عێراق: تشرینی دووه‌م و كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٠٨

په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی مه‌شق به‌ رۆژنامه‌نووسانی عێراق ده‌كات له‌سه‌ر ژینگه‌ی نادۆست و لێهاتووییه‌كانی فریاكه‌وتنی سه‌ره‌تایی.

عێراق: تشرینی دووه‌م و كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٠٨

په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی مه‌شق به‌ رۆژنامه‌نووسانی عێراق ده‌كات له‌سه‌ر ژینگه‌ی نادۆست و لێهاتووییه‌كانی فریاكه‌وتنی سه‌ره‌تایی.

Sunday, 11 January, 2009
.



ئه‌م خووله‌ مه‌شقییه‌ له‌ شاری هه‌ولێری‌ باكووری عێراق به‌ ڕێوه‌چوو و له‌وێدا قوتابیانی‌ به‌شه‌ جیاجیاكانی عێراق كۆبوونه‌وه‌ تا فێری كۆمه‌ڵێك لێهاتوویی و ته‌كنیكی پێویست بن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ ئه‌ركی رۆژانه‌یانه‌‌وه‌ هه‌یه‌.



قوتابیان فێركران چۆن فریاكه‌وتنی سه‌ره‌تایی ئه‌نجام بده‌ن و خۆیان له‌ هه‌وڵه‌كانی ڕفاندن ده‌رباز بكه‌ن و په‌ناگه‌یه‌ك بۆخۆیان بدۆزنه‌وه‌ كاتێك له‌ شه‌ڕه‌ ته‌قه‌دا گیرده‌خۆن.



زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسانی نێوده‌وڵه‌تی مه‌شق له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كان ده‌بینن پێش ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌ مه‌ترسیداره‌كان كار بكه‌ن، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ عێراقییه‌كان یان ئه‌و رۆژنامه‌نووسانی سه‌ر به‌و وڵاتانه‌ن كه‌ شه‌ڕ كاولیكردووه‌ هه‌لی له‌م چه‌شنه‌یان بۆ ره‌خساوه‌.



"ئه‌م كۆڕسه‌، كه‌ به‌شێكه‌ له‌ پڕۆگرامێكی IWPR له‌ عێراق تا یارمه‌تی رۆژنامه‌نووسان بدات خۆیان له‌ مه‌ترسییه‌كان لابده‌ن، یه‌كه‌م كۆڕسی له‌م جۆره‌یه‌ كه‌ به‌ زمانی ناوخۆیی له‌ عێراق بگوترێته‌وه‌،" هیوا عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری IWPR له‌ عێراق وتی.



ڕیچارد ماكنزی، به‌رپرسی ئاسایشی پڕۆژه‌ی IWPR له‌ عێراق، ئه‌و به‌شانه‌ی كۆڕسه‌كه‌ی پێشكه‌شكرد كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ بابه‌تی ئه‌منییه‌وه‌ هه‌بوو. ماكنزی وتی قوتابییه‌كان زۆر به‌په‌رۆش بوون بۆ ئه‌وه‌ی فێربن كه‌ چۆن به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر خۆیان بپارێزن. "قوتابییه‌كان په‌رۆشییه‌كی ئێجگار زۆریان هه‌بوو بۆ فێربوون."



راپۆرتێكی كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نووسان، CPJ، له‌ نیویۆڕك عێراقی به‌ مه‌ترسیدارترین شوێن داناوه‌ له‌ جیهاندا بۆ رۆژنامه‌نووسان و ئاشكرای كردووه‌ كه‌ ١٣٥ رۆژنامه‌نووس له‌و وڵاته‌ كوژراون له‌وه‌ته‌ی شاڵاوه‌كه‌ی ٢٠٠٣ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا.



"زۆر گرنگه‌ ئێمه‌ ئه‌و زانیارییه‌ گرنگانه‌ بگه‌ینین به‌ رۆژنامه‌نووسان و له‌ راستیدا پێویستن كاتێك رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌بنه‌وه‌،" عوسمان وتی. "له‌ عێراق، هه‌رگیز نازانیت له‌ ده‌وروپشتی تۆ چی هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك."



به‌شی فریاكه‌وتنی سه‌ره‌تایی له‌ كۆڕسه‌كه‌ تیشكی خسته ‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن كه‌سێك فریای خۆی ده‌كه‌وێت. "به‌شداربووان فێركران چۆن به‌سه‌ر ترسی خۆیاندا زاڵ بن و چاره‌سه‌ری خۆیان بكه‌ن به‌ر له‌وه‌ی چاره‌سه‌ری زیاتر له‌ نه‌خۆشخانه‌ وه‌ربگرن،" ماكنزی وتی.



هه‌روه‌ها قوتابیان بۆیان روونكرایه‌وه‌ كه‌ چۆن برینه‌كانی كه‌سێكی تر هه‌ڵبسه‌نگێنن و فریاكه‌وتنی سه‌ره‌تایی ئه‌نجام بده‌ن، "به‌م شێویه‌ش هه‌لی ڕزگاركردنی هاوڕێیه‌ برینداره‌كانیان زیاتر بكه‌ن."



هه‌روه‌ها به‌شداربووان چه‌ند سه‌رنجێكی به‌سوودیان له‌سه‌ر سه‌لامه‌تی پێدرا، وه‌ك گرنگی دۆزینه‌وه‌ی زانیاری سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی ئاسایش به‌ر له‌وه‌ی به‌ ئه‌ركێك ده‌ربچن، هه‌روه‌ها چۆن ئۆتۆمبێڵه‌كانیان بپشكنن له‌به‌ر بۆمبی لكێنراو كه‌ بریتییه‌ له‌ ته‌قه‌مه‌نییه‌كی بچووك و به‌ تێپێكی له‌جگه‌یی به‌ ئۆتۆمبێڵه‌كانه‌وه‌‌ ده‌لكێنرێت.



"دوای ئه‌وه‌ی له‌ كۆڕسه‌كه‌دا به‌و شتانه‌ ئاشنا كرام كه‌ ڕه‌نگه‌ سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی بن، ئێستا زۆر وریام،" جولی عه‌دنان حه‌سه‌ن، وێنه‌گرێكی ئازاده‌ له‌ شاری سلێمانی له‌ باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی عێراق، وتی.



زۆربه‌ی ئه‌م كۆڕسه‌ پێنج ڕۆژییه‌ تیشكی خسته‌سه‌ر لایه‌نی تيۆرى، به‌ڵام له‌ ڕۆژی كۆتاییدا قوتابیان به‌شێك له‌و وانانه‌ی كه‌ وه‌ریانگرتبوو خسته‌ قۆناغی پڕاكتیزه‌وه‌.



"قوتابیان فێركران و نیشانیان درا كه‌ چۆن خۆیان دووربخه‌نه‌وه‌ یان ده‌رباز بكه‌ن له‌ یاخیبووان و ئه‌و تاوانبارانه‌ی ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك به‌ بارمته‌ بگرن،" ماكنزی وتی.



"هه‌روه‌ها به‌شداربووان به‌ هه‌ندێك له‌و چه‌كانه‌ ئاشنا كران كه‌ له‌ لایه‌ن یاخیبووان و تاوانبارانه‌وه‌ به‌كار ده‌هێنرێن."



هۆگر حه‌سه‌ن سه‌رنووسه‌رێكی IWPRه‌ له‌ هه‌ولێر.
Frontline Updates
Support local journalists