عێراق خۆی بۆ بڵاوبونه‌وه‌ی كۆلێرا ئاماده‌ده‌كات

هه‌رچه‌نده‌ حاڵی حازر نه‌خۆشی كۆلێرا له‌ناوبراوه‌، به‌ڵام شاره‌زایان ئه‌ڵێن بۆی هه‌یه‌ جارێكی تر له‌ هاویندا وه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌.

عێراق خۆی بۆ بڵاوبونه‌وه‌ی كۆلێرا ئاماده‌ده‌كات

هه‌رچه‌نده‌ حاڵی حازر نه‌خۆشی كۆلێرا له‌ناوبراوه‌، به‌ڵام شاره‌زایان ئه‌ڵێن بۆی هه‌یه‌ جارێكی تر له‌ هاویندا وه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌.

Saturday, 2 February, 2008
.



حكومه‌ت ئه‌ڵێت دوایه‌مین حاڵه‌تی كۆلێرای له‌ كۆتایی تشرینی دووه‌مدا تۆماركردووه‌ و به‌ فه‌زڵی‌ هه‌ڵمه‌تی هوشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و سه‌رمای زستانه‌وه‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ وه‌ستاوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پزیشكه‌كان ووریاییانداوه‌ كه‌ پێده‌چێت له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی هاویندا كۆلێرا دوباره‌ سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌ به‌ هۆی خراپی سیسته‌می ئاو و ئاوه‌رۆوه‌.



عادل عه‌بدولموحسین، پشكنه‌ری گشتی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وتی ساڵی رابردوو عێراق خراپترین حاڵه‌تی كۆلێرای به‌خۆیه‌وه‌ بینی له‌ ماوه‌ی ٤٠ ساڵی رابردوودا كه‌ تیایدا ٤٦٩١ كه‌س توشبون و ٢٤ له‌وانه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا.



عامر خوزاعی، بریكاری وه‌زیری ته‌ندروستی وتی وه‌ه‌زاره‌تی ته‌ندروستی "به‌ته‌واوه‌تی كۆنترۆڵی نه‌خۆشیه‌كه‌ی كردووه‌."



خوزاعی وتی، "هیچ حاڵه‌تێكی كۆلێرا نه‌ له‌ به‌غدا و نه‌ له‌ هیچ پارێزگایه‌كی تر نیه‌."



به‌ڵام دكتۆره‌كان ده‌ڵێن مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌ی كاته‌ و نه‌خۆشیه‌كه‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌.



نه‌عمان محه‌ممه‌د، پزیشك له‌ به‌غدا، وتی، "هیچ شتێك نیه‌ رێگه‌ له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆلێرا بگرێت له‌ هاوینی داهاتودا."



ئه‌و پزیشكه‌ نیگه‌رانیه‌كی سه‌باره‌ت به‌ حاڵه‌ته‌ نوێیه‌كانی كۆلێرا ده‌بڕی، "له‌و ناوچانه‌دا که‌ دانیشتوانێكی زۆر و خزمه‌تگوزاری كه‌می تێدایه‌، وه‌كو گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی به‌غدا(شاری سه‌در و گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ری)."



نه‌خۆشی كۆلێر، سكچونی قورسه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی مردنی توشبوه‌كه و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ رێگه‌ی ئاو و خواردنی پیسه‌وه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌. زۆرجار نه‌خۆشیه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ زۆر قه‌ره‌باڵغه‌كاندا كه‌ خزمه‌تگوزاری باشی تێدا نیه‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌ئه‌كات.



ساڵی پار كۆلێرا له‌ پارێزگای كه‌ركوك بڵاوبویه‌وه‌ له‌ مانگی ئابدا و ته‌شه‌نه‌یكرد بۆ ١١ پارێزگای تر له‌ عێراقدا، له‌وانه‌ پارێزگای به‌غدا كه‌ دوایه‌مین حاڵه‌ت تێیدا له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌مدا تۆماركرا به‌پێی زانیاریه‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی (WHO). رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان (UN) رایگه‌یاند ٣٠ هه‌زار كه‌س له‌ عێراقدا توشی سكچونی سه‌خت بون.



دوایه‌من بڵابونه‌وه‌ی كۆلێرا پێش ئه‌م جاره‌ی دوایی له‌ به‌هاری ٢٠٠٣دا بوو كه به‌پێی ئاماره‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی (WHO)،‌ ١٨٧ حاڵه‌ت تۆماركرا. به‌ڵام له‌و كاته‌دا كه‌س به‌ هۆیه‌وه‌ نه‌مرد.



حكومه‌ت به‌ڵێنیداوه‌ چاودێریكردنی چێشتخانه‌كان و چایخانه‌كان توندتربكات بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌بگرێت له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌ داهاتودا.



به‌ڵام ئه‌كرێت ئه‌م ئیحتیاتانه‌ كاریگه‌ریه‌كی سنورداری هه‌بێت. له‌ كانونی یه‌كه‌مدا، رێكخراوی مناڵانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان (UNICEF)، رایگه‌یاند پیسبونی ئاوه‌رۆكانی كرد به‌ هۆی تێکه‌ڵاوبوونی ئاوی زێرابه‌وه‌ پێده‌چێت، "گه‌وره‌ترین مه‌ترسی ژینگه‌یی و ته‌ندروستی گشتی بێت كه‌ روبه‌روی عێراقیه‌كان ئه‌بێته‌وه‌."



وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رایگه‌یاند كه‌ عێراق ناوبه‌ناو توشی بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆلێرا ده‌بێت له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی داهاتودا، كه‌ وا چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌و ماوه‌یه‌دا ئاوی پاك و سیستمی ئاو ئاوه‌رۆ و زێراب ته‌واوببێت. رێكخراوی (UNICEF) هۆشداریدا كه‌ هه‌تا ئه‌وكاته‌، له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵكی عێراق روبه‌روی كێشه‌ی قورسی ته‌ندروستی ببنه‌وه‌.



به‌ مه‌زه‌نه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ ته‌نها یه‌كێك له‌ هه‌ر سێ مناڵی عێراقی ئه‌توانێت ده‌ستی به‌ ئاوی سازگار رابگات، به‌تایبه‌ت له‌ به‌غدا و باشووری عێراق كه‌ ته‌نها ٢٠٪ی خێزانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا خزمه‌تگوزاری زێرابیان هه‌یه‌.



دوایه‌مین حاڵه‌تی تۆماركراوی كۆلێرا لای حكومه‌ت له‌ مانگی تشرینی دووه‌مدا بوو له‌ هه‌تیوخانه‌ی حه‌نان بۆ ئه‌و مناڵانه‌ی پێویستی تایبه‌تیان هه‌یه‌ له‌ به‌غدا.



ره‌عد روبه‌یعی، پزیشك له‌ خه‌سته‌خانه‌ی سه‌ره‌كی شاری سه‌در، وتی نه‌خۆشخانه‌كان له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی كۆلێرا ده‌ترسن له‌ داهاتودا چونكه‌ ده‌ره‌قه‌تی قه‌یرانی ته‌ندروستی گه‌وره‌ نایه‌ن.



دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ ٢،٥ ملیۆن كه‌سه‌ و ته‌نه سێ خه‌سته‌خانه‌ی تێدایه‌ كه‌ یه‌كێكیان خه‌سته‌خانه‌ی مناڵانه‌.



روبه‌یعی وتی، "خه‌سته‌خانه‌كانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ ناتوانن فریای هه‌موو به‌شه‌كانی بكه‌ون چونكه‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌ و كه‌لوپه‌لانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان سنوردارن."



به‌ قسه‌ی روبه‌یعی، خه‌سته‌خانه‌ی سه‌ره‌كی شاری سه‌در له‌ هاوینی رابردودا زیاتر له‌ ٦٠ حاڵه‌تی كۆلێرای چاره‌سه‌ركردوه‌ و داوای له‌ دانیشتوان كردوه‌ ئاو بكوڵێنن بۆ رێگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری نه‌خۆشیه‌كه‌. نه‌خۆشه‌وانه‌كانی خه‌سته‌خانه‌كه‌ حه‌بی پاكژكردنه‌وه‌ی ئاویان به‌سه‌ر چه‌ند گه‌ڕه‌كێكدا دابه‌شكردوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری بڵاوبونه‌وه‌ی كۆلێرا تێیاندا به‌رزه‌.



محه‌ممه‌د جابر، ئه‌ندامی رێكخراوی ئاشتی سه‌وز، كه‌ رێكخراوێكی ناحكومیه‌ و چه‌ند هه‌ڵمه‌تێكی هوشیاركردنه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی كۆلێرا ئه‌نجامداوه‌، وتی نائارامی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك كه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ی تێدابڵاوبۆته‌وه‌ كێشه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی تر ئاڵۆزكردوه‌.



محه‌ممه‌د وتی، "باری ئه‌منی وایكردوه‌ مه‌حاڵ بێت كارمه‌ندانی ته‌ندروستی بچنه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ تێیدا به‌ربڵاوه‌ چونكه‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی میلیشیاكاندا بوون."



هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ی حكومه‌تی عێراقی كرد كه‌ به‌پێی پێویست له‌ نزیكه‌وه‌ ئیش له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ ناوخۆیه‌کاندا ناكات بۆ نه‌هێشتنی نه‌خۆشیه‌كه‌.



محه‌ممه‌د ئه‌وه‌شی وت پێویسته‌ وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌ت‌ پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن بۆ دانانی پلانی مه‌ودادوور بۆ رێگرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی كۆلێرا. هه‌رچه‌نده‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی پێنج ملیۆن حه‌بی پاكژكردنه‌وه‌ی ئاوی داوه‌ به‌ عێراق، محه‌ممه‌د وتی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌پێی پێویست كاریان نه‌كردوه‌ بۆ ئیشكردن له‌گه‌ڵ كه‌سه‌ شاره‌زا ناوخۆییه‌كان كه‌ ئه‌توانن بگه‌نه‌ ناو خه‌ڵك.



محه‌ممه‌د تێبینی ئه‌وه‌شی دا كه‌ زۆربه‌ی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان – له‌وانه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان- كارمه‌ندیان نیه‌ له‌ عێراق جێگیر بێت. رێكخراوه ناوخۆییه‌كاییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی خه‌ڵكی زیاتریان هه‌یه‌ له‌ناوخۆدا كه‌ ده‌توانن خه‌ڵك له‌ مه‌ترسیه‌كانی كۆلێرا و رێوشوێنه‌كانی خۆپاراستن هوشیاربكه‌نه‌وه‌.به‌ڵام وتیشی كه‌ حكومه‌ت كار له‌گه‌ڵ پزیشك و رێكخراوه‌ ناحكومیه‌ عێراقیه‌كاندا ناكات و راوێژیان پێناكات.



هه‌روه‌ها وتی، "حكومه‌ت هه‌نگاوی گرنگی نه‌ناوه‌ بۆ رێگرتن له‌و ڤایرۆسه‌."



عیما شه‌رع په‌یامنێری (IWPR)ه‌ له‌ به‌غدا.
Frontline Updates
Support local journalists