تاڵانچییه‌كان گه‌نجینه‌ دێرینه‌كان له‌ناوده‌به‌ن

شوێنه‌وارناسان ده‌ڵێن شوێنه‌واره‌ نه‌پارێزراوه‌كانی له‌مێژینه‌ی ووڵات له‌ مه‌ترسی تاڵانكردنی به‌ربڵاودان.

تاڵانچییه‌كان گه‌نجینه‌ دێرینه‌كان له‌ناوده‌به‌ن

شوێنه‌وارناسان ده‌ڵێن شوێنه‌واره‌ نه‌پارێزراوه‌كانی له‌مێژینه‌ی ووڵات له‌ مه‌ترسی تاڵانكردنی به‌ربڵاودان.

.



به‌گوێره‌ی حكومه‌تی عێراق‍، ئه‌و ووڵاته‌‌ - كه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ووڵاتی ئیمپڕاتۆرییه‌تی ئاشووری و بابلی و سۆمه‌ری و ئیمپڕاتۆرییه‌تی كۆنتر بووه‌ - نزیكه‌ی ١٠،٠٠٠ پێگه‌ی شوێنه‌واری هه‌یه‌.



زۆرینه‌ی ئه‌م شوێنه‌وارانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ناوه‌ڕاستی عێراق و ئه‌م ناوچه‌یه‌ش به‌ خراپی كه‌وتۆته‌ به‌ر ئه‌و ئاژاوه‌ و بێ یاساییه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ئه‌و ووڵاته‌ی گرتۆته‌وه‌. له‌ كاتێكدا هه‌ندێك له‌ هه‌ره‌ دیارترین پێگه‌ مێزۆپۆتامییه‌كان، له‌وانه‌ش ئور له‌ نزیك ناصریه‌ی ئێستا، به‌ باشی پارێزراون، به‌ڵام زۆربه‌یان پاسه‌وانی ناكرێن.



قه‌یس ڕه‌شید حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی هه‌ڵكه‌ندن و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی شوێنه‌وار و گه‌شتوگوزار ده‌ڵێت حكومه‌تی عێراق ته‌نها ١،٢٠٠ پاسه‌وانی هه‌یه‌ بۆ چاوێریكردنی گشت شوێنه‌واره‌كانی. قةيس ده‌ڵێت نه‌بوونی پارێزگاری "كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌" كه‌ شوێنه‌واره‌ كۆنه‌كانی دووچاری هێرشی چه‌ته‌كان و قاچاخچییه‌كان كردووه‌.



گه‌نجینه‌گه‌ڕان به‌نایاسایی كاری هه‌ڵكه‌ندن له‌و شوێنانه‌ بۆ كه‌ل و په‌لی به‌نرخ ئه‌نجام ده‌ده‌ن كه‌ ده‌كرێت له‌ بازاڕی ڕه‌شدا بازرگانیان پێوه‌بكرێت و زۆر جاریش بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ قاچاغ ده‌بردرێن.



به‌مه‌زه‌نه‌ی مارگرێت ڤان ئێس، به‌ڕێوه‌به‌ری زانستی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌ په‌یمانگه‌ی شوێنه‌وارناسیی ئه‌ڵمانی له‌ به‌رلین،‌ هه‌ڵكه‌ندنی نایاسایی له‌ عێراق بڕی ده‌ ملیار دۆلار زیانی خستۆته‌وه‌.



هه‌روه‌ها ئه‌و خانمه‌ وتی،"زۆربه‌ی ئه‌م شوێنانه‌ دوورن له‌ ناوه‌ڕاستی شارو شارۆچكه‌كانه‌وه‌ و له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی عه‌شیره‌ته‌كاندان،" ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ روبه‌ڕوی شاڵاوی دزی ببنه‌وه‌.



كاتی خۆی ڕژێمی صه‌ددام حسێن پارێزگاری له‌ زۆرینه‌ی شوێنه‌واره‌كانی وڵات ده‌كرد و به‌وپه‌ڕی توندی به‌ره‌نگاری دزی ده‌بوویه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌روبه‌ندی دزینی پارچه‌ی شوێنه‌واری ده‌ستگیر بكرانایه‌ ڕووبه‌ووڕی ١٥ ساڵی به‌ندكردن ده‌بوونه‌وه‌ و له‌ هه‌ندێ باردا ته‌نانه‌ت سزای مه‌رگیشیان بۆ ده‌بڕایه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م سزایانه‌ هێشتا له‌ تۆمارنامه‌ی یاساكاندا ماون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ده‌گمه‌ن جێبه‌جێ ده‌كرێن.



له‌ بازاڕی ڕه‌ش له‌ عێراقدا، دراوی كۆن و مۆر و پارچه‌ی تری زێڕین و زیوی و بڕۆنزی ده‌كرێت به‌ نرخێكی كه‌م تا ڕاده‌ی ١٠ دۆلار بكڕدرێن، به‌ڵام هه‌مان ئه‌م كه‌ل و په‌لانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات پاره‌یه‌كی زۆر باشتر ده‌كه‌ن. تا ئێستا هه‌زاران پارچه‌ی شوێنه‌واریی عێراقی به‌ره‌و سوریا و ئوردنی دراوسێ بردراون.



سه‌ید مه‌حمودی ته‌مه‌ن ٥٢ ساڵه‌ كه‌ خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی پارچه‌ی كۆنه‌ له‌ به‌غدا ده‌ڵێت،"له‌ به‌غدا له‌وانه‌یه‌ مۆرێكی سۆمه‌ریی لووله‌یی به‌ كه‌متر له‌ ١٠٠ دۆلار بفرۆشرێت و دراوی زێڕین ته‌نانه‌ت به‌ كه‌متر له‌و نرخه‌ش. به‌ڵام مۆرێكی لووله‌یی له‌وانه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ زیاتر له‌ ٢،٠٠٠ دۆلار بفرۆشرێت."



هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی عێراق خه‌ڵاتی ته‌رخانكردووه‌ كه‌ له‌ نزیكه‌ی 10 دۆلاره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات بۆ گێڕانه‌وه‌ی پارچه‌ كۆنه‌كان، كه‌چی نرخه‌كان له‌ بازاڕی ڕه‌شی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ ڕاده‌یه‌ك به‌زن كه‌ عیێراقییه‌كان هه‌ست به‌ پاڵنه‌رێكی كه‌م ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی ئه‌و خه‌ڵاتانه‌.



له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی له‌ مانگی ڕابردوودا، وه‌زیری شوێنه‌واره‌ دێرینه‌كان محمد عرێبی وتی، " عێراق ئێستا له‌ هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی پارچه‌ كۆنه‌كاندایه‌‌ كه‌ نزیكه‌ی ١٥،٠٠٠ له‌و پارچانه‌ له‌ كاتی تاڵانكردنی مۆزه‌خانه‌ی به‌غدا هه‌ر زوو دوای لادانی صه‌ددام له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مریكا له‌ ٢٠٠٣دا دزران."



له‌ حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا، ئوردن زیاتر له‌ ٢،٠٠٠ پارچه‌ی گێڕایه‌وه‌ كه‌ مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ٧،٠٠٠ ساڵ به‌ر له‌ زایین و له‌ مۆزه‌خانه‌ی به‌غدا و شوێنه‌واره‌كانی عێراق دزرابوون. له‌ كۆتایی نیساندا، سوریا نزیكه‌ی ٧٠٠ پارچه‌ی گێڕایه‌وه‌ كه‌ دراوی زێڕین و خشڵیشیان تێدابوو و له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی گومرگی سورییه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌رداگیرابوو.



له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌و پاسه‌وانانه‌ی بۆ پاراستنی شوێنه‌واره‌كان دابینكراون گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ژماره‌دا كه‌من – هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ له‌ زۆربه‌ی باره‌كاندا نه‌بوونی كاره‌با چاودێریكردنی شوێنه‌واره‌كانی له‌ شه‌ودا زه‌حمه‌ت كردووه‌.



به‌ گووته‌ی قه‌یس، دروستكردنی بینا و زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر ئه‌م شوێنه‌و‌ارانه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ كێشه‌یه‌كی بڵاوه‌ كه‌ كۆنتڕۆڵكردنی قورسه‌.



له‌ ساڵی ٢٠٠٧دا، وه‌زاره‌تی شوێنه‌وار چه‌ندین پڕۆژه‌ی نیشته‌جێكردنی له‌سه‌ر شوێنه‌و‌ارێكی كۆن له‌ كه‌ربه‌لا دۆزیه‌وه‌، له‌ كاتێكدا شوێنه‌وارێكیش له‌ به‌غدا وه‌ك زبڵخانه‌ به‌كار ده‌هات تا ئه‌و كاته‌ی كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ت سنوورێكیان بۆ ئه‌و كارانه‌ دانا. له‌ پارێزگای نه‌جه‌ف، ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ حكومه‌تی ناوخۆیی وه‌ستاند له‌ فراوانكردنی فڕۆكه‌خانه‌یه‌ك به‌ بێ ئاگایی بۆ سه‌ر شوێنه‌وارێكی دێرین.



خالد سوڵتان كه‌ شاره‌زایه‌كی بواری شوێنه‌وارناسییه‌ و له‌ به‌غدا داده‌نیشێت ده‌ڵێت حكومه‌تی عێراق و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پێویسته‌ هه‌وڵی زیاتر بده‌ن بۆ پاراستنی ئه‌م شوێنه‌وارانه‌.



خالد جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی گه‌نجینه‌ی شوێنه‌واری عێراق كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ سۆمه‌رییه‌كان یه‌كه‌م شێوازی نووسینیان ٥،٠٠٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر داهێنا، له‌ كاتێكدا، پادشای بابیلی حاموڕابی یه‌كێك له‌ یه‌كه‌مین یاساگه‌لی نوسراوی هێنایه‌ بونه‌وه‌ له‌ مێژووی تۆماركراودا.



خالد سوڵتان ده‌ڵێت،"له‌ناوبردنی پاشماوه‌ دێرینه‌كانی عێراق له‌ دوای شه‌ڕی ٢٠٠٣ه‌وه‌ زیادی كردووه‌." هه‌روه‌ها ده‌ڵێت،"ئێمه‌ پێویستیمان به‌ هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌ڵه‌تییه‌وه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی پارچه‌ دزراوه‌كان و بۆ یارمه‌تیدانمان له‌ پاراستنی ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌. پێویسته‌ حكومه‌ت سزای قورس دابڕێژێت بۆ كۆتایی هێنان به‌ هه‌ڵكه‌ندنی نایاسایی."



عه‌مید محه‌مه‌د عه‌سكه‌ری، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ده‌ڵێت وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ئاماده‌یه‌ یارمه‌تی پێشكه‌ش بكات بۆ چاكتركردنی كاری پاراستنی شوێنه‌واره‌كان. ناوبراو ده‌ڵێت، "ئه‌م شوێنه‌وارانه‌ هی عێراقییه‌كان و هی ته‌واوی جیهانن."

داود سه‌لمان ڕۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی (IWPR)ه‌ له‌ به‌غدا.
Frontline Updates
Support local journalists