مه‌ینه‌تیی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه به له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیایی كۆتایی نایه‌ت
مه‌ریوان حه‌مه‌سه‌عید - سلێمانی (٢٩-١-٢٠١٠)
مه‌ینه‌تیی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه به له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیایی كۆتایی نایه‌ت
مه‌ریوان حه‌مه‌سه‌عید - سلێمانی (٢٩-١-٢٠١٠)
گرمه‌ی فڕۆكه سهربازییهكانم له‌بیره كه به ئاسماندا ده‌سوڕانه‌وه. له‌بیرمه له‌گه‌ڵ خزم و که‌سوکارم له ژێرزهمینهكهماندا خۆمان حه‌شار دابوو. کاتێک که پێش بانگی ئێواره هاتینه‌ده‌ره‌وه چه‌ندین ته‌رمی شێواومان بینی له‌سه‌ر جاده‌کان كه‌وتبوون. بیرمه ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی که كه‌وتبوونه ژێر خانووی رووخا‌و و به‌ده‌م هاواركردنه‌وه داوای یارمه‌تیان ده‌كرد. هه‌روه‌ها دووكه‌ڵی ره‌شی ناپاڵمهكانیشم بیره كه ئاسمانیان پڕكردبوو کاتێ به‌پێی به‌ره‌و ئێران رامانكرد.
ئه‌و كاته ته‌مه‌نم هه‌شت ساڵ بوو.
كاتێك منداڵ بووم، ناوی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید هه‌میشه ده‌یترساندم. ناوی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ئه‌و خزمانه‌ی كه له‌ده‌ستم دابوون ئه‌خسته‌وه یادم. له هه‌ڵه‌بجه به‌راده‌یه‌ك له "عه‌لی كیمیایی" ده‌ترساین كه تا دوای راپه‌ڕینی به‌هاری ١٩٩١ كاتێك پێشمه‌رگه هه‌رسێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان رزگار كرد كه‌س له ئێمه نه‌یده‌وێرا به‌ئاشكرا ناوی بهێنێ.
له‌سێداره‌دانێكی سیاسی
كاتێك عه‌لی كیمیایی له ئابی ٢٠٠٣ له‌لایه‌ن سه‌ربازانی ئه‌مریكاوه ده‌ستگیركرا، بۆ چه‌ند رۆژێك حه‌په‌سام. باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد ئه‌و پیاوه‌ی كه به‌رپرسیار بوو له قڕكردنی ئێمه و كوشتنی چه‌ندان شیعه‌ی عێراق رووبه‌ڕووی دادگا ببێته‌وه.
هه‌ر وه‌ک به ده‌ستگیرکردنی حه‌په‌سام به له‌سێداره‌دانیشی حه‌په‌سام. عه‌لی كیمیایی به نهێنی له‌سێداره‌درا. له‌ڕێی رادیۆیه‌كی ناوخۆیی به لهسێدارهدانیم زانی کاتێ بێژه‌رێک هاواری ده‌كرد،" پیرۆزتان بێت، خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه! عه‌لی كیمیایی به سزای خۆی گه‌یشت."
پێم خۆش بوو عه‌لی كیمیایی باجی تاوانه‌كه‌ی بدات به‌ڵام له‌سێداره‌دانی زیاتر له بۆسه (که‌مین) ده‌چوو نه‌ک سزای له‌سێداره‌دان. ره‌نگه له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیایی به‌كاربهێنرێت بۆ زیاتر ته‌شه‌نه‌پێکردنی هه‌ڵوێستی دژ به پاشماوه‌كانی حزبی به‌عس به‌ر له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له مانگی ئازار، به‌ڵام به‌لای خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌وه مانای چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری پڕ به پێستی خۆی نابه‌خشێت.
دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له ٢٠ ساڵ به‌سه‌ر كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا، ئێستاش رزگاربووانی کاره‌ساته‌که به‌ده‌ست گرفتی ته‌ندروستییه‌وه ده‌ناڵێنن و له ره‌وشێكی خراپ‌دا ده‌ژین. خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه تائێستاش به‌هۆی شێرپه‌نجه و نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌وه ده‌مرن و منداڵی شێواو له‌دایك ده‌بن. پزیشكان ده‌ڵێن هۆكاری ئه‌و نه‌خۆشیانه چه‌كی كیمیاییه.
له‌مێژه شارۆچكه‌ی هه‌ڵه‌بجه به سیمبولی نه‌هامه‌تییه‌كانی كورد و دڕنده‌یی رژێمی به‌عس ناسراوه. له‌دوای كیمیابارانهكهوه، سیاسه‌تمه‌داران هه‌ڵه‌بجه‌یان وه‌ك كارتێكی سیاسی به‌كارهێناوه و به‌رپرسانی كورد و عه‌ره‌ب و ئه‌مریكی دێنه شاره‌که بۆ ده‌ربڕینی هاوخه‌می. دواتر ده‌ڕۆن و به‌ڵێنی جێبهجێنهكراویش له‌دوای خۆیان بۆ خه‌ڵكی شاره‌كه‌م جێده‌هێڵن.
له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیاییش کارێکی سیاسی بوو. پێش دادگاییکرنی له‌سه‌ر بۆردومانکردنی هه‌ڵه‌بجه، عه‌لی كیمیایی به تۆمه‌تی كوشتنی هه‌زاران هاوڵاتی شیعه و كورد له ساڵانی ١٩٨٠كان و سه‌ره‌تای ١٩٩٠هكاندا چوار جار حوكمی له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچووبوو.
بێ گومانم که له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیایی له‌لایه‌ن سیاسه‌تمه‌دارانه‌وه ده‌قۆسترێته‌وه. له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌مان له هه‌ڵبژاردن، لایه‌نه شیعه‌كان پێشبڕكێ له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه كامه‌یان له‌به‌رامبه‌ر به‌عسییه‌كان توندترن.
هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، كه هێشتا به‌ڕه‌سمی ده‌ستی پێنه‌كردووه، به‌ده‌وری ریشه‌كێشكردنی به‌عسدا ده‌خولێته‌وه، به‌تایبه‌تی له باشووری عێراق.
لیژنه‌ی دادپه‌روه‌ری و لێپرسینه‌وه، كه ئه‌ركی ریشه‌كێشكردنی به‌عسه له كاروباری سیاسی عێراقدا، به‌م دواییانه زیاتر له ٥٠٠ پاڵێوراوی له هه‌ڵبژاردنه‌كان دوورخسته‌وه به‌بیانوونی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبی به‌عس یان ره‌واجدان به بۆچوونه‌كانی ئه‌و پارته.
له‌م كه‌ش و هه‌وایه‌دا، حزبه دسهڵاتدارهكانی شیعه ده‌توانن شانازی به‌وه‌وه بكه‌ن كه هه‌ر یه‌كه له عه‌لی كیمیایی و سه‌دام حوسێن له‌سێداره دراون.
مه‌ینه‌تیی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه
وه‌ك یه‌كێك له رزگاربووانی كیمیابارانه‌كه، حه‌ز به چاره‌ی به‌عسییه‌كان ناكه‌م. من و قوربانیانی تر هه‌ست به‌ئاسووده‌یی ده‌كه‌ین به له‌ناوچوونی ئه‌و پیاوه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی ئازاره‌كانیان بوو و به‌رپرسیاربوو له مه‌رگی ئازیزانی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه.
به‌ڵام ئێمه له ئێستادا ده‌ژین، نه‌ك رابردوو. له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیایی له‌لایه‌ن حزبه سیاسییه‌كانه‌وه گه‌وره ده‌کرێ، به‌ڵام خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی و هه‌لی كار و خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌سته‌به‌ر ناكات بۆ هه‌ڵه‌بجه. ده‌ستگیركردن و دادگاییكردنی عه‌لی كیمیایی هیچی له ژیانی رزگاربووان نه‌گۆڕی.
ده‌سه‌ڵاتداران ده‌توانن بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ن كه له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیایی دادپه‌روه‌ری بۆ هه‌ڵه‌بجه گێڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام راستییه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئازار و كۆششمان هێشتا زۆریان ماوه ته‌واو بن.
قوربانیانی كیمیابارانه‌كه ئێستاش ده‌ناڵێنن، ئه‌وانه‌ی یارمه‌تی رژێمی سه‌دامیان دا چه‌كی كیمیایی دروست بكات له‌وانه‌یه له‌تاوانه‌كانیان ده‌ربازیان بێت و هه‌ندێ له حزبه سیاسیه‌كانیش ره‌نگه به‌هۆی له‌سێداره‌دانی عه‌لی كیمیاییه‌وه بگه‌ن به ده‌سه‌ڵات.
ده‌قێكی ئه‌م وتاره یه‌كه‌مجار له وێبسایتی BBC News بڵاوكراوه‌ته‌وه.
مه‌ریوان حه‌مه‌سه‌عید موحه‌ریر و رێكخه‌ری مه‌شقی ئه‌لکترۆنییه له به‌شی پڕۆگرامه‌كانی ئه‌نستیتۆی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی له عێراق. بیروبۆچوونه‌كانی ناوبراو گوزارشت له بۆچوونی IWPR یان BBC ناکه‌ن.