كورد تادێت زیاتر له‌ سه‌ركرده‌كانیان نائومێدده‌بن

هه‌وڵه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی هه‌تاكه‌ی بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتگیریی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت په‌كده‌خرێت.

كورد تادێت زیاتر له‌ سه‌ركرده‌كانیان نائومێدده‌بن

هه‌وڵه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی هه‌تاكه‌ی بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتگیریی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت په‌كده‌خرێت.

Thursday, 6 March, 2008
.



بزوتنه‌وه‌ی هه‌تاكه‌ی به‌ هیوایه‌ یه‌ك ملیۆن ئیمزا كۆبكاته‌وه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی داواكاریه‌ك كه‌ هانی سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌دات هه‌ڵبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مان پێشبخات كه‌ بڕیاره‌ خۆی له‌ کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩ دا ئه‌نجامبدرێت.



به‌ڵام وادیاره‌ هێزه‌كانی ئاسایش له‌ هه‌ندێك ناوچه‌دا هه‌وڵیانداوه رێگه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزاكان بگرن، له‌وانه‌ چه‌مچه‌ماڵ، ١٠٠ كم باشوری سلێمانی و هه‌روه‌ها دهۆك له‌ باكوری عێراق.



له‌ چه‌مچه‌ماڵ پۆلیس رێكخه‌رانی ئیمزاكۆكردنه‌وه‌كه‌یان بردوه‌ بۆ باره‌گای ئاسایشی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ و ده‌ستیانگرتووه‌ به‌سه‌ر نوسراوه‌كانیاندا و پێیانوتون نابێت ئیمزا كۆبكه‌نه‌وه‌ هه‌تا مۆڵه‌ت له‌ لێپرسراوان وه‌رنه‌گرن.



یه‌كێك له‌ ئه‌ندامی بزوتنه‌وه‌كه‌، كه‌ له‌به‌ر هۆی ئه‌منی ناوی خۆی ئاشكرا نه‌كرد، وتی، "ئه‌م هه‌ڵوێسته‌‌ هه‌ڵوێستێكی خه‌ته‌رناكه‌ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌ دیموكراسی وه‌ریده‌گرن. حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌ توڕه‌یی و خۆپیشاندانی خه‌ڵك ئه‌ترسن."



ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ ئایاری ساڵی ٢٠٠٧دا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك پڕۆفیسۆری زانكۆ و جالاککاری بواری مافه‌كانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیه‌وه‌، دامه‌زرێنراوه‌.



خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر بێتوانایی حكومه‌ت له‌ دابینكردنی حزمه‌تگوزاریه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی وه‌كو ئاو و كاره‌با بۆ دانیشتوانه‌ چوار ملیۆنیه‌كه‌ی كوردستانی عێراق له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا بۆته‌ دیارده‌یه‌كی باو. ته‌نها هه‌فته‌ی رابردوو، زیاتر له‌ ١٠٠ قوتابی زانكۆی سلێمانی رژانه‌ سه‌ر شه‌قامێكی نزیك به‌شه‌ ناوخۆییه‌كه‌یان و داوایان له‌ ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌كرد كاره‌بایان بۆ دابینبكات.



بزوتنه‌وه‌ی هه‌تاكه‌ی، كه‌ تازه‌ترینی ئه‌و گروپانه‌یه‌ كه‌ داوای چاكسازی و لێپرسینه‌وه‌یان كردووه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتداران، نوێنه‌رانی زیاتر له‌ ٢٠ رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی كه‌ده‌نی به‌ڕێوه‌یده‌به‌ن. ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان به‌وه‌ تاوانبارده‌كات كه‌ له‌ حكومه‌ت ناپرسێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ناتوانێت خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌پێی پێویست دابینبكات.



یوسف محه‌ممه‌د، پڕۆفیسۆری زانسته‌ سیاسیه‌كان له‌ زانكۆی سلێمانی و یه‌كێك له‌ رێكخه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی هه‌تاكه‌ی وتی، "دیموكراسی له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌، گه‌نده‌ڵی هه‌تادێت په‌ره‌ده‌سێنێت، ئاستی خزمه‌تگوزاریش هه‌تا دێت به‌ره‌و دواوه‌ ده‌ڕوات له‌ كوردستاندا."



یوسف وتی ئامانجی بزوتنه‌وه‌كه‌ داكۆكیكردنه‌ بۆ ئه‌نجامدانی چاکسازی له‌ هه‌رێمدا و هه‌وڵدانه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، نه‌وه‌ك كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌ندامان یان پێكهێنانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی.



هه‌روها وتی، "چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ پێویستیان به‌ رێگه‌چاره‌ی جیددی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ پێكبهێنین."



ئه‌ندامانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێن بزوتنه‌وه‌كه‌ مافی خۆیه‌تی ئیمزا كۆبكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و رێكخراوانه‌ی له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌دا به‌شدارن مۆڵه‌تی یاساییان هه‌یه‌ بۆ ئیشكردن له‌ هه‌رێمدا.



به‌ڵام هێزه‌كانی ئاسایش، رایان وانیه‌. ئه‌حمه‌د نادر، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی چه‌مچه‌ماڵ به‌ (IWPR)ی راگه‌یاند، "نابێت هه‌ركه‌س لای خۆیه‌وه‌ هه‌ڵسێت ئيش بكات. مۆڵه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزایان پێ نیه‌. پێمان ووتون كه‌ مۆڵه‌ت له‌ پارێزگاری سلێمانیه‌وه‌ بهێنن، ئینجا رێگه‌یان پێده‌ده‌ین ئیش بكه‌ن."



هه‌رچه‌نده‌ یاسایه‌ك نیه‌ له‌ هه‌رێمدا په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ توانی ئه‌و ملیۆنه‌ ئیمزایه‌ كۆبكاته‌وه‌ كه‌ ئامانجێتی، به‌ڵام هه‌تاكه‌ی هیواخوازن ئه‌م كه‌مپینه‌ گوشارێك له‌سه‌ر سه‌ركرده‌ كورده‌كان دروستبكات و ناچاریان بكات به‌ده‌نگ داخوازیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كانه‌وه‌ بێن.



به‌پێی ده‌ستور، سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌توانێت په‌رله‌مان‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بۆ سێ جار په‌رله‌مان‌ شكست بهێنێت له‌ په‌سه‌ندكردنی كابینه‌ی حكومه‌تدا، یان ئه‌گه‌ر دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌نگبده‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی.



به‌ڵام هه‌ندێك له‌ سیاسه‌تمه‌داران ئه‌ڵێن ئێستا كاتێكی هه‌ستیاره‌و زه‌حمه‌ته‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، و بارگرژی نێوان سه‌ركردایه‌تی كورد و حكومه‌تی مه‌ركه‌زی له‌ به‌غدا له‌سه‌ر ئاینده‌ی شاری كه‌ركوكی به‌ نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نمونه‌ ئه‌هێننه‌وه‌. هه‌روه‌ها شه‌ڕی ئه‌مدواییه‌ی نێوان سه‌ربازانی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ باكوری عێراق.



كه‌ریم به‌حری، ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، وتی، "واقیعی هه‌رێمی كوردستان رێگه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان نادات."



رێبین ره‌سوڵ، لێپرسراوی كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مریكی كوردی {ASK}، كه‌ رێكخراوێكی كوردیه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ ئه‌مریكایه‌ و هه‌وڵده‌دات كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ هه‌رێمدا به‌هێز بكات، په‌رله‌مانی به‌وه‌ تاوانباركرد كه‌ زۆر نه‌رمه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا.



رێبین وتی، "لێپرسراوه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان سه‌روه‌ت و سامانی وڵات به‌تاڵان ده‌به‌ن، به‌ڵام تا ئێستا په‌رله‌مان لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سیان ئه‌نجامنه‌داوه‌."



به‌ڵام وتی پێناچێت هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجامبدرێت. هه‌روه‌ها وتی، "ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سێ ملیۆن ئیمزاش كۆبكه‌نه‌وه‌ پێموانیه‌ په‌رله‌مان خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌. سه‌ركردایه‌تی كوردی هه‌رگیز گوێیان له‌ میلله‌ت نه‌گرتوه‌، ئیتر چۆن گوێ له‌ بزوتنه‌وه‌ی هه‌تاكه‌ی ده‌گرن؟‌"



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، عه‌دنان قوربانی، ٣٢، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خۆبه‌خشانی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ كه‌لار، ١٥٠كم باشوری سلێمانی، وتی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شكستیش بهێنن له‌ هێنانه‌كایه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خت، كاره‌كه‌یان په‌یامێكی به‌هێز ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌كات.



هه‌روه‌ها وتی، "بزوتنه‌وه‌ی هه‌ تاكه‌ی ئه‌یه‌وێت گه‌نده‌ڵی نه‌هێڵێت و داوای خزمه‌تگوزاری باشتر ده‌كات بۆ خه‌ڵك. ئه‌توانین گوشار دروستبكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی (لێپرسراوان) به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌."



وریا حه‌مه‌تاهیر په‌یامنێرێكی (IWPR)ه‌ له‌ سلێمانی.
Frontline Updates
Support local journalists