ژماره‌ی شوفێرانی ژن له هه‌ولێر له زیادبووندایه
بووژانه‌وه‌ی ئابووری رێگا له‌به‌رده‌م ژنان خۆشده‌كات ئۆتۆمبیل لێ‌بخوڕن و گوێ به جیاوازیی ره‌گه‌ز نه‌ده‌ن.
ژماره‌ی شوفێرانی ژن له هه‌ولێر له زیادبووندایه
بووژانه‌وه‌ی ئابووری رێگا له‌به‌رده‌م ژنان خۆشده‌كات ئۆتۆمبیل لێ‌بخوڕن و گوێ به جیاوازیی ره‌گه‌ز نه‌ده‌ن.
وه‌فا سه‌ردار توانی دوای خوولێكی دوو هه‌فته‌یی له بواری لێخوڕینی ئۆتۆمبیل مۆڵه‌تی لێخوڕین وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌وه به‌س نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ به‌سه‌ر ترس‌دا زاڵ بێت كاتێك سه‌ره‌تا ئۆتۆمبیلی ده‌برده گه‌راجی ماڵه‌وه یان پێش شوفێره‌كانی تر ده‌كه‌وت.
وه‌فا، ته‌مه‌نی ٢٣ ساڵه و قوتابی زانكۆیه له شاری هه‌ولێر، مانگی یه‌كه‌م كاتێك تازه فێری لێخوڕین ببوو ئۆتۆمبیله‌كه‌ی ته‌نها تا به‌رده‌م ده‌رگای ماڵه‌وه ده‌برد، ئینجا سویچه‌كه‌ی ده‌دا به یه‌كێك له براكانی تا ئۆتۆمبیله‌كه بباته گه‌راج و بیوه‌ستێنێت.
وه‌فا وتی، "هه‌موو رۆژێك شه‌رم دایده‌گرتم".
به‌ڵام ئێستا دوای دوو ساڵ، وه‌فا یه‌كێكه له‌و ژنه شوفێرانه‌ی كه متمانه‌یان به‌خۆیان هه‌یه و له شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر ئۆتۆمبیل لێده‌خوڕن.
ئێستا وه‌فا به‌ئاسانی ئۆتۆمبیل ده‌باته گه‌راجی ماڵه‌وه و به‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ش بێزار ده‌بێت كه سه‌رده‌مێك لێی ده‌ترسا. وه‌فا ئه‌وه‌نده‌ی پێی بكرێت پێش ئۆتۆمبیله‌كانی تر ده‌كه‌وێت و به‌و كاره‌ش قه‌ره‌بووی ئه‌و كاتانه ده‌كاته‌وه كه له لێخوڕیندا ده‌شڵه‌ژا.
وه‌فا وتی، "هه‌موو سه‌رنجی خۆم داوه‌ته لێخۆڕین. وه‌ك جاكی شان وام له‌ناو سه‌یاره".
ده‌یان ساڵ بوو ژماره‌ی شوفێرانی ژن له هه‌ولێر زۆر كه‌م بوو. ئێستا به‌زه‌قی ده‌بینرێن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له به‌رهه‌مه سه‌رنجڕاكێش و لاوه‌كییه‌كانی بووژانه‌وه‌ی ئابووری و تا راده‌یه‌كیش ئاماژه‌یه‌كه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕان له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاری له هه‌ولێر.
له ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا، ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی كه مۆڵه‌تی لێخوڕینیان وه‌رگرتووه له پارێزگای هه‌ولێر دوو هێنده زیادی كردووه. له ١٠،٠٠٠ مۆڵه‌ت كه له ساڵی ٢٠٠٥دا دراوه، به‌حاڵ نزیكه‌ی ٢،٠٠٠ دانه به‌ر ژنان كه‌وتبوو. به‌ڵام ته‌نها ئه‌مساڵ تا ئه‌م ساته، نزیكه‌ی ٤،٠٠٠ مۆڵه‌تی لێخوڕین له هه‌ولێر دراوه به ژنان.
به‌گشتی، ژماره‌ی شوفێرانی ژن له پارێزگای هه‌ولێر هێشتا كه‌مه و ته‌نها پێنج له سه‌دای شوفێره‌كانی ئه‌و پارێزگایه، كه ٣٤٠،٠٠٠ كه‌س ده‌بن، ژنن. به‌ڵام له شاری هه‌ولێر كه یه‌ك ملیۆن كه‌س تێیدا ده‌ژی و زۆربه‌ی مۆڵه‌ته‌كانی لێخوڕینیش له‌و شاره دراوه، زیادبوونی ژماره‌ی شوفێرانی ژن و گۆڕانی هاوكێشه‌كه جێگای سه‌رنجه.
تا ئێستاش پیاوان زیاتر له پارك و بازاڕ و شۆسته‌كانی هه‌ولێر ده‌بینرێن، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی پیاوسالاریی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌وارییه.
كه‌سانی مۆدێرنخواز به بینینی شوفێرانی ژن كه له شه‌قامه‌كاندا ئۆتۆمبیل لێده‌خوڕن و گوێ به جیاوازیی ره‌گه‌ز ناده‌ن سه‌رسامن. شوفێرانی ته‌كسی له هه‌ولێر پێیان وایه ژنان په‌كی هاتوچۆ ده‌خه‌ن.
هیوا نه‌جم، شوفێری ته‌كسییه له شاری هه‌ولێر، وتی، "ژنان نازانن ئۆتۆمبیل لێ‌بخوڕن. ته‌نها سه‌یری پێشه‌وه ده‌كه‌ن. نازانم چۆن مۆڵه‌تی لێخوڕین وه‌رده‌گرن".
هیوا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئۆتۆمبیلێك خۆی كێشاوه به ته‌كسییه‌كه‌ی و وتی، "ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی له سه‌یاره‌كه‌م دابه‌زم زانیم ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی پیاكێشام ژنه. خه‌تای ئه‌و بوو".
ئارام ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌یه‌كی لێخوڕینی ئۆتۆمبیله له هه‌ولێر، ته‌ئكیدیكرده‌وه كه ژنان وریاترن له‌كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل و وتی، "پیاوان كه‌مته‌رخه‌من. ژنان رێنماییه‌كان په‌یڕه‌وده‌كه‌ن. هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سروشتی كۆمه‌ڵگاكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ترسی ژنان له‌وه‌ی سزا ده‌درێن".
خه‌نده محه‌مه‌د، كارمه‌ندی حكومه‌ته و چه‌ند ساڵێكه ئۆتۆمبیل لێده‌خوڕێت، دووپاتیكرده‌وه كه رووبه‌ڕووی هه‌راسانكردن بۆته‌وه له‌لایه‌ن شوفێرانی پیاو و وتی، "گه‌نجان له هه‌موویان خراپترن". خه‌نده ئه‌وه‌شی وت كه سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌راسانكردنه كاتێكی خۆش به لێخۆڕینی ئۆتۆمبیل به‌سه‌ر ده‌بات.
خه‌ڵكی هه‌ولێر پێیان وایه زۆربوونی ژماره‌ی شوفێرانی ژن په‌یوه‌ندی به بووژانه‌وه‌ی ئابوورییه‌وه هه‌یه.
ئارامیی هه‌رێمی كوردستان و بوونی یه‌ده‌گێكی زۆری كانزایی له هه‌رێمه‌كه سه‌رمایه‌ی بیانی راكێشاوه. شاری هه‌ولێر فراوان بووه و چه‌ندین مۆڵ و هوتێلی سه‌رنجڕاكێشی تێدا دروستكراوه و ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوونیشی لێ ئه‌نجامدراوه و گشت ئه‌مانه‌ش به شه‌قامی به‌رین و فره ساید به‌یه‌كه‌وه لێكنراون. كه‌رتی گواستنه‌وه‌ی گشتی هێشتا ناڕێكه و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هه‌بوونن ئۆتۆمبیل وه‌ك چاره‌سه‌ر به‌كارده‌هێنن.
محه‌مه‌د ئه‌مین، بازڕگانه له هه‌ولێر، وتی "ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، ئۆتۆمبیلێكم بۆ كچی گه‌وره‌م كڕی تا رزگاری بێت و چیتر له‌ناو خه‌ڵكدا چاوه‌ڕێی پاس و ته‌كسی نه‌كات. سه‌ره‌تا هه‌ستم به نیگه‌رانی ده‌كرد، به‌ڵام دواتر بۆچوونی خۆم گۆڕی كاتێك بینیم كچه‌كه‌م شوفێرێكی باشه".
ئه‌و روونیكرده‌وه، "جگه له‌مه‌ش، ره‌وشی ئه‌منی لێره جێگیره. هیچ كێشه‌یه‌ك له‌وه‌دا نییه كه ژنان ئۆتۆمبیل لێ‌بخوڕن". ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كچه‌كه‌ی ئێستا ئۆتۆمبیلی هه‌یه، به‌ڵام مافی ئه‌وه‌ی نییه تا دره‌نگانێك له‌ده‌ره‌وه بمێنێته‌وه بێ ره‌زامه‌ندیی پێشوه‌خته‌ی دایك و باوكی.
زۆرێك له نه‌وه‌ی نوێی شوفێرانی ژن سه‌ر به چینی ناوه‌ڕاست و سه‌ره‌وه‌ن و كاتێك ده‌چنه قۆناغی كۆڵێژ یان ده‌ست به ئیشێك ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن كه‌س و كاریانه‌وه ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌یان به‌دیاری پێده‌درێت.
دایك و باوكی ئه‌و ژنانه پێیان وایه پێدانی ئۆتۆمبیل به كچه‌كانیان رێگایه‌كه بۆ پاراستنی ژیانی تایبه‌تییان و هاتوچۆشیان ئاسانتر ده‌كات. به‌شێك له شوفێرانی ژن پێیان وایه ئۆتۆمبیل ته‌نها بۆ خۆده‌رخستنه.
وفا، وتی، "ئه‌گه‌ر له‌به‌ر چاولێكه‌ریی خه‌ڵك نه‌بووایه، ئۆتۆمبیلم نه‌ده‌كڕی".
قوتابییه‌كی تر به ناوی شیرین كه‌ریم وتی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی هه‌م "شتێكی پێویسته" و هه‌م هۆكارێكیشه بۆ ئه‌وه‌ی ئاگای له هاوڕێكانی بێت.
به‌فرین سوڵتان، قوتابییه له كۆڵێژی په‌روه‌رده، وتی دایك و باوكی ئۆتۆمبیلێكیان بۆ كڕیوه و ئه‌و بڕیاره‌شه‌ی به گۆڕانێكی كه‌لتووری ناو برد. به‌فرین وتی، "زۆرێك له دایك و باوكان خه‌ریكن مه‌ده‌نیانه‌تر بیرده‌كه‌نه‌وه. من ته‌واو ئازادم له‌وه‌ی بچمه ده‌ره‌وه و هه‌ر كاتێك بمه‌وێ هاوڕێكانم ده‌بینم".
به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی گه‌نجانی رۆژئاوا، گه‌نجانی هه‌ولێر ئۆتۆمبیله‌كانیان وه‌ك هه‌لێك بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندیی خۆشه‌ویستی سه‌یر ناكه‌ن. له كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا ژوانی نێوان كوڕ و كچ توڕه‌یی لێده‌كه‌وێته‌وه و خه‌ڵكانێكی كه‌میش ئاماده‌ن خۆیان بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه و رێگا بده‌ن له ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ كه‌سێك له ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر ببینرێن.
به‌لای زۆرێك له ژنانی كورد، ئۆتۆمبیل هێمای خۆشگوزه‌رانی و كارئاسانییه، نه‌ك ئازادی. ئۆتۆمبیل، كه خۆی له‌خۆیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی باری ئابوورییه، هه‌لی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی له‌به‌رده‌م ژنان و خانه‌واده‌كانیان ره‌خساندووه چونكه به‌هۆی ئۆتۆمبیله‌وه ده‌توانن زیاتر له یه‌ك ئیش بكه‌ن.
شه‌یما مه‌ولود، وتی، "دوو ئیش ده‌كه‌م، یه‌كێكیان حكومییه و ئه‌وی تریان سه‌ر به كه‌رتی تایبه‌ته. ده‌بوایه ئۆتۆمبیلێك بكڕم تا بتوانم هاتوچۆ بكه‌م. كاتێك ته‌كسیم به‌كاردهێنا زه‌ره‌رم ده‌كرد".
مۆفه‌ق محه‌مه‌د رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه له هه‌ولێر.