ئه‌نباڕ: كرێكاره‌ به‌نگلادشییه‌كان له‌دوو لاوه‌ تووشی كێشه‌ هاتوون

له‌لایه‌ن خاوه‌ن كاره‌كانیانه‌وه‌ رێگایان پێنادرێت بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و رووبه‌ڕووی رق و قینه‌ی كه‌سانی بێكار ده‌بنه‌وه‌.

ئه‌نباڕ: كرێكاره‌ به‌نگلادشییه‌كان له‌دوو لاوه‌ تووشی كێشه‌ هاتوون

له‌لایه‌ن خاوه‌ن كاره‌كانیانه‌وه‌ رێگایان پێنادرێت بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و رووبه‌ڕووی رق و قینه‌ی كه‌سانی بێكار ده‌بنه‌وه‌.

.



وه‌ك یه‌كێك له‌ ژماره‌یه‌ك خزمه‌تكاری خێزانێكی دیار له‌ پارێزگای ئه‌نباڕ له‌ خۆرئاوای عێراق، حه‌سه‌ن ئه‌رز پاك ده‌كاته‌وه‌، مێز ده‌سڕێته‌وه‌، به‌دیار منداڵه‌كانه‌وه‌ ئێشكگری ده‌كات، چا بۆ میوانه‌ ماقووڵه‌كان لێ ئه‌نێ و ته‌نانه‌ت ئاگای له‌ گیانداره‌ ماڵییه‌كانیش ده‌بێت.



حه‌سه‌ن هه‌شت مانگه‌ كار بۆ ئه‌و خێزانه‌ ده‌كات به‌ڵام هه‌رگیز له‌ ماڵ نه‌چۆته‌ ده‌ره‌وه‌ تا به‌ناو شاری ره‌‌مادی كه‌ پایته‌ختی پارێزگای ئه‌نباڕه‌‌ و رۆژگارێك توندوتیژی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌، بگه‌ڕێت. زۆر له‌باره‌ی رووداوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ نازانێت، ئه‌مه‌ش خودی ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ خاوه‌نكاره‌كه‌ی ده‌یه‌وێت.



رۆتینی كاره‌كه‌ ده‌كرێت ووشك و ناخۆش بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر بێزاری ده‌كات پۆشینی جلوبه‌رگی عه‌ره‌بیی كۆنه‌ - به‌ عه‌گال و خه‌نجه‌ریشه‌وه‌ كه‌ ئه‌كرێت به‌ قایشی پشتێنه‌وه‌ - كاتێك مێوان سه‌ردانی‌ ماڵه‌كه ده‌كات‌.



حه‌سه‌ن له‌ به‌نگلادش كه‌ ووڵاتی خۆیه‌تی ته‌نها له‌ فیلم ئه‌و جل و به‌رگه‌ی دیووه‌.



"هه‌رگیز به‌خه‌یاڵم دانه‌هاتبوو كه‌ له‌ ماڵی كه‌سێكی گرنگ كارده‌كه‌م،" حه‌سه‌ن وتی. "له‌ ته‌له‌فزیۆنیش حه‌زم به‌ بینینی ئه‌و جل و به‌رگه‌ نه‌ده‌كرد، نه‌خوازه‌ڵا له‌به‌ركردنی. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و ناڕه‌حه‌تیانه‌ی رووبه‌ڕووم ده‌بوونه‌وه‌، ئێستا له‌و ره‌وشه‌ نوێیه‌ لێڕاهاتووم."



حه‌سه‌ن مانگانه‌ ٤٠٠ دۆلار په‌یدائه‌كات. ئه‌و ده‌ڵێت كرێكه‌ی به‌به‌راود له‌گه‌ڵ مووچه‌ی خزمه‌تكاره‌ بیانییه‌كانی تر له‌ شاره‌كه‌ باشه‌.



وه‌ك شاره‌كانی تری عێراق، هه‌زاران كرێكاری بیانی هێنراونه‌ته‌ پارێزگای ئه‌نباڕ تا به‌ كرێیه‌كی كه‌م ئه‌و ئیشانه‌ بكه‌ن كه‌ به‌هره‌یان ناوێت. به‌نگلادشییه‌كان به‌هۆی بێكارییه‌وه‌ خێرا ئه‌م جۆره‌ پیشانه‌ له‌ رۆژئاوای عێراق قبوڵ ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕای ناوبانگیی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌هۆی توندوتیژییه‌وه‌.



به‌پێی كۆمیسیۆنی هێزی كاری ئه‌نباڕ، ئه‌مساڵ نزیكه‌ی ١٥،٠٠٠ كرێكاری نێر و مێ هێنراونه‌ته‌ پارێزگاكه‌. نزیكه‌ی ٩٠ له‌سه‌دای ئه‌مانه‌ به‌نگلادشین كه‌ وه‌ك به‌رده‌ستی رێستۆرانت و خزمه‌تكار و دایه‌ن و پاككه‌ره‌وه‌ و جووتیار كار ده‌كه‌ن.



زۆربه‌ی ئه‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ی ئێستا له‌ ئه‌نباڕ كارده‌كه‌ن پێشتر له‌ ئیماڕاتی عه‌ره‌بیی یه‌كگرتوو كاریان كردووه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ساڵی پار قه‌یرانی دارایی له‌ جیهاندا سه‌ریهه‌ڵدا و به‌هۆیه‌وه‌ كرێكاره‌ بێ به‌هره‌كان به‌دوای كاردا وێڵ بوون.



خالیده‌، ژنێكی به‌نگلادشیه‌ و بۆ خێزانێك له‌ ره‌مادی كار ده‌كات، وتی عێراق یه‌كێك بوو له‌و‌ چه‌ند شوێنه‌ كه‌مه‌ی كه‌ "ئیشی باش و پاره‌ی باشی ئه‌خسته‌ڕوو".



به‌كرێگرتنی كرێكارانی بیانی رق و قینه‌ی له‌ناخی هه‌ندی كه‌س له‌ ئه‌نباڕدا دروست كردووه‌. ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ ژماره‌ی هاوڵاتیانی بێكاری له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ ١٥،٠٠٠ كه‌س قه‌بڵاندووه‌. ئه‌نباڕ كه‌ رۆژگارێك قه‌ڵای قاعیده‌ بوو ئێستا له‌لایه‌ن هۆزه‌ سوننییه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵ كراوه‌.



هه‌ندێ كه‌س نیگه‌رانن له‌وه‌ی بێكاری له‌وانه‌یه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی پارێزگاكه‌ بكات و گه‌نجان ناچار بكات په‌یوه‌ندی به‌ چه‌ته‌كان و گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ بكه‌ن. له‌كاتێكدا سوپای ئه‌مریكا و سوپای عێراق كۆتاییان هێناوه‌ به‌ هاتنی چه‌ك و چه‌كداره‌كان له‌ سوریاوه‌ به‌ره‌و ئه‌نباڕ، قاچاخچێتی له‌سه‌ر ئه‌و سنووره‌ی خۆرئاوای عێراق هێشتا له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه‌ مایه‌ی ئه‌وپه‌ڕی نیگه‌رانییه‌.



ئه‌و هۆزه‌ سوننیانه‌ی كه‌ پێشتر پاڵپشتیان له‌ گروپه‌ یاخیبووه‌كان ده‌كرد، له‌به‌رامبه‌ر یارمه‌تیی دارایی و پاڵپشتیی سوپای ئه‌مریكا و حكومه‌تی عێراق‌ له‌و گروپانه‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه. به‌ڵام هاوپه‌یمانییه‌ نوێیه‌كانیان له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا بێ هێزی كردوون و هه‌ندێ له‌ ده‌ستبژێره‌كانی هۆزه‌كانی ئه‌نباڕ نیگه‌رانن له‌وه‌ی كرێكاره‌ عێراقییه‌كان متمانه‌یان پێ ناكرێت.



كرێكاره‌ به‌نگلادشییه‌كان به‌وه‌ ناوبانگیان ده‌ركردووه‌ كه‌ ره‌وشتی كاركردنیان باشه‌ و داواكاریشیان كه‌مه‌. له‌هه‌مووشی گرنگتر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیانین بۆیه‌ پشت به‌ خاوه‌نكاره‌كانیان ده‌به‌ستن.



"كرێكاره‌ بیانییه‌كان داوای مۆڵه‌ت ناكه‌ن و داوا ناكه‌ن له‌ هیچ ئه‌ركێكدا ببه‌خشرێن،" خاوه‌نكاری حه‌سه‌ن وتی. "هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن له‌ پاككردنه‌وه‌ی ته‌والێت تا خزمه‌تكردنی مێوانه‌كان. هه‌روه‌ها نهێنییه‌كانی ماڵه‌كه‌ ئاشكرا ناكه‌ن وه‌ك كرێكاره‌ عێراقییه‌كان كه‌ هه‌میشه‌ كات به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن و قسه‌ له‌سه‌ر سامان و په‌یوه‌ندییه‌ كه‌سێتییه‌كانی ئه‌و خێزانانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ لایان كار ده‌كه‌ن."



"یه‌كێك له‌ كرێكاره‌ عێراقییه‌كانی پێشووترم سیخوڕی خێزانی پێشووم بوو. ده‌رمكرد دوای ئه‌وه‌ی زانیم په‌یوه‌ندییه‌كان و گه‌شته‌كانمی بۆ ده‌گێڕایه‌وه‌،" خاوه‌نكاره‌كه‌ی حه‌سه‌ن به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ گوتی. "خزمه‌تكارێكی تر هاوسۆزی یاخیبووان بوو، بۆیه‌ ئه‌ویشم ده‌ركرد. هه‌ر كه‌سێك كرێكاری به‌نگلادشی بگرێت هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ده‌كات."



ماڵی ئه‌و خاوه‌نكاره‌ گه‌وره‌یه‌ و زیاد له‌پێویست رازاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كرێكاره‌كانی ده‌ڵێن له‌سه‌ر ئه‌رز ئه‌خه‌ون و به‌رماوه‌ی خواردنی خێزانه‌كه‌ش ئه‌خۆن، له‌كاتێكدا كاره‌ قورسه‌كانیان و كاتژمێره‌ درێژه‌كانیان هیلاكیان ده‌كه‌ن.



"سه‌ركاره‌كه‌م یان یه‌كێك له‌ یاریده‌ده‌ره‌كانی هه‌میشه‌ به‌ شه‌ق خه‌به‌رم ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر دواكه‌وتم،" سه‌ید، خزمه‌تكارێكی تری به‌نگلادشیه‌ له‌و ماڵه‌دا، وتی.



"تفكردن له‌ ڕووم یه‌كێك له‌ خراپترین ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌م. سه‌ركاره‌كه‌م ده‌سته‌كانی به‌كار ناهێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تووڕه‌ بوو تف ئه‌كات و زمانی ناشیرین به‌كارده‌هێنێت."



كرێكاره‌ به‌نگلادشییه‌كان به‌زۆری ئینگلیزی ده‌زانن و عه‌ره‌بییه‌كه‌شیان خراپه‌. سه‌ید ده‌ڵێت له‌لایه‌ن خاوه‌نكاره‌كانیان و مێوانه‌كانه‌وه‌ گاڵته‌یان پێده‌كرێت.



"واده‌زانن ئێمه‌ له‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یڵێن تێناگه‌ین،" ئه‌و وتی. "به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بێت قبوڵی بكه‌ین چونكه‌ پاره‌یه‌كی باشمان پێ ده‌درێت به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كرێكاره‌كان له‌ شوێنی تر به‌ده‌ستی ده‌هێنن."



سه‌ید ده‌ڵێت پێی وایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ سه‌ركاره‌كه‌ی هه‌یه‌ و به‌پێچه‌وانه‌ی كرێكاره‌ به‌نگلادشییه‌كان كه‌ لاشه‌ڕن، به‌ئاشكرا و به‌رده‌وام شه‌كوا لای سه‌ركاره‌كه‌ی ده‌كات. ده‌ڵێت سه‌ركاره‌كه‌ی هه‌ندی جار جنێو ده‌دات به‌ڵام چایی و نێرگه‌له‌كه‌ی به‌رزده‌نرخێنێت.



خوشكی سه‌ید بۆ خانه‌واده‌یه‌كی تری ده‌ستبژێر كار ده‌كات، به‌ڵام رێگیان پێ نادرێت ماڵه‌كانیان به‌جێ بهێڵن و سه‌ردانی یه‌كتر بكه‌ن.



"ته‌نها هۆكارێك كه‌ بتوانم به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌م خانووه‌ به‌جێبهێڵم ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ بمرم،" سه‌ید وتی. "ئه‌و كاته‌ له‌سه‌ر حسابی خۆم ده‌منێرنه‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی خۆم."



خاوه‌نكاره‌كه‌ ده‌ڵێت به‌هێشتنه‌وه‌ی خزمه‌تكاره‌كانی له‌ ماڵه‌كه‌دا ده‌یانپارێزێت.



"خزمه‌تكاره‌كانی ئێره‌ نازانن شه‌قامه‌كان چه‌نده‌ ترسناكن،" ئه‌و خاوه‌نكاره وتی. "من هه‌ندێ جار له‌گه‌ڵیان توندم چونكه‌ له‌ سه‌لامه‌تیان نیگه‌رانم. سه‌لامه‌تی من په‌یوه‌ندی به‌ هی ئه‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌وانه‌یه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌دژیان شه‌ڕ ده‌كه‌ین بڕفێنرێن و پرسیاریان لێ بكه‌ن ده‌رباه‌ی ژیانی تایبه‌تی خۆم و خێزانه‌كه‌م. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ من وا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م."



"له‌و ساته‌وه‌ی هه‌شت مانگ به‌ر له‌ ئێستا گه‌یشتم تا ئێستا ئه‌م خانووه‌م به‌جێ نه‌هێشتووه‌، چونكه‌ ده‌كرێت كرێكاره‌كان له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانه‌وه‌ بكوژرێن،" حه‌سه‌ن وتی. "سه‌ركاره‌كه‌م و پیاوه‌كانی گشتیان ئامانجی قاعیده‌ن، ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ بێت كه‌ بۆچی كرێكاری بیانی ده‌گرێت."



هاتنی كرێكاره‌ بیانییه‌كان به‌لای هه‌ندێ له‌ عێراقییه‌ بێكاره‌كانه‌وه‌ په‌سه‌ند نییه‌.



ئه‌حمه‌د ته‌ها، دانیشتووی فه‌لوجه‌یه‌، ده‌ڵێت خۆی و حه‌وت عێراقی تر كه‌ له‌ هوتێلێكدا كاریان ده‌كرد ده‌ركران و كرێكاری به‌نگلادشی شوێنیان گرتنه‌وه‌.



"به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ بێ كار بووم،" ته‌ها وتی. "سوێند ده‌خۆم ئه‌گه‌ر هه‌ر كامێكیان ببینم خراپ لێی ده‌ده‌م و گوێم لێ نییه‌ ئه‌گه‌ر بچمه‌ به‌ندیخانه‌وه‌."



ئه‌نهار عه‌لی ده‌ڵێت دایه‌ن بووه‌ و مانگانه‌ ٧٠٠ دۆلاری وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام ده‌ركراوه‌.



"ئه‌و ماڵه‌ی من كارم بۆیان ده‌كرد دایه‌نێكی به‌نگلادشیان هێنا و وتیان گوێی لێ نییه‌ ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان بمێنێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها فێری ئینگلیزیشیان ده‌كات،" عه‌لی وتی. "به‌ڵام راستییه‌كه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ له‌به‌ر دوو هۆكار كرێكاری به‌نگلادشی دێنن: یه‌كه‌م، كرێیه‌كی كه‌متر، دووه‌م، ده‌یانه‌وێت خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌ربخه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ خێڵه‌كانی تر له‌ پارێزگاكه‌دا."



كرێكاره‌ بیانییه‌كان ده‌ڵێن ته‌نانه‌ت له‌ پشته‌وه‌ی ده‌رگا داخراوه‌كانیشه‌وه‌ ئاگادارن له‌وه‌ی هه‌ندێ له‌ دانیشتوانی ئه‌نباڕ رقیان لێیانه‌. زۆربه‌یان ده‌ڵێن نایانه‌وێت له‌ عێراق بن به‌ڵام هه‌ڵبژاردنێكی كه‌میان له‌به‌رده‌ست دایه‌.



خالیده‌، خزمه‌تكاره‌كه‌ی ره‌مادی، ده‌ڵێ له‌ ووڵاتی خۆیدا رۆژانه‌ یه‌ك دۆلاری په‌یدا ئه‌كرد له‌ڕێی كۆكۆدنه‌وه‌ی فافۆن و فرۆشتنی وه‌ك سیكڕاب. ئێستا مانگانه‌ ٣٥٠ دۆلار ئیش ده‌كات، به‌ڵام رێگای پێنادرێت به‌بێ پاسه‌وانی چه‌كدار ماڵه‌كه‌ به‌جێ بهێڵێت و له‌سه‌ر ئه‌رزی مه‌تبه‌خیش ئه‌خه‌وێت.



خالیده‌ ده‌ڵێت ژنی سه‌ركاره‌كه‌ی وه‌ك هه‌ڵۆ چاودێری ده‌كات و نیوه‌ی شه‌و لێی قیت ئه‌بێته‌وه‌ چونكه‌ له‌وه‌ ده‌ترسێت مێرده‌كه‌ی دڵسۆز نه‌بێت.



خالیده‌ ده‌توانێ به‌ ئینگلیزی قسه‌ بكات و بنووسێ و خه‌ونیشی به‌وه‌ دیووه‌ ببێته‌ په‌رستار به‌ڵام پاره‌ی نه‌بووه‌ خوێندن ته‌واو بكات. ده‌ستگیرانه‌كه‌ی له‌ كوێت كار ده‌كات و هیوادارن خێزان به‌یه‌كه‌وه‌ بنێن.



"پێم وایه‌ دوو ساڵ به‌سه‌ بۆ من تا پاره‌یه‌كی ته‌واو كۆ بكه‌مه‌وه‌ و منداڵم هه‌بێت،" خالیده‌ وتی. "له‌وانه‌یه‌ بتوانین نه‌هێڵین تووشی ئه‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌ بێت كه‌ ئێمه‌ رووبه‌ڕووی بووینه‌وه‌."



عوسمان موختار مه‌شقكردووه‌كی IWPR ه‌ له‌ فه‌لوجه‌.



ناوی خزمه‌تكاره‌كان گۆڕاوه‌ تا ناسنامه‌كانیان بپارێزرێن.
Frontline Updates
Support local journalists