شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات له به‌سره
سه‌پاندنی نفوزی سه‌ربازی و دابه‌شكردنی بازرگانیه پڕقازانجهكان له نێو لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا، نه‌زمی رۆژانه‌ی سیاسه‌تكردنه له باشوری عێراقدا.
شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات له به‌سره
سه‌پاندنی نفوزی سه‌ربازی و دابه‌شكردنی بازرگانیه پڕقازانجهكان له نێو لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا، نه‌زمی رۆژانه‌ی سیاسه‌تكردنه له باشوری عێراقدا.
به‌هاری رابردوو، پێكدادانی سه‌خت له نێوان حیزبی فه‌زیله و سوپای مه‌هدیدا سه‌ریهه‌ڵدا، كه میلیشیایه‌كی چه‌كداری وابه‌سته‌ی موقته‌دا سه‌دری شیعه‌ی رادیكاڵه. چه‌ند كه‌سێك له هه‌ردوولا كوژران و باره‌گا و بیناكانی سه‌ر به هه‌ردوولا وێرانكران.
خه‌ڵكانی ناسراوی سه‌ر به عه‌شیره‌ته‌كان و چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی تر كه‌وتنه نێوبژێوانی و توانیان كۆتایی به شه‌ڕه‌كه بهێنن، به‌ڵام هه‌روه‌كو ئه‌بو عه‌لی بعاج، كه فه‌رمانده‌یه‌كی پله مامناوه‌ندی سوپای مه‌هدیه، ده‌ڵێت، "گرژی هه‌ر ماوه."
هۆكاری شه‌ڕه‌كه هۆكارێكی ساده بوو – حیزبی فه‌زیله، که حیزبێکی شیعه‌یه‌و حوكمڕانه له به‌سره، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كاره‌بای لابردبوو، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ش به‌ڕێكه‌وت لایه‌نگرێكی سه‌در ده‌رچووبوو.
له پشتی واجیهه‌ی داموده‌زگا دیموكراتیه‌كانی وه‌كو ئه‌نجومه‌نه‌كان و هێزه‌كانی پۆلیس، دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری عێراق كه ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی 2.6 ملیۆن كه‌سه، كه‌وتۆته ناو چنگی چه‌ند میلیشیایه‌كی ركابه‌ر كه هێنده‌ی بانده مافیا ركابه‌ره‌كان به‌دگومانن له یه‌كتر.
كاتێك دوو ملیشیاكه كه‌وتنه شه‌ڕكردن له‌سه‌ر پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌با، هێزی پۆلیسیش دابه‌شبون به چه‌ند گروپێكه‌وه و لوله‌ی تفه‌نگه‌كانیان كرده یه‌كتری و سه‌یاره‌كانی پۆلیس بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی میلیشیاكان به‌كارده‌هێنران.
حیزبی فه‌زیله ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره به‌ڕێوه‌ده‌بات و كۆنترۆڵی زۆربه‌ی ده‌زگاكانی حكومه‌تی كردووه. حیزبی فه‌زیله دوای له‌ناوبردنی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسه‌ین له نیسانی ٢٠٠٣ دا دامه‌زرا و ١٥ كورسیشی له په‌رله‌مانی عێراقیدا هه‌یه. رابه‌ره روحیه‌كه‌ی شێخ محه‌ممه‌د یه‌عقوبیه، ئه‌و حیزبه محه‌ممه‌د وائیلی پارێزگاری به‌سره‌ش به یه‌كێك له ئه‌ندامه سه‌ره‌كیه‌كانی دهداتهقهڵهم.
به‌سره، به نه‌مانی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسه‌ین هیچی وای زه‌ره‌ر نه‌كرد به‌ڵام زۆر شتی برده‌وه، لانیكه‌م سه‌ره‌تا هه‌موو پێداویستیه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی سه‌ركه‌وتنی هه‌بوو له دوای رزگاركردنی عێراق.
ئه‌و شاره لانیكه‌م بۆ ماوه‌ی ١٠ ساڵ فهرامۆشكرا وه‌كو سزایه‌ك بۆ دانیشتوانه‌كه‌ی كه زۆرینه‌ی شیعه‌ن، به هۆی پشتگیریكردنیان له یاخیبونهكهی ساڵی ١٩٩١ له دژی حوكمی حیزبی به‌عس.
بۆ دڵنیاییكردن له كۆنترۆڵكردنی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی باشور به شێوه‌یه‌كی توندتۆڵ، نزیكه‌ی هه‌موو لێپرسراوانی به‌سره له دوای یاخیبونهكهوه - هه‌ر له ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌وه هه‌تا لێپرسراوانی حیزب و كارگێڕانی ئیداری شار- خه‌ڵكانێك بوون له‌و به‌شه‌ی ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه نێردرابون و دامه‌زرێنرابوون كه سوننه زۆرینه و باڵاده‌سته تێیدا.
ته‌نها به‌نده‌ری ده‌ریایی و گه‌وره‌ترین كێڵگه‌كانی نه‌وت له عێراقدا له به‌سره‌یه، به‌ڵام له باتی ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ رابردووی وه‌كو شارێكی گرنگی ئابوری و كلتوری دوور له توندوتیژی نه‌ژادی و ئایینی، بۆته هێمایه‌كی شكستخواردنی نه‌زمی سیاسی نوێ.
حیزبه سیاسیه‌كانی به‌سره به‌شداریان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٠٥ دا كرد، ئه‌و هێزه به‌ریتانیانه‌ی له‌وێ بڵاوكراونه‌ته‌وه هه‌وڵ و توانای زۆریان سه‌رفكردووه له بنیاتنانی داموده‌زگاكاندا، له‌وانه هێزه‌كانی ئاسایش. كاتێك ده‌سه‌ڵاتیان ته‌سلیمی خه‌ڵكی ئه‌و شاره كرد، ئه‌و لایه‌نانه ته‌نها لایه‌ن بوون كه به فیعلی بونیان هه‌بوو له شاره‌كه‌دا.
به‌ڵام لایه‌نه‌كان و هێزه ره‌سمیه‌كانی ئاسایشی عێراق هه‌موو ئاسۆیه‌كی دروستبونی حكومه‌تێكی به‌رپرسیان تیابردووه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و شاره شیعه‌ن، سه‌ره‌تا وا پێنه‌ده‌چوو مه‌سه‌له‌ی عه‌قیده هۆكارێكی سه‌ره‌كی بێت له سیاسه‌تی ناوخۆی به‌سره‌دا. به‌ڵام هه‌موو لایه‌نه خاوه‌ن نفوزه‌كان، له‌وانه ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراقی و سه‌دریه‌كان و فه‌زیله و ره‌وته لێڵ و نادیاره‌كانی تری وه‌كو سهئروڵا (ثأر الله)، هه‌موو ئیدیعای ره‌وایه‌تی ده‌كه‌ن به‌رمه‌بنه‌مای بنچینه ئایینیه شیعیه‌كان و پاساوی چالاكیه‌كانیشیان، كه به زۆری چالاكی توندوتیژن، به‌وه ده‌كه‌ن كه عه‌قیده‌كه‌یان واده‌خوازێت.
هه‌ر لایه‌نێك میلیشیایه‌كی له پشت بێت و توانای قۆستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ده‌ست به‌بێ ئه‌وه‌ی رووبه‌رووی هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ك ببێته‌وه، هه‌ندێك جار، زیاتر وه‌كو باندی تاوانكاری ره‌فتارده‌كه‌ن نه‌ك وه‌كو هێزی سیاسی، و كه‌لێنی نێوان چالاكی سیاسی و په‌رله‌مانی نادیار و ته‌ڵخه. ئه‌و گروپه سیاسیانه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان بۆ به‌شداریكردن له سیستمێك‌دا به‌كارهێنا كه خۆیان به ئه‌نقه‌ست پره‌نسیپه‌كانی دامه‌زراندنی ئه‌و سیستمه‌یان پشتگوێخست.
كه ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست، نه هه‌وڵیاندا بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ خۆیان په‌یدابكه‌ن و نه هه‌وڵیشیاندا به‌شێوه‌یه‌كی چالاكانه و كاریگه‌رانه فه‌رمانڕه‌وایی بكه‌ن. خراپی ئیداره‌كردن و ترس و تۆقاندنی به‌ربڵاو به‌شێكی گه‌وره‌ی پشتگیریی جه‌ماوه‌ری له ده‌ستدان. له باتی ئه‌وه، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان له‌وه‌دا كۆبۆته‌وه كه بتوانن یان هێزێكی پارێزه‌ر بن یان تۆڵه‌یه‌كی توند بكه‌نه‌وه.
دواجار، زه‌حمه‌ته سیستمێكی دیموكراسی بهێنیته ئاراوه ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كان رێزی پره‌نسیپه سه‌ره‌كیه‌كانی نه‌گرن، وه‌كو لێپرسراوێتی به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ر، رێزگرتن له كه‌مینه‌كان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی عادیلانه.
هه‌روه‌كو موحه‌لیلی سیاسی، غه‌سان عه‌تیه كه له له‌نده‌ن ده‌ژی و به ره‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی به‌سره‌یه، ده‌ڵێت، "به‌بێ دارخورما، خورمات له كوێ بوو. به‌بێ هه‌بوونی خه‌ڵكانی دیموكراسیخواز، دیموكراسیت له كوێ بوو؟"
بێجگه له كاره‌با، كه له ئێرانی دراوسێوه بۆیان دابینده‌كرێت و ئێستا له شه‌و و رۆژێكدا ٢٠ كاتژمێر كاره‌بایان هه‌یه، ژێرخانی به‌سره باشبونێكی كه‌می به‌خۆیه‌وه بینیوه. كێشه‌ی ئاو هه‌روه‌كو سه‌رده‌مانی پێش شه‌ڕ وایه و خه‌ڵكی ناچارده‌بن ئاوی پاك بكڕن. كۆكردنه‌وه‌ی خاشاك له جاران خراپتره و زبڵ له شهقامهكامهكاندا كه‌ڵه‌كه‌بووه.
كاری ئاوه‌دانكردنه‌وه و چاودێری ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و ئاوه‌رۆ پێشڕه‌ویه‌كی زۆر كه‌میان به‌خۆیانه‌وه بینیوه. لێپرسراوانی ناوخۆی شاره‌كه هه‌میشه ده‌ڵێن سه‌رقاڵی مه‌سه‌له‌ی گرنگتر و پێویستترن وه‌كو ئاسایش، و له ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌بێته قوربانی.
لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هیچی وایان نیه پێشكه‌شی بكه‌ن به خه‌ڵكی بێجگه له ئایدیۆلۆژیا ئیسلامیه سه‌خته‌كه‌یان. ژنان ناچارده‌كرێن حیجاب بپۆشن، مه‌سیحیه‌كانی به‌سره ئه‌و شاره‌یان چۆڵكرد و حیزبه‌كانیش به‌شێكی زۆری كاتی خۆیان به لۆمه‌كردنی یه‌كتری به‌سه‌رده‌به‌ن بۆ ئه‌و توندوتیژی و گه‌نده‌ڵی و خراپی ئیداره‌یه‌ی له‌و شاره‌دا هه‌یه.
بۆ نمونه، ئه‌بو عه‌لی، سهكردهكهی سوپای مه‌هدی، حیزبی فه‌زیله و پارێزگاری به‌سره وائیلی به لێپرسراو ده‌زانێت له خراپی خزمه‌تگوزاریه‌كان و تاوانباریان ده‌كات كه ئه‌وان لێپرسراون له گه‌نده‌ڵی و شاڵاوێكیان بۆ تیرۆركردن و فڕاندنی ئه‌ندامانی گروپه ركابه‌ره‌كانیان ده‌ستپێكردووه. هه‌رچه‌نده به‌سره تاڕاده‌یه‌ك ئارامه به‌پێی پێوه‌ره‌كانی عێراق، سه‌رچاوه‌كانی پۆلیس ده‌ڵێن هه‌موو رۆژێك له ٣ تا ١٠ حاڵه‌تی كوشتن و فڕاندن هه‌یه له‌لایه‌ن "لایه‌نه خاوه‌ن نفوزهكانهوه".
هه‌روه‌ها ئه‌بو عه‌لی لێپرسراوانی باڵای ئه‌و شاره تاوانبارده‌كات به‌وه‌ی ته‌نده‌ر و گرێبه‌ست ده‌ده‌نه كه‌سوكاری خۆیان و ناتوانن لێپرسینهوهبکهن كاتێك پڕۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه به‌خراپی یان دره‌نگ جێبه‌جێده‌كرێن.
له هه‌مان كاتدا، ئه‌بو زه‌ینه‌ب عیدانی، ئه‌ندامی حیزبی فه‌زیله ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌تده‌كاته‌وه كه حیزبه‌كه‌ی به‌رپرسیاربێت له توندوتیژی.
عیدانی وتی، "فه‌زیله نهگلاوهته توندوتیژی تائیفی و ئاواره‌کردنی (دانیشتوانه‌وه). ئێمه ره‌تمانكرده‌وه میلیشیامان هه‌بێت چونكه ئه‌وه شتێكه ناتوانرێت كۆنترۆڵبكرێت."
ئه‌بو عه‌لی وتی حیزبی فه‌زیله به‌باشی پارێزگاكه ده‌بات به‌ڕێوه، "به‌سره له به‌غدا باشتره له رووی ئاسایش و خزمه‌تگوزاری گشتیه‌وه به هۆی رێنمایی راسته‌وخۆی یه‌عقوبی و ئه‌و پلانانه‌ی وائیلی پارێزگار دایانده‌نێت، سه‌رباری ئه‌و ته‌گه‌ره و كۆتوبه‌ندانه‌ی چه‌ند لێپرسراوێكی باڵای (دیاریكراو) دروستیده‌كه‌ن. ئه‌وانه به‌شێكن له شاڵاوێكی توندوتیژ له دژی حیزبی فه‌زیله و ئه‌و حیزبه به دزینی پاره و نه‌وت تاوانبارده‌كه‌ن."
به قسه‌ی عیدانی، گروپه شیعه ركابه‌ره‌كان حیزبی فه‌زیله وه‌كو چقڵی چاویان سه‌یرده‌كه‌ن چونكه پشتگیری له‌و تێروانینه‌یان ناكات كه پێویسته عێراق دابه‌شبكرێت به چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی فیدراڵیه‌وه. هه‌روه‌ها وتی، "ئێمه ته‌نها حیزبین كه ئه‌جێندایه‌كی نیشتیمانیمان هه‌یه."
یوسف موسه‌وی، سكرتێری گشتی حیزبی سهئرۆڵای ئیسلامی، هاوڕا بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه "ناكۆكیه‌كی قورس هه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌رداگرتنی شاره‌كه"، به‌ڵام وتی پارێزگار و هاوپه‌یمانه سیاسیه‌كانی لێپرسراون له توندوتیژی له‌و شاره‌دا.
هه‌روه‌ها وتی، "٩٩٪ ی كوشتن و فڕاندن ده‌سه‌ڵاتدارانی (ناوخۆ) پێیهه‌ڵده‌سن."
موسه‌وی ده‌ڵێت حیزبه‌كه‌ی حكومه‌تێكی لۆكاڵی چالاكی ده‌وێت كه فه‌رمانبه‌ره‌كان تێیدا به هۆی شاره‌زایی و توانستیانهوه دامه‌زرێنرابن، نه‌وه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای موحاسه‌سه‌ی تائیفی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕه‌خنه‌گرانی سهئرۆڵا ده‌ڵێن ئه‌و حیزبه ناوبانگی به به‌كارهێنانی هێز ده‌ركردووه.
رۆژانه ده‌یان كه‌س رووده‌كه‌نه باره‌گاكانی ئه‌و حیزبه، به هیوای ئه‌وه‌ی كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ربكه‌ن له رێگای میلیشیای په‌یوه‌ندیداره‌وه. هه‌ندێكیان داوای ئه‌وه ده‌كه‌ن له گروپه چه‌كداره‌كانی تر بیانپارێزن، هه‌ندێكی تریشیان ده‌یانه‌وێت ئیشێك بۆ خزمێكیان بدۆزنه‌وه له پۆلیس یان سوپادا.
كاتێكیش سه‌رقاڵی كه‌یسی له‌و جۆره نین، پیاوانی سهئروڵا ناوبانگیان به تیرۆركردنی ئه‌ندامانی پێشوی حیزبی به‌عس و ئه‌و كه‌سانه‌ی بازرگانی به مه‌یه‌وه ده‌كه‌ن، ده‌ركردووه، یان ده‌بنه پیاوكوژی ئه‌و كه‌سه‌ی كه زیاترین پاره‌یان ده‌داتێ.
له غیابی ده‌زگای ره‌سمی كاریگه‌ردا بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی مافی خه‌ڵك، میلشیاكانی وه‌كو سهئروڵا بوونه‌ته دابینكه‌ری سه‌ره‌كی عه‌داله‌ت و چاودێری.
موسه‌وی به شانازیه‌وه وتی، "ئێمه ته‌نانه‌ت نوسینگه‌یه‌كی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیشمان دامه‌زراندووه بۆ سوڵحی عه‌شایه‌ری، بۆ نێوبژیوانیكردنی نێوان عه‌شیره‌ت و تیره ركابه‌ره‌كان له ناوچه‌كه‌دا."
به‌ڵام بنیاتنانی ئاشتی مانایه‌كی جیاوازی هه‌یه له به‌سره.
فه‌رمانده‌یه‌كی سهئروڵا تاكتیهكانی شكسپێهێنانی فه‌زیله‌ی روونكرده‌وه له هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی داهاتوودا كه بڕیاره له كۆتایی ئه‌مساڵدا ئه‌نجامبدرێت. ئه‌و فه‌رمانده‌یه وتی "به هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شارم ووتووه؛ ئه‌بێت بڕیار بده‌ن. یان ئه‌بێت ده‌نگ نه‌ده‌ن بۆ پارێزگار، یان هه‌ر كه‌س ده‌نگی بداتێ ئه‌كوژرێت."
شه‌ڕی راسته‌قینه له به‌سره‌ی به نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نددا ئه‌وه‌یه كێ كۆنترۆڵی سامانه‌كانی ئه‌و شاره ده‌كات. هه‌نارده‌ی نایاسایی نه‌وت، كه شانبه‌شانی كۆنترۆڵكردنی ئاسایش و سامانه گشتیه‌كانی تر، به گرنگترین سه‌رچاوه‌ی داهات داده‌نرێت بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان، له نێو خۆیاندا دابه‌شده‌كرێت.
كاتێك حیزبی فه‌زیله بووه لێپرسراوی هێزی پاراستنی نه‌وتی حكومه‌ت و له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا ژێرخانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و بهازگهکانی هاورده‌كردن (ئستیراد)، هاوسه‌نگیه‌كی ناجێگیری ده‌سه‌ڵات هاته كایه‌وه. سه‌دریه‌كان باڵاده‌ستن له هێزی پۆلیسی ناوخۆ و ده‌زگای پاراستنی دامه‌زراوه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌نده‌ری به‌سره‌دا. له‌گه‌ڵ حیزبوڵای عێراقی كه حیزبێكی بچوكه، ئاماده‌ییه‌كی به‌رچاویان هه‌یه له هێزی پۆلیسی گومرگدا، له كاتێكدا ئه‌نجومه‌نی ئیسلامی باڵای عێر اق كۆنترۆڵی ده‌زگای هه‌واڵگری و یه‌كه‌كانی كۆماندۆی كردووه كه هێزێكی ته‌واو پڕچهككراوه و به شێوه‌یه‌كی ره‌سمی له ژێر لێپرسراوێتی وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌غدادایه.
به به‌راوورد به به‌غدا، پێده‌چێت به‌سره ئارام دیاربێت، به‌ڵام ته‌نانه‌ت گۆڕانێكی به ئه‌سته‌م له‌و هاوسه‌نگیه لهرزۆكهدا، له‌وانه‌یه ببێته هۆی سه‌هه‌ڵدانی ته‌وژمێك له توندوتیژی.
لێپرسراوان و سیاسه‌تمه‌دارانی به‌سره ئه‌مێستا خۆیان بۆ شه‌ڕێكی سه‌خت ئاماده ده‌كه‌ن بۆ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر پارێزگاكه‌دا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی به‌مزوانه ئه‌نجامنه‌درێت.
له هه‌مان كاتدا كه نوری مالیكی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی عێراق ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێت، پێویسته كۆمسیۆنێكی نوێی هه‌ڵبژاردن پێكبهێنرێت.
ركابه‌ره‌كانی فه‌زیله ده‌یانه‌وێت هه‌ڵبژاردن به زووترین كات ئه‌نجامبدرێت، هۆشداری ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ن كه سه‌ره‌نجامی زۆر خراپی لێده‌كه‌وێته‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌نجامنه‌درێت.
موسه‌وی سه‌كرده‌ی سهئرۆڵای هۆشیاریدا، "ئێمه خۆمان بۆ شه‌ڕی داهاتوو ئاماده ده‌كه‌ین و چیتر به‌ربه‌ستی كۆنكرێتی (حیزبی فه‌زیله) ناپارێزێت. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامنه‌درێت، ئه‌وا هێز به‌كارده‌هێنین بۆ كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی فه‌زیله."
عیدانی متمانه‌ی زۆر بوو به چانسی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و وتی، "خه‌ڵكانێكی زۆر دڵنیان له‌وه‌ی حیزبی فه‌زیله له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای داهاتوودا ده‌دۆڕێت، به‌ڵام تووشی شۆكدهبن چونكه ئێمه بنكه‌یه‌كی (پشتگیریی) فراوانمان هه‌یه و له ده‌سه‌ڵاتیشدا ده‌مێنینه‌وه."
هه‌ر حیزبێك بیباته‌وه، دانیشتوان له‌وه ده‌ترسن هه‌ر ئه‌وان له ئاكامدا بدۆڕێن. زۆرێك له خه‌ڵك ده‌ڵێن هه‌موو ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت خزمه‌تگوزاری باش و لێپرسراوانێكن ئاماده‌ی لێپرسینه‌وه بن.
ئه‌حمه‌د حه‌ساوی، پۆلیسی هاتوچۆ، وتی، "حزب و ئیئتیلافه ئایینیه‌كان ترس و تۆقاندن له دڵی خه‌ڵكدا ده‌چێنن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌م نه‌كه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تۆقیو دروستده‌كات و ناتوانێت لێپرسراوه‌كان موحاسه‌به بكات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ش بكه‌ن."
"من گوێنادهمه ناو و شێوازی ئه‌و لایه‌نه‌ی حوكمی پارێزگاكه ده‌كات – ئه‌وه به‌لامه‌وه گرنگه چی پێشكه‌ش به خۆم و مناڵه‌كانم ده‌كات."
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌وانه‌یه به‌سره رووبه‌رووی نۆره‌یه‌كی تری نائارامی ببێته‌وه پێش هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی تر. دوای ئه‌وه‌ی مالیكی وائیلی پارێزگاری ده‌ركرد، حیزبی فه‌زیله هه‌ڕه‌شه‌ی سازدانی خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی كرد له ٣٠ی ته‌مموزدا. خۆپیشاندانه‌كان له دوایه‌مین خوله‌كدا وه‌ستێنران، وادیاره، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه زه‌ماناتی به‌ده‌ستگه‌یشت كه ئه‌وه‌ی جێگه‌ی وائیلی ده‌گرێته‌وه له ریزه‌كانی فه‌زیله هه‌ڵده‌بژێردرێت، نه‌وه‌ك له گروپه ركابه‌ره‌كانی.