خه‌ڵكی عێراق پێویستیان به سه‌ركرده‌یه‌كی نوێ هه‌یه
خه‌ڵكی عێراق پێویستیان به سه‌ركرده‌یه‌كی نوێ هه‌یه
هێمن لهۆنی
موحه‌ریری ناوخۆیی IWPR له سلێمانی
جه‌نگێكی سیاسیی به‌هێز بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكی حكومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌ستیپێكردووه. پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به‌هێزترین و باڵاترین پۆستی عێڕاقه و خاڵی سه‌ره‌كییه له دانوستانه‌كانی نێوان لیسته سیاسییه به‌هێزه‌كانی وڵات.
سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو له قۆناغێكی مێژوویی‌دا سه‌ركردایه‌تی عێراق ده‌كات كه تێیدا هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كشێنه‌وه، ئه‌مه‌ش تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره ده‌بێت بۆ هێزه‌كانی عێڕاق و حكومه‌ته‌كه‌ی.
سه‌ره‌ڕای به‌رقه‌راركردنی ئاسایش، سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ پێویسته بتوانێت په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزتر له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانی عێڕاق گرێبدات و ده‌بێت رووبه‌ڕووی ئاریشه ناوخۆییه‌كانی وه‌ك گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری ببێته‌وه و ئاشته‌وایی نیشتیمانیش بێنێته‌دی. به‌كورتی داهاتووی سیاسیی وڵات له‌ده‌ستی سه‌رۆك وه‌زیرانه.
ئه‌و ركابه‌ره سه‌ره‌كیانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م پۆسته پێشبڕكێ ده‌كه‌ن، پێشتر خۆیان سه‌رۆك وه‌زیران بوون، بۆیه دووباره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یان هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسییه. له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و كێشه قورسانه‌ی كه عێڕاق له داهاتوودا رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه و ئه‌و دووبه‌ره‌كییه سیاسییه‌ی له‌نێو ئه‌م ركابهرانهدا هه‌یه، باشترین چاره‌سه‌ر بۆ عێڕاق بریتییه له ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێكی نوێ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران.
كه‌سێكی نوێ هیوا و گه‌شبینی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ عێڕاقی ئه‌مرۆ كه ته‌واو پێویستی به كه‌سێكی له‌م جۆره‌یه.
هه‌ر سێ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو - ئه‌یاد عه‌لاوی و ئیبراهیم جه‌عفه‌ری و نوری مالیكی - نه‌یانتوانی له‌ماوه‌ی حكومكردنیاندا سه‌قامگیری بگه‌ڕێننه‌وه و به‌ره‌نگاری گه‌نده‌ڵێ ببنه‌وه و ته‌نانه‌ت ئاشته‌وایی نیشتیمانیش بهێننهدێ. هه‌ر هه‌موویان بوونه هۆی قووڵكردنه‌وه‌ی بێمتمانه‌یی له‌نێوان شیعه و كورد و سوننه.
عه‌لاوی، كه سه‌رۆكی لیستی عێڕاقییهیه و توانیویه‌تی ٩١ كورسی مسۆگه‌ربكات و پله‌ی یه‌كه‌م به جیاوازییه‌كی كه‌م به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی بۆ ره‌خسا تا ببێته سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره كاتێك له ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٥ وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستنیشانكرا. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای پشتگیریی ئه‌مریكییه‌كان بۆی، نه‌یتوانی سه‌قامگیری به‌رقه‌راربكات و له‌بری ئه‌وه فه‌لوجه‌ی كاولكرد.
هه‌روه‌ها نه‌شیتوانی هه‌نگاوی گه‌وره به‌ره‌و ئاشته‌وایی نیشتیمانی بنێت. له‌ئێستاشدا كورد و شیعه و ئێران له لیسته‌كه‌ی نیگه‌رانن به‌هۆی بوونی زۆرێك له ئه‌ندامانی پێشووی حزبی به‌عس تیایدا.
جه‌عفه‌ری ئێستا سه‌رۆكی حزبێكی بچوكه و دوای ئه‌وه‌ی له ریفراندۆمێكی لایه‌نگرانی سه‌در پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا ناوی كه‌وته نێو ناوی كاندیده به‌هێزه‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران. له سه‌رده‌می حوكمی ئه‌ویشدا كه ١٣ مانگی خایاند، چه‌ندین كێشه سه‌ریهه‌ڵدا، هه‌ر له‌بایكۆتی سوننه‌كان ودۆڕاندنی متمانه‌ی كورد تا شه‌پۆڵێكی فراوانی رفاندن و ناكۆكیی تائیفی به شێوه‌یه‌ك كه عێڕاق له سه‌ر لێواری شه‌ڕی ناوخۆدا بوو.
مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ماوه به‌سه‌رچوو و سه‌ركرده‌ی ئیتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا، له‌ماوه‌ی حوكمڕانییدا چه‌ندین دوژمنی دروست كردوه به‌تایبه‌ت له شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ. هه‌میشه له‌بری ئه‌وه‌ی كار بكات بۆ راكێشانی وڵاتانی عه‌ره‌بی تا پشتگیری له عێڕاق بكه‌ن له رووی ئابوری و سیاسییه‌وه، كه‌چی مالیكی خه‌ریكی تۆمه‌تباركردنیان بوو به‌وه‌ی ده‌ستده‌خه‌نه ناو كاروباری ناوخۆی عێڕاق و له‌ولاوه‌ش به‌رامبه‌ر ئێران بێده‌نگبوو.
له‌دوای هه‌ر ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز، مالیكی خێرا سعودیه و سوریای به پاڵپشتیكردنی تیرۆریزم تۆمه‌تبارده‌كرد. هه‌روه‌ها به‌رده‌وام كێشه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سوننه‌دا هه‌بوو و ناكۆكیی خسته نێو شیعه‌كانیش. مالیكی ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی دڵی كورد رازیبكات له‌كاتێكدا كورد توانی حكومه‌ته‌كه‌ی له رووخان رزگاربكات. جگه له‌مه‌ش، هێزی هێنایه ناوچه جێناكۆكه‌كان و به‌و هۆیه‌شه‌وه مه‌ترسی پێكدادان له‌نێوان كورد‌و عه‌ره‌ب دروست بوو.
هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێك له‌م سێیانه جارێكی دیكه عێڕاق ده‌گێڕێته‌وه بۆ خاڵی سه‌ره‌تا. ئه‌م سه‌ركردانه كه بێ وچان هه‌وڵ بۆ ئه‌م پۆسته ده‌ده‌ن ده‌بێت له‌وه تێبگه‌ن كه به‌ره‌ژه‌وه‌ندی عێڕاق وا ده‌خوازێت ئه‌وان واز له‌م هه‌وڵه‌یان بهێنن و رێگه بۆ په‌رله‌مان خۆش بكه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانێكی نوێ هه‌ڵبژێرێت.
وه‌ك رێزێكیش بۆ دیموكراسی و ئیراده‌ی خه‌ڵك، سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ پێویسته سه‌ر به یه‌كێك له لیسته براوه‌كان بێت، به‌تایبه‌تی ده‌وڵه‌تی یاسا یان عێڕاقییه.
پاڵێوراوی نوێ بۆ ئه‌م پۆسته گه‌ر ناسراویش نه‌بێت، به‌ڵام پاڵپشتیی لیسته براوه‌كان بۆی راسته‌وخۆ هێز وكاریگه‌ریی پێده‌به‌خشێت.
بیرشمان نه‌چێت ده‌نگهێنانی مالیكی و عه‌لاوی هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو ئه‌م دووانه پێشتر سه‌رۆك وه‌زیران بوون، گه‌رنا له‌سه‌دا ٨٠ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی داهاتوو نوێن، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی عێراق حه‌زده‌كه‌ن سیاسه‌تمه‌داری نوێ بێنه‌پێشه‌وه.
پێویسته له خۆمان بپرسین بۆچی مالیكی و عه‌لاوی واز له‌م حه‌زه‌یان ناهێن و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پۆستێك ده‌ده‌ن كه تێیدا تاقیكراونه‌ته‌وه‌و سه‌ركه‌وتوونه‌بوون. ئه‌وان ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت عێڕاق سه‌قامگیر بێت باشتروایه واز له‌م حه‌زه‌یان بهێنن و سازش بۆ كه‌سێكی نوێ بكه‌ن. به‌م كاره‌ش هه‌ڵوێستێكی پڕشنگدار ده‌نوێنن و سوودیش به عێڕاق ده‌گه‌یه‌نن.
بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ئه‌م دوو كاندیده هه‌ریه‌كه‌یان له‌لایه‌ن گروپێكی عێڕاقییه‌وه به‌چاوی گومانه‌وه تهماشدهكرێن و ئه‌مه‌ش پڕۆسه‌ی سیاسیی عێڕاق به‌ره‌و ئاڵۆزبوونێكی ته‌واو ده‌بات، به‌تایبه‌تی له مه‌سه‌له‌ی به‌ده‌ستهێنانی متمانه له پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ‌دا.
پاڵێوراوێكی نوێ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران رووبه‌ڕووی ئه و كێشانه نابێته‌وه له‌كاتی رازیكردنی گروپه‌كانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له حكومه‌تی نوێ‌دا بكه‌ن. ئه‌و كه‌سه ده‌بێت كاندیدێك بێت به‌لای زۆربه‌ی گروپه‌كانی ناو عێراقه‌وه په‌سه‌ند بێت و دوور بێت له رابردوویه‌كی خراپ و دوژمنكارانه. ده‌بێت ویستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كی هه‌بێت.
كه‌سێكی نوێ گه‌شبینی ده‌گێڕێته‌وه بۆ خه‌ڵكی عێراق و ده‌شیسه‌لمێنێت كه عێڕاق خاوه‌نی سیاسه‌تمه‌داری نوێیه و چیتر سیاسه‌ت له چنگی گروپێكی دیاریكراودا نابێت. هه‌روه‌ها وڵاتانی دراوسێش ده‌رفه‌تی پێده‌ده‌ن و یه‌كسه‌ر هه‌ڵی ناسهنگێنن.
پاڵێوراوێكی تازه بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌رفه‌تی زیاتری ده‌بێت بۆ رازیكردنی گروپه‌كانی عێراق تا بتوانێ حكومه‌تێكی نیشتیمانی پێك بهێنێت. ئێمه‌ش پێویستمان به كه‌سێكه بتوانێت پاڵپشتی شیعه و سوننه و كورد به‌ده‌ستبهێنێت.
مێژووش فێری كردووین كه هیچ كات حكومه‌ت له به‌غدا سه‌ركه‌وتوو نابێت به بێ به‌شداری راسته‌قینه‌ی پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كان له پرۆسه‌ی بڕیاردان.
سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ پێویسته هه‌وڵه‌كانی بۆ هێنانه‌دی ئاشته‌وایی نیشتیمانی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌دیهێنانی سه‌قامگیری چڕبكاته‌وه.
سه‌ركرده كۆنه‌كان نه‌یانتوانی ئه‌و ئامانجانه به‌دی بهێنن. سه‌ر له‌نوێ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن په‌رله‌مان، ته‌نها رابردوومان بیردێنێته‌وه.
هێمن لهۆنی موحه‌ریری ناوخۆیی په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتییه له سلێمانی.
ئه‌و بۆچوونانه‌ی له‌م وتاره‌دا خراونه‌ته‌ڕوو مه‌رج نییه هی IWPR بن.