سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌ركێكی قورسی له‌پێشه‌

سه‌رۆكی نوێ په‌رله‌مانێكی ته‌نگه‌جیكڵانه‌ی بۆ به‌جێماوه‌و جیاوازییه‌كانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ به‌هۆی هه‌ڵبژاردنی خودی خۆيه‌وه‌ په‌ره‌یان سه‌ند.

سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌ركێكی قورسی له‌پێشه‌

سه‌رۆكی نوێ په‌رله‌مانێكی ته‌نگه‌جیكڵانه‌ی بۆ به‌جێماوه‌و جیاوازییه‌كانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ به‌هۆی هه‌ڵبژاردنی خودی خۆيه‌وه‌ په‌ره‌یان سه‌ند.

.



هه‌ڵبژاردنی ئه‌یاد سامه‌ڕایی له‌م دواییانه‌دا كۆتایی به‌ مشتومڕێكی چوار مانگه هێنا‌ كه‌ په‌رله‌مانی عێراقی په‌كخستبوو.



لایه‌نگرانی ده‌ڵێن سامه‌ڕائی، كه‌ كه‌سێكی له‌سه‌رخۆیه‌و پێشتر ئه‌ندازیار بووه‌و ده‌ساڵ له‌ تاراوگه‌دا له‌ به‌ریتانیا ژیاوه‌، باشترین كه‌سه‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی دانیشتنه‌ پڕ له‌ هه‌راوهۆریاكانی په‌رله‌مان.



ره‌خنه‌گرانی سامه‌ڕائی، به‌ حزبی ده‌عوه‌ی سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق نوری مالكیشه‌وه‌، ده‌ڵێن سه‌رۆكی نوێ پۆسته‌كه‌ی بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی حزبه‌كه‌ی، كه‌ رابردووه‌كی دژ به‌ حكومه‌تی هه‌یه‌ به‌كار ده‌هێنێت.



سامه‌ڕائی سه‌رۆكی به‌ره‌ی ته‌وافوقی عێراقییه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراقیداو سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ هه‌وڵه‌كانیدا كاتێك پار ساڵ هه‌وڵیدا ده‌نگی پێویست كۆبكاته‌وه‌ بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ مالكی.



له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ IWPRدا، حاجم حه‌سه‌نی كه‌ له‌ ٢٠٠٤دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق بووه‌، هۆشیاری دا به‌ سامه‌ڕائی كه‌ خۆی به‌دوور بگرێت له‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تی مالكی.



حه‌سه‌نی وتی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان به‌ ئه‌نجومه‌نێكی ناكارا داده‌نرێت ده‌بێت متمانه‌ بۆخۆی بگێڕێته‌وه‌. حه‌سه‌نی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و دووبه‌ره‌كیانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ ئه‌نجومه‌نی یاسادانان و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ده‌بێت "به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌" بڕه‌وێنرێنه‌وه‌.



"نابێت وا ده‌ربكه‌وێت كه‌ په‌رله‌مان ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ له‌ حكومه‌ت بكاته‌وه‌ یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌."



حه‌سه‌نی وتی سامه‌ڕائی ده‌بێت "هه‌ڵوێستێكی نیشتیمانی په‌یڕه‌و بكات بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌رله‌مان، نه‌ك پاڵپشتی له‌ حزبه‌كه‌ی بكات".



به‌رهه‌ڵستیكارانی دیاریكردنی سامه‌ڕائی له‌ حزبی ده‌عوه‌ مه‌ترسی خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر به‌هێزبوونی حزبی ئیسلامی عێراقی ده‌ربڕیوه‌.



حزبی ئیسلامی عێراقی به‌هێزترین قه‌واره‌یه‌ له‌ناو به‌ره‌ی ته‌وافوقی عێراقیدا. دیاریكردنی سامه‌ڕائی به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆنتڕۆڵی گشت ئه‌و پۆسته‌ باڵایانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕه‌سمی دراون به‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ خسته‌ ده‌ست حزبی ئیسلامی عێراقی، له‌وانه‌ش پۆستی جێگری سه‌رۆك كۆمار و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران.



عه‌لی ئه‌دیب، سه‌رۆكی كوتله‌ی حزبی ده‌عوه‌ له‌ په‌رله‌ماندا به‌ IWPRی راگه‌یاند، "ئێمه‌ دژایه‌تی كه‌سایه‌تیی سامه‌ڕائیمان نه‌كردووه‌. ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ بووین كه‌ حزبێك به‌ ته‌نها چه‌ند پۆستێكی نیشتیمانی باڵا به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت".



ئه‌دیب وتی، "عێراق له‌ ره‌وشێكی هه‌ستیاردایه‌، قۆناغی یه‌گده‌نگییه‌"، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ كارنامه‌ی به‌رهه‌ڵستیكارانه‌ی حزبی ئیسلامی عێراقی له‌وانه‌یه‌ پشێوی له‌ناو په‌رله‌ماندا بخاته‌وه‌.



مه‌حمود مه‌شهه‌دانی كه‌ پێش سامه‌ڕائی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بووه‌ له‌ كانوونی یه‌كه‌مدا ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانێكی زۆر به‌هه‌ڵچوونه‌ حولحولی و وروژێنه‌ره‌كانی توڕه‌ بوون.



شیكه‌ره‌وه‌كان ده‌ڵێن هه‌رچه‌نده‌ شێوازی كه‌سایه‌تیی مه‌شهه‌دانی جێگای مشت و مڕ بوو، به‌ڵام تا ئه‌و جێیه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ حزبی ده‌عوه‌وه‌ هه‌بووبێت مه‌شهه‌دانی سیفه‌ته‌ سیاسییه‌ گونجاوه‌كانی پۆسته‌كه‌ی تێدابوو. وه‌ك ئه‌ندامی یه‌كێك له‌ گروپه‌ بچووكه‌كانی ناو ئه‌و كوتله‌یه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌، مه‌شهه‌دانی له‌ كاریگه‌ریی حزبی ئیسلامی كه‌م كردبوویه‌وه‌.



به‌ گوته‌ی حامد فازڵ، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییه‌ له‌ زانكۆی به‌غدا، "پێگه‌ی مالكی به‌هێزتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووی چه‌ند حزبێكی سوننی ببێته‌وه‌ له‌بری تاكه‌ حزبێك" له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا كه‌ بڕیاره له‌‌ كانوونی یه‌كه‌می داهاتوو ساز بكرێت.



به‌رهه‌ڵستی له‌به‌رامبه‌ر مالكی رووی له‌ زیادبوون كردووه‌ له‌و كاته‌وه‌ی مالكی پاڵپشتی خۆی بۆ حكومه‌تێكی ناوه‌ندی به‌هێز ده‌ربڕیوه‌و میلیشیا شیعه‌كانیشی ساڵی رابردوو سه‌ركوت كرد. ره‌خنه‌گران به‌ هاوپه‌یمانه‌ دوودڵه‌كانی مالكیشه‌وه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباریان كردووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی زۆر فراوان كردووه‌.



سامه‌ڕائی یه‌كێك بووه‌ له‌ توندترین ره‌خنه‌گرانی مالكی. سامه‌ڕائی دوای ئه‌وی هه‌ڵبژێردرا رایگه‌یاند خۆی و حزبه‌كه‌ی به‌ته‌ما نین حكومه‌تی عێراقی بڕوخێنن. به‌ڵام به‌ڵێنی ئه‌وه‌شی دا كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری حكومه‌ت بكات،" نه‌ك وه‌ك هۆكارێك بۆ بێ هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، به‌ڵكو بۆ به‌هێزكردنی".



گرژییه‌كان له‌م مانگه‌دا تینیان سه‌ندووه‌و په‌رله‌مان لێكۆڵینه‌وه‌كانی ده‌ستپێكردووه‌ ده‌رباره‌ی ده‌نگۆی هه‌بوونی گه‌نده‌ڵی له‌ چه‌ند وه‌زاره‌تێكی سه‌ره‌كیدا.



لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ لایه‌ن ده‌زگای نه‌زاهه‌وه‌ كه‌ ده‌زگایه‌كی چاودێریی سه‌ربه‌خۆیه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن. ده‌زگاكه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری بازرگانی فه‌لاح سودانی كردووه‌و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌ر دوو براكه‌ی ده‌ركردووه‌ كه‌ یاریده‌ده‌ری سودانی بوون و له‌ مانگی نیساندا دیارنه‌ماون كاتێك هێزه‌كانی ئاسایش هه‌وڵیان دا له‌ناو وه‌زاره‌ت ده‌ستگیریان بكه‌ن.



هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوان ده‌كرێت لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌نگۆكانی گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆش بگرێته‌وه‌.



عه‌بد موسه‌وی، ئه‌ندامی حزبی ده‌عوه‌ له‌ په‌رله‌ماندا، وتی "لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری بازرگانیدا هه‌نگاوێكی سیاسی قینله‌دڵانه‌یه‌‌". موسه‌وی وتی رۆژانی داهاتوو "لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كانی حزبی ده‌عوه‌ به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن تا ناوی حزبه‌كه‌ له‌كه‌دار بكرێت".



چه‌ند حزبێكی سوننی و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی له‌ عێراق پاڵپشتی له‌ سامه‌ڕائی ده‌كه‌ن.



هه‌ندێك په‌رله‌مانتار ده‌ڵێن له‌وه‌ته‌ی سامه‌ڕائی سێ هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌ ئه‌نجومه‌نی یاسا دانان چالاكتر بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و گۆڕانانه‌ی تا ئێستا روویان داوه‌ لاوه‌كین.



سامه‌ڕائی سیسته‌می به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌ستی له‌ كاتی ده‌نگدا ره‌تكردۆته‌وه‌و سیسته‌می ده‌نگدانی ئه‌لكترۆنی گێڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش رێگا به‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌دات كه‌ به‌ نهێنییه‌وه‌ ده‌نگ بده‌ن. راپۆرته‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی پێشتر زۆر له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌ماندا ئاماده‌ نه‌ده‌بوون ژماره‌یه‌كی زۆرتریان له‌وه‌ته‌ی سامه‌ڕائی به‌سه‌رۆك هه‌ڵبژێردراوه‌ به‌شداری له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌ماندا ده‌كه‌ن.



"سه‌رۆكی نوێ... رێزی په‌رله‌مانی گێڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك پێشتر گاڵته‌یان پێ ئه‌كرد،" قاسم داود، ئه‌ندامی كوتله‌ی هاوپه‌یمانی شیعه‌ی یه‌كگرتووی عێراق وتی.



په‌رله‌مان كۆمه‌ڵێك بابه‌تی هه‌ستیاری به‌سه‌ردا كۆبۆته‌وه‌‌.



له‌هه‌موویان گرنگتر بابه‌تی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ناوچانه‌یه‌ كه‌ كورده‌كان و عه‌ره‌به‌كانی عێراق هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنیان ده‌ده‌ن. كورده‌كان پێداگریان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی راپرسییه‌ك كردووه‌ تا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بدرێت ئاخۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یان به‌غدا كه‌ركوكی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وت، كه‌ عه‌ره‌ب و توركمان و كورد هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ پارێزگای خۆی ده‌زانێت، به‌ڕێوه‌ ببات.



له‌ كاتێكدا كاریگه‌رییه‌كانی قه‌یرانی ئابووری جیهانی خه‌ریكه‌ به‌سه‌ر عێراقه‌وه‌ به‌ده‌ر ده‌كه‌ون، بابه‌ته‌ ئابوورییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ش ئه‌وله‌ویاتیان پێ ده‌درێت. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یاسایه‌ك كه‌ كه‌رته‌كانی نه‌وت و گازی سروشیی پڕ له‌ داهاتی عێراق رێك ده‌خات و رێگا به‌ به‌گه‌ڕخستنی بیانی له‌بواری سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كاندا ده‌دات له‌سه‌روی كارنامه‌كاندا بێت.



ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ سێ ساڵه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانیانه‌ی توڕه‌ كردووه‌ كه‌ سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كاری پشكنین و گه‌ڕان به‌دوای نه‌وتدا له‌ عێراق ئه‌نجام بده‌ن.



له‌وه‌ته‌ی سامه‌ڕائی جڵه‌وی گرتۆته‌ ده‌ست، په‌رله‌مانی عێراق پێشوه‌چوونێكی به‌خۆیه‌وه‌ دیوه‌ له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكی تر كه‌ هێنده‌ جێگای مشتومڕ نین، وه‌ك ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی ئاو كه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا هاوبه‌شن.



به‌ڵام هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێن له‌وانه‌یه‌ سه‌ركرده‌كان هه‌وڵ بده‌ن ئه‌و یاسایانه‌ دوابخه‌ن‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ بابه‌تی گرنگتر تا ئه‌و كاته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان له‌ كۆتایی ئه‌سماڵدا ئه‌نجام ده‌درێن.



"پێم وا نییه‌ سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان بتوانێت له‌ ئاستی پێشبنییه‌كاندا بێت،" واسق هاشمی، شیكه‌ره‌وه‌یه‌كه‌، وتی. "بابه‌ته‌كانی ناو په‌رله‌مان ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌یان زۆره‌و ئێجگار ئاڵۆزن."



"كاتێكی كه‌م له‌م خوله‌دا ماوه‌و پێم وا نییه‌ ئه‌م بابه‌تانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن. وابزانم بۆ په‌رله‌مانی داهاتوو ده‌مێننه‌وه‌."



زه‌ینه‌ب ناجی و عه‌بدولعه‌زیم كه‌ریم و هه‌دیل كامل سێ په‌یامنێری راهێنراوی IWPR له‌ به‌غدا.
Frontline Updates
Support local journalists