنێتەوە".



مەترسى پەرتبوون



هەندێک لە چاودێران هۆشیاریان داوە کە ئەو ڕێوشوێنە لە دژی دەستەکە ئێجگار توند بووە - و لەوانەیە بە خراپی بەسەر یەکێتیدا بشکێتەوە.



"من هیچ هۆکارێکی ژیرانە نابینم بۆ دەرکردنی ئەم کادیرانە" عەدنان عوسمان، سەرنوسەری رۆژنامەی رۆژنامە، کە بەشێکە لە گروپی وشە بۆ میدیا و نەوشیروان مستەفا خاوەندارێتی دەکات، وتی.



عەدنان دەڵێت "سەرکردایەتی یەکێتی بڕوای بەلێهاتوویی کەسانی تر نییە، توانای ئەوەی نییە نوێ ببێتەوە و بڕوای بە بیروڕای جیاوازیش نییە"



سەردار قادر، مامۆستای زانستی سیاسی لە زاکۆی سلێمانی، دەڵێت شتێکی نائاسایی نییە کە ئەندامان داوای گۆڕان بکەن لەناو پارتەکەدا و داواکارییەکانی رەگ لەم روانگەیەوە تەواو ئاسایین.



بە گوتەی قادر، رەگ دەتوانێت مەترسی بۆ سەر یەکێتی دروست بکات لە دەرەوەی پارتەکەوە چونکە "دامەزرێنەرانی ڕ’گ کادرى ناوەندین لەپۆستەکانیاندا کە دەتوانن کاریگەری لەسەر خانە بچووکەکان دروست بکەن".



"زۆربەی ئەندامانی یەکێتی لەئەوروپا پاڵپشتیان لەهەنگاوی یەکەمی ئەم کۆمەڵە نوێیە کردووە" وتی.



سەردار قادر وتى"ئەمە هانی کەسانی تر دەدات تا زیاتر لەم گروپانە رابگەیەنن، ئەگەر یەکێتی بەردەوام بێت لە رەتکردنەوەی داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی."



قادر دەڵێت رەگ دەتوانێت پارتێکی نوێ دروست بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەکێتی مەگەر داواکارییەکانی تاووتوێ بکرێن لە کۆنگرەی داهاتووی حزبەکەدا. لەگەڵ ئەوەشدا، یەکێتی تەنها دوو کۆنگرەی بەستووە لە مێژووی ٣٣ ساڵەیدا و هێشتا رێکەوتێک بۆ کۆنگرەی داهاتوو دەستنیشان نەکراوە.



لە کاتێکدا هیچ دەربازبوونێکی نزیک بوونی نییە بۆ ئەو گرژییانەی لە پارتەکەدا سەرهەڵدەدەن، تاکە هیوا بۆ کۆتاییهێنان بەو ناکۆکیە ناوەکیە‌ بەندە بە ئاشبوونەوەیەکی شیاو لە نێوان تاڵەبانی و نەوشیرواندا.

"بەبڕواى قادر ئەگەر تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بگەن بە رێکەوتنێک، کێشەکان چارەسەر دەبن. قادر وتی. "هەروەها ئەمە کێشەکانی رەگیش چارەسەر دەکات، چونکە داواکارییەکانیان هەمان داواکارییەکانی نەوشیروانن".



وریا حەمە تاهیر پەیامنێرێکی راهێنراوی IWPRە لە سلێمانی. ستافی IWPR لە لەندەن و سلێمانییش بەشداربوون لە نوسینی ئەم راپۆرتەدا.
Iraqi Kurdistan
Frontline Updates
Support local journalists