Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

شه‌ڕ كۆتایی به‌ هاوسه‌رگیری تێكه‌ڵ ناهێنێت

كچان و كوڕانی مه‌زهه‌به‌ ئیسلامیه‌ جیاوازه‌كان به‌رده‌وامن له‌ به‌ستنی په‌یوه‌ندی هاوسه‌رگیری سه‌ره‌ڕای گرژی تائیفيی.
By Hazim al-Sharaa
.



ئه‌م هاوسه‌رگیریه‌ كه‌ له‌ ٢١ی ئابدا ئه‌نجامدرا، به‌ هۆی ناڕه‌زایی باوكی زاواوه‌ چه‌ند جارێك دواخرابوو كه‌ ماوه‌یه‌ك به‌رهه‌ڵستی پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌ری بو له‌ نێوانیاندا چونكه‌ پێیوابو باگراوندی مه‌زهه‌بی جیاوازیان ببێته‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م ژیانی هاوسه‌ریاندا.



ئه‌م دوو ده‌ستگیرانه‌ - كه‌ سه‌ره‌نجام ٣ مانگ له‌مه‌وبه‌ر یه‌كتریان نیشانه‌كرد- بۆ ماوه‌ی ساڵێك كه‌سیان نه‌یتوانی ئه‌وی تریان ببینێت له‌ ماوه‌ی په‌یوه‌ندی ‌خۆشه‌ویستیاندا به‌هۆی ئه‌وه‌ی توندوتیژی تایه‌فه‌گه‌ری له‌ وڵاتدا گه‌یشتبوه‌ ئاستێكی ئێجگار‌ سه‌خت.



محه‌ممه‌دی ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵ قاتێكی تازه‌ی له‌به‌ركردبو سه‌یری بوكه‌كه‌ی ده‌كرد كه‌ به‌ جلی بوكێنی سپیه‌وه‌ له‌ ته‌نیشتیه‌وه‌ دانیشتبو.



محه‌ممه‌د وتی له‌ ترۆپكی خوێنڕێژیه‌كه‌دا گومانی هه‌بوه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌رگیز بتوانێت شه‌یما بهێنێت. به‌ڵام ئه‌وه‌شی وت كه‌ ئاماده‌ نه‌بو كه‌سی تر غه‌یری شه‌یما بكاته‌ هاوسه‌ری خۆی، "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باوكم له‌وكاته‌دا سوربو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ یكه‌ هاوسه‌رگیری تێكه‌ڵ سه‌ره‌نجامی هه‌ر شكسته‌."



ئه‌م كچ و كوڕه‌ سه‌ره‌تا بۆ یه‌كه‌م جار له‌ زانكۆ یه‌كیان بینی و هه‌رزوو كه‌وتنه‌ داوی خۆشه‌ویستی یه‌كتره‌وه‌. محه‌ممه‌د سه‌ره‌تا ناره‌زایی باوكی به‌رامبه‌ر به‌م په‌یوه‌ندیه‌ لای شه‌یما ئاشكرانه‌ده‌كرد و هه‌ر كه‌ باوكی رای گۆڕی و بواری پێدان هاوسه‌رگیری بكه‌ن ئینجا ئه‌م شته‌ی لای شه‌یما دركاند.



محه‌ممه‌د وتی، "توانیم باوكم قایلبكه‌م كه‌ پێیوابوو توندوتیژی روله‌زیادی تائیفی بۆچونه‌كانی ئه‌و ئه‌سه‌لمێنن."



خێزانه‌كه‌ی شه‌یما نارازینه‌بون له‌و هاوسه‌رگیریه‌ - ته‌نها خه‌مێكیان هه‌بوبێت ئه‌وه‌بو كه‌ كچه‌كه‌یان مێردێك باش بدۆزێته‌وه‌ كه‌ بتوانێت ژیانێكی رێكوپێكی بۆ دابینبكات.



یاسای عێراقی رێگه‌نادات به‌ ناوهێنانی مه‌زهه‌بی هاوڵاتیان له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ ره‌سمیه‌كاندا كه‌ ئه‌مه‌ش مه‌زه‌نه‌كردنی ژماره‌ی هاوسه‌رگیریه‌ تێكه‌ڵه‌كان زه‌حه‌تده‌كات. ئه‌م جۆره‌ هاوسه‌رگیریه‌ كه‌ رۆژانێك بوه‌ باو بوه‌ له‌ عێراقدا، ئێستا به‌هۆی گرژی تایه‌فه‌گه‌ریه‌وه‌ ئاڵۆزبوه‌، به‌ڵام كۆتایی پێنه‌ هێناوه‌.



سه‌میره‌ موسه‌وی، شیعه‌، كه‌ ماوه‌ی ٣٠ ساڵه‌ هاوسه‌ری پیاوێكی سوننه‌یه‌، سه‌رۆكی لیژنه‌ی خێزان و ژن و مناڵه‌ له‌‌ په‌رله‌مان وتی، "{هاوسه‌رگیری {نێوان سوننه‌ و شیعه‌} هه‌ر به‌رده‌وامه‌ سه‌ره‌ڕای كۆنترۆڵكردنی گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌غدا له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌."



موسه‌وی كه‌ سه‌ر هاوپه‌یمانی یه‌كگرتوی عێراقیه‌ - گه‌وره‌ترین كوتله‌ی شیعه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراقیدا- وتی تایه‌فه‌گه‌ریی به‌شێكی بنچینه‌یی نیه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی. "سه‌ره‌ڕای دڵڕه‌قیان، چه‌كداران نه‌یانتوانی عێراقیه‌كان ناچاربكه‌ن به‌هۆی بیروبڕوایانه‌وه‌ رقیان له‌یه‌كتر بێته‌وه."



ئه‌م هۆڵی ئاهه‌نگه،‌ كه هه‌وا گۆڕكێ تێیدا خراپ بو، كه‌وتۆته‌ ده‌وروبه‌ری گه‌ڕه‌كی كه‌ڕاده‌وه كه‌ گه‌ڕه‌كێكی زۆرینه‌ شیعه‌یه‌ له‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی به‌غدا و شه‌یما ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیریه‌كه‌ی تێدا گێڕا، پڕبوبو خزم و براده‌رانی بوك و زاوا و كه‌ سه‌ر به‌ مه‌زهه‌ب و گروپی ئیتنی جیاوازبون.



میوانه‌كان ده‌ستیانكرد به‌ ئه‌نجامدانی سه‌مای هه‌ڵپه‌ڕكێی ده‌بكه كه‌ سه‌مایه‌كی عه‌ره‌بی ته‌قلیدیه‌. شه‌یمای ته‌مه‌ن ٢٥ ساڵ ناوبه‌ناو به‌ ده‌ستی عاره‌قه‌ی نێوچه‌وانی ده‌سڕی.



شه‌یما وتی، "هه‌ستده‌كه‌م خه‌ون ئه‌بینم. هه‌رچی ئه‌هات پێی ئه‌ووتم شونه‌كه‌م به‌ كه‌سكێی وا كه‌ سه‌ر به‌ مه‌زهه‌بێكی تره‌."



شه‌یما ئه‌و ده‌ردیسه‌ریانه‌ی روونكرده‌وه‌ كه‌ توشی خۆیی و هاوسه‌ره‌كه‌ی هاتبون له‌ ماوه‌ی ده‌ستگیرانیدا. گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان بۆ چه‌ند به‌شێكی شیعه‌ و سوننه‌ دابه‌شكرابوو كه‌ ئه‌مه‌ش بوبوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و كچ و كوڕه‌ بۆ ماوه‌ی ساڵێكی ڕه‌به‌ق یه‌كتری نه‌بینن. شه‌یما وتی هه‌ر به‌ ئینته‌رنێت و مۆبایل په‌یوه‌ندیمان مابو.



له‌گه‌ڵ نزیگبونه‌وه‌ی ته‌واوبونی ئاهه‌نگی گواستنه‌وه‌كه‌دا، یه‌كه‌م جار هاوڕێ و خزمانی سوننه‌ ده‌ستیانكرد به‌ به‌جێهێشتنی هۆڵه‌كه‌ چونكه هێزی ئه‌مریكی و عێراقی ئاماده‌ییه‌كی چڕیان هه‌یه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانیاندا‌.



خالید جه‌مال، خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی عامریه‌ كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی سوننه‌یه‌، وتی، "ئه‌بێت زوو بڕۆم چونكه‌ چه‌ند به‌شێكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان هێشتا نائارامه‌ چونكه‌ هێشتا هه‌ندێك له‌ چه‌كدارانی لێماون."



له‌ كۆتایی ئاهه‌نگه‌كه‌دا، هه‌موو ئه‌و میوانانه‌ی مابونه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ كۆبونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پیرۆزبایی له‌و بوكه و زاوایه‌ بكه‌ن و چاوه‌ڕێی ئوتومبێلێكیان ده‌كر بیانبات بۆ ماڵی محه‌ممه‌د له‌ گه‌ڕه‌كی كه‌ڕاده‌ كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی سوننه‌ن.



ئه‌و ژن و مێرده‌ تازه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی محه‌ممه‌د ئه‌مێننه‌وه‌. به‌ڵام پێشتر ده‌ترسان له‌وه‌ی شه‌یما به‌رنه‌ ناوچه‌یه‌كی سوننه‌نشینه‌وه‌، باشبونی باری ئه‌منی پایته‌خت بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی چیتر ئه‌و ترسه‌یان نه‌مێنێت.



باوكی محه‌ممه‌د وتی، "ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، زه‌حمه‌ت بو ژنه‌ شیعه‌كه‌ی كوڕه‌كه‌م بهێنمه‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامی كرده‌وه‌ سه‌ربازیه‌كان بارودۆخه‌كان روو له‌ باشبونن."



به‌ده‌م یاریكردن به‌ ته‌زبیحه‌كه‌یه‌وه‌ وتی ئیتر چیتر ده‌ستوه‌رناداته‌ ژیانی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌. "هیچ پرسیاریشی لێناكه‌م مناڵه‌كانی سه‌ر به‌ چ مه‌زهه‌بێك ئه‌بن. رقم له‌ تایه‌فه‌گه‌ریه‌."



حازم شه‌رع په‌یامنێرێكی راهێنراوی (IWPR)ه‌ له‌ به‌غدا