بێ یاسایی باڵ به‌سه‌ر چه‌مچه‌ماڵدا ده‌كێشێت

هێزی ئه‌منی ره‌وانه‌ی شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی تاوان و ده‌ڵێن بارودۆخه‌كه‌ "له‌ده‌ست ده‌رچووه‌".

بێ یاسایی باڵ به‌سه‌ر چه‌مچه‌ماڵدا ده‌كێشێت

هێزی ئه‌منی ره‌وانه‌ی شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی تاوان و ده‌ڵێن بارودۆخه‌كه‌ "له‌ده‌ست ده‌رچووه‌".

Thursday, 18 February, 2010
.



خه‌ڵكی شارۆچكه‌كه‌، كه‌ ته‌نها ٢٠ كیلۆمه‌تر له‌ شاری كه‌ركوكه‌وه‌ دووره‌، ده‌ڵێن شه‌ڕی عه‌شائیری په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر ژنان زیادیكردووه‌.



خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ "گروپێكی مافیا" له‌ شارۆچكه‌كه‌دا خه‌ریكی كاری خۆیه‌تی بێ ئه‌وه‌ی له‌ یاسا بترسێ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ناوی شارۆچكه‌كه‌ی له‌كه‌دار كردووه‌، كه‌شێكی پڕ ترس و توندوتیژیشی دروستكردووه‌ ‌.



شاره‌زایان ده‌ڵێن ئاڵۆزبوونی كێشه‌كانی شارۆچكه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆچی زۆره‌ملێ و بێكاری و كلتووری بێ یاسایی.



"چه‌مچه‌ماڵ...مێژوویێكی دوورودرێژی له‌ شه‌ڕ و توندوتیژدا هه‌یه‌،" عه‌لی كوردستانی، شیكه‌ره‌وه‌یه‌كی سیاسییه‌ و چه‌ندین سیمیناری ده‌رباره‌ی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ناكۆكییه‌كان له‌ ساڵی ٢٠٠٨ له‌ چه‌مچه‌ماڵدا سازكردووه‌، وتی. "ئه‌م مێژوویه‌ به‌قووڵی كاریكردۆته‌ سه‌ر لایه‌نه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكی شارۆچكه‌كه‌ و له‌ چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌."



مێژوویێك له‌ ئازار



چه‌مچه‌ماڵ له‌ شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالدا زیانێكی زۆری به‌ركه‌وتووه‌. ئێستاش له‌ گرده‌كانی ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌كه‌ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ ده‌دۆزرێنه‌وه‌.



كوردستانی ئه‌وه‌شی وت كه‌ چه‌مچه‌ماڵ زیانی زۆری دیووه‌ "به‌هۆی پێكدادانی خوێناوی له‌ نێوان عه‌شیره‌ته‌كانی شارۆچكه‌كه‌ و حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ شه‌ڕی ناخۆدا له‌ ناوه‌ڕاستی ١٩٩٠ه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو. خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵ زۆربه‌یان ته‌نها له‌ ره‌وشێكدا ژیاون كه‌ تیایدا خه‌ڵك یه‌كتریان كوشتووه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ تا ئێستاش خه‌ڵكی شاره‌كه‌ زیاتر له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كی تر چه‌ك هه‌ڵده‌گرن."



شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ئێستا فراوان بووه‌ ، ژماره‌ی دانیشتووانی ده‌گاته‌ نزیكه‌ی ٠٠٠،١٠٠ كه‌س و‌ به‌ده‌ست تاوانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێن، زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌شی هه‌ژارن، جاده‌كانی چاڵی زۆریان تێدایه‌ و قیڕتاو نه‌كراون، زۆرێك له‌ خانووه‌ كۆنكریتییه‌كانی ته‌نها نیوه‌یان ته‌واوكراوه‌ و خانووه‌ قوڕه‌كانیشی داڕزاون.



ده‌مێكه‌ یاسا سه‌روه‌ریی خۆی له‌ چه‌مچه‌ماڵ له‌ده‌ست داوه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی شارۆچكه‌كه‌ ده‌ڵێن زیادبوونی رێژه‌ی تاوان له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا نیگه‌رانی كردوون.



"له‌ كانوونی یه‌كه‌مه‌وه‌ وه‌زعه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك گۆڕاوه‌ كه‌ پێشتر هه‌رگیز وا نه‌بووه‌ و ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك ترسناكتره‌،" هانا محمد، قوتابییه‌ و ته‌مه‌نی ١٨ ساڵه‌، وتی. "كاتێك شانت به‌ر شانی كه‌سێكی تر ده‌كه‌وێ، هیچ كامتان له‌ یه‌كتر نابوورن. رووداوێكی هێنده‌ بچووك ره‌نگه‌ كوشتاری لێبكه‌وێته‌وه‌."



تاوانباران به‌ ئازادی ده‌سووڕێنه‌وه‌



سه‌باره‌ت به‌ زیادبوونی رێژه‌ی تاوان له‌ شارۆچكه‌كه‌، ده‌سه‌ڵاتدارن و خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵ ئاماژه‌ بۆ ژماره‌ی جیاواز ده‌كه‌ن. به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی چه‌مچه‌ماڵ دارا عه‌بدوڵڵا وتی له‌ كانوونی یه‌كه‌مه‌وه‌ چوار كه‌س له‌ چه‌مچه‌ماڵ كوژراون و به‌هۆیانه‌وه‌ دوو كه‌س ده‌ستگیركراون و كه‌سێكی دیكه‌ش رایكردوه‌‌‌. عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش‌ كرد كه‌ میدیا وه‌زعه‌كه‌ی گه‌وره‌ كردووه‌، به‌ڵام دانی نا به‌وه‌ی كه‌ شارۆچكه‌كه به‌ده‌ست‌ چه‌ند كێشه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.



"له‌ رزگاركردنی عێراقه‌وه‌ له ٢٠٠٣‌، رێژه‌ی تاوان زیادیكردووه‌ چونكه‌ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ نائارامه‌كانی تره‌وه‌ نزیكین. عه‌شیره‌تگه‌ری له‌م ناوچه‌یه‌دا زاڵه‌ و هه‌ندێ جاریش پۆلیسی ناوچه‌كه‌ ئاماده‌نین خه‌ڵكی خێڵه‌كه‌ی خۆیان ده‌ستیگر بكه‌ن،" عه‌بدوڵڵا وتی.



به‌ڵام كه‌ریم ئاغا هه‌مه‌وه‌ندی، سه‌رۆكی گه‌وره‌ترین عه‌شیره‌ته‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و ته‌مه‌نی ٨٢ ساڵه‌، قسه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن له‌ ماوه‌ی ٢٠ رۆژدا ١٧ كه‌س كوژراون و زۆربه‌ی ئه‌م تاوانانه‌ش به‌ رۆژی رووناك روویان داوه‌. هه‌مه‌وه‌ندی وتی حاڵه‌ته‌كان هه‌موویان په‌یوه‌ندیان به‌ كێشه‌ی عه‌شائیریه‌وه‌ هه‌یه‌. رووناكبیرانی ناوچه‌كه‌ش‌ یاداشتێكیان ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ و داوای یارمه‌تیان كردووه‌ و راشیان گه‌یاندووه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ١٧ كه‌س له‌ شارۆچكه‌كه‌دا كوژراون.



"خه‌ڵكی شاره‌كه‌ ئاگادارن له‌وه‌ی كه‌ مانگی رابردوو چه‌ند كه‌سێك كوژراوه‌ ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند ژنێك و هه‌ندێكیشیان به‌هۆی نامووسه‌وه‌ كوژراون‌. پۆلیسی چه‌مچه‌ماڵ هێنده‌ به‌هێز نییه‌ تا تاوانباران بگرێت،" بوڕهان هاشم، مامۆستایه‌ و ته‌مه‌نی ٤٦ ساڵه‌ و خه‌ریكی یاری تاوڵه‌ی بوو له‌ چایخانه‌یه‌كی شارۆچكه‌كه‌ ، وتی. قسه‌كانی ناوبراو ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆچوونی زۆرێك له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه‌.



"خه‌ڵكی ئاسایی ئه‌وانه‌ی لێره‌ ده‌ژین و كار ده‌كه‌ن حه‌زده‌كه‌ن بمانتوانیایه‌ به‌شێوازێكی شارستانی بژین، نه‌ك له‌ناو كلتووری چه‌كدا ژیان به‌سه‌ر به‌رین،" هاشم وتی.



به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێر، له‌ ١٥ی كانوونی یه‌كه‌مه‌وه‌ تا ١٥ی كانوونی دووه‌م، زیاتر له‌ ١٠٠ تاوان له‌ چه‌مچماڵ روویان داوه‌ كه‌ ١٢یان تاوانی كوشتن بووه‌ و حه‌وتیان ده‌ستڕێژی گولـله‌ بووه‌ و ده‌یانی تریشیان دزی بووه و گروپێكیش كچێكیان ئه‌تكردوه‌‌.



عومه‌ر ساڵح، دادوه‌ری باڵای چه‌مچه‌ماڵ، رایگه‌یاند ره‌وشی مانگی رابردووی چه‌مچه‌ماڵ "له‌ده‌ست ده‌رچوو بوو".



چیڕۆكی تاوانباران و كرداره‌كانیان له‌نێو هاوڵاتیانی شارۆچكه‌كه‌دا‌ بڵاو بۆته‌وه‌.



"نزیكه‌ی ١٠ رۆژ پێش ئێستا، ئامۆزاكه‌م مه‌وعیدی له‌گه‌ڵ كچێكدا هه‌بوو. كاتێك ماڵی كچه‌ پێیان زانی، ئامۆزاكه‌میان كوشت و كچه‌كه‌ی خۆشیان كوشت،" ئارام عه‌لی، كرێكاره‌ له‌ بازاڕی چه‌مچه‌ماڵ و ته‌مه‌نی ٢٠ ساڵه‌، وتی.



"گروپێكی مافیا له‌م شاره‌دا له‌سه‌روی یاساوه‌ن. ته‌نها چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ ئێستا، كۆمه‌ڵێكیان ده‌ستدرێژی سێكسیان كرده‌ سه‌ر كچێك و له‌نیوه‌ی شه‌ودا به‌جێیان هێشت. كاتێك كچه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، باوكی یه‌كسه‌ر كوشی."



"تاوانباران هه‌موویان به‌ئازادی ده‌سوڕێنه‌وه‌ و كه‌س ناتوانێ ده‌ستگیریان بكات. به‌ڕاستی ترس باڵی به‌سه‌ر شاره‌كه‌ماندا كێشاوه‌، شه‌وان كاتێك منداڵه‌كانمان گوێیان له‌ ده‌نگی ته‌قه‌ ده‌بێت له‌خه‌و راده‌په‌ڕن و ده‌قیژێنن."



رۆشنبیران هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان ده‌كه‌ن





دوابه‌دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ مانگی رابردوو، ژماره‌یه‌ك مامۆستا و رۆژنامه‌نووس و چالاكوان و پارێزه‌ری شارۆچكه‌كه‌ یاداشتێكیان بۆ حكومه‌تی هه‌رێم به‌رزكرده‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی سازدانی خۆپیشاندانیان كرد ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هێزه‌كانی ئاسایش ره‌وانه‌ی شاره‌كه‌ نه‌كات و تاوانبارانیش په‌لكێشی دادگا نه‌كات.



"ئه‌وه‌ی تاوانه‌كانی ئه‌م شارۆچكه‌یه‌ له‌ شوێنه‌كانی تری عێراق و جیهان جیاده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ تاوانباران به‌ته‌واوی ناسراون و به‌ئازادی به‌ شه‌قامه‌كاندا ده‌سووڕێنه‌وه‌. دادگا و پۆلیس ناوێرن ده‌ستگیریان بكه‌ن. گروپێكی مافیا له‌ شاره‌كه‌دا دروست بووه‌ كه‌ له‌سه‌رووی یاساوه‌یه‌ و داوامان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ راده‌ستی دادگایان بكات،" ئاسۆ شوانی، چالاكوانه‌ و ته‌مه‌نی ٢٨ ساڵه‌ و یاداشته‌كه‌ی ئیمزا كردووه‌، وتی.



له‌ وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی ئه‌و گروپه‌دا، له‌ ٤ی شوبات شاندێكی هێزه‌كانی ئاسایش كه‌ چه‌ند به‌پرسێكی له‌خۆ گرتبوو گه‌یشته‌ چه‌مچه‌ماڵ و زیاتر له‌ ١٥٠ كارمه‌ندی ئاسایشان له‌گه‌ڵدا بووه‌ و چه‌كی قورسیشیان پێ بووه‌.



"ئه‌م هێزه‌مان له‌گه‌ڵ خۆماندا هێناوه‌ته‌ چه‌مچه‌ماڵ و داواشمان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ ١٠٠ پۆلیسی دیكه‌ له‌ شارۆچكه‌كه‌ دابمه‌زرێنیێت تا ره‌وشه‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ن،" عه‌قید حوسێن مه‌نسوڕ، به‌رپرسی هێزه‌كانی پۆلیسی ناوچه‌كه‌یه‌ به‌ هه‌ردوو شارۆچكه‌ی كفری و كه‌لاریشه‌وه‌‌، وتی.



مه‌نسوڕیش راپۆرتی میدیاكانی ره‌تكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند ره‌وه‌شه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ كه‌ له‌ راگه‌یاندندا باسی لێوه‌ كراوه‌، به‌ڵام دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی گێره‌شێوێنه‌كان هه‌ڵاتوون.



"هه‌ندێ له‌ تاوانباره‌كان به‌ره‌و كه‌ركوك و به‌شه‌كانی تری عێراق رایان كردووه‌ و به‌هۆی نائارامییه‌وه‌ ده‌توانن خۆیان بشارنه‌وه‌. هه‌ندێكی تریان چوونه‌ته‌ ئه‌وڕوپا،" مه‌نسوڕ وتی.



"بێ گومان ئێوه‌ ده‌زانن ئه‌م شارۆچكه‌یه‌ زۆر كێشه‌ی عه‌شائیری و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می رژێمی سه‌دام. هه‌ر عه‌شیره‌تێك دوژمنی خۆی هه‌یه‌،" مه‌نسور وتی.



حاكم ساڵح وتی خۆشحاڵ بووه‌ كاتێك ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ رۆشنبیره‌ داوایان له‌ حكومه‌ت كردووه‌ كردار بنوێنێت و حكومه‌تیش دواتر وه‌ڵامی دوانه‌ته‌وه‌. ناوبراو له‌ ٧ی شوباتدا به‌ IWPRی راگه‌یاند كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان "گڕوتنی زیاتریان به‌خۆیانه‌وه‌ دیووه‌" له‌وه‌ته‌ی ئه‌و هێزه‌ نوێیه‌ گه‌یشتووه‌ و ئه‌وه‌شی وت كه‌ نووسینگه‌كه‌ی ناوی ١٨٠ تاوانباری داواكراوی شارۆچكه‌كه‌ی له‌ لیستێكدا داوه‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێم.



"دادگاكه‌مان به‌هێز نییه‌ و كه‌سیش وه‌ڵامی ناداته‌وه‌. كێشه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و تاوانبارانه‌ی كه‌ ئێمه‌ داوایان ده‌كه‌ین هیچ رێز له‌ یاسا و دادگا ناگرن،" حاكم ساڵح وتی.



سوڵحی عه‌شائیری



هه‌مه‌وه‌ندی وتی به‌شێك له‌ ره‌شبینی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به‌ دادگا ره‌نگه‌ به‌هۆی سوڵحی عه‌شائیرییه‌وه‌ بێت كه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ له‌نێو خێڵه‌كاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێت. ئه‌و وتی كاتێك كێشه‌یه‌ك دروست ده‌بێت، پیاوماقووڵانی عه‌شیره‌ته‌كان كۆده‌بنه‌وه‌ تا كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.



"كێشه‌ی عه‌شائیری ده‌بێ له‌نێوان عه‌شیره‌ته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت. ئێمه‌ به‌بێ دادگا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین. هه‌ندێ جار دادگا ته‌نانه‌ت ئاگاداری كێشه‌كانیش نییه‌،" هه‌مه‌وه‌ندی وتی و دانی نا به‌وه‌ش كه‌ توانراوه‌ ته‌نها ٢ له‌و ١٧ حاڵه‌ته‌ی كوشتن كه‌ له‌م دواییه‌ روویانداوه‌ له‌ڕێی سوڵحی عه‌شائیرییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.



"كێشه‌ و شه‌ڕ له‌م شارۆچكه‌یه‌دا هه‌رگیز ته‌واو نابن له‌به‌ر گۆڕینی شیرازه‌كه‌ی له‌ لایه‌ن رژێمی سه‌دامه‌وه‌ كاتێك هه‌ڵسا به‌ تێكدانی زۆرێك له‌ گونده‌كانی ناوچه‌كه‌ و خه‌ڵكه‌ ده‌ربه‌ده‌ركراوه‌كه‌ش هاتنه‌ شارۆچكه‌كه‌. له‌ شاڵاوی ئه‌نفاله‌وه‌ تا ئێستا هه‌زاران كه‌س هاتوونه‌ته‌ شارۆچكه‌كه‌ و حاڵی حازر ده‌ عه‌شیره‌تی تێدا ده‌ژی و پێكه‌وه‌ژیانیش له‌ نێوانیاندا زه‌حمه‌ته‌."



شوانی پێی وایه‌ هۆكاری په‌ره‌سه‌ندنی تاوانه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سوڵحی عه‌شائیری.



"ئه‌و تاوانبارانه‌ یان سه‌ر به‌ حزبه‌ سیاسییه‌كانن یان خه‌ڵكی عه‌شیره‌تێكن و ده‌وڵه‌مه‌ندن. پاره‌ بۆ تاوانه‌كه‌ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی بیانه‌وێ ده‌یكوژن. پاشان سوڵحی عه‌شائیری ده‌كه‌ن و تاوانباره‌كه‌ پاره‌ به‌ لایه‌نه‌ هه‌ژاره‌كه‌ ده‌دات و كێشه‌كه‌‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت،" شوانی وتی.



هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵ داوایان له‌ ده‌سه‌ڵاتداران كردووه‌ هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی شارۆچكه‌كه‌ بكه‌ن و دادپه‌روه‌ری بچه‌سپێنن، زۆرێك له‌ خه‌ڵكی شارۆچكه‌كه‌ به‌ IWPRیان راگه‌یاند كه‌ له‌پێناو سه‌لامه‌تی خۆیان ناچارن چه‌ك هه‌ڵگرن.



به‌سام عه‌تار، ته‌مه‌نی ١٧ ساڵه‌ و به‌ده‌م ده‌رهێنانی چه‌قۆیه‌كی شه‌ش ئینجی له‌ گیرفانیه‌وه‌ وتی، "ده‌بێ چه‌قۆ هه‌ڵگرم چونكه‌ شه‌وان دره‌نگ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و پێویسته‌ به‌رگری له‌خۆم بكه‌م. ئه‌م شاره‌ زۆری تاوانبار تێدایه‌ و به‌ئازادی ده‌سوڕێنه‌وه‌. به‌س تۆزێ لێره‌ بمێنه‌وه‌ هه‌ندێكیانت نیشان ده‌ده‌م".



كوردستانی وتی خه‌ڵكی عێراق بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانیان زیاتر پشت به‌ سوڵحی عه‌شائیری ده‌به‌ستن تا یاسا.



"هه‌رگیز ئه‌زموونیان له‌گه‌ڵ سیسته‌مێكی یاسایی كاریگه‌ردا نه‌بووه‌ بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانیان، بۆیه‌ هه‌میشه‌ به‌دوای سوڵحی عه‌شائیریدا ده‌گه‌ڕێن. هه‌ندێ جار ته‌نانه‌ت سوڵحی عه‌شائیریش به‌لاوه‌ ده‌نێن و وه‌ك باشترین چاره‌سه‌ر هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ده‌ده‌ن،" ئه‌و وتی.



"زۆربه‌ی خه‌ڵكی عێراق پێیان وایه‌ یاسا چه‌كێكه‌ له‌ ده‌ستی رژێمێكی دیكتاتۆری كه‌ هه‌وڵده‌دا خه‌ڵكه‌كه‌ی بچه‌وسێنێته‌وه،" كوردستانی وتی. "خه‌ڵك پێیان وایه‌ یاسا و دادگا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ كار ده‌كه‌ن، نه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك."



هێمن لهۆنی موحه‌ریری ناوخۆیی IWPRه‌ له‌ سلێمانی. موحه‌ریری IWPR له‌ عێراق چاڕڵز ماكدێرمد له چه‌مچه‌ماڵ و سلێمانییه‌وه‌ به‌شداری له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists