ره‌خنه‌ی كورد به‌رامبه‌ر به ئه‌مریكا زیاد ده‌كات
هه‌ندێ كه‌س گومانیان له سووربوونی ئه‌مریكا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك هه‌یه.
ره‌خنه‌ی كورد به‌رامبه‌ر به ئه‌مریكا زیاد ده‌كات
هه‌ندێ كه‌س گومانیان له سووربوونی ئه‌مریكا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك هه‌یه.
هه‌ندێ له سیاسه‌تمه‌دارانی كورد دڵنیاكردنه‌وه‌ی كۆشكی سپی و هه‌ندێ له وته‌كانی به‌رپرسانی كوردیان ره‌تكردۆته‌وه كه ده‌ڵێن واشنتۆن سووره له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان، به‌تایبه‌تی پارێزگای كه‌ركوك. زیادبوونی ره‌خنه‌ی كورد به‌رامبه‌ر به واشنتۆن واته هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كورد كه له ماوه‌ی ٢٠ ساڵی رابردوودا پاڵپشتییه‌كی زۆریان له ئه‌مریكا كردووه.
"له رابردوودا به‌رپرسانی ئه‌مریكا زۆر به‌ڵێنیان به كورد داوه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك به‌ڵام ته‌نها قسه‌ی بێ كرده‌وه بوون،" محه‌مه‌د تۆفیق، به‌رپرسێكی باڵای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه، وتی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌پرسانی كورد ده‌ڵێن په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هه‌رگیز هێنده‌ی ئێستا به‌هێز نه‌بووه. ئه‌وان ئاماژه بۆ سه‌ردانی به‌رپرسه باڵاكانی هه‌رێم ده‌كه‌ن بۆ واشنتۆن و پاڵپشتیی كۆشكی سپی بۆ مادده‌ی ١٤٠ی ده‌ستووری عێراق كه تایبه‌ته به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان.
مادده‌ی ١٤٠ ده‌ڵێ سه‌رژمێری و راپرسی ده‌بێ له كه‌ركوكدا تا كۆتایی ٢٠٠٧ ساز بكرانایه تا ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ركوك ده‌بات به‌ڕێوه دیاری بكرایه. عه‌ره‌ب و توركمان و كورد هه‌ر یه‌كه‌یان كه‌ركوك به هی خۆی ده‌زانێت. له كاتێكدا ده‌ستوور رێگه‌ی پێداوه، به‌ڵام ئه‌و پڕۆسه‌یه چه‌ند جارێك دواخراوه و بووه‌ته خاڵی سه‌ره‌كی ناكۆكی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غدا.
كورد، كه پێی وایه كه‌ركوك له‌ڕووی مێژووییه‌وه به‌شێكه له هه‌رێمی كوردستان و ده‌بێت بخرێته‌وه سه‌ر هه‌رێمه‌كه، بێ هیوان له حكومه‌تی عێراقی به‌هۆی دواخستنی سه‌رژمێرییه‌كه‌وه. زۆرێك له هاوڵاتیانی كوردیش پێیان وایه كه پاڵپشتیی هاوپه‌یمانه كاریگهرهكهیان، ئه‌مریكا، ده‌توانێ پڕۆسه‌كه به‌ره‌وپێشه‌وه ببات.
عه‌ره‌ب و توركمان پێیان وایه كورد هه‌وڵده‌دات به هه‌ر نرخێك بێت سنووری هه‌رێمی كوردستان فراوان بكات. شاره‌زایان هۆشیاریان داوه كه كێشه‌ی كه‌ركوك ره‌نگه توندوتیژیی به‌رفراوانی لێ بكه‌وێته‌وه. هه‌ندێكیان ده‌ڵێن هه‌ر بڕیارێك ده‌بێت رێكه‌وتنێكی تایبه‌ت به دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان گروپه ئیتنی و ئایینییه‌كانی كه‌ركوك له‌خۆ بگرێت.
كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، به ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیشه‌وه، به ووریاییه‌وه پاڵپشتیان له هیچ لایه‌ك نه‌كردووه و په‌له‌شیان له جێبه‌جێكردنی پڕۆسه‌كه نه‌كردووه - ئه‌م خاڵه‌ش كوردی په‌ست كردووه و ده‌ڵێن دواخستنی پڕۆسه‌كه ده‌ستووری نییه.
مانگی رابردوو كۆشكی سپی به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد و تیایدا پاڵپشتی خۆی ده‌ربڕی بۆ پڕۆسه‌ی سه‌رژمێری و "جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ده‌ستووری عێراقی به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه"، به مادده‌ی ١٤٠ و ١٤٢شهوه. مادده‌ی ١٤٢ رێگا ده‌دات گۆڕانكاری له ده‌ستووردا ئه‌نجام بدرێت. به پێچه‌وانه‌ی خۆشحاڵی به‌رپرسانی كورد به به‌یاننامه‌كه، نوێنه‌رانی عه‌ره‌بی عێراق پێیان وابوو ئه‌مه ده‌ستتێوه‌ردانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه له كاروباری عێراقدا.
"به‌یاننامه‌كه‌ی كۆشكی سپی زۆر گرنگه،" فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق، وتی. "یه‌كه‌م جاره به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌ها له ئه‌مریكا ببینین."
ده‌زگا ره‌سمییه‌كانی راگه‌یاندنی كوردستان گرنگییان به پاڵپشتیی ئه‌مریكا بۆ مادده‌ی ١٤٢ نه‌دا، له‌بری ئه‌وه باسیان له سووربوونی ئه‌مریكا بۆ پڕۆسه‌ی سه‌رژمێری ده‌كرد كه بڕیاره له تشرینی دووه‌می ٢٠١٠ ئه‌نجام بدرێ.
به‌ڵام هه‌ندێ له هاوڵاتیانی كورد ده‌ڵێن نابێ كورد به‌یاننامه‌كه وه‌ك پاڵپشتیی ئه‌مریكا لێك بداته‌وه و ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان به نادیاری ماوه‌ته‌وه.
مه‌حمود عوسمان، په‌رله‌مانتارێكی سه‌ربه‌خۆی كورده له به‌غدا، وتی به‌یاننامه‌كه‌ی كۆشكی سپی "باسی مادده‌ی ١٤٠ ده‌كات. له‌هه‌مان كاتدا پاڵپشتی ده‌رده‌بڕێ بۆ مادده‌ی ١٤٢ی ده‌ستوور كه داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌ستوور ده‌كات و ئه‌مه‌ش دژی ئێمه‌یه."
زۆربه‌ی كورد پێیان وایه كه په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌بی عێراق هه‌وڵده‌ده‌ن مادده‌ی ١٤٠ هه‌موار بكه‌ن یان لابده‌ن له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك سه‌رژمێری و راپرسی كۆنتڕۆڵی كه‌ركوك بخه‌نه ژێر ده‌ستی كورده‌وه كه پێیان وایه له پارێزگاكه زۆرینه‌ن.
"به‌داخه‌وه به‌رپرسانی كورد په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد و ئه‌مریكا و به‌ڵێنه‌كانی گه‌وره ده‌كه‌ن،" عوسمان وتی. "پێم وا نییه كه په‌یوه‌ندییه‌كانمان گه‌یشتوونه‌ته "قۆناغی زێڕین" هه‌ر وه‌ك هه‌ندێ كه‌س وا ده‌ڵێن. هیوادارم ئه‌و په‌یوه‌ندییه له داهاتوودا زیاده‌ڕۆیی تێدا نه‌كرێت چونكه گومانم له‌وه هه‌یه هیچ ئه‌نجامێكی هه‌بێت."
ئاكۆ حه‌مه كه‌ریم، مامۆستای زانستی سیاسییه له زانكۆی سلێمانی، وتی، "ئه‌مریكا هاوڕێی هه‌میشه‌یی نییه - به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌میشه‌یی هه‌یه."
"پێم وایه ئێمه‌ی كورد زیاترمان له ئه‌مریكا چاوه‌ڕێ ده‌كرد. خه‌ڵك په‌ست بوون هه‌ر كه هه‌ستیانكرد هه‌ر شتێك ئێمه بمانه‌وێ ئه‌مریكا نایكات و زۆر گرنگیش به داواكارییه‌كانی كورد نادات."
تۆفیق ره‌شبینی خۆی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان، هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام چاوی به ئه‌مریكییه‌كان ده‌كه‌وێت. هه‌فته‌ی رابردوو، به‌رپرسانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا چاویان به به‌رپرسانی لیستی گۆڕان كه‌وت له شاری سلێمانی.
"ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا گرنگی به داواكارییه‌كانمان نادات، بۆچی پێویسته به هاوپه‌یمانی نزیكی خۆمانی دابنێین؟" تۆفیق پرسی. "ئێمه پێمان وایه كه ئه‌مریكا ده‌یتوانی پێش ئێستا مادده‌ی ١٤٠ جێبه‌جێ بكات."
هه‌ندێ سیاسه‌تمه‌داری كورد ده‌ڵێن به‌یاننامه‌كه‌ی كۆشكی سپی له‌به‌رامبه‌ر پاڵپشتیی كورد بۆ یاسای هه‌ڵبژاردن ده‌ركرا كه ئه‌مریكا پاڵپشتی لێده‌كرد و رێگای خۆشكرد بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له مانگی ئازار.
پاڵپشتیی په‌رله‌مانتارنی كورد له یاساكه كۆتایی هێنا به بهربهسێتك كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بوو بۆ دواخستنی زیاتری هه‌ڵبژاردنه‌كان ، ئه‌م پاڵپشتییه‌ش كه‌مێك دوای گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی و سه‌رۆكی ئه‌مریكا باراك ئۆباما و جێگره‌كه‌ی جۆو بایدن، كه په‌یوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كورد هه‌یه، هات.
راگه‌یاندنی ئۆپۆزسیۆنی كورد واشنتۆنی به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه فشاری خستۆته‌سه‌ر به‌رپرسانی كورد تا پاڵپشتی له یاسای هه‌ڵبژاردن بكه‌ن كه به گوته‌ی ئۆپۆزسیۆن تیایدا كورسی ته‌واو بۆ سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان نه‌كراوه.
رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به سهردێڕێكی گه‌وره له لاپه‌ڕی یه‌كه‌می خۆیدا نووسیبووی، "به‌رپرسانی كورد چاره‌نووسی ئێمه‌یان خسته‌وه ده‌ست به‌ڵێنه نادیاره‌كانی ئه‌مریكا"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌یاننامه‌كه‌ی كۆشكی سپی كه پاڵپشتی له سه‌رژمێری ده‌كات.
نه‌زیفه ساڵح، ژنی ماڵه‌وه‌یه و ته‌مه‌نی ٤٩ ساڵه، وتی دوای شاڵاوه‌كه‌ی ئه‌مریكا پاڵپشتیكارێكی سه‌رسه‌ختی ئه‌مریكا بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بێ ئومێد بووه. ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆچوونی زۆرێك له هاوڵاتیانی ئاسایی كورده.
"ئه‌مریكا له ئاست پێشبینییه‌كانی ئێمه‌دا نه‌بوو،" ساڵح وتی. "ئێمه هێشتا كێشه‌ی كاره‌با و ئاومان هه‌یه و له‌ڕووی سیاسیشه‌وه كه‌ركوك چاره‌سه‌ر نه‌كراوه."
كورد، كه زۆر گومانی له هاوسێكانی و عه‌ره‌بی عێراق هه‌یه، ده‌مێكه ئه‌مریكای به به‌هێزترین هاوپه‌یمانی خۆی داناوه.
هێزی پێشمه‌رگه هاوكاری ئیداره‌ی بوشی كرد له شه‌ڕی عێراق له ٢٠٠٣. كاتێك سه‌دام حوسێن لادرا، سه‌ربازان و به‌رپرسانی ئه‌مریكا به گوڵ له هه‌رێمی كوردستاندا پێشوازیان لێكرا – ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌رهه‌ڵستییه بوو كه له شوێنی تر رووبه‌ڕووی بوونه‌وه.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و شه‌پۆڵه رهخنهئامێزهی ئێستا كورد به‌رامبه‌ر به ئه‌مریكا هه‌یه‌تی، به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێن په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ واشنتۆندا ئێستا له هه‌موو كاتێك به‌هێزتره.
سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی به‌م نزیكانه سه‌ردانی واشنتۆن ده‌كات دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم له كۆتایی مانگی كانوونی یه‌كه‌م به گه‌شتێك چووبوونه ئه‌مریكا و چاویان به به‌رپرسانی باڵای كۆشكی سپی و پێنتاگۆن كه‌وتبوو.
فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه خۆی له شانده‌كه به‌شدار بووه، وتی مادده‌ی ١٤٠ له‌سه‌رووی كارنامه‌ی شانده‌كه‌وه بوو. مسته‌فا وتی له كۆبوونه‌وه تایبه‌تییه‌كان و له بهننامهكهی كۆشكی سپی‌دا ئه‌مریكا "سووربوونی خۆی دووپاتكرده‌وه تا یارمه‌تی ئێمه بدات سه‌رژمێری ئه‌نجام بده‌ین" له كه‌ركوك.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌م هه‌فته‌ی له شاری هه‌ولێر، كریستۆفه‌ر هیڵی باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق، دوای ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی كوردی پێشتر دیبوو، هه‌وڵی دا كورد دڵنیا بكاته‌وه له‌و نیگه‌رانییه‌ی لایان دروست بووه به‌هۆی مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا.
"سه‌باره‌ت به به‌ڵێنه‌كان، ئێمه هه‌میشه ته‌ئكیدمان كردۆته‌وه بۆ دسه‌ڵاتدارانی كورد كه ئێمه به‌شێك ده‌بین له مه‌سه‌له‌ی سنووری ناوچه جێناكۆكه‌كان و له‌سه‌ر بنه‌مانی ده‌ستووری عێراق به‌شێك ده‌بین له‌و مه‌سه‌له‌یه...
"بێ گومان ئێمه به په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕێی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه ده‌كه‌ین، له‌وانه‌ش سنووره جێناكۆكه‌كان و ئێستاش ئێمه گرنگی به‌و ناوچانه ده‌ده‌ین تا دڵنیا بین له‌وه‌ی ده‌توانین له‌م چوارچێوه‌یه‌دا یارمه‌تیده‌ر بین."
"پێم وایه ده‌كرێت ئێمه هاوڕێیه‌كی زۆر باشی خه‌ڵكی كوردستان بین ... ئێمه په‌رۆشی په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر به‌هێزین له‌گه‌ڵ ئێره، په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ كوردستان تا ئه‌و كاته‌ی وه‌ك به‌شێك له عێراق بمێنێته‌وه."
هێمن لهۆنی موحهریرێكی ناوخۆی IWPRه. تیاری راس به‌ڕێوه‌بری به‌شی ته‌حریری IWPRه له عێراق. سیروان ره‌شید رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه.