Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

شه‌پۆڵێکی نوێی توندوتیژی له‌ دژی ڕۆژنامه‌نوسان

رێکخراوە میدیاییەکان دوا به‌ دوای زنجیره‌یه‌ک هێرش داوای پارێزگاریی زیاتر بۆ ڕۆژنامه‌نوسان ده‌که‌ن.
By Shawkat al-Bayati
.



له‌مانگی ڕابردووەوە، به‌ لایه‌نی که‌م پێنج کارمه‌ندی میدیا کوژراون و چه‌ندانی تریش بریندار بوون.



به‌ گوێره‌ی کۆمیته‌ی پاراستنی ڕۆژنامه‌نوسان له‌ نیویۆڕک، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، ڕۆژنامه‌نوسێکی کورد به‌ ناوی دیار عه‌باس ئه‌حمه‌د له‌ شاری که‌رکوک له‌ باکوورى عێراق به‌ فیشه‌ک کوژرا.



له‌ ١٣ی ئه‌یلولدا، سێ ڕۆژنامه‌نوس و شوفێره‌که‌یان کوژران له‌ کاتێکدا له‌ موسڵ وێنه‌یان بۆ به‌رنامه‌یه‌ک ده‌گرت.



په‌یامنێری باڵای ته‌له‌فزیۆنی ئه‌لشه‌رقیه‌ موسعه‌ب مه‌حمود ئه‌لعه‌زاوی و وێنه‌گران ئه‌حمه‌د سالم و ئیهاب موعد له‌گه‌ڵ شوفێره‌که‌یان قه‌یده‌ر سلێمان به‌ گوێره‌ی لێدوانه‌کان، ڕفێنران وەختێک هاوڕێکانیان لەتیمه‌که‌ تەلەفیزیۆنیەکە له‌خانووێکدا خه‌ریکی وێنه‌گرتنی فیلمێک بوون.



دواتر ته‌رمه‌کانیان له‌ گه‌ڕه‌کی ئه‌لبورسه‌، نزیک ئه‌و شوێنه‌ی ڕفێنرابوون دۆزرانه‌وه‌.



له‌ ٢٠ی ئه‌یلولدا، سه‌رۆکی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسانی عێراق موئه‌یه‌د ئه‌للامی و چوار ڕۆژنامه‌نوسی تر له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌کدا له‌ باره‌گای سه‌ندیکاکه‌ له‌ به‌غدا، بریندار بوون.



به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌کان، بۆمبه‌که‌ له‌ به‌رده‌م ده‌رگای باڵه‌خانه‌که‌ ته‌قیوه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌که‌وێته‌ گه‌ڕه‌کی ئه‌لوه‌زیرییه‌ له‌ باکووری پایته‌خت.



دوای ته‌قینه‌وه‌که‌، کۆمیته‌ی پاراستنی ڕۆژنامه‌نوسانی عێراق داوای کرد ده‌سه‌ڵاتداران پاسه‌وانی باشتر بۆ ئه‌ندامانی ئه‌و سه‌ندیکایه‌ی ڕۆژنامه‌نوسان دابین بکه‌ن. کۆمیته‌که‌ ڕاشیگه‌یاند ئه‌ندامه‌کانی له‌ لایه‌ن توندڕه‌وه‌کانه‌وه‌ کراونه‌ته‌ ئامانج، وەک هه‌وڵێک بۆ کپکردنی ده‌نگی ڕاگه‌یاندن و میدیای ئازاد.



له‌ هه‌مان کاتدا، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی عێراقی بۆ مافه‌کانی ڕۆژنامه‌نوسان ئیبراهیم ئه‌لسه‌رای داوای له‌ حکومه‌ت کرد ئاسایش بۆ سه‌رۆک و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیکاکه‌ دابین بکات و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ سه‌ندیکا که‌ بووه‌ته‌‌‌ ئامانجی گروپه‌ سیاسی یان توندڕه‌وه‌ نه‌ناسراوه‌کان.



ئه‌مه‌ یه‌که‌م جار نییه‌ سه‌ندیکاکه‌ هێرشی بکرێته‌ سه‌ر.



له‌ شوباتی ئه‌مساڵدا، سه‌رۆکی سه‌ندیکاکه‌، شیهاب ئه‌لته‌میمی دوای ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا تەقەى لێکرا، مرد. ته‌میمى‌کەلە 2003 وە سه‌رۆکی سه‌ندیکاى رۆژنامەنوسانى عێراق بوو، به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ی گرتووه‌ له‌ هێرشی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر عێراق و داگیرکاریی به‌ردوامی سه‌ربازه‌کانی ئه‌مریکا بۆ وڵاته‌.



له‌ ٢٠٠٣ وە، تیرۆرکردن و ڕفاندنی له‌م جۆره‌ له‌ عێراقدا زۆر بووه‌.



عێراق ‌به‌ مه‌ترسیدارترین شوێنی جیهان داده‌نرێت بۆ ڕۆژنامه‌نوسان. به‌ گوێره‌ی کۆمیته‌ی پاراستنی ڕۆژنامه‌نوسانیش له‌نیویۆڕک، ١٣٥ ڕۆژنامه‌نوس له2003 وە لە‌ عێراق کوژراون.



له‌ کاتێکدا پێده‌چێت کارمه‌ندانی میدیا ئامانجێکی دیاریکراو بن، حکومه‌تی عێراقی ڕه‌تیکرده‌وه‌ دان به‌وه‌دا بنێت و ڕایگه‌یاند که‌ هۆکارى مه‌رگی ڕۆژنامه‌نوسان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شه‌پۆڵه‌ گشتییه‌ی توندوتیژی که‌ سەرتاپاى وڵاتی گرتوه‌ته‌وه‌.



ئه‌ندامی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسان حوسێن فه‌وزی، که‌ بۆ چه‌ند ڕۆژنامه‌یه‌کی ناوخۆیی ده‌نوسێت، وتی پێش ئه‌م هێراشانه‌ی ئه‌م دواییه‌ له‌ دژی ڕۆژنامه‌نوسان، ڕه‌وشی ئاسایش له‌ عێراقدا زۆر باش ببوو.



"[تا ئه‌م دواییه‌] بارودۆخ بۆ ڕۆژنامه‌نوسان و کارمه‌ندانی میدیا تا ڕاده‌یه‌ک باش بوو، به‌ڵام ئێستا به‌ جدی بیر له‌ وازهێنان له‌ کاره‌کانمان ده‌که‌ینه‌وه‌،" فه‌وزی وتی.



ڕه‌وحی ئه‌حمه‌د، که‌ وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆگرام کارده‌کات له‌ ڕادیۆی ئه‌لمه‌حه‌ببه‌، که‌ ئێستگه‌یه‌کی عێراقییه‌و ته‌رخانکراوه‌ بۆ کاروباری ژنان، تیرۆرسته‌کان و گروپه‌ چه‌کداره‌کانی تۆمه‌تبار کرد به‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نوسان ده‌که‌نه‌ ئامانج.



ئه‌حمه‌د وتی که‌ له‌ کۆتاییدا حکومه‌ت و هێزه‌کانی ئاسایش به‌رپرسیارن چونکه‌ ناتوانن ڕێگری له‌ هێرشه‌کان بکه‌ن و به‌رپرسیارێتی دەخه‌نه‌ ئه‌ستۆی تاوانکاران.



"ئه‌گه‌ر حکومه‌ت لێکۆڵینه‌وه‌ی بکردایه‌ له‌ کوشتنی ڕۆژنامه‌نوسان و ئه‌وانه‌شی سزا بدایه‌ که‌ به‌رپرسیارن، شته‌کان به‌ ته‌واوی ده‌گۆڕان و ڕۆژنامه‌نوسانیش گیانیان پاڕێزراو ده‌بوو،" فه‌وزی وتی.



فه‌وزی ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که پێناچێت سیاسه‌تمه‌داران گرنگی به‌ سه‌لامه‌تی کارمه‌ندانی میدیا بده‌ن و ئه‌وه‌شی وت که‌ یاسایه‌ک بۆ پاراستنی ڕۆژنامه‌نوسان له‌ په‌رله‌ماندا وه‌ستێنراوه‌.



سه‌رۆک وه‌زیران نوری ئه‌لمالکی، که‌ ئیدانه‌ی کوشتنی ڕۆژنامه‌نوسانی کردووه‌ به‌ڵام حکومه‌ته‌که‌ی ڕه‌خنه‌ی لێدەگیرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کاری ته‌واو ناکات بۆ پاراستنی ڕۆژنامه‌نوسان.



تا ئێستا شتێکی که‌م له‌ باره‌ی ڕه‌شنوسی ئەو یاسایە‌وە زانراوە کە نێردراوە بۆ‌ په‌رله‌مان،و ده‌ڵێن له‌ هاوینەوە خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستی کۆمیته‌ی ڕۆشنبیری و میدیای په‌رله‌مان، به‌ڵام ئاشکرا نه‌کراوه‌.



"ئه‌و ڕه‌شنوسه‌ی حکومه‌ت بۆ په‌رله‌مانی ناردووه‌ گرێنتی پاراستنی ڕۆژنامه‌نوسان ده‌کات و به‌ به‌شێکی گرنگی کۆمه‌ڵگای عێراقیان داده‌نێت،" گوته‌بێژی حکومه‌ت عه‌لی ئه‌لده‌باغ به‌ په‌یمانگای ڕۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی وت.



زیاد ئه‌لعه‌جیلی، که‌ سه‌رۆکایه‌تی گروپێکی میدیای عێراقی ده‌کات به‌ ناوی ڕووانگه‌ی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری وتی یاساکه‌، حکومه‌تی عێراق پابه‌ند ده‌کات به‌ پاڵپشتی کردن له‌ خێزانی ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ی کوژراون له‌گه‌ڵ دابینکردنی خه‌رجی چاره‌سه‌ری پزیشکی بۆ ئه‌وانه‌ی بریندار ده‌بن.



ئه‌ندامی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسان و سه‌رنوسه‌ری هه‌واڵ له‌ ڕادیۆی ئه‌لیه‌وم ئیمان ئه‌لخه‌تاب وتی ده‌بوایه‌ ڕه‌شنوسی یاساکه‌ زووتر پێشکه‌ش بکرابایه‌. ئه‌لخه‌تاب پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرد که‌ کوشتنی ته‌میمی و به‌ ئامانجکردنی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسان به‌م دواییه‌ هۆکاری سیاسی له‌ پشته‌وه‌یه‌ و داوای لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی کرد له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی توندوتیژی ئەمدواییە له‌ دژی ڕۆژنامه‌نوسان.



له‌ وه‌ڵامی ئه‌م هێرشانه‌دا، ڕووانگه‌ی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری ڕایگه‌یاند ده‌ستی به‌ پڕۆژه‌یه‌ک کردووه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ پاراستنی ڕۆژنامه‌نوسان له‌ ڕێی دابین کردنی نه‌خشه‌ و دانانی پاسه‌وان بۆیان کاتێک له‌سه‌ر چه‌ند ڕووداوێکی دیاریکراودا ڕاپۆت ده‌نوسن. هه‌وره‌ها وه‌زاره‌تی ناوخۆ کڵاوزرێ و گولله‌به‌ند و که‌لوپه‌لی فریاگوزاریی سه‌ره‌تاییش بۆ ڕۆژنامه‌نوسان دابین ده‌کات.



عه‌جیلی وتی ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ به‌شێکه‌ له‌ پڕۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌تر که‌ ئێستا جێبه‌جێ ده‌کرێت به‌ هاوکاری میدیای سه‌ربه‌خۆی عێراق، که‌ ڕێکخراوێکی ناحکومییه‌، بۆ دابینکردنی پارێزگاری و ئاسایشی باشتر.



به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندی گشتی و میدیا له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ عه‌لا ئه‌لتاعی وتی وه‌زاره‌ت ئاماده‌یه‌ هه‌موو شتێکی پێویست دابین بکات بۆ پاڵپشتیکردن له‌ کاری ڕۆژنامه‌نوسان.



"ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌رەتاوه‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی ڕوونمان هه‌یه‌ و ده‌مانه‌وێک له‌ پڕۆژه‌یه‌کدا و له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕێکخراوێکیشدا که‌ گرنگی به‌ کاروباری ڕۆژنامه‌گه‌ری بدات، په‌ره‌ی پێ بده‌ین. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیدا بێ هاوتایه‌،" ئه‌لتاعی وتی.



له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی جودا، په‌یمانگای ڕۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی به‌م زووانه‌ کۆڕسێک له‌سه‌ر سه‌لامه‌تی ڕۆژنامه‌نوسان له‌ عێراق پێشکه‌ش ده‌کات به‌ ناوی سه‌لامه‌تی و ئاسایش و پارێزگاریی یاسایی. ئه‌م کۆڕسه ڕۆژنامه‌نوسانی عێراق به‌‌ نمونه‌ی مه‌شقی ڕۆژئاوایی بۆ ژینگه‌ی توندوتیژی ئاشنا ده‌کات. هه‌روه‌ها مه‌شق له‌سه‌ر یاسای میدیاش پێشکه‌ش ده‌کات.



شه‌وکه‌ت ئه‌لبه‌یاتی ڕۆژنامه‌نوسێکی ڕاهێنراوی په‌یمانگای ڕۆژنامه‌ونیی جه‌نگ و ئاشتییه‌ له‌ به‌غدا.