تیرۆری 'بۆمبی لكاو' له به‌غدا بڵاو ده‌بێته‌وه
ئه‌م ته‌قه‌مه‌نییه هه‌ستپێنه‌كراوه عێراقییه‌كانی چینی ناوه‌راستى له به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێڵ له ئیش و كاره‌كانیاندا، ترساندووه.
تیرۆری 'بۆمبی لكاو' له به‌غدا بڵاو ده‌بێته‌وه
ئه‌م ته‌قه‌مه‌نییه هه‌ستپێنه‌كراوه عێراقییه‌كانی چینی ناوه‌راستى له به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێڵ له ئیش و كاره‌كانیاندا، ترساندووه.
"زانیم ئه‌وه بۆمبێكه‌و به شوفێره‌كه‌م وت كه وریا بێت،" ئه‌سعه‌د وتی. "هه‌رگیز ئه‌و دیمه‌نه له‌بیر ناكه‌م."
ئه‌سعه‌د، كه نه‌یویست ناوی سیانی ئاشكرا بكرێت، له‌گه‌ڵ شوفێره‌كه‌ی به سووكی بریندار بوون به‌هۆی جامی شكاوى ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه كه له ئه‌یلوولی رابردوو له به‌غدا روویدا. مانگێك دواتر، خوشكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی به‌و ئه‌ندازه‌یه به‌خت یاوه‌ریان نه‌بوو.
ته‌نها ئێواره‌یه‌ك به‌ر له‌وه‌ی گه‌شتێكی خێزانی به‌ره‌و به‌یروت ئه‌نجام بده‌ن، راند و عه‌مار خه‌ریكی كڕینی شت بوون له گه‌ڕه‌كی كه‌ڕاده‌ی به‌غداو منداڵه‌كه‌شیان له‌گه‌ڵدا بوو. كاتێك به ته‌نیشت ئۆتۆمبێڵێكه‌وه ڕه‌ت بوون كه له‌و ناوه راگیرابوو بۆمبێكی لكێنراو به ئۆتۆمبێڵه‌كه ته‌قیه‌وه.
ته‌قینه‌وه‌كه راندی فڕێدایه سه‌ر شۆسته‌كه. مێرده‌كه‌ی به گاگۆڵه خۆی گه‌یانده لای و بینی خوێنی لێ ئه‌ڕوات و بێهۆش كه‌وتووه. مێرده‌كه‌شی، كه خۆشی بریندار ببوو و نه‌یده‌توانی منداڵه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه، له‌هۆش خۆی چوو.
پیاوانی ئاسایش له‌سه‌ر تۆپه‌ڵێك خاك و خۆڵ به دووری ١٥ مه‌تر له ئۆتۆمبێڵه‌كه منداڵه‌كه‌یان به زیندوویی دۆزیه‌وه و ته‌نها تۆزێك ئه‌زیه‌تی پێگه‌یشبوو. راند و مێرده‌كه‌ی چه‌ند رۆژێك له نه‌خۆشخانه‌دا مانه‌وه تا برینه قورسه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێن.
له‌م دوو هێرشه‌دا هیچ هۆكارێك بوونی نه‌بوو بۆ به ئامانجكردنی ئه‌سعه‌د و خوشكه‌كه‌ی و مێرده‌كه‌ی.
برینداربوونی ئه‌مانه به شێوه‌یه‌كی ساده ئاماژه‌یه‌كه بۆ زیادبوونی نوێترین چه‌كی تۆقاندن له به‌غدا: "بۆمبی لكێنراو".
ناوی ئه‌م ئامێره له‌و له‌زگه‌یه یان موگناتیسه هاتووه كه به‌كار ده‌هێنرێت بۆ لكاندنی بۆمبه‌كه به ئۆتۆمبێڵه‌كانه‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆمبه له نزیك تانكیی سوته‌مه‌نییه‌وه دانرا، ده‌كرێت ببێته ئامرازێكی كاریگه‌ر بۆ تیرۆركردن و ته‌قینه‌وه‌یه‌كی لێ بكه‌وێته‌وه كه به‌سه بۆ تێكوپێك شكاندنی ئۆتۆمبێڵه‌كه.
ده‌یان عێراقی له شه‌ش مانگی رابردوودا به‌هۆی بۆمبی لكێنراوه‌وه كوژراون یان تووشی په‌ككه‌وته‌یی هاتوون، زۆربه‌یان خه‌ڵكی به‌غدان.
به‌هۆی بچووكی و ئاسانی له شاردنه‌وه‌یدا، ئه‌م بۆمبانه باشترین چه‌كی ئه‌و میلیشیایانه‌ن كه هاتووچۆیان به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی خاڵه‌كانی پشكنین له به‌غدا سنووردار بووه. سوپای ئه‌مریكا و هێزه‌كانی ئاسایشی عێراق له كۆتایی ساڵی رابردوودا هۆشیاریان دا كه ئه‌و هێرشانه‌ی به بۆمبی لكێنراو ئه‌نجام ده‌درێن له زیادبوون دان.
ئه‌سعه‌د ده‌ڵێت زاواكه‌ی ئه‌و رۆژه‌ی چووه بازاڕی كه‌ڕاده هه‌ستی به مه‌ترسی كردبوو و هه‌ستی كردبوو كه شتێكی خراپ به‌ڕێوه‌بوو.
"زاواكه‌مان دوودڵ بوو له‌وه‌ی بچێت شت بكڕێت به‌ڵام به‌هۆی پێداگری خوشكم ڕۆیشت تا هه‌ندێ شت بۆ منداڵه‌كه‌یان بكڕن. ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ی سه‌یاره‌كه‌شی وه‌ستاندبوو نه‌یده‌ویست دابه‌زێت،" حه‌مید وتی. "ئێستا زاواكه‌مان په‌شیمانه له‌وه‌ی گوێی نه‌دا به هه‌ست و هۆشی سروشتی خۆی."
له گۆڕه‌پانه‌كانی وه‌ستاندنی ئۆتۆمبێڵ له به‌غدا، ده‌بینرێت خه‌ڵك به ووریاییه‌وه ئۆتۆمبێڵه‌كانیان ده‌پشكنن پێش ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌ون – هه‌ندێك جار ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر زه‌وی راده‌كشێن تا شاسی ئۆتۆمبێڵه‌كه بپشكنن.
عوده‌ی، كه قوتابییه‌كی خوێندنی باڵایه له به‌غدا و به‌هان شێوه نه‌یوست ناوی سیانی ئاشكرا بكرێت له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی، هه‌ندێك له كه‌س و كاره‌كانی له هێزه‌كانی ئاسایشن و هه‌ست ده‌كه‌ن به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره.
"براكانم هه‌میشه سه‌یری دیوی ژێره‌وه‌ی چاملغی سه‌یاره ده‌كه‌ن پێش ئه‌وه‌ی بچنه ناو ئۆتۆمبێڵه‌كه. هه‌روه‌ها ئاوێنه‌ش به‌كار ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌یری ژێره‌وه‌ی ئۆتۆمبێڵه‌كان بكه‌ن،" عوده‌ی وتی. "ئێمه هه‌میشه وا هه‌ست ده‌كه‌ین له لایه‌ن گروپه تیرۆریستییه‌كانه‌وه ده‌كرێینه ئامانج."
یه‌كه‌مین جۆره‌كانی بۆمبی لكێنراو له عێراقدا به‌كارهێنراون له دژی سیاسه‌تمه‌داران و ئه‌ندامانی هێزه‌كانی ئاسایش و سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بی سوننه ئه‌وانه‌ی هاریكاری هێزه‌كانی ئه‌مریكایان كرد له دژی قاعیده.
هێشتا زۆر كه‌س هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌سایه‌تییه دیاره‌كان بكه‌نه ئامانج: سوپای ئه‌مریكا له‌م هه‌فته‌یه‌دا رایگه‌یاند پۆلیسی به‌غدا یه‌كێك له‌م بۆمبه لكێنراونه‌وه‌ی دۆزیووه‌ته‌وه له‌ژێر ئۆتۆمبێڵی یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی "كوڕه‌كانی عێراق" بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌و سه‌ركرده‌یه ئاشكرا بكات. كوڕه‌كانی عێراق كۆمه‌ڵه‌یه‌كه به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پێكهاتووه له یاخیبووانی پێشووتری عه‌ره‌بی سوننه و ئێستا هاوكاری هێزه‌كانی عێراق و ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.
ئێستا زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كان، كه ئاگاداری ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ن، خۆیان له‌م هێرشانه ده‌پارێزن. له‌به‌ر ئه‌مه، میلیشیاكان به‌دوای ئامانجی ئاسانتردا ده‌گه‌ڕێن – تا ڕاده‌یه‌ك خه‌ڵكه زه‌نگینه‌كانی عێراق ئه‌وانه‌ی ئۆتۆمبێڵی خۆیان هه‌یه به‌ڵام ناتوانن به‌رده‌وام چاودێریان بكه‌ن.
"بومبه لكێنراوه‌كان ئێستا چیتر له دژی سه‌ركرده‌كان به‌كار ناهێنرێن چونكه پاسه‌وانی باشیان هه‌یه،" وه‌لید شێركۆ، ئه‌ندامێكی كورده له په‌رله‌مان و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مانیشه، وتی. "زۆربه‌ی پاسه‌وانه‌كانی به‌رپرسه‌كان راهێنانیان بنیووه له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشه‌كان."
"به‌م دواییانه ئه‌م بۆمبانه له دژی هاوڵاتیانی ئاسایی له به‌غدا به‌كارهاتوون، كه ئه‌مانه‌ش ئامانجی ئاسانن."
محه‌مه‌د حه‌جاج، لێكوڵه‌ره‌وه‌یه‌كی سه‌ربازییه، ده‌ڵێت بۆمبه لكێنراوه‌كان چینی پڕۆفێشناڵی به‌غدایان كردووه‌ته ئامانج – له‌وانه‌ش قوتابیانی زانكۆ، دكتۆره‌كان و رۆژنامه‌نووسان – له هه‌ڵمه‌تێكدا هه‌روه‌ك دیاره جۆرێكه له جه‌نگی ده‌روونی.
"هێرشی له‌م جۆره كار ده‌كاته سه‌ر سایكۆلۆژیای خه‌ڵك، ترس و تۆقاندن بڵاو ده‌كاته‌وه،" حه‌جاج وتی. "ئه‌م جۆره بۆمبانه به ئاسانی دروست ده‌كرێن و داده‌نرێن و ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌یان زیاتره له هه‌ڕه‌شه‌ی بۆمبه گه‌وره‌كان."
حه‌جاج ده‌ڵێت ده‌كرێت ئه‌م بۆمبانه به‌خێرایی بلكێنرێن به‌و ئۆتۆمبێڵانه‌ی كه له شوێنه سه‌لامه‌ته‌كان رانه‌گیراون – و ده‌توانرێت له ترافیك لایته‌كانیشدا بڕێك پاره بدرێت به منداڵان و سواڵكه‌ران و كاسبكاره ده‌ستگێڕه‌كان تا بیانلكێنن به ئۆتۆمبێڵه‌كانه‌وه.
هه‌روه‌ها حه‌جاج ده‌ڵێت هه‌ڕه‌شه‌ی بۆمبی لكێنراو هه‌ر وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه مه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی زیاتر له خاڵه‌كانی پشكنین ئه‌و ئامێرانه‌یان بۆ دابین بكرێت كه ته‌قه‌مه‌نی ده‌دۆزنه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م جۆره ته‌كنه‌لۆجیایه كاریگه‌ری ده‌وه‌ستێته سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی به‌كاری ده‌هێنێت – پێویسته پاسه‌وانه‌كان به‌ته‌واوی راهێنانیان پێ بكرێت.
"شتی مه‌ترسیدار له‌وانه‌یه نه‌دۆزرێته‌وه... له‌به‌ر بێ ئه‌زموونی ئه‌و كه‌سه‌ی كه ئامێره‌كه به‌كار ده‌هێنێت،" محه‌مه‌د عه‌سكه‌ری، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری وتی.
ده‌سه‌ڵاتداران داوای یارمه‌تیان له هاوڵاتیان كردووه وه‌ك هێڵێ یه‌كه‌می به‌رگری له به‌رامبه‌ر بۆمبه لكێنراوه‌كاندا. هه‌ڵمه‌تێكی زانیاریی گشتی ده‌ستی پێكردووه و هانی خاوه‌نی ئۆتۆمبێڵه‌كان ده‌دات كه وریا بن.
ریكلامه‌كان له ته‌له‌فزیۆنه‌كان و رادیۆكانی عێراق و رۆژنامه‌ی سه‌باحی ره‌سمی ئامۆژگاری هاوڵاتیانیان كردووه چۆن ئۆتۆمبێڵه‌كانیان بپشكنن به‌هۆی مه‌ترسی بۆمبه‌كانه‌وه.
ده‌توانرێت ڕێ له هێرشه‌كان بگیرێت ئه‌گه‌ر "خه‌ڵك فێركرا چۆن خۆیان ئۆتۆمبێڵه‌كانیان بپشكنن"، عه‌سكه‌ری وتی.
داود سه‌لمان رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه له به‌غدا.