عێراق به‌ووردی سیاسه‌تی دوای قۆناغی تایه‌فه‌گه‌ری تاوتوێ ئه‌كات
چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرێت هاوپه‌یمانێتی فره‌ڕه‌نگ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی كانونی دووه‌می داهاتوو بكه‌ن
عێراق به‌ووردی سیاسه‌تی دوای قۆناغی تایه‌فه‌گه‌ری تاوتوێ ئه‌كات
چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرێت هاوپه‌یمانێتی فره‌ڕه‌نگ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی كانونی دووه‌می داهاتوو بكه‌ن
هه‌ر دوابه‌دوای ئه‌و كه‌لێنه‌ی كه‌وته نێوان حیزبی ده‌عوه‌ی نوری مالیكی سه‌ره‌ك وه‌زیران و حیزبه شیعه‌كانی تره‌وه، ئه‌و حیزبانه هه‌فته‌ی پێشوو هاوپه‌یمانێتیه‌كی فرهئایینیان بۆ یه‌كه‌مین جار دروستكرد بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی كانونی دووه‌می ٢٠١٠.
حیزبه شیعیه كۆنزێرڤاتیڤهكان زاڵن به‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه تازه پێكهێنراوه كه به هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی (الإئتلاف الوطني العراقي) ناسراوه، له‌وانه ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراقی (المجلس الأعلى الإسلامي العراقي)، حیزبی فه‌زیله و لایه‌نگرانی موقته‌دا سه‌در. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م ئیئتلافه خه‌ڵكانی عه‌لمانی و سوننه و كه‌مینه‌ی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی تر له خۆده‌گرێت.
مونا زه‌لزه‌له‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانی سه‌ر به‌و لیسته ووتی، "له‌و كاته‌وه‌ی باری ئه‌منی سه‌قامگیربووه، ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراقی دركی به‌وه كردووه كه پێویستیه‌كانی خه‌ڵك گۆڕاوون. خه‌ڵك ته‌ركیز ناكه‌نه سه‌ر مه‌زهه‌ب یان ئایین، به‌ڵكو كێشه‌یان خزمه‌تگوزاری و گه‌شه‌یه، و ته‌ركیز ده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌و لایه‌ن و پارته‌ی ئه‌و شتانه دابینده‌كات. له ئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا هاوپه‌یمانێتیه‌كان گۆڕاوون. هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌مان وه‌ستاوه‌ته سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه نیشتمانیه‌كان، زیاتر له تائیفیه‌كان."
وه‌رچه‌رخانی هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی (الإئتلاف الوطني العراقي) به‌ره‌و فره‌لایه‌نی به‌شێكه له ته‌وژمێكی گه‌وره‌تر كه ده‌خوازێت دوور بێت له سیاسه‌تی تایه‌فه‌گه‌ریی.
حیزبه شیعه و سوننه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه كردووه كه هه‌وڵی په‌یداكردنی هاوپه‌یمانان ده‌ده‌ن بێ گوێدانه شوناسه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان. ئه‌مه‌ش ستراتیژێكه ره‌نگه بۆ هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كان ئه‌نجامی باشی هه‌بێت. به‌ڵام ره‌خنه‌گران ئه‌ڵێن سیاسه‌تی عێراقی به‌سه‌ختی نوقمی تایه‌فه‌گه‌ری بووه و هه‌ر گۆڕانێكیش بكرێت ته‌نها رووكه‌شه و بۆ جوانكاریه و هیچی تر.
په‌رله‌مانی عێراقی كه له ٢٧٥ ئه‌ندام پێكهاتووه هه‌ڵده‌سێت به هه‌ڵبژاردنی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی داهاتوو كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه پێویستی به پشتگیریه‌كی بنكه فراوان هه‌بێت له شیعه و سوننه و كورد و كه‌مایه‌تیه‌كانی تر.
ره‌نگه هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی كێبڕكێ بكات له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیئتلافه خاوه‌ن بیروبۆچونه نیشتمانیه‌ی حیزبی ده‌عوه‌ی مالیكی سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، كه به‌ڵێنیداوه قورسایی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی بخاته سه‌ر مه‌سه‌له ژیانییه‌كانی وه‌كو ئاسایش و خزمه‌تگوزاری.
ئه‌مه‌ش ئه‌جێندایه‌ك بوو ده‌نگی خه‌ڵكی بۆ خۆی مسۆگه‌ر كرد له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌كان كه له كانونی دووه‌می ٢٠٠٩دا به‌ڕێوه‌چوو، و تیایدا حیزبی ده‌عوه و هاوپه‌یمانه‌كانی له زۆر له پارێزگاكاندا، كه پێشتر له‌لایه‌ن حیزبه ئایینیه‌كانه‌وه فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كران، ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست. ده‌ركه‌وت كه مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی و خزمه‌تگوزاری و ئاسایش مهسهلهگهلێگی گرنگن بۆ ده‌نگده‌ران كه توانیان له سه‌رتاسه‌ری ووڵاتدا حیزب و لێپرسراوه سه‌ركاره‌كان ده‌رپه‌ڕێنن.
ئه‌و هه‌ڵبژاردنه به وه‌رچه‌خانێكی هه‌ره‌گرنگ درایه قه‌ڵه‌م له سیاسه‌تی عێراقیدا؛ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده باڵاده‌ست بوون تێیدا كه ئه‌جێندای تائیفی و نه‌ته‌وه‌ییان هه‌بوو. زۆرن ئه‌وانه‌ی له‌و باوه‌ڕه‌دان حیزبه تائیفیه‌كان و میلیشیاكان یوونه هۆی به‌شبه‌شكردنی ووڵات و بوونه هۆی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناوخۆ له‌دوای داگیركردنی عێراقه‌وه له ٢٠٠٣دا.
عه‌بدوڵا جه‌عفه‌ر، كه پرۆفیسۆرێكی خانه‌نشینی زانسته سیاسیه‌كانه، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه حیزبه عه‌لمانیه‌كان هه‌ڵسان به ئه‌نجامدانی كه‌مپینی ئایینی بۆ راكێشانی ده‌نگده‌ران له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی ٢٠٠٥دا، به‌ڵام ستراتیژی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی پێشوو ده‌بێت.
هه‌روه‌ها وتی، "ته‌نانه‌ت حیزبه تائیفی و ئایینیه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ حیزب یان لیسته عه‌لمانیه‌كان دروستبكه‌ن. گه‌مه‌ی ئیسلامی له عێراق ته‌واوبوو."
حیزبی ده‌عوه پێیوایه ئهجێنداكهی، كه له هه‌ڵبژاردنی پێشووی ئه‌نجومه‌نه‌كانی شاره‌وانیه‌وه وه‌رگرتوه، ئه‌و ئه‌جێندایه‌ی گره‌و له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی وه‌كو ئاسایش و خزمه‌تگوزاری ده‌كات، جارێكی تر ئه‌توانێت ده‌نگده‌ران رابكێشێته‌وه. ئه‌و حیزبه به‌نیازه، له رێگه‌ی هاوپه‌یمانیه‌كی فره‌ڕه‌نگه‌وه به مه‌به‌ستی راكێشانی زیاترین ژماره‌ی ده‌نگده‌ران، كورسی په‌رله‌مان بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ربكات.
عه‌بدولهادی حه‌سانی كه لێپرسراوێكی حیزبی ده‌عوه‌یه وتی ئه‌و حیزبه "به‌نیازه هاوپه‌یمانیه‌كی نیشتمانی ناتائیفی پێكبهێنێت كه هه‌موو تائیفه و نه‌ته‌وه و كه‌مایه‌تی و عه‌شیره‌ته‌كان له‌خۆبگرێت."
هه‌روه‌ها وتی، "گومانی تێدانیه كه شیعه زۆرینه‌ی دانیشتوان پێكده‌هێنن له عێراقدا. به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه ئێمه به نه‌فه‌سێكی نیشتمانیه‌وه ئیشده‌كه‌ین و تائیفه‌گه‌ریی ولادهنێین. مه‌به‌ستمان نیه ته‌نها ده‌نگده‌رانی شیعه به‌لای خۆماندا رابكێشین."
دابه‌شبونی نێوان لایه‌نه شیعه ركابه‌ره‌كان – كه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردودا ئه‌وان حوكمی به‌غدایان كردووه - بهشدرایكردووه له پێكهێنان و هێنانه كایه‌ی ئه‌و هاوپهیماێنتیانهی كه فرهڕهنگترن. حیزبی ده‌عوه له‌مدواییانه‌دا و له‌سه‌ر شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ حیزبه شیعه‌كانی تر، له هاوپه‌یمانی عێراقی یه‌كگرتوو جیابوه‌وه، كه هاوپه‌یمانیه‌كی سه‌ره‌كی شیعه بوو له په‌رله‌ماندا.
لێپرسراوانی حیزبی ده‌عوه به په‌یمانگای رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتیان راگه‌یاند كه ئه‌و حیزبه بیر له‌وه ده‌كاته‌وه په‌یوه‌ندی بكات به هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقیه‌وه، و په‌یوه‌ندیكردنی حیزبی ده‌عوه‌ش پێیانه‌وه ئه‌م كوتله زۆرینه شیعه‌یه به‌هێزترده‌كات.
به‌ڵام هێشتا دیار نیه ئایا حیزبی ده‌عوه ئه‌توانێت ناكۆكیه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه شیعیه‌كانی تردا چاره‌سه‌ربكات.
عه‌لی جابر به‌سری كه لێپرسراوێكی حیزبی ده‌عوه‌یه ووتی ئه‌و حیزبه "خۆی ناخزێنێتهوه نێو هاوپه‌یمانیه‌كی تایهفهگهراوه وه‌كو له رابردودا كردی. ئه‌و چه‌شنه هاوپه‌یمانێتیانه سه‌ركه‌وتوو نه‌بون."
هه‌روه‌ها وتی ئه‌وه مالیكی بوو كه له بنه‌ڕه‌تدا له پێشه‌نگی ئه‌وانه‌دا بوو بیرۆكه‌ی هاوپه‌یمانێتی ناتایهفهگهریی به سه‌كردایه‌تی شیعه خسته‌ڕوو، ته‌نانه‌ت ده‌سته‌واژه‌ی "هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراق(الإئتلاف الوطني العراقي)یش هی ئه‌و بوو.
ئه‌وه‌شی وت كه هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی ناتوانێت ناوه كۆنه‌كه به‌كاربهێنێت كه "هاوپه‌یمانی عێراقی یه‌كگرتوو"ه، چونكه واده‌كات له خه‌ڵك بیر له تایه‌فه‌گه‌رێتی شیعه بكه‌نه‌وه.
شه‌زا عهببوسیی ئه‌ندام په‌رله‌مان كه سه‌ر به حیزبی ئیسلامی عێراقیه وتی به‌ره‌ی ته‌وافوقیش، كه كوتله‌یه‌كی عه‌ره‌بی سوننه‌ی گه‌وره‌یه، هه‌وڵده‌دات بچێته ریزی هاوپه‌یمانیه فره-ئیتنی و فره-مه‌زهه‌بیه‌كانه‌وه. عهببوسی ئه‌وه‌شی وت كه پێده‌چێت حیزبه سوننه عه‌ره‌به‌كان به لیستی جیاواز دابه‌زن و قبوڵی ئه‌كه‌ن نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌به‌كانی تر ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ده‌ست ئه‌گه‌ر عه‌قڵیه‌تی قبوڵكردن و له‌خۆگرتنی نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌به‌كانی تریان هه‌بێت.
هه‌روه‌ها وتی، "چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌مان ئه‌كرد رۆژێك له رۆژان تایه‌فه‌گه‌ری كۆتایی بێت، وادیاره ئه‌و رۆژه هاتووه."
"گۆڕانی ئه‌م دواییه په‌یامێكه بۆ هاوڵاتیانی عێراقی: (ئه‌وه ئێوه‌ن بڕیارده‌ده‌ن، نه‌وه‌ك سیاسه‌تمه‌داران.)"
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ندێك پێیانوایه لیستی فره‌ڕه‌نگ ته‌نها شتێكی رووكه‌شه بۆ دڵخۆشكردنی ده‌نگده‌ران. هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی ١١ لایه‌نی شیعه‌ی له‌خۆگرتووه و ته‌نها یه‌ك سه‌ركرده‌ی سوننه‌ی ناوداری تێدایه.
ئه‌گه‌ر مالیكی به لیستێكی تایبه‌ت به خۆی دابه‌زێت، ده‌عوه سه‌ركردایه‌تی ئه‌و لیسته ئه‌كات كه حیزبێكی شیعه‌یه و له‌ژێر كاریگه‌ری شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێرانیدایه. له‌و ماوه‌یه‌دا كه سه‌ره‌ك وه‌زیران بووه، مالیكی تووشی پێكدادان بوه‌وه له‌گه‌ڵ سوننه و كورددا. حیزبه سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و دوو گروپه، سوننه و كورد، هێشتا هاوپه‌یمانێتیه‌كانی خۆیان رانه‌گه‌یاندوه.
مهرجهعیهش كه له پیاوانی ئایینی ههرهبهناوبانگی شیعه پێكهاتووه له نه‌جه‌ف به سه‌رۆكایه‌تی ئایه‌توڵا عوزما عه‌لی سیستانی، هێشتا قورساییه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ی هه‌یه له سیاسه‌تدا.
ته‌له‌به‌یه‌كی مه‌رجه‌عیه كه نه‌یویست ناوی ئاشكرابكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی قسه‌كردنی بۆ میدیا پێنه‌بوو، وای بۆ ده‌چوو سیستانی "هێشتا موباره‌كه‌ی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی مالیكی نه‌كردوه. ئه‌گه‌ر بیكردایه، مالیكی لیستێكی تایبه‌ت به خۆی دروستده‌كرد."
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، عه‌بدولهادی حه‌سانی، ئه‌ندام په‌رله‌مانی سه‌ر به حیزبی ده‌عوه، سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پیاوه ئایینیه ناسراوه‌كانی شیعه كاریگه‌ریان بۆ سه‌ر سیاسه‌ت نیه. حه‌سانی وتی، "مه‌رجه‌عیه ده‌ستوه‌رناداته ئه‌و مه‌سه‌لانه‌وه."
مه‌حمود عوسمان، كه ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی كوردی سه‌ربه‌خۆیه، وتی هاوپه‌یمانێتیه‌كان "كه‌متر له‌سه‌ر بنه‌مای تایه‌فه‌گه‌ری دروستكراون"، به‌ڵام تێیاننهپهڕاندوه. "ئه‌و لیستانه لیستی ناتائیفی نین."
هاوپه‌یمانێتیه‌كان "رواڵه‌تی خۆیان ده‌گۆڕن، به‌ڵام له ناوه‌رۆكدا، هه‌مان شتن."
مه‌حمود عوسمان پێشبینی به‌وه كرد كه سوننه و كورد هاوپه‌یمانێتی سه‌ربه‌خۆ پێكده‌هێنن. هه‌روه‌ها وتی ئه‌گه‌ر حیزبی ده‌عوه په‌یوه‌ندی بكات به هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقیه‌وه، "ئه‌وا مۆركی تایه‌فه‌گه‌ری به‌رده‌وام ده‌بێت له زاڵبون به‌سه‌ر سیاسه‌تی عێراقیدا. ئه‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ین بزانین چی رووده‌دات."
جه‌عفه‌ری، شیكارهوانی سیاسی، وتی هاپهیمانێتیهكان كه‌وتنه دروستكردنی لیستی فره‌ڕه‌نگ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ده‌نگده‌ر بۆ لای خۆیان رابكێشن، به‌ڵام ئاماژه‌شی به‌وه كرد كه ئه‌و هه‌نگاوه بۆ دوور كه‌وتنه‌وه له تایه‌فه‌گه‌ری هه‌نگاوێكی باشه به‌ره‌و پێشه‌وه.
هه‌روه‌ها وتی، "مانه‌وه له بازنه‌ی تایه‌فه‌گه‌ریدا واته به‌رده‌وامبونی ناكۆكی نێوان سیایهتمهداران و توندوتیژی له نێو عێراقیه‌كاندا. ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه بێته هۆی ته‌قینه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ له هه‌ر ساته‌وه‌ختێكدا."
"ئێمه وڵاتێكی فره-تائیفه و فره-نه‌ته‌وه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێویستمان به سیاسه‌تێكی ئارام و ئاشتیانه‌و ناتائیفی هه‌یه. به‌م جۆره ئه‌توانین ژیانێكی ئارام له عێراق بهێنینه كایه‌وه."
عه‌بیر محه‌ممه‌د رۆژنامه‌نوسێكی راهێنراوی په‌یمانگای رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR)ه له به‌غدا