ئه‌و تروسكه‌ی هیوایه‌ی له‌مێژه‌ به‌غدا چاوه‌ڕێیه‌تی

دانیشتوانی به‌غدا به ‌كردنه‌وه‌ی شه‌قامی ئه‌بونه‌واس شاد و دڵخۆش بون كه‌ سه‌رده‌مانێك شه‌قامێكی جه‌نجاڵ و قه‌ره‌باڵغ بوو، به‌ڵام هه‌ر دوای سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی له‌ پایته‌خت، ئه‌و شه‌قامه‌ داخرا.

ئه‌و تروسكه‌ی هیوایه‌ی له‌مێژه‌ به‌غدا چاوه‌ڕێیه‌تی

دانیشتوانی به‌غدا به ‌كردنه‌وه‌ی شه‌قامی ئه‌بونه‌واس شاد و دڵخۆش بون كه‌ سه‌رده‌مانێك شه‌قامێكی جه‌نجاڵ و قه‌ره‌باڵغ بوو، به‌ڵام هه‌ر دوای سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی له‌ پایته‌خت، ئه‌و شه‌قامه‌ داخرا.

Wednesday, 19 December, 2007
- وه‌كو زۆرێك له‌ بازرگانانی پایته‌خت، حه‌سه‌ن كاتێكی زۆر ناڕه‌حه‌تی له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌سه‌ربرد.



دوای داگیركردنی عێراق به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا له‌ ٢٠٠٣ دا، حه‌سه‌ن ناچاربوو دوكانه‌كه‌ی دابخات چونكه‌ به‌ هۆی بوونی سه‌ربازكانی ئه‌مریكیه‌وه‌ خه‌ڵك زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌یانتوانی بگه‌نه‌ ئه‌و شه‌قامه‌.



حه‌سه‌ن، ٣٧، به‌ په‌یامنێری (IWPR)ی وت، "بارودۆخی ئێره‌ دوای رووخانی رژێم ئێجگار گۆڕا‌، كه‌س نه‌ده‌هات‌ بۆ كات به‌سه‌ربردن."



دوای چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك، شه‌قامی ئه‌بو نه‌واس - كه‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێك درێژه‌ و چه‌ندین چێشتخانه‌ و چایخانه‌ و پاركی یاری تێدایه‌ - هه‌مووی سه‌رجه‌م به‌جارێك داخرا.



به‌غداییه‌كان خولیایه‌كه‌ی تایبه‌تیان هه‌یه بۆ ئه‌بونه‌واس كه‌ به‌ناوی شاعیرێكی به‌ناوبانگ و دڵته‌ڕی سه‌ده‌ی هه‌شته‌مه‌وه‌ ناونراوه‌، چونكه‌ له‌و شوێنه‌دا ماسی مه‌سگوف به‌ ئاگری دارو خه‌ڵوز ئاماده‌ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی شاره‌كه‌ كه‌ جێگه‌ی راكێشانی سه‌رنجی خه‌ڵكه‌.



هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا، ئه‌بو نه‌واس جارێكی تر كرایه‌وه‌ و خه‌ڵك و سه‌ردانكه‌ران‌ به‌درێژایی شۆسته‌كانی به‌بێتاقه‌تی پیاسه‌یانده‌كرد و یه‌كه‌م كه‌سیش به‌ سه‌ردان گه‌یشته‌ ئه‌و شوێنه‌ نوری مالیكی سه‌ره‌ك وه‌زیران بوو.



دوباره‌ ژیاندنه‌وه‌ی ئه‌م شه‌قامه‌ هێمای ئه‌و ئومێده‌ رووله‌زیاده‌یه‌ كه‌ نیشانده‌دات ئه‌و شه‌ڕ و ململانێیه‌ی پایته‌ختی ته‌فروتوناكردووه‌، روو له ‌نشێوبێت.



وه‌زاره‌تی به‌رگری ده‌ڵێت رووداوه‌ توندوتیژه‌كان له‌م به‌غدادا له‌ مانگی شوباته‌وه‌ به‌ ڕێژه‌ی ٧٠٪ دابه‌زیوه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ندێك له‌ رواڵه‌تی ئاساییبونه‌وه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و شه‌قامه‌.



توندوتیژی به‌قورسی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوری به‌غداییه‌كانی شێواندوه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك شوێنی گشتی به‌كراوه‌یی مابونه‌وه و مه‌ترسی و روداوی خه‌ته‌ر له‌ هه‌موو شوێنێكدا خۆیان مه‌ڵاسدابوو، به‌ده‌گمه‌ن دانیشتوانی ئه‌و شاره‌ ماڵه‌كانیان به‌جێده‌هێشت و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ته‌واو بێزاربوبون و دابڕابون.



محه‌ممه‌د فازیلی، ووته‌بێژی شاره‌وانی به‌غدا، وتی، "دووباره‌ كردنه‌وه‌ی پاركی یاری و شه‌قامی ئه‌بونه‌واس شتێكی گرنگ بوو دوای باشبونی باری ئه‌منی. خه‌ڵك به‌دوای هه‌ر شتێكدا ده‌گه‌ڕێن هیوایان پێببه‌خشێت و بۆ فرسه‌تێك ده‌گه‌ڕێن هه‌ناسه‌یه‌كی ئیسراحه‌تی تێدابده‌ن."



هه‌روه‌ها وتی حكومه‌ت له‌ به‌رنامه‌یدا هه‌یه‌ شوێنه‌ گشتیه‌كانی تریش بژێنێته‌وه‌ و دووباره‌ بیانكاته‌وه‌‌.



حه‌سه‌ن به‌ ئومێدی ئه‌وه‌یه‌ دابه‌زینی ئاستی توندوتیژی فرسه‌تی ئیش و بازرگانیه‌كه‌ی ببوژێنێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ترسی ئه‌وه‌ی هه‌ر هه‌یه‌ كه‌ رێوشوێنی ئه‌منی توندوتیژ، كه‌ هێشتا له‌ ده‌وروبه‌ری شاردا گیراوه‌ته‌به‌ر، ژماره‌ی سه‌ردانكه‌ران و میوانانی ئه‌بونه‌واس كه‌مبكاته‌وه‌.



تێپه‌ڕین به‌ خاڵێكی پشكنینی ده‌روازه‌ی ئه‌و شه‌قامه‌ نزیكه‌ی نیو سه‌عاتی پێده‌چێت. ئوتومبێل ڕێگه‌ی پێده‌درێت بچێته‌ ژووره‌وه‌، به‌ڵام رێگه‌یان پێنادرێت له‌ نزیك بیناكانه‌وه‌ رایانبگرن چونكه‌ لێپرسراوان پێیانوایه‌ هێشتا مه‌ترسی سه‌یاره‌ی بۆمبڕێژ له‌ ئارادایه‌.



ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌مكه‌م رووده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌‌و ناوچه‌یه‌ له‌و كاته‌وه‌ی كراوه‌ته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ گه‌ڕه‌كه‌ نزیكه‌كانی ئه‌بونه‌واسدا ده‌ژین و زۆریشیان تا شه‌و دره‌نگانێ نامێننه‌وه‌.



فازل عه‌بادی، ٥٠، پاسه‌وانی یه‌كێك له‌ بیناكانی نزیك ئه‌بو نه‌واس، وتی سه‌رباری هه‌موو شتێك گه‌شبینه‌ به‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م شه‌قامه‌.



هه‌روه‌ها وتی، "من بڕوام وایه‌ ژیان وه‌ك جاری جاران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م شه‌قامه‌. باری ئه‌منی باش بووه‌ و ناوچه‌كه‌ش به‌به‌رده‌وامی پاسه‌وانی هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش هانی خه‌ڵك ده‌دات بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌بونه‌واس."



دیاره‌ مناڵانیش – كه‌ زۆریان چه‌ند مانگه‌ نه‌چوونه‌ته‌ گۆڕه‌پانه‌كانی یاریكردنه‌وه‌ به‌هۆی نائارامی پایته‌خته‌وه‌ - چێژێكی ئێجگار زۆر له‌و پاركه‌ گشتیه‌ وه‌رده‌گرن.



عه‌لی ریاز كه‌ مناڵێكی ته‌مه‌ن نۆ ساڵانه‌ وتی، "من زۆر پێم خۆشه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له‌ نزیك ماڵه‌كه‌ی خۆمانه‌وه‌ یاری ئه‌كه‌م."



به‌ قسه‌ی محه‌ممه‌د فازیلی كردنه‌وه‌ی ئه‌بونه‌واس ووره‌ی خه‌ڵكی به‌رزده‌كاته‌وه‌ چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ ئیتر خه‌ڵك بڵێن هه‌ل و فرسه‌ت ڕه‌خساوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌وه‌ باوه‌ڕه‌ی هه‌موو كاته‌ ناخۆشه‌كانیان تێپه‌ڕاندووه‌.



هه‌روه‌ها وتی، "له‌م ئه‌بو نه‌واسه‌ شه‌وان تا دره‌نگ، تا ده‌مه‌وبه‌یان ئه‌ماینه‌وه. زۆر تاسه‌ی سه‌ردانی ئه‌م شه‌قامه‌م ئه‌كرد، چونكه‌ زۆر یادگاریم له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌ كه‌ قابیلی له‌بیرچونه‌وه‌ نین‌."
Frontline Updates
Support local journalists