خه‌ڵكی عێراق له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕی تائیفی ده‌ترسن
كوژرانی چه‌ند هاوڵاتییه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه و جه‌مسه‌رگیریی سیاسی نیگه‌رانی لای هاوڵاتیانی عێراق سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌ڕی تائیفی دروست ده‌كه‌ن.
خه‌ڵكی عێراق له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕی تائیفی ده‌ترسن
كوژرانی چه‌ند هاوڵاتییه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه و جه‌مسه‌رگیریی سیاسی نیگه‌رانی لای هاوڵاتیانی عێراق سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌ڕی تائیفی دروست ده‌كه‌ن.
له ئه‌نجامی چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك و هێرشێكدا له‌م هه‌فته‌یه، به‌لایه‌نی كه‌م ٢٣ هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه. له هێرشێكی دڕندانه‌دا، خێزانێكی شیعه كه هه‌شت ئه‌ندام بوون و شه‌شیان منداڵ بوون، له ناو ماڵی خۆیاندا له ناوچه‌ی (وه‌حده)ی شیعه‌نشین له باشووری به‌غدا كوژران. میدیاكانی ناوخۆیی بڵاویان كردۆته‌وه كه هه‌ندێ له‌و قوربانیانه سه‌ریان بڕاوه و ئه‌م شێوازه‌ی كوشتنیش رۆژگارێك یه‌كێك بوو له نیشانه‌كانی قاعیده له عێراق.
به‌پێی چه‌ند راپۆرتێكی تر له‌سه‌ر توندوتیژی، دایكێك و سێ له منداڵه‌كانی له گه‌ڕه‌كێكی شیعه‌نشین له به‌غدا به فیشه‌ك كوژراون و دوو ته‌رمیش له گه‌ڕه‌كێكی سوننی دۆزراونه‌ته‌وه كه شوێنی گولـله به جه‌سته‌یانه‌وه دیار بووه. چه‌ندین زانیاریی دژبه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به پاڵنه‌ری ئه‌م هێرشانه بڵاوكراونه‌ته‌وه، به‌ڵام چاودێران ده‌ڵێن شێوازی كوژرانی ئه‌و كه‌سانه هاوشێوه‌ی ئه‌و شێوازانه‌ن كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له شه‌ڕی تائیفیدا له‌نێوان شیعه و سوننه به‌كارهاتوون و ئه‌و شه‌ڕه‌ش كه له ٢٠٠٧دا گه‌یشت به لووتكه.
نوره‌دین حه‌یالی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراقه و یه‌كێكه له پاڵێوراوانی گردبوونه‌وه‌ی یه‌كبوونی عێراقی (تجمع الوحدة العراقية) كه گروپێكه زیاتر له عه‌لمانییه‌كان پێكهاتووه و وه‌زیری ناوخۆی عێراق جه‌واد پۆلانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، وتی، "گشت رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه - ته‌قینه‌وه‌كان و سه‌ربڕین و تیرۆركردنی خه‌ڵك – ئاماژه‌ی روونن ده‌رباره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی توندوتیژیی تائیفی. ئه‌مانه نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه تا ئێستا تائیفییه‌ت له وڵات‌دا بوونی هه‌یه".
حه‌یالی زیاتر وتی، "هێشتا ئاگر له‌ژێر خۆڵه‌مێشه‌كه ماوه، رقی تائیفی به‌شێوه‌یه‌كی شاراوه بوونی هه‌یه و پێشبینی توندوتیژیی تائیفیی زیاتر ده‌كه‌ین به‌ر له هه‌ڵبژاردن و ته‌نانه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنیش".
زیادبوونی توندوتیژی له كاتێكدایه كه مه‌سه‌له‌ی دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و پاڵێوراوانه‌ی به هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به حزبی به‌عسه‌وه تۆمه‌تباركراون بۆته خاڵی سه‌ره‌كیی مشتومڕی سیاسی به‌ر له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كه بڕیار وایه له ٧ی ئازاردا به‌ڕێوه‌بچێت. به‌هۆی دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ندێك سیاسه‌تمه‌داری دیاری سوننی و عه‌لمانی له هه‌ڵبژاردن، حكومه‌تی به‌غدا به‌وه تۆمه‌تبار كراوه كه په‌یڕه‌وی له تائیفییه‌ت ده‌كات.
حه‌یده‌ر مه‌لا، ئه‌ندامێكی باڵای به‌ره‌ی دیالۆگی نیشتیمانییه، وتی، "ده‌ترسین له‌وه‌ی كه شه‌قامی سوننی وا هه‌ست بكات مه‌به‌ست له دوورخستنه‌وه‌ی پاڵێوراوان تاكه كه‌سێك نه‌بێت، به‌ڵكو پێیان وابێت كه سوننه‌كان له‌و نێوه‌نده‌دا وه‌ك تائیفه‌یه‌ك و پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی كراونه‌ته ئامانج".
ساڵح موتڵه‌گ، كه سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و به‌ره‌یه ده‌كات، دیارترین سیاسه‌تمه‌داره له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه و دادپه‌روه‌ریی سه‌ر به حكومه‌تی عێراقه‌وه به‌هۆی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به حزبی به‌عس دوورخراوه‌ته‌وه. به‌ره‌ی ناوبراو سه‌ره‌تا ویستی به‌شداری له هه‌ڵبژاردندا نه‌كات، به‌ڵام له ٢٥ی شوباتدا رایگه‌یاند كه سه‌ره‌ڕای دوورخستنه‌وه‌ی موتڵه‌گ به‌شداری له هه‌ڵبژارندا ده‌كه‌ن، ئه‌م بڕیاره‌ش ره‌نگه ئه‌و نیگه‌رانیانه بڕه‌وێنێته‌وه كه سه‌باره‌ت به به‌شدارینه‌كردنی هه‌ندێ لایه‌نی سوننه له هه‌ڵبژاردندا دروست بووه.
مه‌لا وتی، "سوننه‌كان نیگه‌رانن له‌وه‌ی كه له‌وانه‌یه حكومه‌تی داهاتوو له‌سه‌ر بنه‌مای كۆتای تائیفی دروست ببێت و خه‌ڵك ناچاربكات به‌پێی بیروبۆچوونی تائیفی بژین".
موتڵه‌گ به IWPRی راگه‌یاند كه ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه "ره‌وشێكی شێواو شه‌قامی عێراقی بگرێته‌وه" و زیاتر وتی، "دوورخستنه‌وه‌ی پاڵێوراوان له هه‌ڵبژاردن له‌وانه‌یه قه‌یرانی لێبكه‌وێته‌وه. له‌وانه‌یه شته‌كان له‌ده‌ست ده‌ربچن چونكه خه‌ڵك خه‌ریكه ئارامیی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن."
له ٨ی شوباتدا، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق ئه‌یاد عه‌للاوی كه سه‌رۆكایه‌تی لیستی عێراقییه ده‌كات و به‌ره‌ی دیالۆگی نیشتیمانی به‌شێكه له‌و هاوبه‌ندییه، به ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاند كه دوورخستنه‌وه‌ی موتڵه‌گ و سیاسه‌تمه‌داره‌كانی تر "عێراق ده‌خاته بازنه‌ی تائیفییه‌وه و به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆی ده‌بات".
قسه‌كانی عه‌للاوی نیگه‌رانیی قووڵی لای خه‌ڵك دروست كرد و مشتومڕێكی توندیشی له‌نێو سیاسه‌تمه‌داراندا لێكهوتهوه.
ره‌زا جه‌واد ته‌قی، یه‌كێكه له ركابه‌ره‌كانی عه‌للاوی و سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامییه، قسه‌كانی عه‌للاوی ره‌تكرده‌وه و به هه‌وڵێكی ئاشكرای له‌قه‌ڵه‌مدا بۆ راكێشانی سۆزی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی. حكومه‌تی عێراقی هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكردۆته‌وه كه باس له‌وه ده‌كه‌ن ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه و دادپه‌روه‌ری به‌هۆی په‌یوه‌ندیی ئایینی و سیاسییه‌وه پاڵێوراوه‌كانی دوورخستۆته‌وه.
ته‌قی وتی، "پێمان وا نییه ئه‌و شێوازه مه‌ترسیداره‌ی كه عه‌للاوی گرتوویه‌ته‌به‌ر ره‌وا بێت. ناوهێنانی شه‌ڕی ناوخۆ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شتێكی ژیرانه نییه. ئه‌مه هه‌نگاوێكه بۆ دروستكردنی ترس له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه خه‌ریكن له‌ناوده‌چن. ئه‌وان شه‌قام به ئاڕاسته‌یه‌كی چه‌وتدا ده‌به‌ن و ئه‌مه‌ش بۆ هه‌موو كه‌سێك مه‌ترسی هه‌یه."
به‌ڵام ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی عه‌للاوی خێرا به‌رگریان له ناوبراو كرد. جه‌مال به‌تیخ، به‌رپرسێكی باڵایه له لیستی عێراقییه، وتی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه به‌هۆی كاردانه‌وه‌كانی سوننه‌وه هاتوونه‌ته ئاراوه شتێكی واقعیانهن چونكه رۆڵی سوننه له كاروباری سیاسی‌دا به‌هۆی گۆڕانی ده‌سه‌ڵات له ٢٠٠٣ه‌وه كه‌مبۆته‌وه.
له‌م باره‌یه‌وه به‌تیخ وتی، "جیاكارییه‌كی زۆر دژی سوننه‌كان كراوه و په‌راوێزخراون. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه لێدوانه‌كانی عه‌للاوی واقعیانهن و پشت به‌و راستییه ده‌به‌ستن كه ره‌وشی ئه‌منی هێشتا ناسكه و تائیفییه‌ت هێشتا ماوه. جگه له‌مه‌ش، هێشتا میلیشیا چه‌كداره‌كانی شیعه و سوننه ماون و ده‌كرێت له‌هه‌ر كاتێكدا شه‌ڕ له نێوانیاندا رووبدات."
ته‌قی زیاتر وتی، "گشت ئه‌م هۆكارانه وایان له عه‌للاوی كردووه كه نیگه‌رانی سه‌باره‌ت به دروستبوونی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌رببڕێت، شه‌ڕێك كه له‌وانه‌یه كوژاندنه‌وه‌ی زه‌حمه‌ت بێت".
سامی عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانه له‌سه‌ر لیستی ده‌وڵه‌تی یاسای سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی، ره‌تیكرده‌وه ریشه‌كێشكردنی به‌عس هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به تائیفییه‌ته‌وه هه‌بێت و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه زۆرێك له‌و ١٤٥ پاڵێوراوه‌ی له هه‌ڵبژاردن دوورخراونه‌ته‌وه شیعه‌ن.
ئه‌و وتی، "هه‌ندێك له سیاسه‌تمه‌داره دوورخراوه‌كان، به موتڵهگیشهوه، كارتی تائیفییان به‌كارهێنا دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكیان له‌ده‌ستدا. پاڵنه‌ری ئه‌وان تائیفییه و پێویستیش ناكات خۆیان به‌مه‌وه خه‌ریك بكه‌ن. خه‌ڵكی عێراق یه‌كگرتوون و باشیش ئاگادارن له‌وه‌ی كه ناكرێت شه‌ڕی تائیفی بگه‌ڕێته‌وه".
فازڵ عه‌ماری، مامۆستای زانستی سیاسییه له زانكۆی به‌غدا، به IWPRی راگه‌یاند فشاره‌كه كه‌وتۆته سه‌ر حكومه‌تی عێراق و پێویسته هاوڵاتیانی سوننه له‌وه دڵنیا بكاته‌وه كه حكومه‌تی داهاتوو نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو لایه‌ك ده‌كات.
عهماڕی وتی، "خه‌ڵك ترس و خولیایان لا دروست بووه سه‌باره‌ت به شه‌ڕی تائیفی ئه‌مه‌ش شتێكی به‌جێیه. ئه‌و هێرشه نوێیانه و ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی له پارێزگاكانی باشوور سازكران ئاگاداركردنه‌وه‌ی جدین سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی گرژی تائیفی".
ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه "شه‌قامی سوننی دوورخستنه‌وه‌ی پاڵێوراوه‌كانی وه‌ك كێشه‌یه‌كی تائیفی لێكداوه‌ته‌وه و پێی وایه دژی ئه‌وان جێبه‌جێ ده‌كرێت چونكه زۆربه‌یان متمانه‌یان به ده‌ستوور و ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه و دادپه‌روه‌ری نییه. هه‌ر بۆیه پێویسته سه‌ركرده سیاسییه‌كان بڕیاری راست بده‌ن تا گشت پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌شداری له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بكه‌ن و به‌م هۆیه‌شه‌وه ژماره‌ی ده‌نگده‌ران زۆر بێت و ئه‌نجامه‌كانی یاسایی بن."
خه‌ڵكی عێراق كه ده‌یانه‌وێ له پشێوی سیاسی و توندوتیژیی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی دووربكه‌ونه‌وه به‌هۆی ئه‌و مشتومڕه سیاسییه و هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه تووشی سه‌رلێشێواوی و ترس هاتوون.
محه‌مه‌د عه‌لی هه‌مزه، ٢٤ ساڵه و بازرگانه و له گه‌ڕه‌كی (حوڕییه)ی شیعه‌نشینی به‌غدا ده‌ژی، وتی، "ئه‌وه‌ی ئێمه له سیاسه‌تمه‌دارانه‌وه ده‌یبیستین و ده‌بینین له‌ڕێی مدیاكانهوه ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌ڕی تائیفی. به‌ڕاستی ئه‌مه شتێكی تۆقێنه‌ره، هه‌موو شتێك له‌ناو ده‌بات".
"كه‌س له‌و شه‌ڕه رزگاری نابێت. كێ سوودی له‌و شه‌ڕه دی كاتی خۆی؟ ئایا هیچ لایه‌ك به‌سه‌ر لایه‌نێكی تردا زاڵ بوو؟ نه‌خێر. هه‌موو كه‌سێك دۆڕاو بوو، ئه‌مجاره‌ش هه‌ر وا ده‌بێت."
عه‌لی كه‌ریم رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه له به‌غدا.