عێراقیه‌كان یه‌كده‌نگ نین له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌ی ئه‌منی عێراق-ئه‌مریكا‌

زۆر كه‌س دڵنیا نین له‌ تێگه‌یشتنیان به‌رامبه‌ر به‌و ڕێكه‌وتنامه‌ مێژووییه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو په‌سه‌ند كرا.

عێراقیه‌كان یه‌كده‌نگ نین له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌ی ئه‌منی عێراق-ئه‌مریكا‌

زۆر كه‌س دڵنیا نین له‌ تێگه‌یشتنیان به‌رامبه‌ر به‌و ڕێكه‌وتنامه‌ مێژووییه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو په‌سه‌ند كرا.

IWPR

Institute for War & Peace Reporting
Sunday, 28 December, 2008
.



ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌ لایه‌ن IWPR ه‌وه‌ چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵداكراوه‌ له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كدا زۆر شتیان به‌رامبه‌ر رێكه‌وتنامه‌كه ده‌ربڕیووه، هه‌ر له‌ په‌رۆشیی و ده‌ربه‌ستنه‌هاتنه‌وه‌ تا گاڵته‌پێكردنی، كه‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار له‌ ٤ی كانونی یه‌كه‌مدا په‌سه‌ندیكرد.



به‌ پێی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌، ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق سنووردار ده‌بێت، و تا ٣٠ی حوزه‌یرانی ٢٠٠٩ له‌ شاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كشێنه‌وه‌، و به‌ هاتنی‌ كۆتایی ٢٠١١ له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاته‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن.



په‌سه‌ندكردنی ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ وه‌ك ده‌سكه‌وتێكی سیاسی لێكدرایه‌وه‌ بۆ سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالكی كه‌ چه‌ند مانگێك سه‌رگه‌رمی داڕشتنیی‌ بوو له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی جۆرج ده‌بلیو بوشدا.



مشت و مڕ له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ زۆر سه‌خت كه‌ته‌وه‌ و مالكی ڕووبه‌ڕووی دژایه‌تی بوویه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌ندامه‌ سوننه‌ و شیعه‌كانی په‌رله‌مان، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری پیاوی ئایینیی شیعه‌ موقته‌دا سه‌در بوون.



زۆرێك له‌ ئه‌ندامه‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كانی په‌رله‌مان – كه‌ پاڵپشتییان له‌ ده‌نگدانه‌كه‌دا یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بوو- ته‌نها ئه‌و كاته‌ ملیاندا به‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ كه‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان داواكارییه‌كی سوننه‌كانیان په‌سه‌ندكرد بۆ سازدانی ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ له‌ كۆتایی ته‌مموزی ٢٠٠٩دا.



"له‌ كاتێكدا ئه‌ندامانی په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی عێراق ده‌كه‌ن، پێویستیمان به‌وه هه‌یه‌‌ خه‌ڵك‌ خۆیان به‌ ڕوونی له‌گه‌ڵماندا به‌شدار بن به‌ بیرو بۆچوونه‌كانیان تاكو ناچار نه‌بین ئێمه‌ به‌ ته‌نها ئه‌م به‌رپرسیارێتییه‌ مێژووییه‌ بگرینه‌ ئه‌ستۆ،" عه‌بدولكه‌ریم سامه‌ڕائی، سه‌رۆكی به‌ره‌ی ته‌وافوقی سوننیی عێراقی، به‌ IWPRی ڕاگه‌یاند.



ئه‌گه‌ر عێراقییه‌كان ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌ ئه‌منییه‌یان له‌و ڕیفراندۆمه‌دا ڕه‌تكرده‌وه‌، ئه‌وا گشت هێزه‌كانی ئه‌مریكا تا ته‌مموزی ٢٠١٠ عێراق به‌جێده‌هێڵێن.



له‌ شاری موسڵ، كه‌ قه‌ڵای یاخیبوونی عێراق و چه‌كدارانی قاعیده‌یه‌، خه‌ڵكانێك هه‌ن به‌دگومانن به‌رامبه‌ر رێكه‌وتنامه‌كه‌‌.



محه‌مه‌د ئیقبال عومه‌ر، لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی سیاسی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد رێكه‌وتنامه‌كه‌ له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی نه‌كراوه‌.



هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت كه‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ هیچ گرێنتییه‌ك نادات به‌ده‌سته‌وه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هێزه‌كانی له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا بكێشێنێته‌وه‌.



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، عومه‌ر وتی كه‌‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ زۆر خاڵی ئیجابی تێدایه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بن له‌ "گێڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له‌ پۆسته‌كانی بڕیارندا و مافه‌كانی به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ كۆمه‌ڵگا كه‌ به‌هۆی داگیركارییه‌وه‌ غه‌دریان لێكرا‌"، ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ دانیشتوانی سوننه‌ی ئه‌و وڵاته‌‌.



ئیبراهیم محه‌مه‌د، كارمه‌ندی حكومه‌ت له‌ موسڵ، وتی عێراقییه‌كان دوودڵ بوون له‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ چونكه‌ نه‌یان ده‌زانی وورده‌كارییه‌كانی چین. به‌ڵام، پاڵپشتی له‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ ده‌كر و وتی، پشتگیریی له‌ "كشانه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی هێزه‌كانی ئه‌مریكا"ده‌كات.



كه‌مال سه‌عدی، پڕۆفیسۆر له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له‌ شاری هه‌ولێر، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا به‌ گوێره‌ی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ عێراق زیاتر پاره‌ له‌ بواری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ خه‌رجده‌كات تا بواری سه‌ربازی.



سه‌عدی وتی ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌‌ ڕه‌وشی ئاسایش به‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا خراپتر ببێت، كه‌ ئه‌مه‌ش عێراق ناچار ده‌كات خه‌رجیی سه‌بازییه‌كانی زیاد بكات.



له‌ هه‌مان كاتدا، هه‌ندێك له‌ كورده‌كانی عێراق نیگه‌رانن سه‌باره‌ت به‌ چۆنییه‌تی كاریگه‌ریی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ پێنج ساڵی ڕابردوودا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ئازاد بووه‌ له‌ به‌غدا، و له‌و هه‌رێمه‌دا زۆر كه‌س متمانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی ناوه‌ندی ناكه‌ن.



ڕژێمی سه‌دام حسێن پشتی به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی ناوه‌ندیی ڕه‌ها به‌ستبوو كه‌ جیاوازی بیروڕای سه‌ركوت ده‌كرد و عێراقییه‌كانیشی ده‌چه‌وسانده‌وه، له‌وانه‌ش شیعه‌ و كورد و كۆمه‌ڵگه‌كانی تر.



ئه‌م ڕێكه‌وتنامه‌ نوێیه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی زیاتر به‌ سوپا و حكومه‌تی عێراق ده‌به‌خشێت له‌وه‌ی هه‌یانبووه‌ له‌و كاته‌وه‌ی‌ سوپای ئه‌مریكا كۆنتڕۆڵی ئاسایشی عێراق كردوه‌ له‌ دوای روخاندنی ڕژێمی سه‌دامه‌وه‌ له‌ ٢٠٠٣دا.



"ئه‌م ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ مافی ئه‌وه‌ به‌ حكومه‌تی ناوه‌ند ده‌دات كه‌ به‌هێز بێت،" هه‌ندرێن محه‌مه‌د، سه‌رنوسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی ڕێگای كوردستان له‌ هه‌ولێر، وتی.



"ئه‌م به‌هێزبوونه‌ ڕه‌نگه‌ دواتر له‌ دژی خه‌ڵكی عێراق به‌كار بهێنرێته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌ ڕابردوو ڕویداوه‌."



وه‌لید خالد، وانه‌بێژ له‌ زانكۆی به‌سره‌، پاڵپشتی له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت ده‌كرێت ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ ئۆقره‌یی به‌رپا بكات و عێراقییه‌كان ناچار بكات "واز بهێنن له‌ لۆمه‌كردنی وڵاتانی دراوسێ بۆ كێشه‌كانی سه‌ر سنوور و مه‌سه‌له‌كانی تر".



هه‌ندێك عێراقی سكاڵا له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئێران نفوزێكی ئێجگار زۆری له‌ ناو عێراقدا هه‌یه‌.



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆرێك له‌و عێراقییانه‌ی IWPR چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵدا سازكردوون نائومێدییان ده‌ربڕیووه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌پێی پێویست له‌ ناوه‌رۆكی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ ئاگادارنین. هه‌روه‌ها لۆمه‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵناسێت به‌ ئاشنا‌كردنی خه‌ڵك به‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر.



"ئێمه‌ نازانین ئاخۆ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی عێراق دایه‌ یان نا‌، چونكه‌ هیچ له‌باره‌ی به‌نده‌كانییه‌وه نازانین‌،" عه‌قیله‌ هاشمی، وانه‌بێژ له‌ زانكۆی ئه‌لنه‌هرێن له‌ به‌غدا، وتی.



هه‌روه‌ها هاشمی مه‌زه‌نه‌ی ئه‌وه‌یكرد كه‌ ره‌نگه‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ كاتێك ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی سه‌رۆكی تازه‌ هه‌ڵبژێردراو باراك ئۆبامادا‌، گۆڕنكاری به‌سه‌ردا بێت، كه‌ له‌ مانگی كانونی دووه‌مدا ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست.



هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكانی عێراق ده‌ڵێن ئه‌م مشت و مڕه‌ گه‌رمه‌‌ له‌سه‌ر ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا دووبه‌ره‌كی قوڵتری لێكه‌وتۆته‌‌وه‌ له‌‌ نێوان هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌كانی په‌رله‌مان و كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆشی نه‌بو له‌ به‌هێزكردنی متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ یاسادانه‌رانی عێراق. ده‌نگدان له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنه‌كه‌، كه‌ ١٤٩ له‌ كۆی ٢٧٥ یاسادانه‌ری عێراق په‌سه‌ندیان كرد، به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر رێگه‌ی ته‌له‌فزیۆنی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ گواسترایه‌وه‌.



وه‌زیری ده‌ره‌وی عێراق ناچار بوو یه‌كێك له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق به‌جێ بهێڵێت كاتێك مشت و مڕ له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنه‌كه‌ شه‌ڕو هه‌رای لێ كه‌وته‌وه‌.



ئه‌حمه‌د سامی عومه‌ر، پارێزه‌ر له‌ به‌غدا، ئه‌و مشت و مڕه‌ سیاسییه‌ی له‌ كاتی دانیشتنه‌كه‌دا به‌ "بێسه‌روبه‌ر" وه‌سفكرد، به‌ڵام وتی "ئه‌وه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕه‌وشی عێراقه‌".



په‌یامنێرانی ڕاهنێراوی IWPR له‌ به‌غدا، هه‌ولێر، به‌سره‌ و موسڵ به‌شدار بوون له‌ ئاماده‌كردنی ئه‌م ڕاپۆرته‌دا.
Frontline Updates
Support local journalists