Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ داواده‌كه‌ن دادگا حوكمی عه‌لی كیمیایی ده‌ربكات

دانیشتوانی شاره‌كه‌ گومانیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی هه‌رگیز دادپه‌روه‌ری له‌ كه‌یسی هێرشه‌ گازییه‌كانی ١٩٨٨ بچه‌سپێت.
By Abdullah Reshawi
.



پارێزه‌رانی ده‌سته‌ی سكاڵاكار ده‌ڵێن كه‌یسی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید، ناسراو به‌ عه‌لی كیمیایی، له‌ كۆتایی نزیك بۆته‌وه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت دادوه‌ر بڕیاری كۆتایی ده‌ربكات.



به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌یتوانیوه‌ دڵنایی بدات به‌ دانیشتوانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌‌‌ كه‌ پێنج هه‌زار كه‌سی تیا كوژرا‌وه‌ له‌و هێرشه‌ گازییه‌ی كه‌ ده‌وترێت به‌ بڕیاری مه‌جید ئه‌نجام دراوه‌.



مه‌جید سێ جار سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رچووه‌‌ له‌سه‌ر چه‌ند تاوانێكی تر، به‌ڵام هێشتا له‌م شاره‌ زۆرێك به‌گومانن له‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری له‌دژی ئه‌و هێرشه‌ی كرایه‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان بچه‌سپێت.



دادگا مه‌جید به‌ تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی تاوانبارده‌كات. له‌٢٠٠٧ه‌وه‌، له‌ كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌دا ٣٧ دانیشتن ئه‌نجامدراوه‌و ٣٤ هاوڵاتی وه‌ك شاهێد قسه‌یان وه‌رگیراوه‌.



نیگه‌رانیی هاوڵاتیان زیاتر بوو پاش بڵابوونه‌وه‌ی هه‌واڵێك كه‌ باس له‌ گواستنه‌وه‌ی مه‌جید له‌ زیندانێكی ئه‌مریكییه‌كان له‌ نزیك شاری سلێمانییه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی ده‌كات، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌ڵێن ئاماده‌كارییه‌كه‌ بۆ له‌سێداره‌دانی.



له‌ مۆنومێنتی هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ی قوربانیانی هێرشه‌ خوێناویه‌كه‌‌‌ دروستكراوه‌، به‌ختیار عومه‌ر چاوی بڕیبوویه‌ وێنه‌ى یه‌كێك له‌ كه‌سوكاره‌ مردوه‌كه‌ی له‌ سه‌ردیواری مۆنومێنته‌كه‌ و به‌توڕه‌یی و خه‌مبارییه‌وه‌ قسه‌ی ده‌كرد.‌



"من زۆر خۆشحاڵبووم كه‌ مه‌جیدم بینی له‌به‌رده‌م حاكمدا. هیچ ره‌حمێكم بۆ ئه‌و نییه، ئه‌و به‌رپرسیاری وێرانكردنی شاره‌كه‌م و كوشتنی كه‌سوكارمه‌‌." عومه‌ر، كه‌ فرمێسك له‌ چاوه‌كانی قه‌تیس مابوون، وتی."من تێناگه‌م بۆ ئه‌و هێشتا زیندوه‌ و له‌سێداره‌ نه‌دراوه‌. گومانم هه‌یه‌ له‌ سێداره‌ بدرێت."



ئه‌م جۆره‌ هه‌سته‌ لێره‌ باوه‌. زۆرێك له‌ خه‌ڵكی گومانی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پڕۆسه‌ یاساییه‌ دوورودرێژه‌ به‌شێوه‌یه‌كی رێك بروات به‌ڕێوه‌ و زۆرێكی دیكه‌ش ته‌نها به‌وه‌ خۆشحاڵ ده‌بن كه‌ ببینن مه‌جید بۆ چواره‌م جار سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌ربچێت به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌.



"ئه‌و تاوانباره‌ پێویسته‌ له‌سێداره‌ بدرێت و ببێته‌ وانه‌یه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی هێشتا بیر له‌ كوشتنی خه‌ڵكی بێ تاوان ده‌كه‌نه‌وه‌." ئومێد ره‌فعه‌ت، كه‌ له‌گه‌ڵ باوكی بۆ رێزگرتن له دۆسته‌ مردووه‌كانیان‌ له‌ مۆنومێنته‌كه‌ بوون، وتی.



لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ توندی ره‌خنه‌ی له ‌دواكه‌وتنی كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌ گرت.



عه‌بدولقادر به‌ په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی راگه‌یاند كه‌ رێكخرا‌وه‌كه‌ی "هه‌موو رێوشوێنێكی جه‌ماوه‌ری و گوشاری دیبلۆماسی و مه‌ده‌نی ده‌گرێته‌ به‌ر ئه‌گه‌ر بزانێت كه‌سێك ده‌یه‌وێت كۆسپ بخاته‌ به‌رده‌م داد‌گاییكردنی عه‌لی كیمیایی‌."



تووڕه‌یی له‌سه‌ر داوخستنی كه‌یسه‌كه‌ زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند پاش ئه‌و پێشبینییه‌ی كه‌ له‌میدیاكانه‌وه‌ بڵاوبوویه‌وه‌ كه‌‌ گوایه‌ حكومه‌تی به‌غدای شیعه‌زاڵ پێده‌چێت به‌ر له‌ بڕیاری كۆتایی دادگای هه‌ڵه‌بجه‌ مه‌جید له‌ سێداره‌ بدات ئه‌مه‌ش بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رێتیی خۆی پێش هه‌ ڵبژاردنی نیشتیمانی كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی ئازار به‌ڕێوه‌ بچێت.



مه‌جید تا ئێستا سێ جار سزای له‌ سێداره‌دانی به‌سه‌را سه‌پێنراوه‌ بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی ئه‌نفال له‌ساڵانی ١٩٨٠كاندا و سه‌ركوتكردنی راپه‌ڕینی شیعه‌كان له‌ ساڵی ١٩٩١ و سه‌ركوتكردنی راپه‌ڕینێكی دیكه‌ له‌ به‌غدا له‌ ساڵی ١٩٩٩.



مه‌جید، كه‌ ئامۆزای سه‌دام حوسێنه‌ و یه‌كێك بوو له‌ پیاوه‌ به‌هێزه‌كانی حیزبی به‌عس، دوو ساڵه‌ چاوه‌ڕێی سزای له‌سێداره‌دان ده‌كات.



هه‌ر سێ بڕیاره‌كه‌ی له‌سێداره‌دان هێشتا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ په‌سه‌ندنه‌كراون. پێویسته‌ هه‌موو بریارێك له‌لایه‌ن هه‌ر سێ ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراق - سه‌رۆك كۆمار و دوو جێگره‌كه‌ی - ئیمزا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێبكرێت.



به‌كر حه‌مه‌ سدیق، یه‌كێكه‌ له‌ پارێزه‌رانی سكاڵاكاری دادگای هه‌ڵه‌بجه،‌ وتی، "ئێمه‌ داوامان له‌ حكومه‌ت كردوه‌ كه‌ عه‌لی كیمیایی له‌ سێداره‌نه‌دات تاوه‌كو كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌ كۆتایی دێت. ئه‌وله‌ویاتی ئێمه‌ بریتییه‌ له‌ ناساندنی ئه‌و كه‌یسه‌ وه‌ك جینۆساید نه‌ك سزای له‌ سێداره‌دان. به‌ڵام ئه‌وه‌ گومانی تێدا نیه‌ كه‌ عه‌لی كیمیایی له‌ سێداره‌ ده‌درێت."



به‌رپرسی مۆنومێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ ،سه‌رخێڵ غه‌فار، هاوڕابوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ناساندنی كه‌یسه‌كه‌ وه‌ك جینۆساید له‌ له‌سێداره‌دانی مه‌جید گرنگتره‌.



"ئه‌وه‌ند به‌سه‌ كه‌ رژێمی سه‌دام حوسێن له‌سه‌ر ده‌سڵات لادراوه‌،" غه‌فار وتی.



به‌ڵام له‌نێو خه‌ڵكی ئاسایی هه‌ڵه‌بجه‌ هیچ پرسیارێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاخۆ چاره‌نووسی مه‌جید چۆن ده‌بێت نییه‌‌.



"له‌ سێداره‌دانی عه‌لی كیمیایی گرنگه‌. گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هاكانی مرۆڤه‌. ئه‌و پیاوه‌ به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی هه‌زاره‌ها خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌." شاعیرێكی ناوچه‌كه‌ كه‌ به‌ گۆریان ناوده‌برێت وتی.



له‌ مۆنومێنته‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌، باوكی ئومێد ده‌ستیكرد به‌ گریان دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌سوكاری دۆزیه‌وه‌ له‌ نێو وێنه‌ی قوربانییه‌كان.



"ده‌بینیت" ئومێد به‌ده‌م ئیشاره‌تكردن بۆ باوكی وتی، "دڵخۆشیی راسته‌قینه‌ ئه‌وكاته‌ به‌رۆحمان شاد ده‌بێته‌وه‌ كه‌ سزای له‌ سێداره‌دانی مه‌جید ببینین."



عه‌بدوڵڵا رێشاوی رۆژنامه‌نوسێكی راهێنراوی IWPRه‌.