ژنان هه‌وڵده‌ده‌ن كار بدۆزنه‌وه
ده‌ڵێن بێكاری له‌نێو ژناندا سه‌دان هه‌زار خێزانی به‌ره‌و هه‌ژاری بردووه.
ژنان هه‌وڵده‌ده‌ن كار بدۆزنه‌وه
ده‌ڵێن بێكاری له‌نێو ژناندا سه‌دان هه‌زار خێزانی به‌ره‌و هه‌ژاری بردووه.
ئێستا دایكی حه‌سه‌ن له ناوه‌ندی پشتیوانیكردن له ژنان له به‌غدا به‌شداری له خولێكی به‌رگدروویی ده‌كات و مووچه‌یه‌كیش له حكومه‌ت وه‌رده‌گرێت كه یارمه‌تییه‌كه بۆی تا سه‌رپه‌رشتی خێزانه‌كه‌ی بكات.
"هیوا بڕاوبووم له‌وه‌ی هه‌رگیز بتوانم كارێك بدۆزمه‌وه، ته‌نانه‌ت وه‌ك پاككه‌ره‌وه‌ش، بۆیه هاتمه ئه‌م ناوه‌نده تا له داهاتوودا كارێك بدۆزمه‌وه،" دایكی حه‌سه‌ن وتی.
به‌ڵام دایكی حه‌سه‌ن له‌وانه‌یه تووشی ماندووبوونێكی زۆر بێت. چالاكوانان و شاره‌زایانی حكومه‌ت ده‌ڵێن بێكاری له‌نێو ژناندا سه‌دان هه‌زار خێزانی له عێراقدا تووشی هه‌ژاری كردووه.
"ره‌وشی ژنان له عێراق له خراپه‌وه به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت،" عه‌لا جبوری، رێكخه‌ری تۆڕی میدیای عێراقی بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان و مناڵان، وتی.
ژماره‌یه‌كی ده‌قاوده‌قی ژنانی بێكار له عێراق بوونی نییه، به‌ڵام شاره‌زایان هۆشیاریان داوه كه ئه‌و كێشه‌یه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. نه‌ته‌وه‌یه یه‌كگرتووه‌كان له ئازاری ٢٠٠٩دا له راپۆرتێكدا رایگه‌یاند ژنان ته‌نها ١٧ له سه‌دای هێزی كاری عێراق پێك ده‌هێنن، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه له ده خانه‌واده یه‌كێكیان ژن ئه‌یبا به‌ڕێوه - ٨٠ له سهداشیان بێوه‌ژنن.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه نه‌خوێنده‌واری هۆكاری سه‌ره‌كییه له به‌شداریی لاوازی ژنان له هێزی كار و ٢٤ له سه‌دای ژنان و كچان ئه‌وانه‌ی له سه‌رووی ته‌مه‌نی ده ساڵییه‌وه‌ن توانای خوێندنه‌وه یان نووسینیان نییه.
حكومه‌تی عێراق ناوی ٢٧٠،٠٠٠ ژنی تۆماركردووه و مووچه‌ی هه‌ژارانه‌یان پێ ده‌دات و مانگانه بڕه‌كه‌ی له‌نێوان ٥٠-١٠٠ دۆلار دایه، به‌ڵام ئه‌م ژماره‌یه له‌ناو خودی حكومه‌تدا مشتومڕی له‌سه‌ره.
"ئێمه پێمان وایه ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی بێكارن له‌وانه‌یه له‌وه زیاتر بێت،" بوشرا هیلالی، گوته‌بێژی به‌شی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان له حكومه‌تی عێراق وتی.
"ئێمه له‌گه‌ڵ حكومه‌ت هه‌وڵده‌ده‌ین ژماره‌ی ده‌قاوده‌قی ژنانی بێكار دیاری بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌م پڕۆسه‌یه له‌سه‌رخۆیه چونكه سه‌رژمێرییه‌كی تازه‌مان له‌به‌رده‌ستدا نییه،" هیلالی وتی.
هیلالی وتی به‌شی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیدا له ساڵی ٢٠٠٨ دامه‌زراوه وه‌ك هه‌وڵێك بۆ مسۆگه‌ركردنی مافه‌كانی ژنان.
"ئێمه خه‌ریكین فایلی نوێ له كهیسێكدا بۆ بێوه‌ژنان و ژنانی ته‌ڵاقدراو و خێزانی سه‌ربازه بێ سه‌روشوێنه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه،" هیلالی وتی. "ئه‌و كه‌یسه دواتر فراوان ده‌كرێت تا گشت ژنان و هه‌تیوانی بێ پاڵپشت بگرێته‌وه."
شاره‌زایان و ئاژانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ڵێن به‌شی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان ئه‌ركێكی قورسی له‌پێشه له یارمه‌تیدانی ژنانی بێكار. دێیڤد شیره‌ر، رێكخه‌ری مرۆیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، له مانگی ئازار وه‌ك به‌شێك له رۆژی جیهانی ژنان رایگه‌یاند "یه‌كێك له ئه‌وله‌ویاته سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی ٢٠٠٩ بریتی ده‌بێت له باشتركردنی ره‌وشی ژنان و كچان ئه‌وانه‌ی هێشتا ماوه زیاتر هه‌ست به ته‌واوی سووده‌كانی هه‌ڵسانه‌وه‌ی عێراق بكه‌ن".
هه‌روه‌ها نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ رێكخراوه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان زیاتر له ٣٠ پڕۆگرام جێبه‌جێ ده‌كات بۆ باشتركردنی ژیانی ژنان له هه‌موو پارێزگاكانی عێراق.
جبوری ده‌ڵێت شتێكی ئاساییه كه كچان له ته‌مه‌نێكی بچو‌وكدا له قوتابخانه بێنه ده‌ره‌وه تا یارمه‌رتی خێزانه‌كانیان بده‌ن یان رێگا بۆ براكانیان خۆش بكه‌ن بخوێنن.
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی جبوری، ژنان ناچارن له شه‌قامه‌كاندا سواڵ بكه‌ن و زبڵیش بۆ دووباره به‌كارهێنانه‌وه له‌لایه‌ن كارگه‌كانه‌وه كۆ بكه‌نه‌وه. هه‌ندێ له ژنان له‌به‌رامبه‌ر مووچه‌یه‌كی كه‌م له كه‌رتی كشتوكاڵ و كارگه‌كاندا كارده‌كه‌ن و له‌و شوێنانه‌دا له هه‌فته‌یه‌كه‌دا ٣٥،٠٠٠ دینار ئیش ده‌كه‌ن.
جبوری ده‌ڵێت به‌شی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و یارمه‌تییه‌ی كه مانگانه ده‌یدات پێویسته ژنان له بوارێكدا فێری كار بكات.
هانا ئێدوارد، چالاكوانێكی دێرینی مافه‌كانی ژنانه، ده‌ڵێت لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ده‌ریخستووه كه بێكاری زیادی كردووه.
"هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش روونه كه رێژه‌ی سه‌دی ئه‌و ژنانه‌ی له لادێكاندا كارده‌كه‌ن به‌رزتره له‌وانه‌ی شار.... كه تیایدا هه‌لی كار بۆ ژنان ئێجگار كه‌مه،" ئێدوارد وتی.
هه‌روه‌ها ئێدوارد وتی كرێكارانی بیانی، كه له باشوور و باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیاوه هێنراون، له زۆرێك له پیشه حكومییه‌كاندا كارده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بن ئه‌وا ئه‌و پیشانه به‌ر ژنانی عێراق ده‌كه‌ون.
چه‌ند رێكخراوێكی ناحكومی هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
ناوه‌ندی پشتیوانیكردن له ژنان له به‌غدا، كه حكومه‌ت پاڵپشتی لێ ده‌كات، له چه‌ندین بواری لێهاتوویی پیشه‌ییدا مه‌شق به ژنانی بێكار ده‌كات كه زۆربه‌یان بێوه‌ژنن. سه‌لما جابو، سه‌رپه‌رشتیاره له ناوه‌نده‌كه، ده‌ڵێت له‌و رێكخراوه خۆبه‌خشه‌دا رۆژێك نا رۆژێك وانه‌كان ده‌وترێنه‌وه و تا ئێستاش ١،٧٥٠ ژن خووله‌كانی ئه‌و ناوه‌نده‌یان ته‌واو كردووه.
"یارمه‌تی ئه‌و ژنانه ده‌ده‌ین كه ئیشیان نییه و ئه‌مانه‌ش هه‌میشه بێ هیوان. هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نین كه پێوسته ژن خۆی خۆی ببات به‌ڕێوه. ئه‌مه تاكه رێگایه تا منداڵه‌كانی به‌خێو بكات و له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا یارمه‌تی كۆمه‌ڵگا بدات،" جابو وتی.
حوسام سه‌رای رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه له به‌غدا.