له هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستاندا، له‌بری مردووه‌كان ده‌نگ ده‌درێت
گه‌نجێكی نموونهخوازی كورد بۆی ده‌رئه‌كه‌وێت مردووه‌كان رۆڵی خۆیان گێڕاوه له دوایین هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق.
له هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستاندا، له‌بری مردووه‌كان ده‌نگ ده‌درێت
گه‌نجێكی نموونهخوازی كورد بۆی ده‌رئه‌كه‌وێت مردووه‌كان رۆڵی خۆیان گێڕاوه له دوایین هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق.
نووسینی ئارا ده‌یڤد له هه‌ولێر (ICRی ژماره ٢٩٩، ٣١-٧-٢٠٠٩)
شه‌وێك پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له ٢٥ی ته‌موز، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له باڕێكی شاره‌كه‌مان دانیشتبووین و مشتومڕمان ئه‌كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگ به كام لیست بده‌ین و ئاخۆ ده‌نگی ئێمه چ گرنگییه‌كی هه‌یه.
هاوڕێكانم بهتهمانهبوون ده‌نگ بده‌ن له‌به‌ری ئه‌وه‌ی پێیان وابوو له‌وانه‌یه هه‌ڵبژاردنه‌كه پاك و بێگه‌رد نه‌بێت و له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداران بێت. منیش وه‌ك كه‌سێك كه باوه‌ڕی به دیموراسی و هه‌ڵبژاردن هه‌یه داوام لێ‌كردن به‌شداری له پڕۆسه‌كه‌دا بكه‌ن.
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی له راگه‌یاندنه‌كانی ناوخۆدا باسكرا ئه‌وه‌بوو ناوی مردووه‌كان هێشتا له تۆماری ده‌نگده‌ران مابوو، ئه‌مه‌ش به‌لای هه‌ندێ كه‌سه‌وه مانای ئه‌وه‌بوو كێشه به‌ڕێوه‌یه.
نیوه‌ی شه‌و، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند پێكێمان هه‌ڵدابوو و ماندوو بووبووین، گه‌یشتنین به‌و ئه‌نجامه‌ی كه هه‌ڵبژاردن ئه‌ركێكی مه‌ده‌نییه و شهڕهفێكه له پێشمه‌رگه و قوربانیانی ده‌ست رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسێنه‌وه بۆمان ماوه‌ته‌وه.
بڕیاماندا هه‌موومان ده‌نگ بده‌ین و هانی كه‌سانی تریش بده‌ین تا به‌شداری بكه‌ن بێ ئه‌وه‌ی گوێ به بیروباوه‌ڕه سیاسییه‌كانیان بده‌ین. تا ئه‌و كاته‌ش بڕیارم نه‌دابوو ده‌نگ به كام لایه‌ن بده‌م، به‌ڵام ده‌مزانی ده‌بێت ده‌نگ بده‌م.
بۆ ڕۆژی دواتر، كاتژمێر ١:٣٠ی دوای نیوه‌ڕۆ به‌زۆر له‌خه‌و هه‌ڵسام. كاتێك به په‌یژه‌كان چوومه خواره‌وه، گوێم له باوكم بوو ئه‌یوت لیستی كوردستانی كه هاوپه‌یمانیی هه‌ردوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی كوردستانه، له هه‌ڕه‌شه‌ی عه‌ره‌به‌كان ده‌مانپارێزێت.
له‌به‌رامبه‌ردا، دایكم پاڵپشتی له لیستی گۆڕان ده‌كرد و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كرد كه ئه‌و لیسته ده‌توانێ سه‌روه‌ریی یاسا له كوردستان به‌رپا بكات و ئه‌و زه‌وییه به‌نرخانه‌ی خێزانه‌كه‌شمان بگێڕێته‌وه كه ده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر زه‌وتكراون.
مشتومڕهكهی دایك و باوكم سه‌دای هه‌مان ئه‌و مشتومڕه بوو كه من و هاوڕێكانم شه‌وی رابردوو كردمان. تا ئه‌و كاته‌ش هێشتا بڕیارم نه‌دابوو ده‌نگ به كام لایه‌ن بده‌م، بۆیه گوێم له راگه‌یاندنه‌كانی كوردستان گرت تا بزانم هیچ كامێكیان قه‌ناعه‌تم پێ ناكه‌ن ده‌نگی پێی بده‌م.
تۆزێك دوای كاتژمێر ٥ی ئێواره، واته یه‌ك كاتژمێر به‌رله‌وه‌ی ده‌نگدان بوه‌ستێت، به‌ره‌و بنكه‌ی ده‌نگدان كه ٣٠ خووله‌ك له ماڵه‌كه‌مان دووره به‌ڕێكه‌وتم. هێشتا ئه‌و مشتومڕه‌ی له ناخمدا دروست بووبوو له‌سه‌ر چۆنییه‌تی ده‌نگدانم به‌رده‌وام بوو. به‌ڵام هه‌ستم به شانازی ئه‌كرد و په‌رۆشی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه مهدهنییهكهم بووم.
تا نیوه‌ی رێگا رۆیشتم و سه‌راپای گیانم بوو به ئاره‌ق. خۆر ئه‌یدا له تۆقی سه‌رم و شۆستهكهش پڕبوو له تۆز. بینیم پشیله‌یه‌ك له‌بن دارێكدا راكشاوه‌و بیرم كرده‌وه پشیله‌كان چه‌ند به‌خته‌وه‌رن: ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌یان له‌ئه‌ستۆدا نییه كه باری مرۆڤه‌كانی قورس كردووه.
زه‌نگی مۆبایله‌كه‌م لێیدا و پشیله‌كه‌ی ترساند. په‌یوه‌ندییه‌كه له یه‌كێك له ئامۆزازاكانمهوه بوو كه له بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له شارێكی تر كاریده‌كرد.
"شتێكی سه‌یرم كرد!" ئامۆزازاكهم وتی. "له‌م بنكه‌یه ده‌نگم بۆ دایت."
بۆ ساتێك گه‌رمام بیرچوویه‌وه. ئه‌توت كات وه‌ستاوه.
ئه‌و ئامۆزازایهم پێی وتم چه‌ند به‌رپرسێكی حزبی چوونه‌ته ناو بنكه‌ی ده‌نگدانه‌كه و به كارمه‌ندانی بنكه‌كه‌یان وتووه له تۆماری ده‌نگده‌رانی ناوچه‌كه ناوی ئه‌و خزمانه‌یان زیاد بكه‌ن كه له ناوچه‌كه‌دا ناژین. دواتر كاغه‌زه‌كانی ده‌نگدانیان به‌ناوی ئه‌و كه‌سانه‌وه پڕكردۆته‌وه.
به سه‌رسامییه‌وه له رۆیشتن به‌رده‌وام بووم. كاتێك له بنكه‌كه نزیك بوومه‌وه ته‌له‌فۆنه‌كه‌م دووباره لێیدایه‌وه. ئه‌مجاره‌یان خزمێكی ترم بوو له بنكه‌یه‌كی تره‌وه.
"ئاواتی باپیره‌ت هاته‌دی!" ئه‌و خزمه‌م پێی وتم.
ئه‌و خزمه‌م دوای ئه‌وه‌ی خۆی ده‌نگی دابوو، ناوی باپیرمی به‌كارهێنابوو تا دووباره ده‌نگ بدات.
باپیرم پیاوێكی به‌ڕێز بوو، پشتگیری له كوردستانێكی به‌هێز و دیموكرات ده‌كرد. ١٢ ساڵه مردووه.
بنه‌ماڵه‌كه‌مان به‌شداربووه له دروستكردنی مێژووی ئه‌م هه‌رێمه. گشت مامه‌كانی باپیرم و یه‌كێك له برا گه‌وره‌كانی له‌كاتی جه‌نگدا له دژی ئینگلیزه‌كان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی عێراق كوژراون.
رژێمی سه‌دام حوسێن بۆ ماوه‌ی ١١ ساڵ باپیرمی له هه‌رێمی كوردستان دوورخستنه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یارمه‌تی مه‌لای مسته‌فای سه‌ركرده‌ی كورد و سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی دابوو.
كاتێك له‌مه وورد بوومه‌وه، بۆ ساتێك بیرم له‌وه كرده‌وه به‌ته‌واوی ده‌ستبه‌رداری هه‌رێمی كوردستانی عێراق ببم و بچمه ریزی ئه‌و گه‌نجانه‌ی كورد كه هه‌وڵده‌ده‌ن عێراق بهجێبهێڵن.
وته‌كانی به‌م دواییه‌ی سه‌رۆك بارزانیم به‌بیرهاته‌وه كه داوای كردبوو هه‌ڵبژاردنه‌كان پاك و بێگه‌رد و شه‌فاف بن. ووشه‌كانی وه‌ك دادپه‌روه‌ری و دیموكراسی و مافه‌كان و شه‌فافیه‌ت له‌ناو گوێم‌دا ئه‌زرنگانه‌وه.
قسه‌كانی باپیرم كه ئاشتیخوازێكی رۆشنبیر بوو بیرهاته‌وه كاتێك چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به ئامۆزاكه‌ی خۆی وتبوو، "بارزانی و خه‌ڵكه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ی باشن. له شه‌ڕدا باشترینن."
"به‌ڵام حه‌قی ئه‌وه‌یان نییه كوردستان ببه‌ن به‌ڕێوه. حكومه‌تێكی مه‌ده‌نی پێویسته له كوردانی رۆشنبیر و دیار پێك بێت به‌پێی لێهاتوویی، نه‌ك هێزی سه‌ربازی."
گه‌یشتمه ئه‌و بڕوایه‌ی ئه‌گه‌ر باپیرم بمایه سه‌رسام نه‌ده‌بوو به‌و ده‌نگدانه ساخته‌یه، به‌ڵام هێنده‌ی من بێ ئومێد و توڕه ئه‌بوو.
هه‌ستم كرد دۆڕاوم و بڕیارم دا ده‌نگ نه‌ده‌م. هه‌ستم كرد هاوڕێكانم فریو داوه كاتێك هۆشیاریان پێدام كه ساخته‌كاری ده‌كرێت پێش ئه‌وه‌ی بتوانم به قسه كاریگهرهكانم قه‌ناعه‌تی دیموكراسیان لا دروست بكه‌م.
كاتژمێر ١٠ی شه‌و گه‌یشتمه ماڵه‌وه و دایكم بینی كه ئه‌ویش له بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان كاری كردبوو.
دایكم پێی وتم هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان تۆزێك دوای ته‌واوبوونی پڕۆسه‌ی ده‌نگدان چوونه‌ته ناو بنكه‌ی ده‌نگدانه‌كه و سندوقه‌كانی ده‌نگدانیان پڕكردۆته‌وه له‌ڕێی به‌كارهێنانی ناوی خزمه مردووه‌كانیان كه هێشتا له تۆماری ده‌نگده‌ران ناویان مابوو.
به‌دڵته‌نگییه‌وه چووم نووستم.
دواتر بیستم كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له عێراق له راپۆرته‌كانی پێشێلكارییه‌كانی رۆژی هه‌ڵبژاردن ده‌كۆڵێته‌وه.
سه‌ردار عه‌زیز، یه‌كێكه له به‌رپرسانی كۆمسیۆن، وتی ناتوانێت قسه له‌سه‌ر هیچ تۆمه‌تێكی دیاریكراو بكات، به‌ڵام وتی كۆمسیۆن لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد ئه‌نجامده‌دات و "رێوشوێنی توندیش" ده‌گرێته‌به‌ر به‌رامبه‌ر هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ئه‌گه‌ر ساخته‌ی كردبێت.
رۆژێك دوای هه‌ڵبژاردن، به‌یانی به تاكسی چوومه سه‌ر كار. شوفێره‌كه گۆرانییه‌كی خستبووه‌سه‌ر كه باسی له پێشمه‌رگه دلێره‌كان ده‌كرد ئه‌وانه‌ی له‌پێناوی ئێمه له چیاكاندا شه‌ڕیان كرد.
ئه‌و شوفێره پێی وتم چوار له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی كه مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه هه‌ر یه‌كه‌یان سێ جار ده‌نگی داوه.
"سه‌رۆك بارزانی بردیه‌وه و گه‌لی كوردیش سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا،" ئه‌و شوفێره وتی.
هه‌ستم به په‌ستی كرد و داخم له‌و شوفێره خوارد. شتێكی ئاساییه باسی بابه‌تی شه‌خسی بكه‌یت له‌ناو ته‌كسی له شاری هه‌ولێر، بۆیه چه‌ند پرسیارێكم له‌باره‌ی گوزه‌رانییه‌وه لێی كرد.
پێی وتم له گه‌ڕه‌كێكی هه‌ژاردا خانووه‌كی به‌كرێ گرتووه و كوڕه ١٤ ساڵانه‌كه‌شی له‌بری ئه‌وه‌ی بچێته قوتابخانه ئیش ده‌كات.
پێی وتم گه‌نجێتیی خۆی به‌شه‌ڕ له دژی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك له چیاكاندا به‌سه‌ربردووه. حه‌زیكردووه ببێته ئه‌ندازیار، به‌ڵام قوتابخانه‌ی بۆ ته‌واو نه‌كراوه.
"ده‌زانم پارتی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌بیركردووه كه كاتی خۆی یارمه‌تیان داوه، به‌ڵام دڵسۆزی مسته‌فا بارزانیم و ده‌نگم دا به كوڕه‌كه‌ی،" ئه‌و شوفێره وتی.
"سه‌رۆك ده‌بێت دڵره‌ق بێت، ئه‌گه‌رنا خه‌ڵك به‌گوێی ناكه‌ن. هه‌ندێ جار ئێمه ده‌بێت دیموراسی بكه‌ینه قوربانی سه‌ربه‌رزی،" شوفێره‌كه وتی.
له دڵی خۆمدا گوتم مردووه‌كان چه‌نده به‌هێزبوون له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا. مردووه‌كان هێشتا كاریگه‌ریان ماوه به‌سه‌ر ده‌نگده‌ران و به‌ناوی مردووه‌كانه‌وه ده‌نگ درا.
زیندووهكان له‌به‌ر مردووه‌كان پشتگوێ خران، له‌سه‌ر حسابی دیموكراسی.
ئارا ده‌یڤد نازناوێكه بۆ قوتابییه‌ك له هه‌ولێر كه ئه‌م راپۆرته‌ی بۆ IWPRنووسیوه.