یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی کاردانه‌وه‌ی جیای لێ ده‌که‌وێته‌وه‌

له‌کاتێکدا ڕۆژنامه‌نوسان پێشوازی له‌چه‌ند به‌شێکی یاساکه‌ ده‌که‌ن، هێشتا نیگه‌رانن لەئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمى کوردستاندا.

یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی کاردانه‌وه‌ی جیای لێ ده‌که‌وێته‌وه‌

له‌کاتێکدا ڕۆژنامه‌نوسان پێشوازی له‌چه‌ند به‌شێکی یاساکه‌ ده‌که‌ن، هێشتا نیگه‌رانن لەئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمى کوردستاندا.

.



ئه‌م یاسایه‌‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری ناهێڵێت ڕۆژنامه‌نوسان ده‌ستگیر بکرێن و ڕۆژنامه‌کانیش دابخرێن یان ڕابگیرێن – ئه‌مانه‌ش داواکاریی سه‌ره‌کیی لایەنگرانى مافه‌کانی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕۆژنامه‌وانانی ناوخۆیی بوون، که‌ له‌ دژی ڕه‌شنوسه‌کانی تری یاساکه‌ هه‌وڵیان داوه‌ و پێیان وابووه‌ زۆر کۆت و بەندیان ئەکات.



بەلام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م یاسایه‌ هه‌ندێک سنووریش له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ داده‌نێت، له‌وانه‌ قه‌ده‌غه‌کردنی ئه‌و وتارانه‌ی که‌ "نائارامی دروست ده‌که‌ن"، "ترس و تۆقاندن بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ و زیان له‌ خه‌ڵک ده‌ده‌ن"، یان "پێشێلی بیروباوه‌ڕه‌ ئایینییه‌کان ده‌که‌ن". په‌یامنێران، سه‌رنوسه‌ران و بڵاوکراوه‌کان ڕووبه‌ڕووی پێبژاردنی قورس ده‌بنه‌وه‌ به‌ پێشێلکردنی یاساکه‌، که‌ کردوویه‌تی به‌مه‌رج ڕۆژنامه‌نوسان په‌یڕه‌وی له‌ پێوه‌ره‌ ڕه‌وشتییه‌کانی فدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی ڕۆژنامه‌نوسان بکه‌ن و ڕێنمایی توندی داناوه‌ بۆ بڵاوکراوه‌کان له‌ کاتی ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کاندا.



له‌ کاتێکدا میدیای سه‌ربه‌خۆ له‌ کوردستانی عێراق له‌ پێنج ساڵی ڕابردوودا گه‌شه‌ی کردووه‌، ژمارەیەک لەسه‌رنوسه‌ر و په‌یامنێران توشی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ هاتوون له‌گه‌ڵ به‌رپرساندا – که‌ هه‌ندێکیان کارمه‌ندانی میدیاکان به‌ نوسینی ڕاپۆرتی لایه‌نگر و که‌مته‌رخه‌م تاوانبار ده‌که‌ن. له‌ هه‌مان کاتدا، هه‌ندێ ڕۆژنامه‌نوسانیش مشت و مڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ سیاسه‌تمه‌داران و سه‌رکرده‌ى پارته‌کان ڕێز له‌ میدیای ئازاد ناگرن.



زۆر که‌س پێیان وایه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌هه‌رێمی کوردستانى عێراقدا له‌قۆناغی سه‌رتاییدایه‌، به‌ تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو پارته‌ی هه‌رێمه‌که‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن – یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان، PUK، و پارتی دیموکراتی کوردستان، KDP – زاڵن به‌سه‌ر میدیاکاندا.



ڕۆژنامه‌نوسان و سیاسه‌تمه‌داران له‌ ساڵی ٢٠٠٦ ه‌وه‌ مشت و مڕ له‌سه‌ر یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ری ده‌که‌ن.



سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان مه‌سعود بارزانی ‌ ڕەشنوسێکی ئه‌م یاسایه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریەى ڕه‌تی کرده‌وه و په‌سه‌ندى نەکرد، کەله‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان له‌ تشرینی دووه‌می ٢٠٠٧ په‌سه‌ند کرابوو، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌کی توند دروست بوو له‌ لای ڕۆژنامه‌نوسان و ڕۆشنبیران و هەلسوراوانى کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی که‌ پێیان وابوو یاساکه‌ زۆر کۆت و بەندى تێدابوو.



یاسای کۆتایی، که‌ له‌ کۆتایی ئه‌یلولدا له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی کوردستانەوە په‌سه‌ند کرا و له‌ ١١ی تشرینی یه‌که‌مدا له‌ لایه‌ن بارزانییه‌وه‌ ئیمزا کرا، یه‌که‌م یاسای‌ له‌و‌ جۆرەیه‌ کەله‌دوای شه‌ڕی عێراقەوە جێگای یاساکانی به‌عس ده‌گرێته‌وه‌ که‌ڕێگای ده‌دا ڕۆژنامه‌نوسان به‌ند بکرێن.



یاسای کۆتایی هه‌ندێک له‌و مه‌رجانه‌ی لابردووه‌ که‌ له‌ڕه‌شنوسه‌کانی پێشوتردا جێگای مشت و مڕ بوون، وه‌ک سزادانی ڕۆژنامه‌نوسان و بڵاوکراوه‌کان به‌هۆی پێشێلکاریی "ناڕوونەوە"، له‌وانه‌ش بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و وتارانه‌ی که‌ وا لێکدەدرێنەوە "ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی" دەخەنە‌ مه‌ترسییه‌وه‌ یان دژی "ئادابی گشتی" بن.



هه‌روه‌ها له‌ڕه‌شنوسه‌کانی پێشوتردا ڕێگەدەدرا ڕۆژنامه‌نوسان و سه‌رنوسه‌ران ده‌ستگیر بکرێن و بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ندین بابه‌تیشى لەڕۆژنامه‌نوسان قه‌ده‌غه‌کردبوو.



که‌ریم به‌حری، ئه‌ندامی لێژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان، یاسا نوێیه‌که‌ی به‌ "ده‌گمه‌ن و پێشکه‌وتوو" له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا وه‌سف کرد. به‌حری وتی یاساکه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی پێشخستنی دیموکراسی له‌هەرێمى کوردستاندا و هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له‌ بره‌ودان به‌ شه‌فافیه‌ت.



له‌ هه‌مان کاتدا، ئارێز عه‌بدوڵڵا، که‌ سه‌رۆکایه‌تی لێژنه‌ی ڕۆشنبیریی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌کات، وتی ده‌سه‌ڵاتداران کاتێک دوا ده‌قی یاساکه‌یان داڕشتووه‌، نیگه‌رانییه‌کانی ڕۆژنامه‌نوسان و نوسه‌ران و ڕێکخراوه‌کانیان له‌به‌رچاو گرتووه‌.



عه‌بدوڵڵا وتی، "گشت بۆچوونه‌کان، به‌ پێشنیاره‌کانی ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیشه‌وه‌، به‌هه‌ند وه‌رگیراون،" و ئه‌وه‌شی وت که‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتیان له‌ یاساکه‌ کردووه‌.



هه‌رچه‌نده‌ ڕۆژنامه‌نوسان پاڵپشتی له‌ چه‌ند لایه‌نێکی یاساکه‌ ده‌که‌ن، زۆربه‌یان گومانیان هەیە‌ له‌سه‌ر ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی یاساکه‌ ده‌یبێت له‌سه‌ر داهاتووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی.



زیره‌ک که‌مال، سکرتێری سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسانی کوردستان، وتی هه‌رچه‌نده‌ خۆشحاڵبووه‌ بەوەى هه‌ندێک له‌و مه‌رجانه‌ی زیاتر جێگای مشت و مڕ بوون له‌ ده‌قی کۆتایی یاساکەدا لادراون، که‌چی هێشتا نیگه‌رانه‌ سه‌باره‌ت به‌و "پێبژاردنه‌ زۆرانه‌ی" که به‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نوساندا سه‌پێنراوە.



زۆرترین غه‌رامه‌کان که‌ ده‌کرێت بسه‌پێنرێن و له‌ ده‌قی پێشوتری یاساکه‌دا هاتبوون که‌ بارزانی ڕه‌تی کردبوویه‌وه‌ نه‌گۆراون، له‌ کاتێکدا که‌مترین سزاکان له‌ سێ ملیۆن دینار (٢،٧٥٠ دۆلاری ئه‌مریکی) بۆ ڕۆژنامه‌نوسان و ده‌ ملیۆن دیناریش بۆ ڕۆژنامه‌کان كه‌مكراونه‌ته‌وه‌ بۆ بڕێكی تر. په‌یامنێران و سه‌رنوسه‌ران ئێستا ده‌کرێت سزا بدرێن به‌ بڕێک له‌ نێوان یه‌ک ملیۆن و پێنج ملیۆن دینار و ڕۆژنامه‌ش ڕووبه‌ڕووی سزای پێنج ملیۆن تا ٢٠ ملیۆن دینار ده‌بێته‌وه‌ به‌هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و وتارانه‌ی که‌ یاساکه‌ پێشێل ده‌که‌ن. دادگاکان ده‌توانن پێبژاردنه‌کان‌ دووهێنده‌ بکه‌ن ئه‌گه‌ر سه‌رپێچییه‌کان دووباره‌ بوونه‌وه‌.



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، یاسادانه‌ران پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌م سزایانه‌ پێویستن بۆ ڕێگرتن له‌ ڕاپۆرتی ناڕاست.



به‌حری وتی ئه‌م سزایانه‌ بۆیه‌ دانراون "تاکو ڕۆژنامه‌نوسان خۆیان دوور بگرن له‌ ناوزڕاندن".



بەلام خه‌ڵکانێکی تر نیگه‌رانن له‌وه‌ی که‌ یاسا نوێیه‌که‌دا هیچ مه‌رجێکی تێدا نییه‌ بۆ بره‌ودان به‌ ئازادیی زانیاری.



که‌مال ڕه‌ئوف، سه‌رنوسه‌ری نوێی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی که‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی ئەهلیە، به‌ په‌یمانگای ڕۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی ڕاگه‌یاند، "ئه‌م یاسایه‌ به‌رهه‌می هه‌وڵی ڕۆژنامه‌کانه‌، به‌ تایبه‌تی ئەهلیەکان". به‌ڵام ڕه‌ئوف ئه‌وه‌شی وت که‌ ده‌بوایه‌ په‌رله‌مان بڕگه‌یه‌کی په‌سه‌ند بکردایه‌ که‌ تا ڕاده‌یه‌ک گرێنتی دەستراگەیشتنى ڕۆژنامه‌نوسانى تیایە بە زانیاری.



فه‌لاح موڕادخان، ڕێکخه‌ری فیدراسیۆنی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی پێداگری کرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یاساکه‌ "ناته‌واوه‌" و ده‌کرێت ئازادیی ڕاده‌ربڕین لاواز بکات چونکه‌ مه‌رجی هه‌بوونی مافی گه‌یشتن به‌ زانیاری له‌ خۆ ناگێرت.



هه‌رچه‌نده‌ موڕادخان دانی به‌وه‌ دانا که‌ یاساکه‌ کۆتایی دێنێت به‌ تۆقاندن و ڕیسواکردنی ڕۆژنامه‌نوسان و بڵاوکراوه‌کانیش له‌ داخستن دەپارێزێت، ئه‌وه‌شی وت که‌ پێی وا نییه‌ یاساکه‌ له‌ کۆتاییدا بتوانێت ئازادیی ڕاده‌ربڕین زیاد بکات یان ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌هەرێمدا به‌هێز بکات.



موڕادخان وتی خه‌بات له‌ پێناوی ئازادیی ڕاده‌ربڕین له‌ کوردستاندا زۆر له‌ کۆتاییه‌که‌ی دووره‌.



"ئه‌مه‌ یه‌که‌م هه‌نگاوه‌،" موڕادخان وتی. "ڕێگایه‌کی دوورمان له‌ پێشه‌."



له‌ هه‌مان کاتدا، به‌م زووانه‌ په‌یمانگای ڕۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی ده‌ست به‌ پڕۆگامی مه‌شقێک ده‌کات که‌ مه‌به‌ست لێی دابینکردنی پارێزگاریی یاساییه‌ بۆ ڕۆژنامه‌نوسان. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ هه‌شت پارێزه‌ری عێراقی فێرده‌کات تا له‌ بواری میدیادا شاره‌زا بن، و دواتر ئه‌م پارێزه‌رانه‌ مه‌شق به‌ سه‌رنوسه‌ران و ڕۆژنامه‌نوسان ده‌که‌ن له‌سه‌ر مامەلە کردن لەگەل ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ میدیاوه‌ هه‌یه‌.



وریا حه‌مه‌ تاهیر ڕۆژنامه‌نوسێکی ڕاهێنراوی IWPRه‌ له‌ سلێمانی.
Frontline Updates
Support local journalists