Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

نه‌هێشتنی خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان

چالاكوانێك وه‌سفی ئه‌و به‌ره‌نگارییانه‌ ده‌كات له‌به‌رده‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هه‌وڵ ده‌كه‌ن ئه‌م دیارده‌ پڕ له‌ مشتومڕه‌ له‌ كوردستانی عێراقدا نه‌هێڵن.
By Azeez Mahmoud
.



خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان دیارده‌یه‌كی باوه‌ له‌ باكووری عێراقدا، به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ لادێیی و دووره‌ده‌سته‌كاندا. له‌ گونده‌كاندا، ئه‌م دیارده‌یه‌ باوه‌و هه‌میشه‌ له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كدا ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ هیچ مه‌رجێكی پاك و خاوێنی نییه‌و ئه‌و ژنانه‌ش كه‌ ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن هیچ مه‌شقێكی پزیشكیان نه‌دیووه‌. له‌و كرداره‌دا به‌شێكی میتكه‌ی كچێكی گه‌نج ده‌بڕدرێت و دواتر خۆڵه‌مش ئه‌كرێت به‌ برینه‌كه‌یا تا ئازاره‌كه‌ لابه‌رێت.



له‌ ماوه‌ی كاركردنم له‌گه‌ڵ وادی، كه‌ رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌و داكۆكی له‌ مافه‌كان ده‌كات و له‌دژی ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ كوردستانی عێراقدا هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستپێ كردووه‌، سه‌ردانی ٨٤ شارۆچكه‌و گوندم كردووه‌ تا خه‌ڵكه‌كه‌ هۆشیار بكه‌مه‌وه‌ له‌ زیانه‌كانی خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان.



وادی ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی له‌ كوردستانی عێراقدا خه‌ته‌نه‌كراون به‌ ٦٠ له‌ سه‌دا قه‌بڵاندووه‌. به‌رزترین رێژه‌ له‌ گه‌رمیان دایه‌ كه‌ ناوچه‌یه‌كه‌ زیاتر لادێییه‌و له‌گه‌ڵ ئێراندا هاوسنووره‌.



ئه‌م دیارده‌یه‌ پێش ئیسلامیش هه‌بووه‌، كه‌چی وه‌ك نه‌ریتێكی كلتووری و ئایینی و وه‌ك جۆرێك له‌ خووه‌كی ئیسلام به‌رگری لێ ده‌كرێت.



به‌ڵام من پێم وایه‌ خه‌ته‌نه‌كردنی ژنانیش جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی توندوتیژیی جه‌سته‌یی كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژنان ئه‌نجام ده‌درێت و پێشم وایه‌ خه‌ته‌نه‌كردن كاریگه‌ریی ده‌روونی به‌سه‌ر ته‌واوی ژیانی كه‌سه‌كه‌وه‌ به‌جێ ده‌هێڵێت.



من هه‌فته‌ی سێ جار سه‌دانی گونده‌كان ده‌كه‌م تا هۆشیاری خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌كه‌ به‌رز بكه‌مه‌وه‌. هه‌میشه‌ چیڕۆكی تۆقێنه‌ر له‌و ژنانه‌وه‌ ئه‌بیستم كه‌ چاوم پێیان ئه‌كه‌وێت.



ژنێكی ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵه‌ پێی وتم له‌ ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵیدا خۆی و نۆ له‌ هاوڕێكانی فریودراون و بردراون بۆ ماڵێك و پێیان وترابوو كه‌ له‌وێ جله‌ و به‌رگیان بۆ ده‌كڕن.



ئه‌و ژنه‌ وتی كچه‌كان له‌بری ئه‌وه‌دا له‌ لایه‌ن ژنه‌كانی گونده‌كه‌وه‌ گیراون و ده‌میان پڕ كراوه‌ له‌ پارچه‌ قوماش تاكو هاوار و ناڵه‌یان نه‌بیسترێت. ئه‌و ژنه‌ ده‌ڵێت دواتر بردرانه‌ لای ژنێكی پیر كه‌ ده‌سته‌كانی ئه‌له‌رزین و به‌ گوێزانێكی پیس خه‌ته‌نه‌ی كردن.



ئه‌و ژنه‌ی ئه‌م چیڕۆكه‌ی گێرایه‌وه‌ وتی ناهێڵێت كچه‌كانی خه‌ته‌نه‌ بكرێن، به‌ڵام دروستكردنی قه‌ناعه‌ت لای كه‌سانی تر تا واز له‌ دیارده‌كه‌ بهێنن، شتێكی ئاسان نییه‌.



له‌ كاتێكدا ژنانی گه‌نج راشكاوانه‌تر دژایه‌تیی خۆیان بۆ ئه‌و دیارده‌یه‌ ده‌رده‌بڕن، ژنانی به‌ته‌مه‌ن پێیان وتووین ئێمه‌ به‌دڕه‌وشتی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌و ئیسلام ده‌شێوێنین.



ژنان به‌ ناوی ئیسلامه‌وه‌ خه‌ته‌نه‌ ده‌كرێن هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ئایینه‌ پاڵپشتی له‌ خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان ناكات. به‌پێی نه‌ریتی گونده‌كان، ئه‌و خواردنه‌ی ئاماده‌كرابێت له‌ لایه‌ن ژنێكه‌وه‌ كه‌ خه‌ته‌نه‌ نه‌كرابێت حه‌ڵاڵ نییه‌ چونكه‌ په‌یڕه‌وی له‌ ئیسلام نه‌كردووه‌.



ئێمه‌ فیلمێكی دۆكیۆمێنته‌ری پیشانی ژنان ده‌ده‌ین و تیایدا دوو مه‌لا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ خه‌ته‌نه‌كردن په‌یوه‌ندی به‌ ئایینی ئیسلامه‌وه‌ نییه‌و دكتۆرێكیش باس له‌و كێشه‌ ته‌ندروستیانه‌ ده‌كات كه‌ كرداره‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ دروستیان بكات.



خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان كه‌ رۆژگارێك باسكردنی قه‌ده‌غه‌ بوو ئێستا تا بێ زیاتر به‌ئاشكرا له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی نێوخۆیی باس ده‌كرێت دوای ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ له‌ رۆژنامه‌ ناوخۆییه‌كاندا تیشكی خرایه‌ سه‌ر. سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی رێكخراوی وادی به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌نی له‌ گونده‌كاندا، هه‌ڵمه‌تێكی بانگه‌شه‌ی ته‌له‌فزیۆنیش یارمه‌تیده‌ر بووه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی هۆشیاری خه‌ڵك.



به‌ڵام یاسادانه‌ران تا ئێستا دوو دڵن بوون له‌ باسكردنی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ په‌رله‌ماندا و یاسایه‌كیان دوا خستووه‌ كه‌ خه‌ته‌نه‌كه‌ردنی ژنان به‌ تاوان هه‌ژمار ده‌كات.



به‌پی ئه‌و یاسایه‌ پێشنیازكراوه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تاوانی ئه‌نجامدانی ئه‌و دیارده‌یه‌یان به‌سه‌ردا ساغ ده‌بێته‌وه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ تا ١٥ ساڵ زیندانی ده‌كرێن و سزای ماددیش ده‌درێن. دایك و باوكی قوربانییه‌كه‌ش له‌وانه‌یه‌ رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌.



رێكخراوه بیانییه‌كانی وه‌ك وادی پێشه‌نگن له‌ به‌گژاچوونه‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان‌، به‌ڵام رازیكردنی كۆمه‌ڵگایه‌ك ‌كه‌ كه‌ زۆرینه‌ی موسڵمانن تا و‌از له‌ دیارده‌یه‌ك بهێنن كه‌ پێیان وایه‌ نه‌ریتێكی ئایینییه‌ كارێكی سه‌خته‌‌.



گرنگه‌ كه‌ په‌رله‌مان یاسایه‌ك ده‌ربكات تا سزای ئه‌و كه‌سانه‌ بدات كه‌ ژنان خه‌ته‌نه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌و یاسایه‌ پێشنیازكراوه‌ به‌ره‌وپێشچوونی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیووه‌ هه‌رچه‌نده‌ ١٤،٠٠٠ كه‌س نامه‌یه‌كیان ئیمزا كردووه‌ بۆ قه‌ده‌غه‌كه‌ردنی ئه‌و دیارده‌یه‌.



هه‌روه‌ها حكومه‌ت ده‌توانێ له‌ڕێی پیاوانی ئایینی و وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی و په‌ر‌وه‌رده‌وه‌ هۆشیاری خه‌ڵك به‌رز بكاته‌وه‌.



هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك سه‌رباه‌ت به‌ دیارده‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان كاریگه‌رییه‌كه‌ی ته‌نانه‌ت له‌ یاساش زیاتر ده‌بێت. تا بیروباوه‌ڕی خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ نه‌گۆڕێت، هه‌ر یاسایه‌كی نوێ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نابێت.



ئازیز مه‌حمود، كه‌ رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه‌، یارمه‌تی تیمه‌ گه‌ڕۆكه‌كانی وادی ده‌دات بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی ژنان سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان. ئازیز له‌ سلێمانی داده‌نیشێت.