كوژرانی ماته‌مگێڕانی شیعه مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕی تائیفی دێنێته ئاراوه
چه‌ند هێرشێكی خوێناوی له‌دژی كه‌ژاوه‌ی ماته‌مگێڕانی شیعه نیگه‌رانیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی توندوتیژی له‌نێوان شیعه و سوننه به‌ر له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو دێنێته ئاراوه.
كوژرانی ماته‌مگێڕانی شیعه مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕی تائیفی دێنێته ئاراوه
چه‌ند هێرشێكی خوێناوی له‌دژی كه‌ژاوه‌ی ماته‌مگێڕانی شیعه نیگه‌رانیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی توندوتیژی له‌نێوان شیعه و سوننه به‌ر له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو دێنێته ئاراوه.
به‌رپرسێكی ئه‌منی به IWPRی راگه‌یاند له ٣ی شوباتدا له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ناو كه‌ژاوه‌یه‌كی ماته‌مگێڕانی شیعه كه خه‌ریك بوون ئه‌چوونه ناو شاری كه‌ربه‌لا، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ٢٠ كه‌س كوژراون و زیاتر له ١١٠ی تریش بریندار بوون. هه‌ر هه‌مان رۆژ پێش ئه‌و رووداوه، له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی دوو بۆمبی چێنراو له به‌غدا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه كه‌سێك كوژراوه و ده‌یانی تریش بریندار بوون. هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆرته‌كانی میدیاكانی ناوخۆ، دوو كه‌سی تر له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له شاری حلله‌ی باشووری به‌غدا كوژراون.
دوو رۆژ به‌ر له‌و ته‌قینه‌وانه، ژنێك كه وه‌ك ژنانی شیعه عه‌بای پۆشیبوو خۆی له‌ناو كاروانێكی شیعه‌كاندا له گه‌ڕه‌كێكی سوونی له باكووری به‌غدا ته‌قانده‌وه و به‌پێی زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق ٣٨ كه‌سی كوشتووه و ٨٩ كه‌سی تریشی بریندار كردووه.
به‌هۆی زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌ش له چه‌ند مانگی رابردوودا سه‌دان هاوڵاتی كوژراون و به‌ڵێنه‌كانی مالیكیش كاتێك له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن رایگه‌یاندبوو ره‌وشی ئه‌منی باشتر ده‌كات زیاتر كه‌وتوونه‌ته ژێر گومانه‌وه.
وا بڕیاره هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق له ٧ی ئازار ساز بكرێت.
"هه‌رچه‌نده ئه‌و هێرشانه به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت دژی ماته‌مگێڕانی شیعه و به‌گشتیش دژی خه‌ڵكی عێراق بوو، به‌ڵام په‌یامێكی روون بوو بۆ مالیكی كه ناتوانێ پارێزگاری له هاوڵاتیانی خۆی بكات،" عه‌بدولهادی حه‌سه‌نی، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسای مالیكییه، وتی.
"ئه‌و هێرشانه هه‌وڵێكی ئومێدبڕاو بوون بۆ چڕكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی نێوان گروپه ئایینه‌ییه‌كان و گۆڕینی بۆچوونی ده‌نگده‌ران،" حه‌سه‌نی وتی.
سه‌دان هه‌زار باوه‌ڕداری شیعه ئه‌م هه‌فته‌یه ده‌چنه شاری كه‌ربه‌لای پیرۆز تا یادی چله‌ی ئیمام حوسێنی كچه‌زای پێغه‌مبه‌ر بكه‌نه‌وه.
كه‌ژاوه‌كانی ئه‌ربه‌عینیه، كه سه‌دام قه‌ده‌غه‌ی كردبوو، چه‌ندین هێرشی خوێناویان به‌خۆیانه‌وه دیووه له‌وه‌ته‌ی سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه. به‌رپرسانی به‌غدا به‌ڵێنیان دابوو ئه‌مساڵ له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م یاده رێوشوێنی توند بگرنه‌به‌ر.
"هه‌ر كاتێك بێ و له هه‌ر كوێیه‌ك بێ، تیرۆرستان هه‌رگیز له هێرشكردنه سه‌ر هاوڵاتیانی شیعه سڵ ناكه‌نه‌وه، به‌تایبه‌تی له رۆژه پیرۆزه‌كاندا. نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووش هۆكارێكی تره كه هانیان ده‌دات هێرش ئه‌نجام بده‌ن تا گرژیی تائیفی دروست بكه‌ن،" عه‌ماڕ توعمه، په‌رله‌مانتارێكی شیعه‌یه و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ئاسایشی په‌رله‌مانی عێراقه، وتی.
"تیرۆرستان و به‌عسییه‌كان ده‌زانن كه ئه‌وانه‌ی رێز له ئیمام حوسێن ده‌گرن هه‌رگیز به گه‌ڕانه‌وه‌ی حزبی به‌عس رازی نابن، بۆیه هێرش ده‌كه‌نه سه‌رمان و تۆڵه‌مان لێ ده‌كه‌نه‌وه،" توعمه وتی.
ئه‌و ژنه‌ی ته‌قینه‌وه خۆكوژییه‌كه‌ی ١ی شوباتی ئه‌نجام دا پشتێنێكی بۆمبڕێژكراوی له‌ژێر عه‌باكه‌یدا به‌ستبوو. به‌پێی گوته‌ی شاهێدحاڵه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی ئاسایش، ئه‌و ژنه چۆته ریزی كۆمه‌ڵێك ژنه‌وه كه به‌ره‌و كه‌ربه‌لا به‌ڕێوه‌بوون و له خاڵێكی پشكنین له‌ناو چادرێكی پشووداندا وه‌ستابوون تا پاسه‌وانانی ژن بیانپشكنن و ئینجا خۆی ته‌قاندۆته‌وه.
ئه‌و چادره بۆ پێشكه‌شكردنی خواردن و خواردنه‌وه‌ی سووك به ماته‌مگێڕه شه‌كه‌ته‌كان له‌لایه‌ن دانیشتووانی سوننه‌ی بوبلشام له باكووری به‌غدا دانرابوو.
"ته‌قینه‌وه‌كه زۆر به‌هێز بوو. هه‌موومانی به‌ردایه‌وه و كاتێكیش هه‌ستاینه‌وه سه‌ر پێ چه‌ندین پیاو ژن و منداڵ به‌مردوویی له‌و ناوه كه‌وتبوون،" سه‌یف فاخیر، ته‌مه‌نی ٢٠ ساڵه و قوتابی كۆلێژ‌ی هونه‌ره جوانه‌كانه و له‌ته‌نیشت برایه‌كی برینداری له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ناوه‌ڕاستی به‌غدا دانیشتبوو، وتی.
"ئه‌م خه‌ڵكه بێ گوناهه چ تاوانێكیان كردووه تا وا بكوژرێن؟ ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه عێراقین؟ یان له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه شیعه‌ن؟ قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌كه چیان له خۆكوژه‌كان كردووه تا به‌و دڕه‌نده‌ییه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت،" فاخیر وتی.
زۆربه‌ی قوربانییه‌كان ماته‌مگێڕانی شیعه بوون كه له دیاله‌وه به‌ره‌و كه‌ربه‌لا به‌ڕێوه‌بوون. هه‌ندێكیان له نه‌خۆشخانه به IWPRیان راگه‌یاند ئۆباڵی ته‌قینه‌وه‌كه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی قاعیده و ته‌كفیرییه‌كان ئه‌وانه‌ی شیعه‌كانیان پێ كافره. هیچ گروپێك لێپرسراوێتی خۆی له ته‌قینه‌وه‌كه رانه‌گه‌یاندووه.
یه‌كێك له برینداره‌كان به‌ناوی ویسام محه‌مه‌د خه‌تیه، خه‌ڵكی دیاله‌یه و ته‌مه‌نی ٢٢ ساڵه، له‌سه‌ر قه‌ڵه‌وێره‌یه‌كی نزیك له هه‌مان نه‌خۆشخانه كه‌وتبوو، به‌ده‌ست ئازاره‌وه ده‌یناڵاند و داوای یارمه‌تی ده‌كرد.
خه‌تیه، كه به‌زه‌حمه‌ت قسه‌ی بۆ ده‌كرا، وتی، "ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌مه‌یان كرد ترسنۆك و داخله‌دڵن". "ئه‌وان رقیان له ئاشتییه و خێری عێراقیان ناوێت."
دایكی مسته‌فا، ته‌مه‌نی ٦٠ ساڵه، له‌ده‌ره‌وه‌ی ژووی نه‌شته‌رگه‌ری وه‌ستابوو و چاوه‌ڕێی كوڕه‌كه‌ی ده‌كرد كه به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه بریندار بووه و نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ده‌كرا.
"تاكه‌ی چاوه‌ڕێی مه‌رگ بین و نه‌زانین كه‌ی و له‌كوێ دێت؟ هه‌موو لایه‌كمان هه‌ر مه‌رگه،" ئه‌و وتی. "حكومه‌ت چاوه‌ڕێی چی ده‌كات؟ بۆچی كۆتایی به‌و تیرۆرستانه ناهێنێت؟ پێویسته حكومه‌ت كارێ بكات."
به گوته‌ی عه‌بدوڵڵا جه‌عفه‌ر، شیكه‌ره‌وه‌یه‌كی سیاسییه، ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی كوتله‌ی نیشتیمانی و شیعه‌زاڵی مالیكی، كه به‌ڵێنی داوه به‌رقه‌راركردنی ئاسایش له ئه‌وله‌ویاته‌كانی ده‌بێت، له هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌م بكاته‌وه.
"ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی فراوانتر سه‌یری ره‌وشی ئه‌منیی ئێستا و كاروباری سیاسی و كۆمه‌ڵگه بكه‌یت، هه‌موو شته‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه له داهاتوودا حزبه ئیسلامییه تائیفییه‌كان عێراق به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن،" جه‌عفه‌ر وتی.
حه‌مید مه‌جید مو‌سا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراقه له‌سه‌ر كوتله‌ی حزبی شوعی عێراق، هاوڕا بوو. "ئێستا ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست حزبه‌كه‌ی مالیكییه‌وه‌یه، بۆیه خه‌ڵك خراپبوونی ره‌وشی ئه‌منی ئه‌خه‌نه ئه‌ستۆی ئه‌و،" جه‌عفه‌ر وتی.
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق و تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌كان، قوربانیانی وه‌ك فاخیر گوێ به مه‌رامی ئه‌نجامده‌ری ته‌قینه‌وه‌كان ناده‌ن.
"ئه‌گه‌ر توندڕه‌وه‌كان پێیان وایه ده‌توانن به‌م شێوه‌یه بمانوه‌ستێنن، ئه‌وا هه‌ڵه‌ن. ژیان به‌رده‌وام ده‌بێت و خێزانه‌كانمان و كه‌ژاوه‌كانیشمان هه‌رگیز ناوه‌ستن،" فاخر به IWPRی وت.
"توندڕه‌وه‌كان پێیان وایه كاتێك هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر گردبوونه‌وه فراوانه‌كانی شیعه له بۆنه پیرۆزه‌كاندا كاردانه‌وه دروست ده‌بێت و به‌مه‌ش وڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌ڕی تایفی، به‌ڵام ئه‌مه روو نادات،" توعمه وتی. "خه‌ڵكی عێراق له ئه‌زموونی رابردوویانه‌وه دركیان به‌وه كردووه كه شه‌ڕی تائیفی له به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سدا نییه."
عه‌لی كه‌ریم رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه له به‌غدا. عه‌بیر محه‌مه‌د موحه‌ریرێكی ناوخۆیی پێشكه‌وتووه له IWPR.