سه‌رباری ناڕه‌حه‌تیه‌كان كوردی عێراق پشتگیری په‌كه‌كه‌ ئه‌كه‌ن

گوندنشینه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامن له‌ پشتگیریكردنی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی شه‌ڕی توركیا و ئێران ئه‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچی زۆریان به‌هۆی شه‌ڕه‌كانی ئه‌مدواییه‌وه‌ ئاواره‌ و بێماڵوحاڵبون.

سه‌رباری ناڕه‌حه‌تیه‌كان كوردی عێراق پشتگیری په‌كه‌كه‌ ئه‌كه‌ن

گوندنشینه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامن له‌ پشتگیریكردنی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی شه‌ڕی توركیا و ئێران ئه‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچی زۆریان به‌هۆی شه‌ڕه‌كانی ئه‌مدواییه‌وه‌ ئاواره‌ و بێماڵوحاڵبون.

. له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ و به‌ده‌م لێخوڕینی كه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ره‌و لاپاڵی یه‌كێك له‌ شاخه‌كانی كوردستانی عێراق‌ گۆرانیه‌كی کۆنی كوردی ئه‌ڵێت.



عه‌بدوڵا ته‌مه‌نی ٦١ ساڵه‌ و خه‌ریكی هێنانی جلوبه‌رگ و كه‌لوپه‌لی پێویسته‌ بۆ خێزانه‌كه‌ی كه‌ له‌‌ ٨ سه‌ر خێزان پێكهاتون و ماڵه‌كه‌ی خۆیان دوابه‌دوای هێرشه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر كوردسانی عێراق بۆ راوه‌دونانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ مانگی شوباتدا، ‌جێهێشتوه‌.



گه‌ریلاکانی په‌كه‌كه‌ و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان {پژاك} كه‌ به‌شێكه‌ لێی له‌ ناوچه‌ شاخاویه‌ سه‌خته‌كانی قه‌ندیل خۆیان حه‌شارداوه‌ كه‌ هاوسنوری ئێران و عێراق توركیان.



له‌ ساڵی ١٩٨٤ه‌وه‌، په‌كه‌كه‌ - كه‌ ئه‌مریكا به‌ گروپێكی تیرۆریستی له‌قه‌ڵام ئه‌دات – و توركیا ده‌ستیانداوه‌ته‌ شه‌ڕ و پێكدادانی خوێناوی كه‌ هه‌زاره‌ها كه‌س بونه‌ته‌ قورانی تێیدا له‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی توركیا و باكوری عێراق. هێرشه‌كه‌ی توركیا له‌ مانگی شوباتدا كه‌ هه‌فته‌یه‌كی خایاند دوایه‌مینی زیاتر له‌ ٢٠ پرۆسه‌ی سه‌ربازی له‌و شێوه‌یه‌ بو له‌ ماوه‌ی ٢٠ ساڵی رابردودا.



له‌ هه‌مان كاتدا، شه‌ڕی نێوان ئێران و پژاك له‌ بناری قه‌ندیل له‌ ٢٠٠٦ ه‌وه‌ تادێت گه‌رمتر ده‌بێت، و له‌سه‌رتای ئه‌م هه‌فته‌یه‌شدا ئه‌و ناوچانه‌ به‌قورسی بۆردومانكرا.



هیچ تۆمارێكی ره‌سمی ئه‌و زه‌ره‌روزیانانه‌ نیه‌ كه‌ له‌ باكوری عێراقدا كه‌وتونه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه‌ی به‌رده‌وامه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا رووده‌دات. به‌ وته‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ هێرشی ئه‌م دواییه‌ی توركیا ده‌یان گوندی وێرانكردوه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.



به‌ قسه‌ی ئازاد حه‌سۆی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ژاراوه‌، نزیكه‌ی ١٦٠ خێزان له‌ شه‌ش گونده‌کانی ناوچه‌ی ژاراوه‌ی نزیك بناری قه‌ندیل له‌ده‌ست شه‌ڕه‌كه‌ هه‌ڵهاتون و ئێستا له‌ كه‌مپێكدا ده‌ژین كه‌ باری گوزه‌ران تێیدا زۆر سه‌خته‌.



محه‌ممه‌د موحسین كه‌ لێپرسراوێكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، وتی ئه‌و شه‌ڕانه‌ ١٥٠ خێزانیان له‌ گونده‌كانی خۆیان هه‌ڵكه‌ندوه‌ له‌ نزیك سنوری توركیا له‌ ناوچه‌ی ئامێدی، له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان.



محه‌ممه‌د وتیشی پێنج پرد له‌ ئامێدی وێرانكراون. "دانیشتوانی زیاتر له‌ ٢٠٠ گوند ئه‌و پردانه‌یان به‌كارده‌هێنا. به‌ڵام ئێستا ئه‌و رێگایانه‌ هه‌مویان بڕاون {به‌ هۆی وێرانبونی ئه‌و پردانه‌وه‌.}"



گوندنشینه‌كان ئه‌ڵێن شه‌ڕوپێكدادانه‌كان باری گوزه‌رانیانی سه‌ختكردوه‌.



حه‌سه‌ن وسو مارف، ٥٩، خه‌ڵكی گوندی ره‌زگه‌یه‌ له‌ زنجیره‌ چیای قه‌ندیل، وتی چه‌ند مانگێك له‌مه‌وپێش ماڵه‌كه‌ی به‌جێهێشتوه‌.



هه‌روه‌ها وتی، "ناتوانین برۆینه‌وه‌ مه‌ڕوماڵاتمان به‌خێوبكه‌ین یان بچین به‌لای باخ و بێستانه‌كانمان بین. زۆر ناخۆشه‌."



سه‌ره‌ڕای ئه‌و زه‌ره‌وزیان و مه‌ینه‌تیه‌ی توشی خه‌ڵكانی مه‌ده‌نی بوه‌، پشتگیری جه‌ماوه‌ری بۆ چه‌كدارانی كورد – به‌تایبه‌ت بۆ په‌كه‌كه‌- هێشتا له‌ ئاستێكی به‌رزدایه‌.



عه‌بدوڵا وتی، "ئه‌وانه‌ كوردن و داوای حه‌قی خۆیان ئه‌كه‌ن. نه‌ ئێران و نه‌ توركیاش نایانه‌وێت {ئه‌م چه‌كدارانه‌} له‌سه‌ر سنوری عێراق بن، چونكه‌ رێگه‌ی ئه‌وه‌یان لێ ئه‌گرن باری ئارامی عێراق بشێوێنن."



گۆران فارس، ٢٥، مامۆستای ئاماده‌یی له‌ سلێمانی وتی، "حه‌زئه‌كه‌م په‌كه‌كه‌ سه‌ربكه‌وێت. خۆشم ئه‌وێن ته‌نها كه‌س بون كه‌ به‌ره‌نگاری هێرشه‌كه‌ی توركیایان كرد و به‌رگریان له‌ كوردستان كرد."



په‌كه‌كه‌ و پژاك – و چه‌ندین رێكخراوی داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی مرۆڤ – بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ ئێران و توركیا كورد سه‌ركوتده‌كه‌ن.



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، توركیا و ئێران ئه‌ڵێن كه‌ گه‌ریلاكان جوداییخوازن و پشتگیری له‌ پرۆسه‌ی سه‌ربازی یه‌كتر ئه‌كه‌ن له‌ دژیان.



سوریاش، كه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ نیگه‌رانه‌ له‌ به‌هێزبونی‌ گروپه‌ كوردیه‌ جوداییخوازه‌كان باكوری عێراق، پشتگیریی خۆی بۆ هێرشه‌كه‌ی توركیا له‌ دژی په‌كه‌كه‌ دوپاتكرده‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا.



له‌و كاته‌دا، حكومه‌تتی هرێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ده‌ست ناهێنێته‌ رێی پرۆسه‌ سه‌ربازیه‌كانی توركیا ئه‌گه‌ر ته‌نها بوستێته‌ سه‌ر ناوچه‌كانی په‌كه‌كه‌ و پژاك له‌ زنجیره‌ چیای قه‌ندیل.



محه‌ممه‌د وتی، "فه‌رمانه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی {هه‌رێم} روونه‌. كردنه‌ ئامانجی خه‌ڵكانی مه‌ده‌نی و ئه‌و ناوچانه‌ی دورن له‌ سنوره‌وه‌ خه‌تی سورن و {له‌و حاڵه‌ته‌دا} وه‌ڵامده‌داته‌وه‌."



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گۆران وتی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ پێشمه‌رگه‌ بڵاوناكاته‌وه‌ له‌ دژی سه‌ربازانی تورك توشی بێئومێدی كردوه‌.



هه‌روه‌ها وتی، "حه‌زمده‌كرد پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌نگاری سه‌ربازانی تورك ببێته‌وه‌. ئێمه‌ ئه‌و هه‌مو جه‌نگاوه‌ره‌مان بۆچیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵوێستێكی ئامه‌مشێوه‌یه‌دا شه‌ڕنه‌كه‌ن؟‌"



وتیشی "حكومه‌تی هرێم بێده‌سه‌ڵات بو ئه‌یویست بێلایه‌ن بمێنێته‌وه‌."



جه‌بار یاوه‌ر، بریكار ی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ له‌ سلێمانی پێیداگرت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ركردایه‌تی كوردی چی له‌ توانایدایه‌ كردویه‌تی بۆ كۆتاییهێنان به‌ پرۆسه‌ سه‌ربازیه‌كانی توركیا له‌سه‌ر خاكی عێراق.



هه‌روه‌ها وتی، "ئه‌و روداوانه‌مان ئیدانه‌كردوه‌ و به‌ هه‌مو جیهانمان لێ ئاگاداركرۆته‌وه‌ بۆ گوشارخستنه‌سه‌ر توركیا."



"سه‌رۆكی هه‌رێم نامه‌ی بۆ سه‌رۆك بۆش و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و سه‌رۆكی یه‌كێتی ئه‌وروپا ره‌وانه‌كردوه‌ و داوای لێكردون گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر توركیا بۆ وه‌ستاندنی كرده‌وه‌ سه‌ربازیه‌كان."



یاوه‌ر وتی حكومه‌تی هرێمی كوردستان داوای له‌ به‌غداش كردوه‌ قه‌ره‌بوی خێزانه‌ ئاواره‌كان بكاته‌وه‌ و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ش گوشار بخاته‌ سه‌ر توركیا بۆ وه‌ستاندنی بوردومانكردنی ناوچه‌ سنوریه‌كانی كوردستانی عێراق.



له‌ كاتێكدا شه‌ڕوپێكدادان له‌ زنجیره‌ چیای قه‌ندیل به‌و سه‌ختیه‌ی شه‌ڕه‌كانی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ نیه‌، به‌ڵام به‌هۆی تۆپبارانكردنی ناوبه‌ناوی توركیا و ئێرانه‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌سته‌مه‌ بۆ خێزانه‌ ئاواره‌كان بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان.



یاوه‌ر وتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵیداوه‌ وتوێژ سازبكات له‌گه‌ڵ توركیا بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌. هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێم هۆشداری داوه‌ته‌ په‌كه‌كه‌ قه‌ندیل وه‌كو بنكه‌یه‌ك به‌كارنه‌هێنێت بۆ ئه‌نجامدانی هێرشه‌كانیان له‌ دژی توركیا.



سۆزدار ئاڤێستا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه‌ وتی حزبه‌كه‌ی ئاماده‌ی چاره‌سه‌رێكی ئاشتیانه‌یه‌ بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌. وتیشی یه‌كێك‌ داواكاریه‌كانی په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ توركیا لێبوردنێكی گشتی بۆ چه‌كداره‌كان رابگه‌یه‌نێت و به‌ده‌م ئه‌و داواكاریانه‌وه‌ بێت كه‌ حزبه‌كه‌ی هه‌یه‌تی سه‌باره‌ت به‌ مافه‌كانی كورد له‌و وڵاته‌دا.



به‌ڵام پێناچێت هیچ دانوستانێكی په‌كه‌كه‌-توركیا له‌ ئاسۆوه‌ دیاربێت.



سۆزدار ئه‌وه‌شی وت كه‌، "ئێمه‌ ته‌نها بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆمان چه‌كمان هه‌ڵگرتوه‌. ئه‌گه‌ر په‌لاماربده‌نه‌وه‌، ئاماده‌ین به‌رگری له‌ خۆمان بكه‌ین."



یه‌حیا ئه‌حمه‌د رۆژنامه‌نوسێكی دانیشتووی‌ له‌ سلێمانی
Frontline Updates
Support local journalists