له‌سه‌ر داوای سیستانی، له‌وانه‌یه‌ شیعه‌كان به‌لێشاو روو له‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان بكه‌ن

سیستانی داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن، به‌ڵام پاڵپشتی له‌ هیچ لایه‌نێك ناكات.

له‌سه‌ر داوای سیستانی، له‌وانه‌یه‌ شیعه‌كان به‌لێشاو روو له‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان بكه‌ن

سیستانی داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن، به‌ڵام پاڵپشتی له‌ هیچ لایه‌نێك ناكات.

Friday, 5 March, 2010
.



سه‌ماحه‌تی ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی له‌م هه‌فته‌یه‌دا بێده‌نگی شكاند و هانی خه‌ڵكی عێراقی دا كه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژارنی په‌رله‌ماندا بكه‌ن.



هه‌رچه‌نده‌ سیستانی پاڵپشتیی خۆی بۆ هیچ لایه‌نێك ده‌رنه‌بڕیوه‌، به‌ڵام وتی به‌شدارینه‌كردنی هاوڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردن "هه‌ل به‌ كه‌سانی تر ده‌دات ئامانجه‌ ناڕه‌واكانیان بهێننه‌ دی". به‌یاننامه‌كه‌ی سیستانی زانیاری زیاتری نه‌دا.



داواكه‌ی سیستانی له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ توندوتیژیی هه‌ڵبژاردن خه‌ریكه‌ زیادده‌كات و ته‌نها له‌م هه‌فته‌یه‌دا ٢٠ هاوڵاتیی عێراقی به‌و هۆیه‌وه‌ كوژراون. زۆرێك له‌ خه‌ڵكی نه‌جه‌ف نیگه‌رانن له‌وه‌ی له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردندا ته‌قینه‌وه‌ و هێرشی زیاتر رووبدات.



"له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوودا، شیعه‌كان سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ و ته‌قینه‌وه‌ روویان له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان ده‌كرد به‌ڵام ئێستا له‌ حكومه‌ت ناڕازین چونكه‌ ئیش نییه‌، ئاسایش به‌رقه‌رار نییه‌، خزمه‌تگوزاری نییه‌ و ئه‌م خه‌ڵكه‌ش نایانه‌وێ به‌شداری له‌ ده‌نگداندا بكه‌ن،" حازم نعێمی، مامۆستای زانستی سیاسییه‌ له‌ به‌غدا، وتی.



"به‌ڵام به‌یاننامه‌كه‌ی سیستانی هانیان ده‌دات بچن ده‌نگ بده‌ن. خه‌ڵكه‌كه‌ بێ ئومێدی خۆیان به‌لاوه‌ ده‌نێن و به‌شداری ده‌كه‌ن. به‌م هۆیه‌وه‌ ژماره‌ی به‌شداربووان زۆر زیاد ده‌كات و شیعه‌كانیش كورسی زیاتریان له‌ حكومه‌تی داهاتوودا ده‌بێت."



سیستانی ته‌مه‌نی ٧٩ ساڵه‌ و مه‌رجعییه‌تی عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌بات كه‌ ئه‌نجومه‌نێكه‌ پێكهاتووه‌ له‌ چه‌ند پیاوێكی ئایینیی باڵای شیعه‌كان و له‌ شاری نه‌جه‌فی پیرۆز داده‌نیشن. له‌دوای شاڵاوه‌كه‌ی ئه‌مریكاوه‌ له‌ ٢٠٠٣، مه‌رجعییه‌ت به‌رده‌وام پاڵپشتی خۆی بۆ دیموكراسی ده‌ربڕیووه‌ و ده‌نگێكی كاریگه‌ر بووه‌ له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌. هه‌ر كاتێك سیستانی قسه‌ بكات، به‌ناوی مه‌رجعییه‌ته‌وه‌ قسه‌ ده‌كات.



به‌رپرسانی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌و رێكخراوانه‌ی چاودێری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن پێشوازیان له‌و داوایه‌ی سیستانی كردووه‌ و رایانگه‌یاندووه‌ پاڵنه‌رێكه‌ له‌ كاتی خۆیدا به‌ر له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌ستپێ بكات.



"پیاوانی ئایینی، به‌ تایبه‌تی ئایه‌توڵڵا سیستانی، كاریگه‌رییه‌كی زیاتریان به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌ تا حزبه‌ سیاسییه‌كان و كارنامه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن. فه‌توا و به‌یاننامه‌كانی سیستانی كاریگه‌ری خۆیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا هه‌بوو، بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ داوای ئه‌مجاره‌شی كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنی له‌سه‌ر زیادبوونی رێژه‌ی ده‌نگده‌ران ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردندا،" قاسم عه‌بودی، گوته‌بێژی كۆمسیۆی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق، وتی.



له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ٢٠٠٥دا، سیستانی و مه‌رجعییه‌ت‌ پاڵپشتییه‌كی زۆریان له‌ هاوپه‌یمانیی یه‌كگرتووی عێراقی كرد كه‌ خوالێخوشبوو عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد. ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ ١٢٨ كورسی به‌ده‌ستهێنا له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وسای عێراق كه‌ ژماره‌ی كورسییه‌كانی ٢٧٥ كورسی بوو.



به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ جیابوونه‌وه‌ی تێكه‌وتووه‌ و مه‌رجعییه‌تیش خۆی به‌دوور گرتووه‌ له‌ نیشاندانی پاڵپشتی بۆ هیچ لایه‌ك و داوای له‌ ده‌نگده‌رانی شیعه‌ كردووه‌ ده‌نگ به‌و لایه‌نه‌ بده‌ن كه‌ به‌باشترین شێوه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌نگونجێت.



شێخ نیعمه‌ عابدی، مامۆستایه‌ له‌ زانكۆی (توسی)ی ئایینی كه‌ كه‌وتۆته‌ نه‌جه‌ف و حه‌وزه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، وتی بۆیه‌ مه‌رجعییه‌ت‌ هه‌ڵوێستی خۆی گۆڕی و پاڵپشتی له‌ هیچ لایه‌نێكی سیاسی ناكات تا متمانه‌ی خۆی لای خه‌ڵكی عێراق له‌ده‌ست نه‌دات. حه‌وزه‌ ده‌سته‌یه‌كه‌ كه‌ پیاوانی ئایینی په‌روه‌رده‌ ده‌كات و پله‌ی ئایه‌توڵڵایان پێده‌به‌خشێت.



عابدی وتی، "له‌ ٢٠٠٥دا، مه‌رجعییه‌ت‌ نیگه‌ران بوو له‌وه‌ی كه‌ شیعه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو و ئه‌و ده‌نگه‌ی كه‌ شایانی بوون له‌ حكومه‌تی عێراقدا به‌ده‌ست نه‌هێنن. هاوپه‌یمانیی یه‌كگرتووی عێراقی تاكه‌ هیوا بوو، بۆیه‌ مه‌رجعییه‌ت‌ پاڵپشی لێكرد."



"ئه‌و كاته‌ ده‌بوایه‌ كوتله‌یه‌كی شیعه‌ی گه‌وره‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژارندا بكات، به‌ڵام ئێستا نیگه‌رانییه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ له‌ئارادا نییه‌، ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ ئێستا چه‌سپیووه‌ و كاریگه‌ر بووه‌‌."



"دوای ئه‌وه‌، مه‌رجعییه‌ت‌ ره‌خنه‌ی لێگیرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و لیسته‌ی كه‌ پاڵپشتی لێكردبوو ئه‌ركه‌كانی به‌باشی به‌جێنه‌گه‌یاند. بۆیه‌ مه‌رجعییه‌ت‌ ئێستا پێی وایه‌ هه‌ڵبژاردنی هه‌ڵوێستێكی بێ لایه‌ن كاریگه‌ریی مه‌رجعییه‌ت‌ به‌سه‌ر شیعه‌كانی عێراقدا ده‌هێڵێته‌وه‌."



هه‌ندێ لایه‌ن هه‌وڵیان داوه سوود له‌‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌رجعییه‌ت وه‌ربگرن، به‌ڵام مه‌رجعییه‌ت خێرا خۆی له‌و لایه‌نانه‌ دوور خستۆته‌وه‌.



بۆ نموونه‌، هاوپه‌یمانیی نیشتیمانیی عێراقی كه‌ هاوبه‌ندییه‌كی شیعه‌یه‌، ره‌خنه‌ی لێگیراوه‌ چونكه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر وشه‌ی "باشترین" كردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌ره‌كانی خۆی و ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی راسته‌وخۆییه‌ بۆ به‌یاننامه‌كه‌ی سیستانی كه‌ داوای له‌ خه‌ڵكی عێراق كردووه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ هه‌ڵبژێرن كه‌ پێیان وایه‌ باشترینه‌.



یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی نووسینگه‌ی سیستانی كه‌ نه‌یوست ناوی ئاشكرا بكرێت چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی پێنه‌دراوه‌ به‌ناوی مه‌رجعییه‌ته‌‌وه‌ قسه‌ بكات، وتی، "مه‌رجعییه‌ت به‌ هه‌موو لایه‌كی گوتووه‌ كه‌ خۆیان به‌دوور بگرن له‌ به‌كارهێنانی ناوی مه‌رجعییه‌ت‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان. ته‌نها به‌یاننامه‌ ئیمزاكراوه‌كان گوزارشت له‌ هه‌ڵوێستی سیستانی ده‌كه‌ن".





خه‌ڵكی نه‌جه‌ف باوه‌شیان بۆ ئه‌و داوایه‌ی سیستانی كردۆته‌وه‌ و به‌لایانه‌وه‌ فه‌رمانه‌كانی سیستانی وه‌ك یاسا وان.



"هه‌موومان به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ین... جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانی مه‌رجعییه‌ت ئه‌ركێكی ئایینییه‌،" ره‌سول مه‌هدی، ته‌مه‌نی ٣٠ ساڵه‌ و ته‌ڕه‌فرۆشه‌ له‌ بازاڕی نه‌جه‌ف، وتی.



"ئه‌ركی من ئه‌وه‌یه‌ به‌گوێی مه‌رجعییه‌ت‌ بكه‌م و ئه‌ركی مه‌رجعییه‌تیش ئه‌وه‌یه‌ فه‌توای دروست ده‌ربكات."



حوسێن عه‌لی، كارمه‌ندی حكومه‌ته و ته‌مه‌نی ٤٤ ساڵه‌، وتی، "به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌م و ده‌نگ ده‌ده‌م چونكه‌ مه‌رجعییه‌ت داوای لێكردووین ئه‌و كاره‌ بكه‌ین. به‌ڵام مه‌رجعییه‌ت‌ پێی نه‌وتووین ده‌نگ به‌ كێ بده‌ین، بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌یری پاڵێوراوان بكه‌ین و بزانین كامه‌یان شایانی ده‌نگی ئێمه‌ن."



په‌یامنێرێكی راهێنراوی IWPR له‌ نه‌جه‌ف كه‌ له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی ناوی ئاشكرا ناكرێت ئه‌م راپۆرته‌ی نووسیوه‌. موحه‌ریری ناوخۆیی پێشكه‌وتووی IWPR له‌ به‌غدا عه‌بیر محه‌مه‌د به‌شداری له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists