عێراق: كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٠٩ و كانوونی دووه‌می ٢٠١٠
له‌ڕێی چه‌ند خوولێكی مه‌شق و راهێنانه‌وه، IWPR تواناكانی ژماره‌یه‌ك په‌یامنێر و موحه‌ریر و ده‌رهێنه‌ری ته‌له‌فزیۆنی له عێراقدا به‌ره‌و پێش ده‌بات.
عێراق: كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٠٩ و كانوونی دووه‌می ٢٠١٠
له‌ڕێی چه‌ند خوولێكی مه‌شق و راهێنانه‌وه، IWPR تواناكانی ژماره‌یه‌ك په‌یامنێر و موحه‌ریر و ده‌رهێنه‌ری ته‌له‌فزیۆنی له عێراقدا به‌ره‌و پێش ده‌بات.
نۆ رۆژنامه‌نووس و چالاكوانی مافه‌كانی مرۆڤ به‌شداریان له خوولێكی چوار ڕۆژی له‌سه‌ر بازرگانیكردن به مرۆڤه‌وه كردووه و خووله‌كه‌ش له شاری سلێمانی له لایه‌ن رازاو ئه‌حمه‌د، پارێزه‌ری مافه‌كانی ژنانه و كارمه‌ندی IWPRه، پێشكه‌شكرا.
بازرگانیكردن به مرۆڤ بابه‌تێكی ئێجگار هه‌ستیاره و میدیاكانی عێراق به‌ده‌گمه‌ن باسی ده‌كه‌ن. ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی كه به‌شداریان له خووله‌كه‌دا كرد پێشتر به‌و كێشه‌یه‌ی عێراقیان زانیبوو.
ئه‌و تاوانه زیاتر دژی ژنان ئه‌نجام ده‌درێت و له‌ناوه‌وه‌ی عێراق هاتوچۆیان پێ ده‌كرێت و به قاچاغ ده‌بردرێنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات و زۆرجاریش ناچارن ده‌ست به له‌شفرۆشی بكه‌ن. ئه‌م ژنانه له عێراقدا زیاتر وه‌ك له‌شفرۆش سه‌یرده‌كرێن تا قوربانی.
به‌شداربووانی خووله‌كه، كه له سه‌رتاسه‌ری عێراقه‌وه هاتبوون، زانیاری‌یان له‌سه‌ر چه‌رمه‌سه‌رییه‌كانی قوربانیانی بازرگانیكردن به مرۆڤ و چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و كاره له عێراقدا پێدرا. ئه‌حمه‌د و مه‌ریوان حه‌مه سه‌عید، یه‌كێكه له موحه‌ریره‌كانی IWPR له عێراق، ئامۆژگاری به‌شداربووانیان كرد كه چۆن چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و قوربانیانه‌دا سازبكه‌ن و به‌وریاییه‌وه راپۆرته‌كانیان بڵاو بكه‌نه‌وه.
"به‌لای به‌شداربووانه‌وه ئه‌و بابه‌ته زۆر نوێ بوو،" ئه‌حمه‌د وتی. "توانیمان باسی زۆر بابه‌ت بكه‌ین، له‌وانه‌ش كاریگه‌رییه‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ. كۆڕسه‌كه زانیاری زۆری له‌خۆ گرتبوو و هانی به‌شداربووانی دا كه به‌دواداچوون له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكه‌ن و راپۆرتی له‌سه‌ر بڵاو بكه‌نه‌وه."
قه‌یس محه‌مه‌د ئه‌مین، رۆژنامه‌نووسێكی سه‌ربه‌خۆیه و داكۆكیكارێكی مافه‌كانی مرۆڤه له موسڵ، وتی، "پێش ئه‌م خووله، پێم وابوو ئه‌و ژنانه‌ی بازرگانیان پێوه ده‌كرێت ئاژه‌ڵن به‌ڵام دوای كۆڕسه‌كه هه‌ستم كرد كه ئه‌و ژنانه بوونه‌ته قوربانیی ئه‌و كاره."
ئه‌مین ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه ده‌یه‌وێ راپۆرتێك ده‌رباره‌ی ئه‌م جۆره بازرگانیكردنه له‌سه‌ر سنووری نێوان عێراق و سوریا بنووسێت.
له خوولێكی تردا، موحه‌ریرانی IWPR مه‌شقیان به ١٦ به‌شداربوو كرد له‌سه‌ر لایه‌نه ئاكارییه‌كانی رۆژنامه‌وانی و ئاماده‌كردنی راپۆرت و ته‌كنیكه‌كانی نووسین. ئه‌م كۆڕسه زیاتر توانای به‌شداربووانی له بواری ئاماده‌كردنی راپۆرتدا به‌ره‌وپێش برد، به‌تایبه‌تی چۆنییه‌تی په‌ره‌پێدان به‌و خاڵانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به ژیانی تاكه‌كانه‌وه هه‌یه و جێگای سه‌رنجن. ئه‌و خووله شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو و پێنج رۆژیشی خایاند.
"ئه‌و خووله له عێراقدا هاوشێوه‌ی نه‌بووه و به‌شداربووانیش تامه‌زرۆی زانیارییه‌كانی بوون تا په‌ره به تواناكانیان بده‌ن،" تیاری راس، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ته‌حریری IWPR له عێراق، وتی. "رۆژنامه‌نووسانی عێراق به‌زۆری وا فێر كراون كه راپۆرت له‌سه‌ر بابه‌تی گه‌رم و گوڕ بنووسن. ئێمه فێرمان كردن چۆن په‌ره به بیرۆكه‌كانی خۆیان بده‌ن و راپۆرتیان له‌سه‌ر بنووسن."
جگه له‌وه‌ی له هۆڵی خووله‌كه‌دا چه‌ندین بابه‌تیان تاوتوێكرد و چه‌ند چاوپێكه‌وتنێكی ئه‌زموونیشان له‌گه‌ڵ مه‌شقده‌ره‌كان ئه‌نجام دا، به‌شداربووان به شاری سلێمانیدا بڵاو بوونه‌وه و چه‌ند راپۆرتێكیان ئاماده‌كرد.
خالید ئه‌نساڕی، رۆژنامه‌نووسێكی به‌غدایه و زیاتر ده‌رباره‌ی هه‌واڵی به‌په‌له راپۆرت ده‌نووسێت، وتی ئه‌و خووله یارمه‌تیداوه "بیر له بیرۆكه‌كانی خۆم بكه‌مه‌وه و به‌وردی سه‌یری ئه‌و شوێنانه بكه‌م كه سه‌ردانیان ده‌كه‌م و دیمه‌نه‌كانیان له مێشكی خۆمدا بچه‌سپێنم. ئه‌مه یارمه‌تیم ده‌دات به‌رهه‌می باشتر بنووسم و ورده‌كاری و وه‌سفی زیاتر به‌كاربهێنم."
له كۆڕسێكی تردا، چوار موحه‌ریری ناوخۆیی IWPR له لایه‌ن هه‌ر یه‌كه له موحه‌ریری IWPR له له‌نده‌ن دانیێله پێله‌د و راس و موحه‌ریری IWPR له عێراق نیڵ ئاڕون مه‌شقیان پێكرا. ئه‌و موحه‌ریره ناوخۆییانه، كه هه‌م رۆژنامه‌نووس و هه‌م وه‌گێڕن، له كارمه‌نده سه‌ره‌كییه‌كانی به‌شی ته‌حریری IWPRن له عێراق و زانیاریان پێدرا له‌سه‌ر لایه‌نه ئاكارییه‌كانی رۆژنامه‌وانی و ته‌حریر و چۆنییه‌تی تێگه‌یشتن له‌و یاسایانه‌ی تایبه‌تن به ناوزڕاندن و سووككردن و چۆنییه‌تی نووسینی رێنماییه‌كی كورت له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی هه‌ر بابه‌تێك به‌ر له‌وه‌ی په‌یامنێران راپۆرتی له‌سه‌ر ئاماده بكه‌ن.
عه‌بیر محه‌مه‌د، یه‌كێكه له‌و چوار موحه‌ریره و شاره‌زاییه‌كی باشی له بواره‌كه‌ی خۆیدا هه‌یه و خه‌ڵكی به‌غدایه، وتی ئه‌و خووله چوار رۆژییه بووه‌ته هۆی به‌ره‌وپێشچوونی تواناكانی له بواری ته‌حریردا. ئه‌و وتی ئێستا ده‌توانێ ده‌ستپێكی راپۆرته‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌هێزتر بنووسێت و زیاتر بچێته بنج و بنه‌وانی راپۆرته‌كان و لایه‌ن لاوازه‌كانی یان باس نه‌كراوه‌كانی راپۆرته‌كانیش دیاری بكات.
موحه‌ریرێكی تر له‌و چوار كه‌سه به‌ناوی محه‌مه‌د فوڕات وتی به‌شێكی خووله‌كه كه تایبه‌ت بوو به نووسینی رێنمایی بۆ په‌یامنێران به‌ر له‌وه‌ی راپۆرته‌كانیان ئاماده بكه‌ن سوودێكی زۆری هه‌بوو. "پێم وایه هه‌ر له ئێستاوه سووده‌كانی ئه‌و خووله خه‌ریكن ده‌رئه‌كه‌ون. ئێستا باشتر ده‌توانم رێنمایی په‌یامنێران بكه‌م كاتێك راپۆرتێك ده‌نووسن."
له لایه‌كی تر، تیمی به‌شی پڕۆگرامی ته‌له‌فزیۆنی له نووسینگه‌ی IWPR له سلێمانی به‌شداریان له خولێك كرد و دوای ئه‌وه‌ش به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و به‌شه كه تایبه‌تن به‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندیان به مافه‌كانی مرۆڤه‌وه هه‌یه باشتربوونێكی به‌رچاویان به‌خۆیانه‌وه دیووه.
له‌و خووله‌دا، كه سێ رۆژی خایاند، نۆ ده‌رهێنه‌ر و موحه‌ریر و په‌یامنێر فێركران چۆن لێكۆڵینه‌وه له رێپۆرتاژی ته‌له‌فزیۆنیدا بكه‌ن و دایان بڕێژن و بڵاویان بكه‌نه‌وه. به‌شداربووان، كه زیاتر فیلمی دۆكومێنتاری ئاماده‌ده‌كه‌ن، وتیان به‌هۆی زانیارییه‌كانی خووله‌كه‌وه ئاستی راپۆرته‌كانیان له‌سه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ له عێراقدا باشتر بووه.
ئه‌و خووله، كه راس به‌ڕێوه‌ی برد، یارمه‌تی تیمه‌كه‌یدا له رێپۆرتاژه‌كانیان وردببنه‌وه و رێكی بخه‌ن و لایه‌نه‌كانی به ته‌واوی ده‌ربخه‌ن.
هۆرێن غه‌ریب، یارمه‌تیده‌ری راس بووه له خووله‌كه‌دا و ده‌رهێنه‌رێكی پێشكه‌وتووه له به‌شی پڕۆگرامی ته‌له‌فزیۆنی له نووسینگه‌ی IWPR له سلێمانی، وتی به‌شداربووان ئێستا ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌كی قووڵتر راپۆرت له‌سه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ بنووسن.
نه‌به‌ز ئه‌حمه‌د، موحه‌ریری ته‌له‌فزیۆنییه، وتی له خووله‌كه‌دا فێری گرنگیی هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌م جۆره راپۆرتانه بووه. "پێشتر داوای ورده‌كاریم نه‌ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا ده‌زانم چۆن داوای نموونه و ژماره له هه‌ر بابه‌تێكدا بكه‌م،" ئه‌و وتی.
هه‌ر یه‌كه له هێمن لهۆنی، موحه‌ریری ناوخۆیی IWPRه له سلێمانی و فه‌ڕه‌ح عه‌لی، وه‌گێڕی به‌شی ته‌حریری IWPRه له به‌غدا، به‌شداریان له نووسینی ئه‌م راپۆرته كردووه.