Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك شاری سه‌در ده‌هه‌ژێنن

ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن هێزه‌كانی ئاسایش ئه‌ركه‌كانی خۆیان به‌ته‌واوی جێبه‌جێ ناكه‌ن بۆ پاراستنی هاوڵاتیان.
By Ali Kareem
Residents of the sprawling Baghdad slum of Sadr City examine the burned out remains of a car on April 23, hours after the vehicle was used by insurgents to attack a nearby Shia mosque. (Photo: Serwan Azez/Metrography)
  • Residents of the sprawling Baghdad slum of Sadr City examine the burned out remains of a car on April 23, hours after the vehicle was used by insurgents to attack a nearby Shia mosque. (Photo: Serwan Azez/Metrography)
    Residents of the sprawling Baghdad slum of Sadr City examine the burned out remains of a car on April 23, hours after the vehicle was used by insurgents to attack a nearby Shia mosque. (Photo: Serwan Azez/Metrography)
  • Elderly women gather to mourn before a mural depicting anti-American cleric Moqtada al-Sadr and other Shia religious leaders on April 23, hours after a series of car bombs struck the Sadr City neighborhood of Baghdad. (Photo: Serwan Azez/Metrography)
    Elderly women gather to mourn before a mural depicting anti-American cleric Moqtada al-Sadr and other Shia religious leaders on April 23, hours after a series of car bombs struck the Sadr City neighborhood of Baghdad. (Photo: Serwan Azez/Metrography)

عه‌لی كه‌ریم – به‌غدا

ICRی ژماره‌ ٣٣٤، ٢٩-٤-٢٠١٠

دوو رۆژ دوای ئه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌ چه‌ند مزگه‌وتێكیان له‌ به‌غدا هه‌ژاند، شه‌هاب ئه‌حمه‌د مه‌ناتی له‌ته‌نیش قه‌ڵه‌وێره‌كه‌ی باوكی له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك‌ دانیشتبوو، به‌ باوه‌شێنێك مێشی له‌ باوكی دوور ده‌خسته‌وه و‌ فێنكی ده‌كرده‌وه‌.

شه‌هاب‌ خه‌ڵكی شاری سه‌دره‌ و وتی، "ئێمه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بووین كاتێك ته‌له‌فۆنێكمان له‌ خزمێكمانه‌وه‌ بۆ هات كه‌ له‌گه‌ڵ باوكم چووبووه‌ نوێژی هه‌ینی. دایكم وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی دایه‌وه‌وده‌ستی به‌ قیژاندن كرد".

له‌ ئه‌نجامی ئه‌و زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ٢٣ی نیسان روویدا، به‌لایه‌نی كه‌م ٧٢ كه‌س كوژران و سه‌دانی تریش، به‌ باوكی شه‌هابیشه‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نی ٤٢ ساڵه‌، بریندار بوون. له‌و هێرشانه‌دا، چه‌ند مزگه‌وتێك و ماڵی هاوڵاتیان و شوێنێك كه‌ له‌ باره‌گای موقته‌دا سه‌در نزیكه‌ كرانه‌ ئامانج.

ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌‌خوێناویترین په‌لامار بوون دژی مزگه‌وته‌كانی شیعه‌ له‌مساڵدا و‌ ته‌نها چوار رۆژ دوای كوژرانی دوو له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی قاعیده روویاندا و ده‌سه‌ڵادارانی عێراقیش چه‌نجه‌ی تۆمه‌تیان بۆ قاعیده‌ درێژ كرد‌.

به‌ڵام زۆرێك له‌ خه‌ڵكی شاری سه‌در جارێكی تر وتیان حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ سه‌ر و ماڵیان بپارێزێت. له‌دوای هێرشه‌كانه‌وه‌، خه‌ڵك و پیاوه‌ ئایینییه‌كانی شاره‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانیان به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردووه‌ كه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی ئاسایش بۆ هاوڵاتیان دابین بكه‌ن كه‌چی خه‌ریكی ناكۆكیی سیاسین.

ئه‌حمه‌د، باوكی شه‌هاب، ئاماژه‌ی به‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ كرد كه‌ دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ مانگی رابردووه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و وتی، "هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م زنجیره‌ هێرشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئاسایش ئه‌ركه‌كانی خۆیان به‌باشی به‌جێناهێنن بۆ پاراستنی ئارامی له‌ شاره‌كه‌. ئیتر به‌سه‌. ده‌بینین ئارامی وه‌ك خه‌ونێكی لێهاتووه‌ بۆ ئێمه‌ و شتێكی ئه‌وتۆش له‌ حكومه‌تی نوێ چاوه‌ڕێ ناكه‌ین. حكومه‌تێك كه‌ سه‌ره‌تاكه‌ی ناكۆكی و مشتومڕ بێت شتێكی ئه‌وتۆی لێ چاوه‌ڕێ ناكرێت تا بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی بكات".

عه‌باس سوادی نه‌جم، ته‌مه‌نی ٣٤ ساڵه‌ و قوربانییه‌كی تری ئه‌م زنجیره‌ هێرشه‌یه‌، پێی وابووه‌ له‌ مزگه‌وتدا پارێزراوه‌، به‌ڵام بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌ڵه‌ بووه‌ و یه‌كێك له‌و ته‌قینه‌وه‌ خوێناویانه‌ دار و به‌ردی مزگه‌وته‌كه‌ی به‌سه‌ردا رووخاندووه‌ له‌كاتێكدا له‌سه‌ر به‌ڕماڵه‌كه‌ی له‌ كڕنووشدا بووه‌.

عه‌باس، له‌ دووكانێكدا پێداویستیی رۆژانه‌ی ماڵه‌وه‌ ده‌فرۆشێت، وتی، "زۆر رۆژی ره‌شی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌مان دیووه‌. كوا حكومه‌ت؟ هێزه‌كانی ئاسایش خه‌ریكی چین؟ گشت بیانوویه‌كانی ئه‌وانمان له‌به‌ر كردووه‌. هه‌موو كه‌سێك لێره‌ له‌ترسدا ده‌ژی و داهاتووش لێڵه‌".

به‌رپرسانی هێزه‌كانی ئاسایش ده‌ڵێن هێزه‌كانیان ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆیان داوه‌. به‌شێك له‌و به‌رپرسانه‌ پێشبینی هێرشی زیاتریان كرد به‌ئامانجی دروستكردنی كێشه‌ له‌نێوان سوننه‌ و شیعه‌.

قاسم عه‌تا، گوته‌بێژی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌غدا، وتی، "فه‌رمانمان به‌ هێزه‌كانی ئاسایش له‌ به‌غدا كردووه‌ كه‌ گرنگییه‌كی زۆر به‌ شوێنه‌ پیرۆزه‌كان و مزگه‌وته‌كان بده‌ن چونكه‌ تێبینیمان كردووه‌ له‌م هێرشانه‌ی دواییدا مزگه‌وته‌كانی شیعه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج. ئامانجی ئه‌و هێرشانه‌ روونه‌: دروستكردنی گرژیی تائیفییه‌ له‌ به‌غدا و ته‌واوی عێراق".

قاسم عه‌تا زیاتر وتی، "ته‌قینه‌وه‌كانی هه‌ینی رابردوو له‌ به‌غدا له‌ڕێی ئۆتۆمبیلی بومبڕێژكراو و چه‌ند خۆكوژێكه‌وه‌ كه‌ پشتێنه‌ی بۆمبڕێژكراویان له‌خۆ به‌ستبوو جێبه‌جێ كراون. ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پشتێنه‌ ئه‌منیانه‌ ئه‌نجامدراون كه‌ رۆژانی هه‌ینی به‌ده‌وری مزگه‌وته‌كاندا دروست ده‌كرێن. ئه‌مه‌ مانای وایه‌ هێزه‌كانی ئاسایش هۆكاری ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ نین چونكه‌ ئه‌نجامده‌رانی ته‌قینه‌وه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ بازنه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ببڕن".

قاسم عه‌تا وتی قاعیده‌ ئه‌و هێرشانه‌ی بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام هه‌ندێ كه‌س ئه‌و بۆچوونه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌‌ و ده‌ڵێن زنجیره‌ هێرشێك كه‌ هێنده‌ ئاڵۆز و رێكخراو بێت كاتێكی زۆرتری ده‌وێت تا جێبه‌جێ بكرێت.

قاسم عه‌تا وتی، "ئه‌و هێرشانه‌ له‌ تۆڵه‌ی ئه‌و زه‌بره‌ كه‌مه‌رشكێنانه‌ن كه‌ ئێمه‌ ئاڕاسته‌ی قاعیده‌مان كردووه‌ و دوو له‌ سه‌ركرده‌كانیمان كوشتووه‌. ئێمه‌ پێشبینی ئه‌و هێرشانه‌مان ده‌كرد چونكه‌ قاعیده‌ به‌ئاسانی واز له‌ عێراق ناهێنێت. قاعیده‌ هه‌وڵده‌دات بوونی خۆی بسه‌لمێنێت هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتی خه‌ریكه‌ له‌ناو ده‌چێت".

ئه‌و زیاتر وتی، "پێشبینی ده‌كه‌ین خانه‌ نووستووه‌كانی قاعیده‌ هێرشی زیاتر ئه‌نجام بده‌ن".

شێخ سه‌باح سودانی، ئیمامی مزگه‌وتی سادقه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی شوعله‌، وتی له‌ شه‌قامه‌كاندا هه‌ست به‌و دڵه‌ڕاوكێیه‌ ده‌كرێ كه‌ به‌هۆی ئه‌گه‌ری روودانی هێرشی زیاتر دروست بووه‌.

سودانی وتی، "ره‌وشه‌كه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ و خه‌ڵكیش له‌ هێرشی زیاتر زۆر ده‌ترسن. خۆشییه‌كه‌مان به‌بۆنه‌ی ئارامی و ئۆقره‌ییه‌وه‌ درێژه‌ی نه‌كێشا و هاوڵاتیان ئێستا سه‌ریان لێشێواوه‌. ئه‌و رۆژه‌ی هێرشه‌كان روویاندا، ئێمه‌ ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆماندا تا خه‌ڵك رازی بكه‌ین تۆڵه‌نه‌كه‌نه‌وه‌ و خۆیان به‌دوور بگرن له‌ پیلانی دوژمنكارانه‌ كه‌ ده‌كرێت وڵات تووشی شه‌ڕ بكاته‌وه‌. به‌ڵام تا كه‌ی ده‌توانین رازییان بكه‌ین؟"

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌دا، موقته‌دا سه‌در داوای له‌ لایه‌نگرانی كرد به‌رگری له‌ خۆیان و مزگه‌وته‌كانیان بكه‌ن. هه‌ندێ راڤه‌كار پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ هاوكاریێكی ده‌گمه‌نه‌ بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی، به‌ڵام هه‌ندێكی تر ده‌ترسن سوپای مه‌هدی بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌وه‌ته‌ی تێكشكانی له‌ ساڵی ٢٠٠٨ له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و عێراق كپ بووه‌‌.

فه‌تاح شێخ، په‌رله‌مانتارێكی نوێیه‌ له‌سه‌ر لیستی عێراقییه‌ و له‌ سه‌دریش نزیكه‌، وتی، "له‌ڕێی ئه‌و هێرشانه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌رێت سه‌در ناچار بكرێت ده‌ست به ‌شه‌ڕ بكات. به‌ڵام ره‌وشی ئێستا به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ٢٠٠٦ یان هه‌ر كاتێكی تر جیاوازه‌. ئه‌مڕۆ سه‌درییه‌كان سه‌ركردایه‌تییه‌كی ژیریان هه‌یه‌ و كارێكی هێنده‌ سه‌ركێش ئه‌نجام ناده‌ن".

هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی ره‌وتی سه‌در حكومه‌ت به‌ هۆكاری راسته‌وخۆی ئه‌و هێرشانه‌ ده‌زانن.

سه‌لمان فرێجی، به‌رپرسی نووسینگه‌ی سه‌دره‌ له‌ كه‌رتی رووسافه‌ كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی شیعه‌ن، وتی، "ئه‌مه‌ كێشه‌ی حكومه‌ته‌. حكومه‌ت ناتوانێ ئاسایش به‌رقه‌رار بكات. دوژمنه‌كانی خه‌ڵكی عێراق هه‌لی خۆیان ده‌قۆزنه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و كه‌شه‌ تونده‌ی له‌ شه‌قامه‌كاندا دروست بووه‌ و حكومه‌تیش شكستی خواردووه‌. به‌رده‌وامبوونی ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ته‌نها كێشه‌ی زیاتر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت".

قاسم عه‌تا وتی حكومه‌ت سووره‌ له‌سه‌ر پاراستنی گشت هاوڵاتیان و نابێت له‌سه‌ر حسابی گروپێك گرنگی به‌ ئارامیی گروپێكی تر بدات.

قاسم عه‌تا وتی، "ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خراونه‌ته‌ پاڵ هێزه‌كانی ئاسایش كاردانه‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێكی توڕه‌یه‌ و ئێمه‌ش لێیان تێ ده‌گه‌ین. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ هه‌موو كه‌سێك بزانێت كه‌ ئێمه‌ش وه‌ك هێزه‌كانی ئاسایش به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌ قوربانی و كوژراوی زۆرمان داوه‌. چاره‌نووسمان یه‌كه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ هه‌موومان هاوكاری یه‌كتر بكه‌ین تا له‌ تیرۆر رزگارمان بێت".

عه‌لی كه‌ریم رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه‌ له‌ به‌غدا.