قه‌ده‌غه‌كردنی حزبێكی كوردی له‌ توركیا كوردی عێراق توڕه‌ ده‌كات

قه‌ده‌غه‌كردنی حزبێكی سیاسیی كورد له‌ لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌ خۆپیشاندانی له‌ عێراقدا لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

قه‌ده‌غه‌كردنی حزبێكی كوردی له‌ توركیا كوردی عێراق توڕه‌ ده‌كات

قه‌ده‌غه‌كردنی حزبێكی سیاسیی كورد له‌ لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌ خۆپیشاندانی له‌ عێراقدا لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

Wednesday, 20 January, 2010
.



له‌ ١٧ی كانوونی یه‌كه‌م، زیاتر له‌ ٥٠٠ كه‌س كه‌ پێكهاتبوون له‌ كوردی ئێران و عێراق و توركیا و سوریا له‌ ناوه‌ڕاستی شاری سلێمانی خۆپیشاندانیان سازكرد و ره‌خنه‌ی توندیان ئاڕاسته‌ی بڕیارێكی داگای توركیا كرد كه‌ بووه‌ هۆی داخستنی پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكرات (ده‌ته‌په‌). خۆپیشانده‌ران داوای یه‌كڕیزیان له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمه‌كه‌ ده‌كرد.



"هاتووین له‌دژی بڕیاری دادگای توركیا ناڕه‌زایی ده‌رببڕین. ئه‌مه‌‌ پیشانی ده‌دات كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ توركیا ده‌گوزه‌رێت بۆ كورد بانێكه‌ و دوو هه‌وا. ده‌بێ توركیا روونی بكاته‌وه‌: ئایا ئاشتیان ده‌وێ یان شه‌ڕ؟" دژوار عه‌لی، كوردی عێراقه‌ و ته‌مه‌نی ٢٩ ساڵه‌، وتی.



سیاسه‌تمه‌دارانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و لیستی گۆڕان له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌دا وته‌یان پێشكه‌ش كرد و په‌یامێكی ئه‌حمه‌د توركیش، سه‌رۆكی ده‌ته‌په‌، ئاڕاسته‌ی خۆپیشانده‌ران كرا. له‌ لافیته‌یه‌كدا به‌ كوردی و توركی و عه‌ره‌بی نووسرابوو، "قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌ته‌په‌ واته‌ توندوتیژیی زیاتر." له‌ یه‌كێكی تر نووسرابوو، "باشوور، باكوور، رۆژهه‌ڵات، رۆژئاوا: ئێمه‌ هه‌موومان یه‌ك نه‌ته‌وه‌ین و یه‌ك خه‌بات."



هه‌روه‌ها له‌ ١٦ی كانوونی یه‌كه‌م، سه‌دان هاوڵاتی له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان خۆپیشاندایان سازكرد. له‌وه‌ته‌ی بڕیاره‌كه‌ له‌ هه‌فته‌ی رابردووه‌وه‌ ده‌رچووه‌، گرژی و ئاڵۆزی باڵی به‌سه‌ر باشوور و رۆژهه‌ڵاتی توركیادا كێشاوه‌ و دوو كه‌سیش له‌و ئاڵۆزییه‌دا كوژراون و حه‌وتی تریش بریندار بوون‌.



"دوو په‌یاممان هه‌یه‌. یه‌كه‌م ئێمه‌ ئیدانه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و پارته‌ كوردیه‌ ده‌كه‌ین. دووه‌م، ده‌مانه‌وێت به‌ توركیا بڵێین پێشێلكردنی مافی كوردان بوه‌ستێنێت،" كاوه‌ قوڕێشی، كوردی ئێرانه‌ و ته‌مه‌نی ٢٦ ساڵه‌ و به‌هۆی جیاكاریی سیاسییه‌وه‌ له‌ ئێران رایكردووه‌، وتی. "ده‌زانین ئه‌وه‌ بڕیاری حكومه‌تی توركیا نییه‌، به‌ڵكو بڕیای نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌ توند‌ڕه‌وه‌كانه‌ له‌ توركیا."



هه‌روه‌ها داخستنی ده‌ته‌په‌ گومانی لای كوردی عێراق دروست كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌نقه‌ره بۆ كرانه‌وه‌ به‌ رووی كوردی توركیا‌ كه‌ پلانێكه‌ چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر راگه‌یه‌نرا بۆ فراوانكردنی مافه‌كانی كورد له‌و وڵاته‌ كه‌ ژماره‌یان ٢٠ ملیۆنه‌ و كۆتاییهێنان به‌ یاخیبوونی كورده‌كان له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ كه‌ هه‌ندێ جار به‌ره‌و كوردستانی عێراق په‌لی هاویشووه‌.



له‌ ١١ی كانوونی یه‌كه‌م، دادگای ده‌ستووریی توركیا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌ تێكڕای ده‌نگ بڕیاریدا ده‌ته‌په‌ قه‌ده‌غه‌ بكات به‌تۆمه‌تی هاندانی جوداخوازیی ره‌گه‌زی و هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان، په‌كه‌كه‌، كه‌ له‌ توركیا یاساغه‌. له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، ده‌ته‌په‌ ره‌تیكرده‌وه‌ "په‌یوه‌ندیی ئۆرگانی" به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ هه‌بێت به‌ڵام خۆی به‌دوور گرت له‌ ئیدانه‌كردنی مێژووی یاخیبوونی توندوتیژی په‌كه‌كه‌.



هه‌روه‌ها سی و حه‌وت به‌رپرسی ده‌ته‌په‌ش له‌ كاری سیاسی قه‌ده‌غه‌ كران كه‌ دوانیان په‌رله‌مانتار بوون. ١٩ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی تری سه‌ر به‌ ده‌ته‌په‌ وه‌ك ناه‌ڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به‌و قه‌ده‌غه‌كردنه‌ ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه‌.



"بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئیدانه‌ی ئه‌و قه‌ده‌غكردنه‌ ده‌كات و به‌ هه‌نگاوێك دژی دیموكراسی داده‌نێت. ئه‌مه‌ پێشێلكردنێكی روونی مافه‌ سیاسییه‌كانی كورده‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌ پێمان ده‌ڵێ كه‌ پڕۆژه‌ی كرانه‌وه‌ی كورد هێشتا ماویه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی توركی یان كاروباری سیاسی بچه‌سپێ،" دكتۆر جه‌عفه‌ر عه‌لی، ئه‌ندامی لیستی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، وتی.



"ئه‌و بڕیاره‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ توندوتیژی زیاتر و گرژی زیاتر له‌نێوان گروپه‌ ره‌گه‌زییه‌ جیاوازه‌كان له‌ توركیا."



په‌كه‌كه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن توركیا و ئه‌مریكا و یه‌كێتیی ئه‌وڕوپا به‌ گروپێكی تیرۆرستی له‌قه‌ڵه‌م دراوه‌، ٢٥ ساڵه‌ له‌ دژی ئه‌نقه‌ره‌ شه‌ڕی پارتیزانی ده‌كات. نزیكه‌ی ٤٠،٠٠٠ كه‌س له‌و شه‌ڕه‌دا كوژراون و سه‌ربازان و فڕۆكه‌كانی توركیا زۆرجار له‌ناو خاكی عێراق له‌ دژی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ ئۆپه‌راسیۆنیان ئه‌نجام داوه‌.



په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستانی عێراق و توركیا گرژیان تێكه‌وت دوابه‌دوای شاڵاوه‌كه‌ی ئه‌مركیا بۆ سه‌ر عێراق له‌ ٢٠٠٣. توركیا ئه‌و كاته‌ ده‌یوت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێگا به‌ په‌كه‌كه‌ ده‌دات له‌ بنكه‌كانی خۆیانه‌وه‌ له‌ سنووره‌ شاخاوییه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌وه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر توركیا. له‌ ٢٠٠٧، ئه‌نقه‌ره‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی كرد ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی كوردی عێراق هه‌وڵیان دا كه‌ركوكی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وت بخه‌نه‌ ژێر ركێفی خۆیانه‌وه‌. پارێزگای كه‌ركوك یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و ژماره‌یه‌كی زۆر توركمانی تێدا ده‌ژی كه‌ په‌یوه‌ندیی مێژوویی و ره‌گه‌زیان به‌ توركیاوه‌ هه‌یه‌.



شێوازی توندوتیژی بیری نه‌ته‌وایه‌تیی كورد لای په‌كه‌كه‌ هاوسۆزی هه‌ندێ له‌ كوردی عێراق راكێشاوه‌، به‌ڵام پێگه‌ی ئه‌و میلیشیایه‌ له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا كه‌می كردووه‌ به‌هۆی زیادبوونی په‌یوه‌ندیی سیاسی و ئابووری و كلتووری له‌گه‌ڵ توركیا. له‌ هه‌نگاوێكدا بۆ رازیكردنی توركیا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق گشت چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه‌ و پارتێكی ناڕه‌سمی كه‌ هاوسۆزی په‌كه‌كه‌یه‌ به‌ناوی پارتی چاره‌سه‌ری كوردستان قه‌ده‌غه‌ كردووه‌.



حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌ته‌په‌ له‌ هه‌فته‌ی رابردوو بێ ده‌نگ ماوه‌ته‌وه‌.



"ده‌ست ناخه‌ینه‌ ناو كاروباری توركیا. قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌م پارته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی ناوخۆییه‌،" گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان د. هادی مه‌حمود به‌ IWPRی وت. "ئێمه‌ داوای چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ ده‌كه‌ین بۆ كێشه‌كانی كوردی توركیا."



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانی عێراق،كه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، نیگه‌رانی ده‌ربڕی له‌ داخستنی ئه‌و پارته‌ و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر كرانه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ به‌ رووی كورددا.



له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌ته‌په‌ هاتووه‌، "سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم خۆشحاڵ بوو به‌رامبه‌ر به‌ كرانه‌وه‌ دیموكراتییه‌كه‌ی حكومه‌تی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان به‌رامبه‌ر به‌ ره‌وتی ریفورمخوازی و گه‌شه‌كردنی زیاتری دیموكراسی له‌ توركیا و هیواداره‌ كه‌ ئه‌م‌ بڕیاره‌ی دادگای باڵای ده‌ستووریی توركیا نه‌بێته‌ هۆی راگرتنی ئه‌و پڕۆسه‌ گرنگه."



دكتۆر جه‌عفه‌ر عه‌لی، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی سه‌ر به‌ لیستی گۆڕان، وتی هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێم ره‌نگدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیه‌تی له‌گه‌ڵ توركیا كه‌ به‌م دواییه‌ به‌هێزتر بووینه‌.



"له‌ به‌یاننامه‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت كه‌ ده‌یانه‌وێ هاوسه‌نگی ئێستای په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیا بپارێزن. ئه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌ چونكه‌ ئه‌وان ئه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی كورد و مافه‌كانی كورد ده‌كه‌ن،" ئه‌و وتی.



له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ووشه‌ی توندی تێدا به‌كارهاتووه‌، كۆمه‌ڵێك له‌ رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای توركیایان ئیدانه‌ كرد و به‌ "كارێكی شوڤێنیانه‌"یان ناوبردووه‌.



ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌یاندا نووسیبوویان، "هیچ بیانوویه‌ك بۆ داخستنی ده‌ته‌په‌ نه‌بوو. ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌دژی خواستی كورده‌كانه‌ جا له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بن و ده‌بێت به‌توندی ناڕه‌زایه‌تی له‌به‌رامبه‌ریدا ده‌ر‌ببڕدرێت".



یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان كه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ په‌یوه‌ندی نزیكی له‌گه‌ڵ حزبی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا هه‌یه‌ داوای له‌ ئه‌نقه‌ره‌ كرد كه‌ به‌ واقیعیانه‌ مامه‌ڵه‌ بكات و له‌ جێبه‌جێكردنی پلانی كرانه‌وه‌ی به‌ رووی كورددا به‌رده‌وام بێت.



له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی یه‌كگرتووی ئیسلامیدا هاتبوو، "به‌داخه‌وه‌، ئه‌م بڕیاره‌ به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ی كرانه‌وه‌ی كورد له‌ لایه‌ن پارتی ئه‌كه‌په‌وه‌ كه‌ پڕۆسه‌یه‌كی هیوابه‌خش و دیموكراتییه‌."



فازڵ نه‌جیب، شیكه‌ره‌وه‌یه‌كی سیاسی كورده‌، ئۆباڵی شكستی ده‌ته‌په‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی ده‌ته‌په‌ خۆی، "ئه‌و بڕیاره‌ ئه‌نجامی سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كانی خۆیانه‌. ده‌ته‌په‌ حزبی هه‌موو كورده‌كانی توركیا نه‌بوو."



به‌ بڕوای سۆما خالید، ته‌مه‌نی ١٦ ساڵه‌ و له‌ پێنجوێنه‌وه‌ دوو كاتژمێر رێگای بڕیبوو تا به‌شداری له‌ خۆپیشاندانه‌ بكات، مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كێتیی كورده‌وه‌ هه‌یه‌.



"پێویسته‌ توركیا سیاسه‌تیی توندوتیژی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ كورد بوه‌ستێنێت،" سۆما وتی. "ئێمه‌ی كوردی ئه‌و چوار وڵاته‌ هیچ سنوورێك له‌نێوانماندا نییه‌. ئێمه‌ هه‌موومان یه‌ك نه‌ته‌وه‌ین."



هێمن لهۆنی موحه‌ریرێكی ناوخۆیی IWPRه‌ له‌ سلێمانی.
Frontline Updates
Support local journalists